عادل حەسەن:خۆپیشاندانەکان نەبوایە حکومەتی هەرێم نیازی هەبوو سیستەمی پاشەکەوتی مووچە بۆ هەمیشە درێژە پێبدات

عادل حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی له لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت کە ئەوان بەردەوامی به خۆپیشاندانەکان ئەدەن هەتاکو سیستەمی پاشەکەوتی مووچه هەڵئەوەشێنرێتەوه و به دەستکاریکردنه نوێیەکەی حکومەتیش ڕازی نابن و پێیان وایه گەر خۆپیشاندانەکان نەبوایه، حکومەتی هەرێم نیازی هەبووه بەردەوامی به پاشەکەوتی مووچه بدات بۆ هەمیشه.

دوێنێ چوارشەممه و له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوه کرد گەر خۆپیشاندەران چەقۆ و دەمانچەیان پێبێت، ئەوانیش بەو شێوەیه ڕەفتار دەکەن. لەو بارەیەوە عادل حەسەن وتی کە ئەوە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و دهۆکن توندوتیژییان بەرامبەر مامۆستایان و خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و ئەوان نیگەرانن لەوەی نێچیرڤان بارزانی وتوویەتی.

لەلایکی ترەوە عادل حەسەن ئاماژەشی بەوه کرد که ئەوان سووپاسی پشتگیری و بەشداری لایەنه سیاسییەکان دەکەن له خۆپیشاندانەکان بەڵام داواکارن که خۆپیشاندانەکان نەکرێته شوێنی موزایەدەی سیاسی.

له ئێستادا خۆپیشاندان له شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیه دژی سیستەمی پاشەکەوتی مووچه و فەرمانبەران و خۆپیشاندەران داواکارن ئەو سیستەمه هەڵبوەشێنرێتەوه.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ عادل حەسەن