بەرنامەی هەلەو واشنتن: بڕیاری حکومەتی هەرێمی بۆ گۆڕانکاری لە پاشەکەوتی موچە

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند پـرۆژەیەکی چاکسازی لە سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەی پەرلەمانی هەرێم کردووە، دەڵێت بە جێبەجێکردنی ئەو پـرۆژەیە حکومەتی هەرێم دەگاتە ئەو قۆناغەی بە تەواوی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە نەهێڵێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هۆکاری قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانی گەڕاندەوە بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە لەگەڵ شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت. گوتیشی ئەمانە هەموویان هۆکاربوون بۆ ئەوەی حکومەت نەتوانێت موچەی تەواو بە موچەخۆرانی بدات.

حکومەتی ناوەندی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2014 وە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی پاش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو گرێبەستە نەوتیـیەی لە ساڵی 2012 لەگەڵ تورکیا مۆریکردبوو خستیە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. بەغدا پاش ئەم هەنگاوە ناڕەزایی توندی دەربڕی و گوتی ناکرێت هەرێم سەربەخۆیانە نەوت هەناردەبکات و لە هەمان کاتدا داوای بودجە لە حکومەتی ناوەندی بکات.

کاربەدەستانی هەرێم پـێیان وابوو ئەو بڕە پارەیەی لە هەناردەکردنی نەوت دەستی هەرێم دەکەوێت زۆر زیاتر دەبێت لەو بڕە پارەیەی بەغدا لە چوارچێوەی بودجە بە هەرێمی دەدات، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان‌نەکراوبوو، دابەزینی زۆری بەهای نەوت بوو لە بازاڕەکانی جیهاندا و لەگەڵ ئەوەشدا شەڕی داعش هاتە ئاراوە کە وایکرد خەرجیەکانی حکومەت زیاتربن و هەرێم دووچاری قەیرانی دارایی ببێت.

ئێستاش کە هەرێمی کوردستان بە زۆربەی مەرجەکانی حکومەتی ناوەندی قایلبووە، بەغدا جارێکی دیکە کەوتەوە ناردنی پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام ئەوەی جێی ناڕەزایی موچەخۆرانە کە سیستەمی پاشەکەوت لە هەرێم بەردەوام دەبێت، دەڵێن ئەگەر عێراقین چ جیاوازیەک لە نێوان فەرمانبەرێکی بەسرە یان دهۆک هەیە؟.

حکومەتی عێراق لە زاری سەعەد ئەلحەدیثی گوتەبێژی حکومەت لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلحوڕە ڕەتیکردەوە حکومەتی ناوەندی هیچ جۆرە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبێت سەبارەت بە پاشەکەوتکردنی موچە، دەڵێت زیاتر 317 ملیار دیناریان بۆ هەرێم ناردووە و هەرێمیش لای خۆیەوە پارەی بخاتە سەر لە داهاتی نەوتی هەرێمی تاوەکو بتوانرێت موچەی موچەخۆران بە تەواوی بدرێن.

پـرسیار لێرەدا ئەوەیە کێ لە نەدانی تەواوی موچەی فەرمانبەران بەرپـرسیارە؟

ئەمە بابەتی بەرنامەی هەلەو واشنتنی ئەم هەینیـیە بوو کە حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەی برد و میوانەکان ئەم بەڕێزانە بوون:
سەمیر هەورامی، ڕاوێژکاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
زانا ڕۆستایی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی.
فەرمان ڕەشاد، چالاکوانی مەدەنی و بەرپـرسی ڕێکخراوی ستۆپ.

Your browser doesn’t support HTML5

بەرنامەی هەلەو واشنتن