كاروان ئه‌نوه‌ر: له‌به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژنامه‌نوسان له‌گه‌ڵ داواكاری گشتی ڕێكه‌وتنێكمان ئه‌نجامدا

كاروان ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی هه‌رێمی كوردستان

كاروان ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسانی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن له‌كاتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌سلێمانی ده‌ڵێت" هیچ ده‌زگایه‌ك و ڕۆژنامه‌وانێك نه‌هاتووه‌ سكاڵا تۆماربكات به‌فه‌رمی، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌گه‌ڵ داواكاری گشتی به‌وجۆره‌ ڕێككه‌وتین كه‌ هه‌ركاتێك ڕۆژنامه‌وانێك پێشێلكاری به‌رامبه‌ر كرا ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ بچێته‌ لای داواكاری گشتی ئه‌وان سكاڵایان لێ وه‌رده‌گرن، ده‌شڵێت" وه‌ك لقی سلێمانی له‌كه‌یسه‌ ورده‌كانی وه‌ك لێدان و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌لی ڕۆژنامه‌وانی و ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌وان توانیومانه‌ كاربكه‌ین، به‌ڵام له‌ پێنج كه‌یسه‌ گه‌وره‌كه‌ی تیرۆری سیاسی نه‌ك تیرۆری ڕۆژنامه‌وانان به‌ كاوه‌ گه‌رمیانی و شێخ ستاریشه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ هیچ بكه‌ین و له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نیه‌، ئێستا ئه‌و كه‌یسانه‌ له‌ناو چه‌كمه‌جه‌كاندا داخراون كه‌س نازانێت چۆنه‌؟"

شه‌وی ڕابردووتر ئاگرێك له‌كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی حه‌فتای سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ی تاسڵوجه‌ی شاری سلێمانی كه‌وته‌وه‌، دواتر به‌شێك له‌ڕۆژنامه‌وانی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی سلێمانی، ڕایانگه‌یاند" له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر كراوه‌ و ڕێگرییان لێكراوه‌."

لای خۆیه‌وه‌ كاروان ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی سلێمانی له‌میانه‌ی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" به‌شێك له‌ڕۆژنامه‌نوسانی سلێمانی ده‌ڵێن مامه‌ڵه‌ی زبرییان له‌گه‌ڵ كراوه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ده‌زگا ئه‌منیه‌كانیش ده‌ڵێن به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ڕۆژنامه‌نوسان بووه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌كان و مه‌ترسیه‌كانی، به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ داواكاری گشتی وا ڕێكه‌وتوین هه‌ر ڕۆژنامه‌نوسێك پێشێلكاری به‌رامبه‌ر كرا بۆ خۆی بچێته‌ داواكاری گشتی ڕاسته‌وخۆ له‌ڕێگای داواكاری گشتیه‌وه‌ سكاڵا تۆماربكات دواتر بێته‌وه‌ بۆ ئێمه‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژنامه‌نوس خۆی ناچێت سكاڵا تۆماربكات."

سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی سلێمانی ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتریدا له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ داواكاری گشتی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر له‌باره‌ی پاراستنی مافه‌كانی ڕۆژنامه‌وان و وتی" ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نوس ڕێگری لێكرا و سوكایه‌تی پێكرا، وه‌ كه‌ولوپه‌له‌كه‌ی ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا ئه‌وا با دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بچێته‌ داواكاری گشتی سكاڵا تۆماربكات، نه‌ك به‌یاننامه‌ ده‌ربكه‌ن، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی داواكاری گشتی كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی پێشێلكاریه‌كان به‌ڵام به‌ومه‌رجه‌ی خۆیان بچن بۆ لای داواكاری گشتی نه‌ك به‌ته‌ما بێت سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان سكاڵای بۆ تۆماربكات له‌دنیادا شتی وانیه‌."

