شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا:ئەگەر یەكێتی بەم دۆخەوە بچێتە كۆنگرە ئەوە دەبێتە كۆنگرەی تێكدان نەك یەك ریزی

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی

شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ كه‌ خۆی له‌سه‌ره‌تدا وتی"پێم خۆشه‌ یه‌كه‌مجار و هه‌موو كات به‌ پێشمه‌رگایه‌تیه‌كه‌م ناوم بهێنن و شانازی به‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كه‌م"له‌هه‌مان كاتدائه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیار ده‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر دۆخی ئێستای ناوخۆی یه‌كێتی و كۆبونه‌وه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو وه‌ بڕیاری كۆنگره‌ی ئه‌و حیزبه‌.

كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی"كۆبونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌م ماوه‌یه‌ كۆبونه‌وه‌ی چڕ و پڕن،من خۆم به‌شدار نه‌بووم له‌و كۆبونه‌وانه‌ له‌به‌ر دوو هۆكار،یه‌كه‌م ئه‌م ماوه‌یه‌ زۆرترین كات له‌سلێمانی نه‌بووم،دووه‌میش نامه‌وێت ببمه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی ئه‌و كۆبونه‌وانه‌،به‌ڵام هیوادارین بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن و بڕیار به‌تایبه‌ت ئێستا كه‌به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌چین."

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ڕوونیكرده‌وه"مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ی كه‌ده‌ڵێم نه‌بینه‌ به‌ربه‌ست بۆ ئه‌وه‌یه‌ من وه‌ك شه‌خسی خۆم جگه‌ له‌یه‌كێتی ناو یه‌كێتی و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌م هیچی ترم ناوێت بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ زۆركات موناقه‌شه‌ دروست ببێت و من قسه‌ بكه‌م ئه‌و براده‌رانه‌ی له‌وێن نیگه‌ران ببن به‌قسه‌كانم بۆیه‌ باشتره‌ هه‌موو ئاڕاسته‌ جیاوازه‌كانی ناو یه‌كێتی خۆیان بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن وه‌ من به‌شداری له‌هیچ كام له‌و لیژنانه‌ ناكه‌م به‌ڵام پابه‌ندم به‌ بڕیاری لیژنه‌كان و حیزبه‌كه‌م وه‌ك ئه‌ندامێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان."

كۆنگره‌ی یه‌كێتی:

به‌پێی سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌ لۆكاڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وا بڕیاره‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ منگی ئازاردا كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت.

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌باره‌ی كۆنگره‌ی داهاتووی حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ وتی"من پێم وایه‌ كه‌ ئێمه‌ ئێستا چل بۆ په‌نجا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تین به‌چه‌ند مانگێك به‌قڕه‌ قڕه‌ نه‌گه‌ینه‌ ڕێكه‌وتن و هه‌ر ئه‌و چل په‌نجا كه‌سه‌ به‌چه‌ندین مانگ و چه‌ندین ساڵ نه‌گه‌نه‌ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی بڕیاردان بۆ یه‌كێتی دروست بكه‌ن ئیتر چۆن ده‌توانن هه‌زار كه‌س بۆ كۆنگره‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و كۆنگره‌ بكرێت؟!"

وتیشی"ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنی پێش وه‌خته‌ی ئه‌و چل په‌نجا كه‌سه‌ له‌نێوان خۆیاندا نه‌بێت،ئه‌گه‌ر به‌م دۆخه‌وه‌ بچنه‌ ناو كۆنگره‌ نه‌ كۆنگره‌یان پێ ده‌گیرێت وه‌ ئه‌وه‌ كۆنگره‌یه‌ كۆنگره‌ی تێكدان ده‌بێت نه‌ك كۆنگره‌ی یه‌كڕیزی و گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ گۆڕه‌پانه‌كه‌ی ئه‌و مێژووه‌ سه‌روه‌ریه‌ی هه‌یه‌تی."

ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی به‌وه‌ یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌هه‌وڵی كڕینی ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی داهاتووی یه‌كێتی ده‌ده‌ن؟شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتی"له‌هه‌موو شوێنێك نه‌ك به‌ته‌نها لای یه‌كێتی هه‌وڵی ده‌نگ كڕین ده‌درێت به‌ڵام من پێم سه‌یره‌ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆی بفرۆشێت ئه‌وه‌ شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تێتی ده‌فرۆشێت،ئه‌وه‌شی ده‌نگ ده‌كڕێت نازانم چ ئومێدێكی به‌كه‌سێكه‌ كه‌ده‌نگی خۆی ویژدان و ده‌نگی ده‌فرۆشێت و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و میله‌ته‌ بكات ؟!"

