قایمقامی سۆران؛ له‌هیچ شوێنێكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم توركیا سنوری نه‌به‌زاندووه‌

كرمانج عیزه‌ت -قایمقامی سۆران

بۆیه‌كه‌مجار به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق باس له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ و ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی سوپای توركیا بۆ گوندی(به‌رمیزه‌)ی قه‌زای سۆرانی سه‌ربه‌ پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌رزاییه‌كانی ئه‌و گونده‌ پێشتر به‌ده‌ست چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه‌ بووه‌ به‌بێ شه‌ڕ پێنج مانگ له‌مه‌وپێش توركیا داگیری كرد، به‌ڵام له‌هیچ گوند و شوێنكی ژێر ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ تا ئێستا توركیا سنوری نه‌به‌زاندووه‌ و نه‌هاتۆته‌ ناوه‌وه‌.

پێشتر چه‌ندین گرته‌ ڤیدیۆۆی و وێنه‌ی ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی توركیا له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كوردییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق و چه‌ند ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندنی لۆكاڵی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرایه‌و كه‌ تێیدا سه‌ربازانی توركیا به‌مه‌به‌ستی به‌ربانگ كردنه‌وه‌ چوبونه‌ ناو گوندی(به‌رمیزه‌)ی سه‌ر به‌قه‌زای سۆرانی پارێزگای هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمه‌كه‌.

كرمانج عیزه‌ت قایمقامی قه‌زای سۆران له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ك له‌ماوه‌كانی داهاتوو ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ ده‌ڵێت" گوندی به‌رمیزه‌ ته‌نها دوو كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر سنوری توركیاوه‌ دوره‌، وه‌ك هه‌موو وه‌رزێكی به‌هار پێنج مانگ پێش ئێستا توركیا هێڵی به‌رگری خۆی گۆڕی به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ناو خاكی خۆی نه‌بوو به‌ڵكو په‌ڕیه‌وه‌ بۆ كوردستانی عیراق ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ی پێشتر لێ بون نه‌ك ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێم بون هاتن به‌رزاییه‌كانی ئه‌و شوێنانه‌یان گرت به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ هیچ به‌رگریه‌ك بكات."

قایمقامی قه‌زای سۆران وتیشی" ئه‌وه‌ بوو له‌مانگی ڕه‌مه‌زان ئه‌و سوپایه‌ ته‌كلیفیان له‌خه‌ڵكی ئه‌وێ كرد كه‌ده‌یانه‌وێت بێن ئێواره‌خوانێك له‌ گه‌ڵ خه‌ڵك بكه‌ن و بۆ خه‌ڵكی ڕون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌یه‌ نه‌ك ئه‌وان بۆیه‌ دوو سه‌د سه‌رباز كه‌متر یا زیاتر چوبونه‌ نا گونده‌كه‌ خوانێكیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ خوارد له‌ ماوه‌ی سێ سه‌عاتدا گه‌ڕاونه‌وه‌ شوێنی خۆیان كۆمه‌ڵێك خوارده‌مه‌نیشیان بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ هێنابوو دابه‌شیان كردبوو به‌سه‌ریاندا."

پێشتر عه‌مید یه‌حیا زوبه‌یدی وته‌بێژی فه‌رمی سه‌ركردایه‌تی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو" به‌ڕاستی ئه‌و ڤیدیۆیه‌مان نه‌بینووه‌ كه‌ سوپای توركیا چوبێته‌ گوندێكی قه‌زای سۆران، وه‌ له‌هیچ شوێنێكیش پشت راست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ڕاسته‌ یاخود نا؟"

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندبوو" من زانیاریه‌كی وردی له‌وجۆره‌م لانیه‌ كه‌ ته‌ئكید له‌و بابه‌ته‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌میشه‌ وتومانه‌ به‌هیچ جۆرێك نامانه‌وێت خاكی عیراق ببێته‌ شوێنی چالاكی و كار دژ به‌وڵاتانی دراوسێ، ئێمه‌ ڕێز له‌ سه‌روه‌ری خاكی توركیا و هه‌موو وڵاتانی دراوسێی عیراق ده‌گرین."

به‌ڵام كرمانج عیزه‌ت قایمقامی سۆران ڕه‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌گرێت كه‌هه‌ڵوێستی نه‌بووه‌ له‌سه‌ر هاتنی سوپای توركیا چونكه‌ حكومه‌تی عیراق به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی و ده‌ڵێت" ده‌بوو حكومه‌تی عیراق له‌سه‌ر هاتنی ئه‌و سه‌ربازه‌ توركانه‌ هه‌ڵوێستی هه‌بوایه‌ پێشتر ئه‌و ناوچانه‌ له‌ده‌ست ئێمه‌ نه‌بوه‌ وه‌ له‌ هیچ شوێنێكی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان حكومه‌تی توركیا سنوری نه‌به‌زاندوه‌ ته‌نها ئه‌و شوێنه‌ نه‌بێت ئه‌وه‌ش به‌ڕێكه‌وتن نه‌بووه‌ به‌ڵكو ئه‌و شوێنانه‌ شوێنی ژێر ده‌ستی په‌كه‌كه‌ بون نه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم هه‌رچه‌ند ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین و پشتگیری ناكه‌ین به‌ڵام شوێنی ئێمه‌ نه‌بووه‌ پێشتر."

وتیشی"مه‌خفه‌ری پاراستنی سنوری لێیه‌ به‌ ده‌قه‌ و سه‌عات له‌هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك حكومه‌تی عیراق ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بێت ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته‌ بوبێتن و پێویست به‌وه‌ ناكات ئێمه‌ ئاگاداریان بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ هیچ سه‌نگه‌رێكی به‌رامبه‌ر توركیا نیه‌ هه‌روه‌ك به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ش نه‌مانبووه‌ ،سوپای عیراق پاسگایه‌كیان له‌وێ هه‌یه‌ "

كرمانج عیزه‌ت قایمقامی سۆران باسی له‌ بۆچونی خۆیان كرد له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر قه‌ندیل و شه‌نگال وتی" ئه‌گه‌ر توركیا بیه‌وێت بێته‌ قه‌ندیل ده‌بێت یا ڕێكه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی بێت یا ده‌بێت به‌ سوپایه‌كی زۆره‌وه‌ بێت هه‌رجوڵه‌یه‌كی توركیا ئه‌گه‌ر به‌ڕێكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بێت ئاسان نیه‌."

قایمقامی سۆران وتیشی" په‌كه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی عه‌سابه‌یی و پارتیزانی شه‌ڕ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر توركیا هێرشی كرد و ئه‌وان له‌وێش نه‌مێنن ده‌چنه‌ شوێنێكی تر به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیان ده‌كات خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وای بۆ ده‌چم توركیا زیاتر هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردن بێت نه‌ك به‌ڕاستی بیه‌وێت هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌، چونكه‌ له‌شه‌نگالیش هێزی ئه‌مریكی و سوپای عیراقی لێیه‌."