د.شۆڕش حاجی:ئه‌گه‌ر لایه‌نێك هه‌بێت به‌ڕكابه‌ری خۆمانی بزانین ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستانه‌

د.شۆڕش حاجی-ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

د.شۆڕش حاجی ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی هۆكاری به‌شداری نه‌كردنی لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق وتی"لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانیان نه‌كرد چونكه‌ پارتی و یه‌كێتی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیان وا تێكداوه‌ هه‌لومه‌رجێكی وایان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ناكرێت هه‌مووان به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین،ئه‌وان سیاستێكی جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سیاسه‌تی ئێمه‌."

پێشتر مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا هه‌ریه‌كه‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری تۆمه‌تباركرد به‌تێكدانی یه‌كڕیزی و یه‌ك لیستی كورد و وتبووی"ێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان یه‌كه‌م لایه‌ن بوین كه‌داوامان كرد كورد به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات،دوای ئێمه‌ پارتیش داوای كرد،یه‌كگرتووش داوای كرد،به‌ڵام گۆڕان و كۆمه‌ڵ و ڕه‌وته‌كه‌ی به‌رهه‌م پێش ئه‌وه‌ی گفتوگۆكان ته‌واو بن بزانن یه‌ك لیستی بۆ كورد باشه‌ یا فره‌لیستی، چوون له‌به‌غداد له‌كۆمسیۆن هاوپه‌یمانێتیه‌كیان پێكهێنا به‌ناوی لیستی(ئه‌لوه‌ته‌ن)واته‌ مه‌به‌ستی وه‌ته‌نی عیراقه‌،ئیتر ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان،وه‌ ئه‌و جۆره‌ ناولێنانه‌ له‌لیسته‌كه‌یان(ئه‌لوه‌ته‌ن)خۆی له‌خۆیدا دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌شوناسی كوردایه‌تی و خه‌باتی كوردستانی بوون،به‌ڵام ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیعدا ده‌كه‌ین بۆیه‌ هیوادارین ئه‌وان خزمه‌تی وه‌ته‌نی عیراق بكه‌ن و عیراق له‌و هه‌موو كێشه‌ و ئاڵۆزیه‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ عیراقێكی ئارام،وه‌ شوناسی عیراق بكه‌نه‌ شوناسی هه‌مووان ئێمه‌ خۆشحال ده‌بین."

هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شی وتبوو"ئه‌گه‌ر ئێمه‌ و ئه‌وان(پارتی دیموكراتی كوردستان) به‌یه‌ك لیست به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكردایه‌ ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی نه‌ده‌بوو له‌سه‌ر یه‌ك لیستی هێزه‌ كوردستانیه‌كان،مادام ئه‌و سێ حیزبه‌ چونه‌ به‌غداد و ڕیزی یه‌ك لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیان جیاكرده‌وه‌ ئێمه‌ش بڕیارماندا هه‌رلایه‌نه‌مان ئازاد بین بۆ خۆمان."

له‌به‌رامبه‌ردا د.شۆڕش حاجی ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت"من نامه‌وێ ناوی كه‌س بێنم به‌ڵا هیچ كه‌س ناتوانێت له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان موزایه‌ده‌ی كوردستانی بون و عیراقچێتی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بكات،چونكه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ بوین به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان هه‌بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌وان بوون به‌رنامه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان كرده‌ قوربانی ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ مادی و پۆستانه‌ی له‌به‌غداد پێیان درا."

سه‌باره‌ت به‌ پێشبینی كردنیان بۆ ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا د.شۆڕش حاجی ئه‌وه‌ی به‌ده‌نگی ئه‌مریكا وت"هه‌رچه‌نده‌ نامه‌وێت پێشبینی بڵێم،به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌نگه‌كانی خۆمان به‌زیاده‌وه‌ ده‌هێنینه‌وه‌،چونكه‌ ئێمه‌ دڵنیاین له‌ ئاستی هۆشیاری خه‌ڵكی كوردستان و دڵنیان له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوو كێ خزمه‌تی كردوون وه‌ كێش پۆسته‌كانی به‌غدادی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی به‌كارهێناوه‌."

له‌باره‌ی كاریگه‌رت دروست بونی لیسته‌نوێیه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ده‌نگی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؟د.شۆڕش حاجی وتی"ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین،وه‌ خه‌ڵكی كوردستانیش باش ده‌زانن ئه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو سه‌رمه‌شقی خه‌باتی مه‌ده‌نی ،وه‌ ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه‌ی كه‌ ڕه‌خساوه‌ خه‌ڵكی تر بێت لاسایی ئێمه‌ بكاته‌وه‌ و باسی خه‌باتی مه‌ده‌نی بكات ،وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تربێت له‌هه‌ولێر خۆپیشاندان بكات ئه‌وه‌ به‌ری ڕه‌نجی سه‌ركه‌وتووی به‌رنامه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌."

حاجی ئه‌وه‌شی وت"نه‌وشیروان مسته‌فا و هاوڕێكانی كاریان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌ن و كه‌سێك هه‌بێت هه‌ڵگری میراتگری نه‌وشیروان مسته‌فا بێت به‌ته‌نها بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، ئێمه‌ نامانه‌وێت بچینه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رمه‌شقی به‌ره‌ی خه‌ڵكی تر به‌ره‌كه‌ی تر كه‌ هی پارتی و یه‌كێتین به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و ناشه‌فافیه‌تن له‌خه‌ڵك و ده‌نگی خه‌ڵك ده‌ترسن له‌به‌رامبه‌ردا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌ی خه‌ڵك و دیموكراسی و بڕوابونه‌ به‌سندوقه‌كانی ده‌نگدان،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ حیزبه‌كانی تر وردبكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتن پارتی ڕابه‌رایه‌تیان ده‌كات هه‌روه‌ك چۆن ئێمه‌ ڕابه‌رایه‌تی به‌ره‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌ین،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نێك هه‌بێت به‌ڕكابه‌ری خۆمانی بزانین به‌ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ چونكه‌ ئه‌وان ڕابه‌رایه‌تی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش ڕابه‌رایه‌تی به‌ره‌ی خه‌ڵك."

سه‌باره‌ت به‌ گرنگی به‌شداریكردنی كورد له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق؟د.شۆڕش حاجی ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕئندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وتی"ئه‌مڕۆ چه‌قی قورسایی له‌عیراقی فیدراڵی كه‌ ئێمه‌ ده‌نگمان به‌و ده‌ستوره‌ داوه‌ به‌غدایه‌،وه‌ ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك و یه‌كگرتوو بێت خاوه‌نی یه‌ك خیتابی سیاسی و نیشتمانی بێت،نه‌ك خیتابی ده‌سكه‌وتی مادی و پله‌ و پۆست بۆ خۆی و بنه‌ماڵه‌ و حیزبه‌كه‌ی ئه‌وا عیراق بێ كورد وه‌ دروستبونی هه‌ر حكومه‌تێك بێ كورد ناكامڵن وه‌ كورد ده‌بێت خۆی بسه‌لمێنێت له‌به‌غداد به‌به‌رگێكی نیشتمانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر بكات."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی وت"ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر سه‌لماندی كه‌ كورد به‌م په‌رته‌وازه‌یی و سیاسه‌تی چه‌واشه‌كاریه‌ی كه‌ بۆ موزایه‌ده‌ی شه‌خسی و حیزبی به‌كاردێت به‌هیچ ناگات به‌ڵكو ده‌بێت له‌به‌غداد قورسایی خۆی بسه‌لمێنێ و به‌رگری له‌مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خۆی بكات به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ده‌سكه‌وتی شه‌خسی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی بچینه‌ به‌غداد ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ بینیمان."

له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی تری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌بنه‌ یه‌ك لیست؟د.شۆڕش حاجی وتی"هاوپه‌یمانێتی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی،ده‌كه‌وێته‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان،هه‌روه‌ها ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی چه‌نده‌ سروشتی خۆیان ده‌گۆڕن هاوڕا ده‌بن له‌گه‌ڵمان بێنه‌ به‌ره‌ی گه‌ل وه‌ به‌رنامه‌یه‌كیان هه‌بێت بۆ جێ به‌جێ كردنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وكات ئێمه‌ ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن ده‌نگ و كورسی له‌نێوان سێ لایه‌نه هاوپه‌یمانه‌كه‌ی لیستی نیشتمان دابه‌ش ده‌كه‌ن؟د.شۆڕش حاجی وتی"ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌وێته‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی(ژیار محه‌مه‌د)له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د.شۆڕش حاجی