"نازانم چه‌ند باڵ و ئاڕاسته‌ له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن"

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌ گفتوگۆكه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وت"بڕوات هه‌یه‌ نازانم چه‌ند باڵ و ئاڕاسته‌ له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌یه‌!ئه‌وه‌نده‌ زۆرن!جا به‌ڕاستی وایه‌ هه‌ر به‌دوو كه‌س یا چه‌ند كه‌سێك ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌ن من خۆشم سه‌ری لێ ده‌رناكه‌م ئاڕاسته‌كان چین و مه‌به‌ستیان چیه‌؟ئه‌جێندایان چیه‌؟"

شێخ جه‌عفه‌ر وتیشی"من خۆم سه‌ر به‌هیچ باڵ و ئاڕاسته‌یه‌ك نیم ،به‌ڵام له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌یه‌ هه‌ر مه‌جموعه‌ مه‌جموعه‌ یه‌كیان گرتووه‌ ئیتر نازانم ئه‌جێندای یه‌كگرتنه‌كه‌یان چیه‌؟به‌رژه‌وه‌ندیه‌،یا ده‌سكه‌وته‌ نازانم !"

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌مێژووی ناكۆكی باڵه‌كانی یه‌ه‌تی نیشتمنی كوردستان دا و وتی" یه‌كێتی ئه‌مڕۆ وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌گه‌رنا من بیرم بێت له‌و كاته‌وه‌ی چومه‌ شاخ یه‌كێتی هه‌ربه‌وجۆره‌ بووه‌ خۆی له‌ جۆره‌ها باڵ و ئاڕاسته‌ی جیاواز پێكهاتووه‌،هه‌ركاتی خۆی (كۆمه‌ڵه‌) كه‌ باڵێكی یه‌كێتی بوو له‌ناو خۆیاندا جۆره‌ها كێشه‌ هه‌بوو،قسه‌ و بوختانیان به‌یه‌كتر ده‌كرد واته‌ له‌وكاته‌وه‌ی یه‌كێتی هه‌یه‌ هه‌ر ته‌كه‌تول ته‌كه‌توله‌،به‌ڵام ئه‌وكات جه‌نابی مام جه‌ڵال توانی هه‌موو ئه‌و باڵه‌ جیاوازانه‌ كۆبكاته‌وه‌ و یه‌كیان پێبگرێت،به‌ڵام له‌دوای جه‌نابی مام جه‌لال دیاره‌ نه‌توانراوه‌ كه‌سێك وه‌ك ئه‌و بڕیاری یه‌كێتی بگرێته‌ ده‌ست وه‌ك چۆن ده‌ڵێین جۆره‌ها قوتبی تێدا دروست بووه‌."

"چاره‌نوسی هه‌وڵه‌ ئاشتواییه‌كه‌ی پاڤێڵ تاڵه‌بانی"

پاڤێڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌ گه‌وره‌ی مام جه‌ڵال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی ڕابردوو پڕۆژه‌یه‌كی له‌مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی خسته‌ڕوو،هه‌ر ئه‌وكات مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمنی كوردستان له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی پاڤێڵ تاڵه‌بانیه‌وه‌ به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند" به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی باڵه‌ ناكۆكه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی"

له‌باره‌ی چاره‌نوس و ئه‌نجامی پڕۆژه‌كه‌ی پاڤێڵ تاڵه‌بانی له‌دوای ساڵێك؟شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی"ئێمه‌ زۆر حه‌زمان ده‌كرد ماڵی مام جه‌لال بیانتوانیایه‌ یه‌كێتی ناو یه‌كێتی بپارێزن،به‌ڕاستی كه‌ كاك پاڤێلیش هاته‌وه‌ وتی من كوڕه‌ گه‌وره‌ی مام جه‌لالم و ده‌مه‌وێت وه‌ك مام جه‌لال یه‌كێتی ڕێك بخه‌مه‌وه‌ ئێمه‌ زۆرمان پێخۆش بوو زۆرمان هاوكاریكرد پێمان وت هه‌رچیمان له‌ده‌سه‌ڵات بێت یارمه‌یت ده‌ده‌ین تا بتوانی یه‌كێتی یه‌ك بخه‌یته‌وه‌،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌یتوانی هیچ هه‌نگاوێك بنێت ئیتر به‌داخه‌وه‌ هۆكاری نه‌توانینیشی نه‌بونی ئه‌زمون بوو یاخود ئه‌و سیفه‌ته‌ی تێدا نه‌بوو بتوانێت وابكات."

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ڕاشیگه‌یاند"هه‌تا كه‌هاته‌وه‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان و كادیر و ده‌موچاوه‌ باشه‌كانی یه‌كێتی پشتیوانییان لێكرد كاتێك باسی نیه‌تی هاتنه‌وه‌ی كرد ته‌نانه‌ت كاك پاڤێڵ نه‌ك پشتیوانی ئێمه‌ پشتیوانی ده‌ولیشی هه‌بوو به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌یتوانی هیچ بكات."

"هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان "

ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێشتر له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند"مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمنی كوردستان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و بڕیاری پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌ك دراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی تا كۆنگره‌ كه‌ده‌سته‌كه‌ له‌به‌رپرسانی باڵای یه‌كێتی پێكدێتی."

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌بباره‌ی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی وتی"به‌داخه‌وه‌ من وه‌ك خۆم كه‌زۆرجار پێم ده‌ڵێن ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی من زیاتر شانازی به‌ پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه‌ ده‌كه‌م وه‌ك له‌پۆسته‌كه‌م له‌مه‌كته‌بی سیاسی،هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ڕاستی نازانم چ مه‌به‌ستێكی له‌ پشته‌وه‌ بوو ڕقی شه‌خسی بوو؟یا ئه‌م ڕقی له‌وبێت ئه‌و ڕقی له‌و بێت! ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ته‌مای كۆنگره‌ بین ئه‌وا پێویستی نه‌ده‌كرد بۆ مانگ و دوو مانگ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌بڕیاری پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی تا ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌درێژه‌ی گفتوگۆكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ی ده‌ڵێن پێكی ده‌هێنن خۆ هه‌ر له‌و ماده‌یه‌ دروستی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ تێكیان داوه‌ جارێكی تر له‌هه‌مان مادده‌ دروست ببێته‌وه‌ چی ده‌بێته‌وه‌؟!"

وتیشی" من پێم شتێكی خراپ بوو چونكه‌ بێ سیقه‌ییه‌كی دروست كردووه‌،به‌ڕاستی بڵێم قورسایی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ نه‌ك حیزبه‌كه‌ دابه‌زیووه‌ له‌ناو خه‌ڵك و هێزی پێشمه‌رگه‌ و كه‌سوكاری شه‌هیدان،هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتی ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز بێت تا ئێستاش جێی ئومێدی خه‌ڵكه‌ چونكه‌ یه‌كێتی ئه‌و هێزه‌یه‌ ده‌توانێت گۆڕانكاری له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بكات."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كێ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوه‌ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتی"سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك شه‌رعیه‌تی نیه‌ مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ده‌یانتوانی داوا بكه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ نه‌ك به‌وجۆره‌ هه‌ڵی بوه‌شێننه‌وه‌."

شێخ جه‌عفه‌ر وتیشی"ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ ناتوانن ناوه‌ندێكی بڕیار دروست بكه‌ن،ناتوانن له‌دوای بیست كۆبونه‌وه‌ ڕۆژێك دیاری بكه‌ن بۆ كۆنگره‌."

كێ بڕیاری به‌ده‌سته‌ له‌ناو یه‌كێتی؟

له‌دواین ته‌وه‌ری به‌شی یه‌كه‌می گفتوگۆكه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا كێ بڕیار ده‌دات له‌ناو یه‌كێتیدا؟وتی"هیچ باڵێكی ناو یه‌كێتی هیچی بڕیاری به‌ده‌ست نیه‌،من زۆرم پێ سه‌یره‌ جاری واهه‌یه‌ له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ده‌بینم ده‌ڵێت یه‌كێتی وایكرد،یه‌كێتی وابوو هیچ كه‌س شتی به‌ده‌ست نیه‌ هه‌ركه‌س قسه‌ی كرد ئه‌مڕۆ له‌ناو یه‌كێتیدا قسه‌ی شه‌خسی خۆیه‌تی نه‌سیاسه‌تی یه‌كێتیه‌ نه‌ ته‌مسیلی یه‌كێتی ده‌كات نه‌ ئێمه‌ش و نه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان وه‌ نه‌ پێشمه‌رگه‌ش حسابی له‌سه‌ر ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی خاوه‌ن بڕیار بێت."

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتیشی"به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی هه‌بوو له‌پێشتر جه‌نابی كاك كۆسره‌ت و كاك دكتۆر به‌رهه‌م بوو به‌داخه‌وه‌ جڵه‌وی خۆیان شۆڕكرد و نه‌یانتوانی موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیان بكه‌ن،ئیتر ده‌ستاو ده‌ست ڕۆیشت نازانم دواتر كه‌وته‌ ده‌ستی كێ؟ ئیتر جگه‌ له‌ودوانه‌ كه‌سی تر نه‌شه‌رعیه‌تیان هه‌بوو نه‌هیچ."

فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی وت"كێشه‌ی كاك كۆسره‌ت ئه‌وه‌یه‌ ته‌ندروستی ته‌واو نیه‌،ئه‌گه‌رنا كاك كۆسره‌ت پیاوێكی به‌هێزه‌ خاوه‌ن جه‌ماوره‌ له‌ناو خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌دا قورسایی خۆی هه‌یه‌ به‌ڵام خراپی باری ته‌ندروستی وای كردووه‌ كه‌ته‌نانه‌ت نه‌توانێت له‌ پێویستیش كه‌متر بكات بۆ موماره‌سه‌ كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی."

چاوه‌ڕوان بن به‌شی دووه‌می ئه‌م گفتوگۆیه‌ له‌هه‌فته‌ی ئاینده‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌تایبه‌ته‌ به‌چه‌ندین پرسی تری گرنگ

Your browser doesn’t support HTML5

به‌شی یه‌كه‌می ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا