ڕاپه‌ڕین..فه‌رمانده‌یه‌كی حیزبی دیموكراتی كوردستان كوژرا

قادر قادری-فه‌مانده‌ی(حدك)

حیزبی دیموكراتی كوردستان(حدك)ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند،كادیرێك و فه‌رمانده‌یه‌كی"لێوه‌شاوه‌ی"حیزبه‌كه‌یان دراوه‌ته‌ به‌رده‌ستڕێژی گوله‌ و تیرۆركراوه‌"به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی حدك).

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا(حدك)ڕایگه‌یاندووه‌،شه‌وی ڕابردوو فه‌رمانده‌ی حیزبه‌كه‌یان(هاوڕێ قادر قادری)به‌ ئۆتۆمبێلی خۆی ویستویه‌تی بچێته‌ ناحیه‌ی (بالیسان-چوارقوڕنه‌) به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دراوه‌ته‌ به‌رده‌ستڕێژی گوله‌ و "تیرۆركراوه‌".

له‌به‌یاننامه‌كه‌ی)(حدك)ئه‌وه‌ش هاتووه‌ له‌سه‌ر لاشه‌ی فه‌رمانده‌ باڵاكه‌یان شوێنه‌واری بیست گوله‌ی پێوه‌بووه‌،هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌یان كێشه‌ی شه‌خسی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سدا نه‌بووه‌،به‌ڵام كۆماری ئیسلامی ئێران به‌به‌رپرس له‌و كاره‌ ده‌زانن به‌و پێیه‌ی له‌دوو ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین هه‌وڵی تیرۆریستی داوه‌"به‌پێی به‌یننامه‌كه‌ی حدك".

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌"كاتژمێر"٧"ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ تیمه‌كانمان له‌ بونی ته‌رمێك له‌ گۆڕستانی"هه‌رته‌ل"سه‌ر به‌ناحیه‌ی"بێتواته‌"ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌،پاش گه‌یشتنی تیمه‌كانی به‌ڵگه‌ی تاوان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ته‌رمه‌كه‌ هی كه‌سێكه‌ به‌ناوی(ق،ع،ق)،ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵه‌،خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و دانیشتووی شاری كۆیه‌"یه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین،شوێنه‌واری(٢١)فیشه‌ك له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ته‌رمه‌كه‌ بووه‌،هه‌روه‌ها چه‌ندین قه‌وانی گوله‌ی كڵاشینكۆف له‌نزیك ته‌رمه‌كه‌ بووه‌."

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ئه‌وه‌شی خستۆته‌ ڕوو"هیچ كه‌س له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌،به‌ڵام دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ به‌فرمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌."