كاكه‌مین نه‌جاڕ: مه‌رجمان له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێكی كوردی نیه‌ بۆ هاوپه‌یمانی، ڕازیش نین كه‌س مه‌رجمان بۆ دانێ

كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

كاكه‌مین نه‌جاڕ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت" داوامان له‌لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كرد كه‌ بێن پێكه‌وه‌ دابنیشین تاپڕۆژه‌یه‌ك ئاماده‌بكه‌ین و بچینه‌ به‌غداد به‌ڵام تا ئێستا نه‌هاتوون، هیچ مه‌رجێكمان له‌سه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نیه‌ بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌به‌غداد به‌ڵام مه‌رجیش له‌هیچ لایه‌نێك قبوڵ ناكه‌ین چونكه‌ وه‌ك پارتی خۆمان به‌بێ عه‌یب ده‌بینین ئه‌گه‌ر خۆمان بگۆڕین مه‌گه‌ر خۆمان عه‌یبدار بكه‌ین! بۆ ئێمه‌ نایه‌نه‌ به‌غداد بۆ خۆیان دێن خه‌ڵك ده‌نگیان داونه‌تێ له‌به‌غداد كاریان بۆ بكه‌ن ئه‌وان به‌رپرسن له‌ده‌نگی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك ئیتر بۆ ناز له‌سه‌ر ئێمه‌ بكه‌ن به‌ شه‌رت و مه‌رج بێنه‌ به‌غداد؟! ده‌شڵێت" له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی عیراقی ڕێك بكه‌وین پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ڕێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین."

له‌باره‌ی مه‌رجی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بۆ به‌شدارییان له‌ حكومه‌تی داهاتووی عیراق،له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكادا له‌گه‌ڵ كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی" مه‌رجی كورد جێ به‌جێ كردنی ده‌ستور و مادده‌ی(١٤٠) ه‌ ، چونكه‌ ئێستا كه‌ركوك به‌هێزی چه‌ك و سه‌ربازی داگیركراوه‌ پێویسته‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌پێی ده‌ستور و مادده‌ی(١٤٠) چاره‌سه‌ربكرێت، هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی ڕاسته‌قینه‌، وه‌ ڕێكه‌وتنی لایه‌نه‌كان چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتن نه‌بێت ئه‌وا كورد كه‌مینه‌یه‌ دوایی هه‌ر یاسایه‌كیان بوێت له‌په‌رله‌مان به‌زۆرینه‌ تێی ده‌په‌ڕێنن ئه‌گه‌ر دژی كوردیش بێت، وه‌ ده‌بێت هاوسه‌نگی له‌ پۆست و داموده‌زگا حكومیه‌كان و سوپای عیراقی هه‌بێت دواتر ئنجا باسی پۆسته‌كان بكه‌ین چونكه‌ مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ پاراستنی مافه‌سه‌ره‌كیه‌كانی گه‌له‌كه‌مانه‌."

نه‌جار ڕه‌تیكرده‌وه‌ لایه‌نه‌كوردییه‌كان باسی ئه‌و پۆستانه‌یان كردبێت كه‌ حكومه‌تی داهاتووی عیراق ده‌یانه‌وێت و وتی" جارێ باسی ئه‌و شتانه‌مان كردووه‌ كه‌ باسم كرد پێشتر، باسی پۆسته‌كانیش ده‌كه‌ین به‌ڵام ئه‌وله‌ویه‌ت ئه‌وه‌یه‌."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد، كورده‌كان پڕۆژه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌م لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌نیازین بیخه‌ینه‌ به‌رده‌ست لایه‌نه‌كان هیچ به‌ربه‌ستێكمان نیه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌هه‌ر دانوستانێك ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاماده‌بن چونكه‌ وه‌فدی كوردی تا پشتیوانی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزتر ده‌بێت."

