قایمقامی سۆران؛ به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه‌ ئێمه‌ موحریجین به‌رامبه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌ت توركیا

به‌ڕێز؛ كرمانج عیزه‌ت قایمقامی قه‌زای سۆران -هه‌رێمی كوردستان-عێراق

كرمانج عیزه‌ت قیمقامی سۆران له‌به‌شی دووه‌می وتوێژه‌ تایبه‌تیه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت" به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه‌ ئێمه‌ موحریجین به‌رامبه‌ر خۆمان و وڵاتانی دراوسێ چونكه‌ ئێمه‌ حاكمین له‌وناوچانه‌ پاراستنی سنوری وڵاتانی دراوسێ له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ نادات ئاڵای كوردستان له‌و ناوچانه‌ هه‌ڵبكرێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌ی باش نابێت ڕه‌نگه‌ شه‌ڕی كورد و كورد دروست بێت كه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ناوێت."

كرمانج عیزه‌ت له‌به‌شی دووه‌م و كۆتایی وتوێژه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژیار محمه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا هۆشداریدا له‌ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی كورد و كورد و وتی"په‌كه‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نین ڕێز له‌ تایبه‌تمه‌ندی حوكمه‌تی هه‌رێم بگرن ، حكومه‌تی هه‌رێم هه‌رجوڵه‌یه‌ك بكات ئه‌وان شه‌ڕیان ده‌وێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ به‌رده‌وام بێت ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوو شتی ناخۆشی لێ بكه‌وێته‌وه‌ ئێمه‌ هیوای ئه‌و شته‌ ناخوازین شه‌ڕی كورد و كورد."

قایمقامی سۆران وتیشی" به‌داخه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌هی خۆی ده‌زانێت حكومه‌تی هه‌رێم هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و ناوچانه‌ نیه‌ ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ ناده‌ن ئاڵای كوردستان به‌سه‌ر داموده‌زگا و قوتابخانه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵبكرێت و خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ هیچ په‌یوه‌ستیه‌كیان به‌حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بمێنێت و جار به‌جار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك توندتر ده‌بێت."

به‌وته‌ی قایمقامی قه‌زای سۆران خه‌ڵك بێزاره‌ و خوازیاره‌ په‌كه‌كه‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانی عیراق به‌جێبهێڵێت و وتی"ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت خه‌ڵك بۆ خۆی بێزاره‌ بێزاره‌ له‌وه‌ی كێشه‌ی توركیا و په‌كه‌كه‌ بێته‌ سه‌رخاكی كوردستانی عیراق ئه‌وه‌ شه‌ڕی خه‌ڵكی كوردستانی عیراق نیه‌ هاتۆته‌ ئێره‌ خه‌ڵك چاوی له‌ه‌یه‌ توركیا و په‌كه‌كه‌ شه‌ڕی خۆیان ببه‌نه‌وه‌ بۆ ناو توركیا، خه‌ڵك له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئیسراحه‌تی له‌و ناوچه‌یه‌ نه‌كردووه‌ هه‌ست ناكه‌ن ئه‌وان ئازاد بون ، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ هی خۆیان ده‌زانن چه‌ندین ناویان له‌و ناوچانه‌ ناوه‌ وه‌ك هه‌رێمی میدیا و چه‌ند ناوێكی تر، وه‌ك كورد ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌وان بزوتنه‌وه‌یه‌كی كوردین ئه‌گه‌ر وه‌ك لایه‌نه‌كانی كوردی ئێرانی ڕێزی تایبه‌تمه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمیان بگرتایه‌ ڕه‌نگه‌ باری ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ قورس نه‌ده‌بوو."

كرمانج عیزه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد"ئێمه‌ له‌و ناوچانه‌ حاكمین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی بۆ وڵاتانی دراوسێیان دروست كردووه‌ ئێمه‌ موحریجین هه‌م بۆ خۆمان هه‌م بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر كه‌ ئێمه‌ ناتوانین هیچ چالاكیه‌كی سیاسی به‌رامبه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌ت توركیا بكه‌ین به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌وێن.

"له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ئایا ئه‌و " موحریجیه‌" چیه‌ كه‌ بۆتان دروست بووه‌ وه‌ك خۆت وتت؟ كرمانج عیزه‌ت قایمقامی سۆران ڕونیكرده‌وه‌"موحریجیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هه‌ر ده‌وڵه‌تێك به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی سه‌قامگیری دراوسێكه‌ی بپارێزێت به‌داخه‌وه‌، په‌كه‌كه‌ ئه‌و موحریجیه‌ی بۆ ئێمه‌ دروست كردوه‌ كه‌ توركیا هه‌میشه‌ دێت لێره‌ ده‌دات و بۆمباران ده‌كات ئێمه‌ به‌و هۆكاره‌وه‌ ناتوانین هیچ قسه‌یه‌ك بكه‌ین تاكه‌ ڕێگا شه‌ڕه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌و شه‌ڕه‌ بكه‌ین نامانه‌وێت شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ و كورد و كورد بكه‌ین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان به‌له‌به‌رچاو نه‌گرتنی هیچ تایبتمه‌ندییه‌ك و حساب نه‌كردنێك بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و چالاكی دژی توركیا جیاكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی خۆیان ئه‌و مه‌به‌سته‌یان ده‌وێت زۆرجار په‌كه‌كه‌ شه‌ڕیان كردوین كه‌ زیاتر له‌ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ ویستومانه‌ به‌ ئاشتی قه‌ناعه‌تیان پێ بهێنین."

وتیشی"ئێمه‌ زۆر ناڕه‌حه‌تین هه‌موو ڕۆژێك له‌به‌رچاومان خه‌ڵك شه‌هید ده‌بێت و هه‌موو ڕۆژێك فڕۆكه‌ بۆردومان ده‌كات و چاودێری ده‌كات، به‌هۆی په‌كه‌كه‌كه‌وه‌ زیاتر له‌ (١١١) گوند له‌ نزیك ناوچه‌ی خواكورك ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه‌."

كرمانج عیزه‌ت قایمقامی سۆران له‌باره‌ی دواین پێشهاته‌كانی جموجۆڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌تایبه‌ت له‌سنوری قه‌زای سۆران وتی"ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت جگه‌ له‌بانگه‌شه‌ ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی توركیا چاودێری هه‌وایی بۆ سه‌ر گونده‌كانی سنوری قه‌ندیل زیادبووه‌ به‌ڵام له‌ ئاستی مه‌یدانی هیچ جموجۆڵێكی مه‌یدانی نیه‌، به‌ڕاستی ئه‌و بۆردومانانه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی بێزاركردوه‌ له‌ناوچه‌ی سیده‌كان و قه‌ندیل به‌تایبه‌ت خاوه‌ن ئاژه‌ڵ و ئه‌وانه‌ی هه‌نگ به‌خێوده‌كه‌ن ناتوانن بچنه‌ شوێنه‌كانی خۆیان بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت ڕه‌نگه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ئه‌و گوندانه‌ به‌هۆی چاودێری توندی چر و بۆردومانه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان به‌جێ بهێلن."

پێشتر له‌به‌شی یه‌كه‌می ئه‌و دیداره‌دا قایمقامی سۆران له‌باره‌ی دیمه‌نی ڤیدیۆی چه‌ند سه‌ربازێكی توركی له‌ گوندێكی سه‌ر به‌قه‌زاكه‌یان وتبووی" ئه‌و گوندانه‌ پێشتر له‌ژێر ده‌ستی په‌كه‌كه‌ بووه‌ چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر توركیا داگیری كردووه‌ و په‌كه‌كه‌ هیچ به‌رگرییه‌كی نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندبوو" سوپای توركیا له‌ هیچ شوێنێكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌وه‌ سنوری نه‌به‌زاندووه‌ تائێستا به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وناوچانه‌ هی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌ بوون."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی ته‌واوی گفتوگۆكه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كرمانج عیزه‌ت قایمقامی سۆران