لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت" لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران قسهمان كردووه، بەڵام لەبەر ئەوەی وەڵامی ئەوان بەوشێوەیەیە بووە کە پارەی پێویست لەبەردەست نیە بۆیە ڕەنگە بە قیست ئەو پارەیە بدرێتە پەرلەمانتاران یا ڕێگە چارەی تر، هەروەها باسیش لە هۆکاری پەسەندنەکردنی پڕۆژە چاکسازییەکەی حکومەت دەکات کە خانەنشینی پلەتایبەتیەکانی جارێکی تر ڕێکخستبووەوە بەڕێژەی کەم و دەڵێت" پەرلەمانتاران و دەرەوەی پەرلەمانیش لهناو حیزبهكانهوه ئەوانەی زیانمەند دەبون لەم پڕۆژە یاسایە دژی وەستانەوە، چونکە تاکە "بەهانە"ی ئەو پەرلەمانتارانە یەک ماددەی خانەنشینی پلە تایبەتیەکان بوو کە گەڕاندیانەوە بۆ پەرلەمان و جگە لەخانەنشینی پەرلەمان و پلە تایبەتیەکان، بندیوارەکان و ئەوانەی زیاتر لەموچە و دوو موچە و سێ موچەیان هەبوو یا چەند ساڵە بەنایاسایی موچە وەردەگرن دژی وەستانەوە. بەپێی پڕۆژەکە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران کەمکرابوەوە بۆ لە25%کە ئێستا بە لە 80% ی موچەکانیان خانەنشین دەکرێن"
ئێستا لەهەرێمی کوردستان-عیراق بابەتی پێدانی موچەی شەش مانگی خانەنشینی ئیکرامی (49) ملیۆن و 200ههزار دیناری عیراق، بە پەرلەمانتارانی خولی چوارەم کە کارەکانیان تەواوبووە دەنگۆ و ناڕهزایی لە شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتیە کوردییەکان لێکردۆتەوە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەن-یش خۆپیشآندان دژی پێدانی ئەو موچەیەن."
بێگەرد تاڵەبانی سکرتێری پەرلەمان لەخولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لهسهر فراكسیۆنی یهكێتی نیشتمانی كوردستان، لەسەرەتای وتووێژەکەدا وتی" پەرلەمانتارانیش وەک هەر فەرمانبەرێک لە عیراق و هەرێمی کوردستان لەکاتی خانەنشینیدا موچەی شەش مانگی بەسەریەکەوە پێدەدرێت ئەمەش بۆ ئەوەی کاروبارەکانی خۆی ڕابپەڕێنێت، وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ پەرلەمانتارێک ئەو بڕە پارەیەی وەرنەگرتووە."
تاڵەبانی ڕونیشیکردەوە" وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان پێویستە نوسراوی فەرمی بکەین بۆ پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی خانەنشین بکرێن، چونکە ئەوە مافی یاسایی خۆیانە، وە قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی کردووە لەبەر ئەوەی پارەی پێویستیان لەبەردەست نیە بۆیە ڕەنگە بە (قیست) ئەو پارەیەیان پێبدرێت، یاخود چارەسەرێکی تری بۆ بدۆزرێتەوە."
پێشتر لە وتووێژێکی ژیار محەمەد لەگەڵ سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێم پڕۆژەیەکی چاکسازی پێشکەش بە پەرلەمان کرد کە تێێدا هەموو خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەتایبەتیەکانی ڕێکخستبوو بەڵام بەداخەوە پەرلەمان پڕۆژەکەی پەسەند نەکرد ڕێگریەکەش ڕەنگە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و تاک تاکەش لەدوو هێزە سەرەکیەکە هەبوبێتن کەهەڵوێستی تریان نواندبێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە پەسەندبکرایە مانگانە( 100)ملیۆن دۆلار دەگەڕایەوە بۆ حکومەت."
لای خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی هۆکاری پەسەندنەکردن و گەڕانەوەی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان وتی" لەڕاستیدا پڕۆژەکە پەسەندکرا بەڵام لەناو پڕۆژەکەدا کە(24)ماددە بوو، تەنها یەک ماددەی باسی خانەنشینی پەرلەمانتارانی دەکرد کرایە بەهانە تا پڕۆژەکە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان دژایەتیەکی زۆری پڕۆژەکە کرا چ لەناو پەرلەمان لەناو فڕاکسیۆنە جیاوازییەکان وە لەدەرەوەی پەرلەمانیش و ناو حیزبەکان و کادیرانیان ، بەپێی پڕۆژەکە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران کەمکرابوەوە بۆ لە25%کە ئێستا بە لە 80% ی موچەکانیان خانەنشین دەکرێن، بۆیە خودی پەرلەمانتاران و بەشێک لە فەرمانبەرانی ناوپەرلەمانیش دژی پڕۆژەکە وەستانەوە ئەوانەی زیانمەند دەبوون، من ئومێد دەکەم لە خولی پێنجەم دوبارە کاری لەسەر بکرێتەوە و پەسەندبکرێت."
هەروەها سکرتێری خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان زیاتر وتی" ئەوکاتەی پڕۆژەکە گەڕێنرایەوە ناو پەرلەمان ئەو خاڵەی خانەنشینی کرایە پاساو ئەگەرنا هەموو بندیوارەکان و ئەوانەی دوو موچە و سێ موچەیان هەبوو، یا چەند ساڵە بە نایاسایی موچە وەردەگرن دژی پڕۆژەکە وەستانەوە بەداخەوە هەندێک لەپەرلەمانتارانیش کەوتنە موزایەدەی سیاسی."
تاڵەبانی نیگەرانی دەربڕی کە بابەتی موچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران لە ناو خەڵک "زیاد لەسنور گەورە کراوە" لەو ڕوەوە وتی" بەداخەوە بابەتی موچە و "ئیمتیازاتی" پەرلەمان زیاد لەسنور گەورە کراوە، ئومێد دەکەم ئەو پەرلەمانتارانەی خولی پێنجەم کە هێشتا نەهاتونەتە پەرلەمان و نازانن موچە و ئیمتیازاتی پەرلەمان چۆنە کەخۆیان هاتن بەچاوی خۆیان ڕاستیەکانیان بینی بۆ خەڵکی باس بکەن."
وتیشی" لە دوو ساڵی ڕابردوودا موچەی هەر پەرلەمانتارێک لە (ملیۆنێک و شەسەد هەزار تا دوو ملیۆن" بووە لەکاتێکدا ڕەنگە بەرپرسی باڵای سەربازی هەبێت موچەی زیاتر بێت لەموچەی هەر پەرلەمانتارێک."
ڕاشیگەیاند" ڕاستە ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵی سەرەکی لەم گەورەکردنەی بابەتەکان هەبووە بەڵام لەناو فراکسیۆنەکانیش کەلەناو حکومەت بوون واتە هەموو فراکسیۆنەکان خەڵک هەیە کە ئەم موزایەدانە بکات هیوادارم خولی پێنجەمی پەرلەمان دوربێت لەهەر موزایەدەیەک و پەرلەمانتاران کار بۆ پاراستنی هەیبەتی پەرلەمان بکەن نەک بەم موزایەدانە تێکی بدەن."
لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێک لەپەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکان بانگەوازی ئهوە دەکەن ئەو پارەیە وەردەگرن و دەیدەنە نەخۆشخانەی هیوا یاخود منداڵانی بێ سەرپەرشتیار.
بێگەرد تاڵەبانی ڕەخنە لەم هەڵويستەی پەرلەمانتاران دەگرێت و دەڵێت" من ڕێزم بۆ ئەو پەرلەمانتارانە هەیە بەڵام حەقە ئەو ڕۆژەی کە پارەکە دەداتە نەخۆشخانەی هیوا یا منداڵانی بێ دایک و باوک ڕاگەیاندنەکان لەگەڵ خۆی ببات لەبەرچاوی ڕاگەیاندنەکان لەنەخۆشخانەی هیوا یا ڕێکخراوی منداڵانی نازدار" بێ دایک و باوک و بێ سەرپەرشتیار" بڵێ ئەوە بڕی ئەوەندە پارەم بەخشی یا هەموو پارەکە دەبەخشم ئەگەر نا لەدەرەوەی ئەوە حەق نیە ئەو موزایەدەتانە بەسەر هاوڕێکانیدا بکات."
بێگەرد تاڵەبانی جەختی لەوەشکردەوە" هیچ پەرلەمانتار و فراکسیۆنێک بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی نەوتووە ئەو موچە خانەنشینیەی ناوێ، پەرلەمانتارانیش مافی خۆیانە وەک هەر فەرمانبەرێکی تری دەوڵەت موچەی خۆی وەربگرێت."
سەفین دزەیی لەوتەکانیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ئەوەشی وتبوو" " بەپێی بودجەی تەرخانکراو بۆ پەرلەمان وە لەوەزارەتی دارایش ڕەنگە ئەو پارەیە ئێستا وەک "سیویلە" لەبەردەست نەبێت، بۆیە وەزارەتی دارایی و لیژنەی تایبەت لەوەزارەتی دارایی لەگەڵ پەرلەمان لە پەیوەندیدان، بۆ ئەوەی میکانیزمێک" ئالیەتێک" بدۆزنەوە کە بەچ شێوەیەک بێت، هیوادارم سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارە بەڕێزەکان خۆیان دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەریەکی گونجاو بۆ ئەو بابەتە."
لەبارەی ڕێگە چارەی پهرلەمان ئهگەر حکومەت نهیتوانی خانهنشینه ئیكرامیهكه بهسهریهكهوه بدات ؟ بێگەرد تاڵەبانی وتی" تا ئێستا نە هیچ پەرلەمانتار نە فراکسیۆنێک قسەیەک یا هەڵويستێکی نەشیاوی لەسەر هۆکاری وەرنەگرتنی موچەی خانەنشینی وەرنەگرتووە، بۆیە ئهمە حاڵەتێکە پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەپێی بارودۆخی هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەکهن."
سەبارەت بە ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی نوێی پەرلەمان ؟ بێگەرد تاڵەبانی وتی" هیچ پەرلەمانتارێکی خولی چوار و پەرلەمانتارانی ئەم خولەش پێشەکی پارەیان نادرێتێ وە ئۆتۆمبیلیشیان نەدراوەتێ و نایاندرێتێ، بەڵام پەرلەمان هەندێک خانو و شوقەی هەیە موڵکی پەرلەمانە، دەدرێتە پەرلەمانتار چونکە زۆرینەیان لەدەرەوەی هەولێرەوە دێن، تا خولی پەرلەمان تەواو دەبێت دواتر دهیگێڕنهوه."
Your browser doesn’t support HTML5