به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌ولێر ده‌ڵێت" له‌شاری هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تی ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی چه‌ك و ئۆتۆمبێلی مامه‌ڵه پێكراوی ساخته و ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی فرمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌یه به‌رده‌وامه و تا ئێستا دیارنیه كه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته كۆتایی پێدێت، ده‌شڵێت: سه‌لیم شوشكه‌یی بێته هه‌ولێر ده‌ستگیری ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی فرمانی ده‌ستگیركردن بۆ سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ ده‌ڵێت: چه‌ندین یاداشتیان داوه‌ته په‌رله‌مان تا حه‌سانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵگرن به‌ڵام په‌رله‌مان وه‌ڵامیان ناده‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌ركات سیفه‌تی په‌رله‌مانتاری نه‌ما داوا ده‌كه‌ین سۆران عومه‌ر خۆی خۆی ڕاده‌ستی دادگا بكات چونكه ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیری ده‌كه‌ین."
له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ لیوای ماف په‌روه‌ر عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی شاری هه‌ولێر له‌باره‌ی به‌رده‌وامی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سەردا گرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت ناوبراو وتی" هه‌ڵمه‌تی ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و ئۆتۆمبێلی نایاسایی و ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی فرمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌یه له هه‌ولێر به‌رده‌وامه به‌ژماره لام نیه به‌ڵام ڕێژه‌یه‌كی زۆر چه‌كی بێ مۆڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، و ژماره‌یه‌كی زۆر ئۆتۆمبێلی بێ مۆڵه‌ت یا جام ڕه‌ش یاخود ژماره ساخته ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه كه‌تێكڕای ده‌كاته (١٢٠) ئۆتۆمبێل كه‌به‌شێك له‌وانه ژماره‌یان ساخته بوو یاخود له‌خوارووی عیراق و سوریاوه به‌نایاسایی هێنرابوونه كوردستان ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه هاوبه‌شه‌ی له ئاسایش و پۆلیس پێكهاتبوو بۆ ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كاری نایاسایی چه‌ندین كه‌س له‌وانه‌ی فه‌رمانی دستگیركردنیان هه‌بوو ده‌ستگیركران و ڕاده‌ستی دادگا كراون ئه‌وه‌شیان ژماره‌یانم لانیه، هه‌موو لایه‌ك ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ولێر ئارامی زۆر باشی به‌خۆوه بینیووه وه هه‌ڵمه‌ته‌كانیش به‌رده‌وامن."
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیریین كردوون له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ؟ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌ولێر وتی" هه‌موو جۆره خه‌ڵكێكی تێدایه ئه‌وانی دستگیركراون خه‌ڵكی ئاسایی كه‌مامه‌ڵه‌یان به‌چه‌كه‌وه كردووه یاخود چه‌كی بێ مۆڵه‌تیان هه‌بووه ته‌نانه‌ت قاچاغچی چه‌كیش."
له‌باره‌ی بازاڕه‌كانی چه‌ك؟ لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت وتی" بازاڕه‌كانی كڕین و فرۆشتنی چه‌ك داخراون ئه‌وه‌ی هه‌یه له ژێر كۆنترۆڵی ئاسایشدایه كه‌س ناتوانێت به ئاسانی مامه‌ڵه‌ی كڕینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌و بازاڕانه بكڕێت و بفرۆشێت."
هه‌روه‌ها وتیشی" ئه‌وانه‌ی كه ده‌ستیان هه‌بوو له كاره تیرۆریسته‌كه‌ی سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر و هه‌موویان ده‌ستگیركراون و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان لای ئاسایشه چونكه ئه‌وه كارێكی تیرۆریستی بوو."
پێشتر به‌رپرسانی ئه‌منی شاری هه‌ولێر بڵاویان كرده‌وه جگه له سه‌لیم شوشكه‌یی په‌رله‌مانتاری عیراق له كۆمه‌ڵی ئیسلامی، فرمانی ده‌ستگیركردن بۆ سۆران عومه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌مان حیزب فرمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووه.
لیوای ماف په‌روه‌ر عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌ولێر له وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕونیكرده‌وه" ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كه‌سێك له هه‌ولێر بێ سه‌روشوێنه خێزانی ئه‌و كه‌سه سۆران عومه‌ر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن ئه‌وه چه‌ندین یاداشتی ده‌ستگیركردن دراوه به‌په‌رله‌مان به‌ڵام به‌داخه‌وه په‌رله‌مان هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌داوینه‌ته‌وه."
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر سۆران عومه‌ربێته شاری هه‌ولێر به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ستگیری ده‌كه‌ین به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه كه‌ی سیفه‌تی په‌رله‌مانی نه‌ما ده‌بێت خۆی ڕاده‌ستی پۆلیس بكات ، ئێمه داوای لێده‌كه‌ین خۆی بێته دادگا ئه‌گه‌ر نه‌هات ناچار ده‌بین خۆمان ده‌ستگیری بكه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر خۆی ڕاده‌ستی پۆلیس نه‌كرد ئه‌وا هه‌ر كات سیفه‌تی په‌رله‌مانی نه‌ما ده‌ستگیری ده‌كه‌ین."
له‌باره‌ی (سه‌لیم شوشكه‌یی)وه ؟ لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت وتی" ئه‌گه‌ر سه‌لیم شوشكه‌یی له‌هه‌ولێر ببینین ده‌ستگیری ده‌كه‌ین به‌ڵام ئێستا نازانین له‌كوێیه به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانین كه له‌سنوری ئێمه نه‌ماوه."
Your browser doesn’t support HTML5