مه‌لا به‌ختیار:به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و كێشه‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانمان داده‌به‌زێت

مه‌لا به‌ختیار-لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ه‌ڵامی چه‌ندین ته‌وه‌ری جیاوازی ڕۆژ ده‌داته‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و كوردستان

مه‌لا به‌ختیار له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكه‌دا وتی"دۆخی كوردستان دۆخێكی هه‌ستیاره‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ی ناوچه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه‌،وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دۆخی كوردستانیش كاریگه‌ری هه‌یه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌."

پێشتر فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌نریكا ڕایگه‌یاندبوو"به‌ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان بوو له‌كاتی خۆیدا،ته‌حه‌دا ده‌كه‌ین هه‌موو حیزبه‌كان پاساویان هێنایه‌وه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان."

به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندا نه‌بوبێتن له‌كاتی خۆیدا و ده‌ڵێت"ئێمه‌ هه‌رگیز له‌هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا نه‌له‌ناو په‌رله‌مان نه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان نه‌بوین."

له‌باره‌ی یه‌ك لیستی كورد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت"ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان یه‌كه‌م لایه‌ن بوین كه‌داوامان كرد كورد به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات،دوای ئێمه‌ پارتیش داوای كرد،یه‌كگرتووش داوای كرد،به‌ڵام گۆڕان و كۆمه‌ڵ و ڕه‌وته‌كه‌ی به‌رهه‌م پێش ئه‌وه‌ی گفتوگۆكان ته‌واو بن بزانن یه‌ك لیستی بۆ كورد باشه‌ یا فره‌لیستی، چوون له‌به‌غداد له‌كۆمسیۆن هاوپه‌یمانێتیه‌كیان پێكهێنا به‌ناوی لیستی(ئه‌لوه‌ته‌ن)واته‌ مه‌به‌ستی وه‌ته‌نی عیراقه‌،ئیتر ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان،وه‌ ئه‌و جۆره‌ ناولێنانه‌ له‌لیسته‌كه‌یان(ئه‌لوه‌ته‌ن)خۆی له‌خۆیدا دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌شوناسی كوردایه‌تی و خه‌باتی كوردستانی بوون،به‌ڵام ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیعدا ده‌كه‌ین بۆیه‌ هیوادارین ئه‌وان خزمه‌تی وه‌ته‌نی عیراق بكه‌ن و عیراق له‌و هه‌موو كێشه‌ و ئاڵۆزیه‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ عیراقێكی ئارام،وه‌ شوناسی عیراق بكه‌نه‌ شوناسی هه‌مووان ئێمه‌ خۆشحال ده‌بین."

سه‌باره‌ت بۆچی به‌وه‌ی ئه‌وان وه‌ك پارتی و یه‌كێتی به‌یه‌ك لیست به‌شدارییان نه‌كرد له‌كاتێكدا ئه‌وان ڕێكه‌وتنی ستراتیژی له‌نێوانیاندا هه‌یه؟مه‌لا به‌ختیار وتی"ئه‌گه‌ر ئێمه‌ و ئه‌وان(پارتی دیموكراتی كوردستان) به‌یه‌ك لیست به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكردایه‌ ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی نه‌ده‌بوو له‌سه‌ر یه‌ك لیستی هێزه‌ كوردستانیه‌كان،مادام ئه‌و سێ حیزبه‌ چونه‌ به‌غداد و ڕیزی یه‌ك لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیان جیاكرده‌وه‌ ئێمه‌ش بڕیارماندا هه‌رلایه‌نه‌مان ئازاد بین بۆ خۆمان."

پێشبینی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان

ده‌رباره‌ی پێشبینی بۆ ڕێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی داهاتوو،مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێشبینی كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كانی كرد و وتی"به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وای ده‌بینین به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و بێ متمانه‌یی له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد هێزه‌كانی تر كه‌به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه‌ ڕێژه‌یه‌ك له‌ده‌نگه‌كانیان داده‌به‌زێت،به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هێزه‌ تازه‌كان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك كورسیش بهێنن براوه‌ن بۆ خۆیان."

وتیشی"بێگومان دروستبوونی لیسته‌ نوێیه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگی حیزبه‌كان ده‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ش زیاتر ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند ئێمه‌ ده‌توانین باشترین پڕۆژه‌ باشترین خیتابی سیاسی و ڕه‌خنه‌مان هه‌بێت له‌هه‌ڵبژاردن،وه‌ زۆرترین متمانه‌ دروست بكه‌ین له‌هه‌ڵبژاردن وه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش ناوێتی با باشكردنی پاشه‌كه‌وتكردنی موچه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ زیاتر بنێین بۆ پێشه‌وه‌ خه‌ڵك چی ده‌وێت؟خه‌ڵك ئه‌وه‌ی ده‌وێت ده‌سه‌ڵات ژیانی بۆ باشتر بكات،خه‌ڵك هێزێكی تاقیكراوی پێ باشتره‌ له‌ هێزێك كه‌نه‌توانێت سه‌روه‌ته‌كانی خۆشی بپارێزێت ئه‌گه‌ر هێزی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌بێت له‌م دۆخه‌دا."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی دكتۆر به‌رهه‌میش هه‌مان بۆچونیان هه‌یه‌ كه‌ ناوبراو كه‌سێكی تاقیكراوه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا له‌سه‌رده‌می ناوبراو كه‌سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی ده‌كرد موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشینه‌كان ده‌درا، بۆیه‌ پێشبینی سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی ده‌كه‌ن،به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار پێچه‌وانه‌ی ده‌بینێت و ده‌ڵێت"یه‌كه‌م داهاتی كوردستان له‌سه‌رده‌می كابینه‌كانی پێشودا داهاتی ژێرخانی ئابوری كوردستان و خۆی نه‌بووه‌ به‌ڵكو داهاتێك بووه‌ كه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ هاتوه‌ و دابه‌شی كردووه‌،ئه‌م حكومه‌تانه‌ی پێشوو له‌كاتی ڕه‌فاهیه‌ت و توانای ئابوری باشدا ده‌بوایه‌ به‌یه‌كجار له‌حكومه‌ته‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م(٢١)هه‌زار كه‌سی دانه‌مزراندایه‌،ده‌بوایه‌ ژێرخانی ئابوری به‌هێز بكردایه‌ له‌كوردستاندا،قه‌یرانی ئێستای ئێمه‌ قه‌یرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی حكومه‌ته‌ كه‌حكومه‌ت پاره‌ی هه‌بوو وه‌ژێرخانی ئابوری به‌هێزی دروست نه‌كرد،كارگه‌ی دروست نه‌كرد،زه‌مانی ئابوری بۆ ئابوری كوردستان نه‌كرد،ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستای هه‌رێم حوكمه‌ته‌كه‌ی له‌ كابینه‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م به‌قه‌رزێكی زۆره‌وه‌ وه‌رگرتۆته‌وه‌."

مه‌لا به‌ختیار وتیشی"بپرسن له‌ حكومه‌ت و وه‌زیری دارایی بزانن به‌چه‌نده‌ قه‌رزه‌وه‌ ئه‌و كابینیه‌ی له‌ دكتۆر به‌رهه‌م وه‌رگرتۆته‌وه‌ من له‌ژیانمدا له‌هیچ حكومه‌تێك نه‌بوم به‌ڵام ئاگاداری ورد و درشتی هه‌موو حكومه‌ته‌كانم،بۆیه‌ هه‌ر ده‌سكه‌وتێك كرابێت به‌ڕاستی ده‌سكه‌وتی ئه‌و بودجه‌یه‌ بووه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هاتووه‌،پاشان با بزانین هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی پێشوو وه‌ كابینه‌كنی پێشوتر كه‌ دراوه‌ ئه‌نجامه‌ ئابوریه‌كه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان چیه‌ ئێستا؟باسی پێشینه‌ی هاوسه‌ری ده‌كرێت ڕێژه‌ی جیابونه‌وه‌ له‌ ٢٣%- ٢٧% زیادی كردووه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا،ئه‌نجامی چی؟ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌نجی كوردستان پاره‌ی درایه‌ بۆ هاوسه‌رگیری كه‌ پاره‌كه‌ ته‌واو بوو ناچار ئه‌وان جیاببنه‌وه‌ كه‌ گره‌نتی ژیانیان نه‌كرابێت،باس له‌ پێشینه‌ی كشتوكاڵی ده‌كه‌ن له‌ ٩٩%ی نیسكی كوردستان ئێستا هاورده‌ ده‌كرێت،یانزه‌ ملیار دۆلار به‌روبومی كشتوكاڵی له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هاورده‌ كراوه‌ له‌كوردستاندا،باسی پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌ ده‌كرێت وه‌رن بزانن یه‌ك گوندی كوردستان ماڵه‌كانیان كه‌می كردووه‌ یا زیادی كردووه‌؟ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌باره‌ت به‌تواناسازی و پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری و پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌ و پێشینه‌ی كشتوكاڵی له‌بودجه‌ی كوردستان نه‌بووه‌،حكومه‌تی ئه‌وسا(به‌سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر به‌رهه‌م)به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی ئه‌و بڕیارانه‌ی داوه‌ وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌شی ئێستا كاره‌ساتی ئابوریه‌."

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئۆباڵی شكستی حكومه‌تی خسته‌ كابینه‌ی پێشووی حكومه‌ت به‌سه‌ركایه‌تی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، وتی"بناغه‌ی شكستی ئابوری ئه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كابینه‌ی پێشوو،سیستمه‌ سیاسیه‌كه‌شی نه‌گۆڕا؟فه‌رموو بابزانین كابینه‌ی پێشوو چی كرد؟حكومه‌تی ئه‌لكترۆنی دروستكرد؟نه‌خێر!داموده‌زگاكانی چاكرده‌وه‌؟ڕێژه‌ی بیۆكراتی كه‌مكرده‌وه‌؟به‌رتیل خواردنی كه‌مكرده‌وه‌؟چاودێری كۆمپانیاكانی كرد؟لە سەردەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی د.بەرهەم سەرمایەدار هەبووە له‌بواری خانوبه‌ره‌ به‌هۆی هه‌ڵیه‌كه‌وه‌ له‌بواری وه‌به‌رهێنان نەک 100% بەڵکو 800% قازانجی کردووە،بۆ نمونه‌ كه‌سێك یه‌ك ملیۆن دۆلاری هه‌بوبێت هه‌شت سه‌د ملیۆن دۆلار قازانجی كردووه‌ له‌كوێی ئه‌م دنیا پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ سه‌دا هه‌شت سه‌د قازانج بكات، مەگەر ئەوە تەنها بازرگانانه‌ی مادەی هۆشبەر و قاچاغچی فرۆشتنی هێرۆین و دزی قازانج بەو ڕێژەیە بکات.،من پێم سه‌یره‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌ نه‌زانێت كه‌حكومه‌تی ئێستای هه‌رێم حكومه‌تێكی له‌كابینه‌ی پێشوو وه‌رگرتووه‌ كه‌ حكومه‌تێكی ئیفلاس و قه‌رزاربوو پڕۆژه‌كانی شكستی هێناوه‌،ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م حكومه‌ته‌ بووه‌ به‌رگه‌ی گرتووه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت خۆشی هه‌ڵه‌ی كردووه‌ ده‌بوو زوتر ده‌سكاری سیستمی ئابوری بكات."

چاره‌نوسی ڕێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌كێتی

له‌ته‌وه‌رێكی تری گفتوگۆكه‌دا مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌ی به‌چاره‌نوسی ڕێكه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كرد و وتی"ڕێكه‌وتنی ستراتیژی به‌ كردار كۆتایی هاتووه‌ له‌ناوماندا،به‌رده‌وام له‌كۆبونه‌وه‌كاندا بیرمان له‌وه‌كردۆته‌وه‌ یا ڕێكه‌وتنی ستراتیژی نوێ بكه‌ینه‌وه‌ یاخود هه‌ڵیوه‌شێنینه‌وه‌ ڕێكه‌وتنێكی نوێ بكه‌ین،به‌ڵام كێشه‌كانی نێوانمان وای لێهاتووه‌ كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان كردووه‌ به‌ په‌یوه‌ندی ئێمه‌ و پارتیشه‌وه‌،دۆخی ناوچه‌كه‌ و عیراق و په‌یوه‌ندی نێوان شیعه‌ و سونه‌ له‌به‌رچاو بگرین هێشتا په‌یوه‌ندی ئێمه‌ و پارتی باشتره‌ هه‌تا له‌په‌یوه‌ندی نێوان شیعه‌ و شیعه‌ش ،توانیومانه‌ به‌هه‌ردولامان هێزی پێشمه‌رگه‌ بهێڵینه‌وه‌ ئاسایشی كوردستان بپارێزین،نه‌هێڵین دوو ئیداره‌یی له‌كوردستان دروست بێته‌وه‌،وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌هه‌بوو به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ڵام نه‌مانهێشت شه‌ڕی ناوخۆ دروست بێت،واته‌ ئه‌و جومگانه‌ی پێكه‌وه‌مان به‌ستون تۆكمه‌ترن له‌وجومگانه‌ی لێكی جیاكردوینه‌ته‌وه‌."

(١٦)ی ئۆكتۆبه‌ر

له‌به‌شێكی تری گفتوگۆكه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشثمانی كوردستان باسی له‌ ڕوداوه‌كانی (١٦)ی ئۆكتۆبه‌ر له‌كه‌ركوك كرد و وتی"من به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ی له‌(١٦)ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی توندیان گرت،وتیان خیانه‌ت كرا،چییان كرد بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن كه‌ خیانه‌ت كراوه‌؟هه‌ركه‌سێك توانی بیسه‌لمێنێ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌كه‌ركوك كرا خیانه‌ت بوو یا ڕێكه‌وتنی ژێر به‌ژێر كراوه‌ ئه‌وا من به‌ش به‌حاڵی خۆم سوپاسی ده‌كه‌م،به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێین ئایا له‌ڕووی ئه‌منی و سه‌ربازیه‌وه‌ له‌(١٦)ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌ڵه‌كرا؟منیش ده‌ڵێم به‌ڵێ هه‌ڵه‌كرا هه‌روه‌ك چۆن له‌ته‌وقیتی ڕیفراندۆم هه‌ڵه‌كرا,ئه‌وانه‌ی كه‌یسی ئه‌منی و سه‌ربازی كه‌ركوكیان گرته‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ له‌(١٦)ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌ڵه‌یان كرد،به‌ڵێ ئه‌وانه‌ یه‌كێتی بون كه‌هه‌ڵه‌یان كرد ،ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی له‌وێ بوون كه‌ پێش ئه‌وه‌ به‌غداد پێی وتبون ئه‌گه‌ر تا(٣)ی به‌یانی نه‌گه‌ینه‌ ڕێكه‌وتن ئه‌وا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كه‌ركوك به‌بۆچونی من ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ ئه‌وكات به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركردایه‌ بیانوتایه‌ له‌دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و حه‌شدی شه‌عبی كشاوینه‌ته‌وه‌ و به‌غداد وای وتووه‌ ئه‌وا ئێستا هیچ كام له‌و قسه‌ و قسه‌ڵۆكانه‌ دروست نه‌ده‌بوو،كه‌به‌یاننامه‌یان ده‌رنه‌كرد ئێستا ئه‌و قسه‌ و قسه‌ڵۆكانه‌ دروست بوون."