كاروان ئه‌نوه‌ر باسی له‌هه‌وڵه‌كانی سه‌ندیكا كرد بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامه‌وانان و لێتێگه‌یشتنی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان له‌كاری ڕۆژنه‌مه‌وانان " ئێمه‌ سێ كۆنفرانسمان كردووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان وه‌ بۆ ڕۆژنامه‌نوسانیش خولمان كردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌موو شتێك بۆ ڕووماڵ ناشیه‌ت بۆ نمونه‌ له‌و ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ كۆگایه‌ك ته‌قیوه‌ته‌وه‌ كه‌مه‌ترسی بۆ سه‌ر گیانی ڕۆژنامه‌نسه‌كانیش هه‌یه‌ كاتێك هێزه‌ ئه‌منیه‌كان دوریان ده‌خه‌نه‌وه‌ به‌، مه‌به‌ستی پاراستنی گیانی ڕۆژنامه‌نسه‌كه‌یه‌ ئێمه‌ له‌سلێمانی چه‌ندین خولمان بۆ ڕۆژنامه‌نوسانیش كردۆته‌وه‌ به‌خۆڕایی جل و به‌رگی ڕوماڵمان دابه‌ش كردووه‌ به‌سه‌ریاندا به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك كێشه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌زه‌لین و به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێن، هه‌رچۆنك بێت ئاماره‌كان پێمان ده‌ڵێن له‌شه‌ش مانگی ڕابردوو پێشێلكارییه‌كان له‌سنوری سلێمانی كه‌می كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕووداوی كتوپڕی وه‌ك (١٦) ی ئۆكتۆبه‌ر و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ نه‌بووه‌ پێشێلكاری كه‌میكردووه‌."

سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان ڕه‌خنه‌ی له‌ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن گرت، به‌وه‌ی كاتێك هه‌موویان ده‌ڵێن پێشێلكاریمان به‌رامبه‌ر كراوه‌ به‌ڵام كه‌سیان ڕێگای یاسایی ناگرنه‌ به‌ر و وتی" هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌ڵێن پێشێلكاریمان به‌رامبه‌ر كراوه‌ به‌ڵام كه‌سیان به‌فه‌رمی سكاڵایان تۆمارنه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ به‌به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یه‌نراو نابێت به‌ڵكو به‌ ڕێگای فه‌رمی یاسایی ده‌بێت."

كاروان ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد وه‌ك سنوری پارێزگای سلێمانی سه‌ندیكا توانیوێتی كاربكات له‌ هه‌ندێك جۆری كه‌یسی ڕۆژنامه‌نوسان كه‌ ئه‌و به‌ كه‌یسی ورد ناوی بردن و وتی" پێشێلكاری ڕۆژانه‌ وه‌ك لێدان، هه‌ڕه‌شه‌، ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌له‌كان له‌ماوه‌ی(٢٤) كاتژمێر ده‌توانین كه‌لوپه‌له‌كانیان بۆ وه‌ربگرینه‌وه‌، یا سكاڵا له‌سه‌ر تۆماركردنی ڕۆژنامه‌نوسان كه‌زۆرجار ڕۆژنامه‌نسه‌كه‌ ده‌یباته‌وه‌ یا ئه‌گه‌ر دۆڕانیش ده‌بێت غه‌رامه‌ بدات و ده‌زگای ڕاگه‌یاندكه‌ی ده‌بێت غه‌رامه‌كه‌ی بۆ بدات، ئه‌مانه‌ كه‌یسه‌ ورده‌كانن ئێمه‌ ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر خه‌تین له‌گه‌ڵ دادگا و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان."

به‌ڵام سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه‌ له‌كه‌یسی تیرۆری ڕۆژنامه‌وانان سه‌ندیكا بێ ده‌سه‌ڵاته‌ و ڕایگه‌یاند" به‌ڵام كه‌یسه‌ گه‌وره‌كان ئه‌و پێنج كه‌یسه‌ی ڕۆژنامه‌نوسه‌ی تیرۆركراون( سۆران مامه‌ حه‌مه‌، سه‌رده‌شت عوسمان، عه‌بدولستار تاهیر، كاوه‌ گه‌رمیانی، وه‌داد حسێن) كه‌من به‌مانه‌ ناڵێم تیرۆری ڕۆژنامه‌وانان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ كه‌یسی تیرۆری سیاسیه‌ ،لایه‌نێكی سیاسیه‌ دێت ئه‌مرێك ده‌رده‌كات ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ تیرۆربكرێت ،تیرۆری ده‌كه‌ن به‌ "كاوه‌ گه‌رمیانی و عه‌بدولستار"یشه‌وه‌، هه‌موو ئه‌م كه‌یسه‌ تیرۆره‌ سیاسیانه‌ ماونه‌ته‌وه‌ له‌ناو چه‌كمه‌جه‌كان داخراون كه‌س نازانێت چۆنه‌؟ له‌پشتیه‌وه‌ كێ هه‌یه‌ بۆ نادۆزرێته‌وه‌ ؟ ئه‌مانه‌ به‌ده‌ر له‌ ویست و ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌یه‌، خه‌ڵكی كوردستانیش ده‌زانن چه‌ند جار گله‌یمان كردووه‌ و ناڕه‌زایمان ده‌ربڕیوه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كاروان ئه‌نوه‌ر