پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم پەسەند دەکات

پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە یاسایەک دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی هەڵپەسارد، بەمەش لە هەڵبژاردنەکانی بڕیارە لە مانگی نۆی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێن، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نابێت.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە دەنگی 39 بەرامبەر 15 پەرلەمانتار یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی پەسەندکرد.

یاساکە لە شەش ماددە پـێکهاتووە و لە ماددەی یەکەمدا دەڵێت" هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت."

لە ماددەی دوو نووسراوە"کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ژمارە دووی ساڵی 2018 بەردەوام دەبێت."

ماددەی سێش دەڵێت "پێویستە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ماوەی دوو وەرزی گرێدانی ساڵی یەکەمیدا، لە ژێر ڕۆشنایی پێوەرە گشتییە دەستوریەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بدات."

لەبارەی ئەوەی کەوا بۆچی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵپەسێردرا ، فرسەت سوفی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت:

"نەتوانرا هەڵبژاردنەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت کە لە یەک کاتبوو، بۆیە تا بکرێت جۆرێک لە تەوافوق و سازانی لەسەر بکرێت لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی دەسەڵاتەکانی، لەناو پەرلەمان بە تەوافوق رێککەوتن تا لە خۆلی پێنجەمی پەرلەمان ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە."

لە بارەی ئەوەی بۆچی ناتوانرێت هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت، گوتی لایەنە سیاسیەکان کۆکنەبوون لەسەر ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە، ئێمە وەکۆ پارتی ئێستاش موتەفیقین کە ئەم هەڵبژاردنە لە کاتی خۆی ئەنجام بدرایە و ئێمە کاندیدمان هەبوو و ئێمە لەگەڵین کە سەرۆک لەناو خەڵک هەڵبژێردرێت بەڵام لایەنەکانی تر ئەو ئامادەبوونەیان نەبوو ئێمەش لەپێناوی دەستەبەرکردنی تەوافوق و دروستکردنی سەقامگیری لە کوردستان ئەم تەوافوقەمان پێشاندا و ڕازی بووین لەسەر ئەمە."

بەهزاد دەروێش سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لەبارەی هەڵویستی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو لەسەر بڕیاری هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت هەڵوێستی ئەوان ئاشکرابوو ئەوان لەگەڵ ئەوەبوون کە ئەو دامەزراوەیە هەڵبوەشێتەوە و ئەو پڕۆژە یاسایەی کە باسی هەڵپەساردنی دامەزراوەکە دەکات ئەوان دەنگیان بۆ نەدا و دژیشی وەستاونەتەوە، چونکە بڕوایان وایە لە دوو خۆلی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان کە زیاتر لە هەشت ساڵە کێشەی بۆ ئەو دوو خولە دروستکردووە و ئەو پۆستە بووەتە ئەگەری ئەوەی کە کێشەکان قوڵتر بوونەوە هەرچەندە پێشتر ئەوان داوایان کردوە کە پۆستێکی نشتیمانی گرنگە بەڵام بەداخەوە بە شێوەیەکی تردا ڕویشتووە ئەو بابەت و پۆستە ، هەرێمی کوردستان بەردەوام لە قەیرانی سیاسی و دارایی و ئابوریدا بووە و لێکترازانی سیاسی دروست بووە .

ئەم پڕۆژە یاسایە لە لایەن فڕاکسیۆنی پارتی و گۆڕان پێشکەشکراوە کە دەڵێن هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت

بەپێی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2017 کە سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاندووە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە 30 مانگی نۆ بەڕێوەدەچێت بەپێی ئەو یاسایە کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی دابەشکردووە تا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کە یاساکە دەڵێت دەبێت هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هی پەرلەمان ئەنجام بدرێت بەڵام ئەم دەسەڵاتە هی سەرۆکی حکومەتن کە دیاری نەکردووە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئەحمەد زێباری