مه‌لا به‌ختیار له‌باره‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێ و شوێنی حیزبه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ یه‌كێتیانه‌ی كه‌خۆی وتی هه‌ڵه‌یان كردووه‌ له‌كه‌ركوك به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وت"بێگومان بابه‌تی(١٦)ی ئۆكتۆبه‌ر له‌كۆنگره‌ دێته‌ پێشه‌وه‌،وه‌ ئێمه‌ داوای لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌په‌رله‌مانی كوردستان و دادگای كوردستان كردووه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی ئێمه‌ ساغ بێته‌وه‌ بێگومان ئێمه‌ لایه‌نگری سزادانیانین، وه‌ ئاراسی شێخ جه‌نگی ته‌نها له‌سكرتاریه‌تی مام جه‌لال كاری كردووه‌،مه‌كته‌بی سیاسی هیچ ئه‌ركێكی پێ نه‌سپاردووه‌ له‌كێشه‌كانی كه‌ركوك یاخود له‌پاش و پێشی كه‌ركوك،به‌ڵام له‌سكرتاریه‌تی مام جه‌لال پیاوێكی ماندوو بوو به‌ڵام له‌دوای مردنی مام جه‌ڵال مه‌كته‌بی سیاسی هیچ ئه‌ركێكی پێ نه‌سپاردووه‌،واته‌ هیچ پۆستێكی فه‌رمی سیاسی و سه‌ربازی له‌ناو یه‌كێتی نیه‌،بۆیه‌ مه‌كته‌بی سیاسی و یه‌كێتی هیچ به‌رپرسیارێتیه‌كی هه‌ڵناگرن به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوای لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر سه‌لمێنرا ئه‌وا ئێمه‌ لایه‌نگری سزادانیان نه‌ك هه‌ر ئه‌و ئه‌گه‌ر مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیش بێت."

چاره‌نوسی دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم و دكتۆر به‌رهه‌م له‌ناو یه‌كێتی؟

مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی"بەرهەم لەناو یەکێتیدا تەواو بووە، لە دواین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەنجومەنی سەرکردایەتیش بڕیارماندا، وە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو کاتژمێر(١١)ی نیوەڕۆ لە کۆبونەوەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن،به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێز كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان،بڕیارماندا بەرهەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان نیە، وە هەموو ئەو کەسانەی لەناو یەکێتین لە هەر پلە و پایەیکدا بن، بەڵام لە لیستەکەی بەرهەمن دەردەکرێن، هەموو ماڵ و موڵکی یەکێتیان لێدەسەنرێتەوە و موچەیان لە یەکێتی دەبڕێت."

مەلا بەختیار وتیشی"قسە هەیە كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی یه‌كێتی له‌ناو یه‌كێتیدا كار و بانگه‌شه‌ بۆ لیسته‌كه‌ی به‌رهه‌م ده‌كه‌ن،وه‌ جموجۆڵی گوماناویش هەیە کە لە ناو یەکێتیدا خەڵکانێک هەن کە کار بۆ بەرهەم دەکەن، بۆیە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە لەسەر ئەو کەسانە دوای دڵنیابوونەوە ئەگەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بن ئەوا ئەندامێتیان تا کۆنگرە هەڵدەپەسێردرێت بۆ ئەوەی کۆنگرە بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر خوار مەکتەبی سیاسی بن ئەوا دەردەکرێن لە ناو یەکێتی."

دەربارەی چارەنوسی نەجمەدین کەریمیش، مەلا بەختیار وتی"دكتۆر نه‌جمه‌دین ئێستا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیه‌،به‌ڵام چاره‌نوسی دكتۆر نه‌جمه‌دین ته‌نها کۆنگرە ده‌توانێت یه‌كلایی بكاته‌وه‌، بەڵام پێویستە لەسەر خۆی کە چارەنووسی خۆی ڕۆشنتر بکاتەوە."