له‌باره‌ی ڕه‌خنه‌ی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و داواكاریین، كاكه‌مین نه‌جار وتی: وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌یاننامه‌یه‌كمان ده‌ركرد وتمان ئاماده‌ین بۆ هه‌ر رێ و شوێنێك كه ‌كۆمسیۆن بیگرێته‌ به‌ر له‌دوباره‌ ئه‌ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان هه‌تا دوباره‌كردنه‌وی هه‌ڵبژاردنیش به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ده‌ستی كۆمسیۆنه‌.

له‌باره‌ی مه‌رجی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانی و بوون به‌یه‌ك لیست له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كوردییه‌كان له‌به‌غداد؟ كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی" مه‌رجمان بۆ هیچ لایه‌نێكی كوردی بۆ هاوپه‌یمانی نیه‌ بۆ به‌غداد مه‌رجی كه‌سیش قبوڵ ناكه‌ین."

پێشتر محه‌مه‌د ڕه‌ئوف سه‌ركرده‌ی باڵا له‌حیزبی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری كوردستان، هه‌روه‌ها ڕابون مه‌عروف كاندیدی ده‌رچووی حیزبی نه‌وه‌ی نوێ له‌به‌غدادله‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كیاندا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایانگه‌یاندبوو" مه‌رجیان بۆ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌خۆیان بگۆڕن، به‌ڵام كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌وه‌ ده‌ڵێت" ئێمه‌ وه‌ك پارتی عه‌یبمان نیه‌ ، مه‌رجی گۆڕینمان بۆ دانێن ئه‌ی خۆمان بگۆڕین خۆمان چی لێ بكه‌ین؟ خۆمان به‌عه‌یب بكه‌ین؟! دوای ئه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بۆ ئێمه‌ نایه‌نه‌ به‌غداد، ئه‌وانیش بۆ خۆیان دێنه‌ به‌غداد نه‌ك بۆ ئێمه، دوای ئه‌وه‌‌ خه‌ڵك ده‌نگیان داونه‌تێ له‌به‌غداد كاریان بۆ بكه‌ن ئه‌وان به‌رپرسن له‌ده‌نگی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك ئیتر بۆ ناز له‌سه‌ر ئێمه‌ بكه‌ن به‌ شه‌رت و مه‌رج بێنه‌ به‌غداد؟ئێمه‌ نه‌ مه‌رج له‌سه‌ر كه‌س داده‌نێین نه‌ ڕازین به‌مه‌رجی كه‌س و مه‌رجی كه‌سیش قبوڵ ناكه‌ین!"

كاكه‌‌مین نه‌جار ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ داوامان له‌لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كرد كه‌ بێن گفتوگۆبكه‌ین پڕۆژه‌ ئاماده ‌بكه‌ین بۆ به‌غداد تا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ گفتوگۆ بكه‌ین له‌به‌غداد به‌ڵام تا ئێستا نه‌هاتوون، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌گفتوگۆ،په‌یوه‌ندی به‌رده‌واممان هه‌یه‌، ئێمه‌ برای یه‌كترین، هاوڕێی یه‌كترین، گفتوگۆ ده‌كه‌ین ژماره‌ تیلفۆنی یه‌كترمان لایه‌ خۆ ئه‌گه‌ر نه‌شیه‌ن ناتوانین به‌ تۆپزی بیانبه‌ین."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كام لایه‌نی عیراقی نزیكتره‌ له‌ دوو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌ كوردییه‌كه‌( پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) نه‌جار وتی" جارێ دور و نزیكی له‌ لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان دیار نیه‌ چونكه‌ تا ئێستا كوتله‌ پێكنه‌هاتووه‌ به‌ڵام ئێمه‌ پڕۆژه‌مان هه‌یه‌ هه‌ر لایه‌نێك له‌گه‌ڵی ڕێك بكه‌وین له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ڕێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتوێژه‌كه‌ی به‌ڕێز كاكه‌مین نه‌جار