عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف: هیچ گرەنتیەك نییە ئەگەر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بەشداری حكومەتی هەرێمی كرد ئەمجارەش وەزیرەكانی دەرنەكرێنەوە

عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان- فۆتۆ\ژیار محمدVOA

لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت" بۆ بەشداری کردن لە حکومەت گۆڕان پێویستی بە سێ گفتوگۆ هەیە، بەڵام ئێستا زووە ئێـمە قسە لەسەر ئەوە بکەین کە بڕیارمان داوە لەسەر بەشداری کردن لەحکومەت یاخود بڕیارمان نەداوە، کۆی ئەم گفتوگۆیانە ئەگەر ئەنجامی هەبوو دەچێتە جڤاتی نیشتمانی و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت بەڵام ئەمجارە بە پێ خاوسی ناکەوینە ناو حکومەتەوە ، دەشڵێت" هەتا ئەم ساتەی من قسەی تێدا دەکەم پارتی-ش و یەکێتی-ش هیچ نەگۆڕاوە لە عەقڵیەتی بیرکردنەوەیان، ئەو ئاماژانەی کە لەگەڵ ئێـمە و خەڵکیش مامەڵەی پێدەکەن هەمووی ئاماژەی نەگۆڕینی ئەوانە بۆیە هیچ گرەنتیەک نیە بۆ ئەوەی ئەمجارەش وەزیرەکانی گۆڕان لەحکومەت دەرنەکرێن، ئەوەش نیە بە بەڵێنی هیچ کەس و لایەک هەڵخەڵەتێین بەڵام ئەمە ململانێی سیاسیە و له‌ململانێی سیاسی گره‌نتی نیه‌، هەموومان لەکەشتیەکداین لەو ململانێیەش بەردەوام دەبین."

عەبدولڕەزاق شەریف لەسەرەتای گفتوگۆکەدا لەبارەی بڕیاری بەشداری کردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەحکومەتی هەرێم یاخود بەشدارینەکردنی، کە پێشتر ڕایگەیاند دوای یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان بڕیار دەدات، ڕونیکردەوە" سەبارەت بەبەشداری کردن لەحکومەت بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بە سێ دیالۆگ" گفتوگۆ هەیە" یەکەم گفتوگۆ لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیە دۆستەکانمان ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ برادەرانی کۆمەڵی ئیسلامی کردووە هەندێک دانیشتن و گفتوگۆی دیکە ماوە لەگەڵ حیزبە دۆستەکانی ترمان، دووەم گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو تیمە دەبێت کە ڕادەسپێرێن بۆ پێکهێنانی حکومەت بێگومان ئەو تیمەش لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت کە ئەوان زۆرترین کورسی پەرلەمانیان هێناوە سەرۆک وەزیران لەوان دەبێت بەڵام هێشتا ئەو تیمە سەردانی نەکردوین و گفتوگۆکانیان دەست پێنەکردووە، سێیەم گفتوگۆ کە بەدوای گفتوگۆی دووەمدا دێت بریتیە لەگفتوگۆی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو گفتوگۆیانەش دەبرێنە جڤاتی نیشتمانی و جارێکی تر گفوگۆیان لەسەر دەکرێتەوە و دواجار بڕیاری لەسەر دەدرێت لەبەر ئەوە ئێستا زووە ئێـمە قسە لەسەر ئەوە بکەین کە بڕیارمان داوە لەسەر بەشداری کردن لەحکومەت یاخود بڕیارمان نەداوە، کۆی ئەم گفتوگۆیانە ئەگەر ئەنجامی هەبوو دەچێتە جڤاتی نیشتمانی و لەوێ تاوتوێ دەکرێن و بڕیاری لەسەر دەدرێت."

لەبارەی ئەوەی کەناڕەزایی بەشێک لە خەڵکی گۆڕان دەبینرێت بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەبارەی بەشداری گۆڕان لە حکومەت، ئایا پێویست بە گفتوگۆی ناوخۆیی دەکات؟

عەبدولڕەزاق شەریف وتی" ڕەنگە ناڕەزایی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئێمە زۆر پێوەر نەبێت بۆ بڕیاردان لە جڤاتی نیشتمانی، بەڵام نەک هەر لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو دەنگە ناڕازییە هەیە بەڵکو لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش و جڤاتی نیشتمانیش ئەو بۆچونە هەیە کە گۆڕان بەشداری حکومەت نەکات بەڵام دواجار وەک وتم هەموو گفوگۆ و بۆچونەکان جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لەسەردەدات بۆ بەشداری کردن لەحکومەت یاخود نا؟

وتیشی" بابەتەکە دوو دڵی گۆڕان نیە لەبەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردن لەحکومەت، بەڵکو ئەوەی لای ئێمە گرنگە بەرنامەی حکەمەتەکەیە کە چ گۆڕانکاریەک لەڕووی ئابوری و سیاسی دەکات."

چی لەپارتی و یەکێتی گۆڕاوە گۆڕان وا دەیەوێت لەگەڵیان بەشداری حکومەت بکات کە زۆرترین ڕەخنەی لەو دوحیزبە گرتووە لەڕابردوو؟

عەبدولڕەزاق شەریف وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌م جۆره‌ دایه‌وه‌ و وتی" هەتا ئەم ساتەی من قسەی تێدا دەکەم پارتی-ش و یەکێتی-ش هیچ نەگۆڕاوە لە عەقڵیەتی بیرکردنەوەیان، ئەو ئاماژانەی کە لەگەڵ ئێـمە و خەڵکیش مامەڵەی پێدەکەن هەمووی ئاماژەی نەگۆڕینی ئەوانە، بەڵام خۆ ناکرێت تا هەتا هەتایە ئەم کوردستانە لەژێر دەسەڵاتی دوو حیزب بێت، دوای ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی ڕوبەڕووی کوردستان کرایەوە، ته‌سلیم بونیان به‌به‌غداد، ئومێدمان وایە خەڵکە باشەکانی ناو پارتی و یەکێتی بیر بکەنەوە و ئیتر ئێـمەش پێیان بڵێین تا ئێرە و بەس، تا هەمومان بتوانین لەو کەشتیەی تێیداین لەکەنارێکی ئارامی لەنگەر پێبگرین، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لەسەر ئەم عەقڵیەتە بن ئەوا نازانین ئەو گێژاوە بەرەو کوێمان دەبات."

دەربارەی ئەوەی گرەنتی هەیە کە ئەمجارەش وەزیرەکانیان لەحکومەت دەرنەکرێت ئەگەر بەشداری حکومەتیان کرد وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن؟

عەبدولڕەزاق شەریف ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وی گۆڕان له‌ درێژه‌ی وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" لە سیاسەتدا هیچ گرەنتیەک نیە، هیچ بەڵێنێک نیە، بەڵام لەبواری کرداری دەردەکەوێت چەندە ئەو بەڵێنانە جێ بەجێ دەکەن، ئێمە تا ئێستا بڕیاری بەشداری کردنمان نەداوە لە حکومەت، ئەگەر بەرنامەی سیاسی و فەرهەنگی و کلتوری و ئابوری حکومەتمان بەدڵ بوو ئەوکات بەشداری دەکەین، ئێمەش ئەمجارە بە پێ خاوسی ناکەوینە ناو حکومەتەوە، هەرچەندە پێشتریش بە بەڵێنی سەرکردەکان چوینە ناو حکومەت بەڵام بەداخەوە ئەو بەڵێنانەیان جێ بەجێ نەکرد ئەو بەڵێنانەش هەمووی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بوو."

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان نەیشاردەوە کەهیچ گرەنتیەک نیە ئەمجارەش وەزیرەکانی گۆڕان لەحکومەت دەرنەکرێنەوە لەو ڕوەوە وتی" هیچ گرەنتیەک نیە ئەوەش نیە بە بەڵێنی هیچ کەس و لایەک هەڵخەڵەتێین بەڵام ئەمە ململانێی سیاسیە، وەک وتم هەموومان لەکەشتیەکداین لەو ململانێیەش بەردەوام دەبین."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریفNov 8th/018