ئایا یه‌كێتی و دكتۆر به‌رهه‌م له‌دوای هه‌ڵبژاردن ڕێكه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟

مه‌لا به‌ختیار له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كێتی و دكتۆر به‌رهه‌م ده‌بنه‌ یه‌ك لیست له‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كدا وتی"له‌سیاسه‌تدا هیچ شتێك ڕه‌ها نیه‌،ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتی هه‌زاران كه‌سیشمان له‌یه‌ك كوشت و برینداریش كرد به‌ڵام ڕێكه‌وتنی ستراتیژیمان كرد،بۆ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ لیسته‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌میش،له‌دوای هه‌لومه‌رجی دوای هه‌ڵبژاردن و دۆخی سیاسی ناوچه‌كه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ ته‌حه‌كوم ده‌كات له‌ ڕیزبه‌ندی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌یه‌كێتی و جه‌ماعه‌تی كاك به‌رهه‌م یا هه‌ر لایه‌كی تر بێت ئێمه‌ حیزبێكی به‌ ئه‌زمونین حیزبێك نین تازه‌ هه‌ڵتۆقیبین وه‌ك قارچك حیزبێكین ده‌توانین په‌لوپۆ بهاوین بۆ هه‌ر لایه‌ك و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌كدا دروست بكه‌ین."

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی

له‌باره‌ی بڕیاری پێشوتری یه‌كێتی بۆ هه‌ڵوه‌شئندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی،مه‌لا به‌ختیار وتی"بڕیارێكی هه‌ڵه‌بوو ڕاستكرایه‌وه‌،تازه‌ ئه‌وه‌ بڕیارێك درا كه‌مه‌كته‌بی سیاسی كاری خۆی ده‌كات ئیتر بۆ بچینه‌وه‌ ڕابردوو؟"

كۆنگره‌ و كێشه‌ی یه‌كێتی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر سلێمانی

مه‌لا به‌ختیار له‌باره‌ی هۆكاری نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت"كێشه‌ی ناوخۆیمان هه‌یه‌ بۆیه‌ كۆنگره‌ نابه‌ستین،له‌دوای هه‌ڵبژاردن به‌جدی هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كه‌ین،وه‌ هه‌ڵوێستی لێ بڕاومان ده‌بێت له‌سه‌ری."

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر سلێمانی مه‌لا به‌ختیار وتی"بێگومان كاریگه‌ری لێره‌ و له‌وێ هه‌یه‌ ناتوانین نكوڵی لێ بكه‌ین به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ مێژوویه‌كان بۆ یه‌كێتی و گه‌له‌كه‌مان هیوادارین یه‌كێتی به‌كه‌مترین زیان لێی بێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئاینده‌ به‌هێزتر بێت."

وتیشی"كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر و ده‌نگدان هه‌یه‌،له‌نێوان دوو هه‌ڵبژاردن چوار موالید مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌ و ئه‌م هه‌موو ناڕه‌زایه‌تیه‌ش هه‌یه‌،به‌ڵام خۆشحاڵین له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ئه‌م هه‌موو ناڕه‌زایه‌تیه‌ هه‌یه‌ ده‌ین هه‌زار كه‌س هاتنه‌ سه‌ر جاده‌ بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و مافی پیشه‌یی كه‌سیش له‌ گوڵ كاڵتری پێ نه‌وترا."

كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد

هه‌فته‌ی پێشوتر وه‌فدێكی كوردانی توركیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد جگه‌ له‌به‌شداری كردن له‌ پرسه‌ی برای سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ی عیراق،به‌پێی لێدوانه‌كان مه‌به‌ستێكی تری هاتنی وه‌فده‌كه‌ی كوردانی توركیا بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان بووه‌ سه‌باره‌ت به‌به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد،به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هۆكاری نه‌گه‌یشتنی لایه‌نه‌كان به‌واده‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخی ناوچه‌كه‌ و وتی"واده‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دیارینه‌كرا،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دۆخی ڕۆژه‌هه‌ڵات ده‌بینین،دۆخی دوای ڕیفراندۆم ده‌بینین،دۆخی ڕۆژئاوا و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بینین وا پێویست ده‌كات حیزبه‌ كوردستانیه‌كان قوڵتر بیر له‌چۆنه‌تی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌م ئه‌ركه‌ بكه‌ینه‌وه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار