حاجی كاروان: لیژنه‌ی فه‌توا پێیان وتم 49 ملیۆنه‌كه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران حه‌ڵاڵه‌، ئه‌گه‌ر حه‌رام بوایه‌ ئێمه‌ فتوامان ده‌رده‌كرد بۆی

حاجی كاروان -ئه‌ندامی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق

حاجی کاروان پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت" ئەو 49 ملیۆنەی خانەنشینی ئیکرامی پەرلەمانتاران وەریدەگرن حەڵاڵە چونکە بەڕێگەی مەشروع وەریدەگرن و بەیاسا بۆیان دیاریکراوە، دەشڵێت" " من خۆم قسەم لەگەڵ لیژنەی فەتواکرد هەمان پرسیاری ئێوەم لێکرد لەسەر 49 ملیۆنی خانەنشینەکە پێم وتن" کاکە بۆ فەتوایەک دەرناکەن" وتیان لەبەر ئەوەی حەڵاڵە ئەو پارەیە بۆیە فەتوا دەرناکەین ئەوە وەڵامی ئەوان بوو، هەروەها دەڵێت" خۆم لەناو لیژنەی په‌رله‌مان وتم با موچەی پەرلەمانتار کەمبکرێتەوە بکرێتە لە 50% بەڵام لیژنە پەرلەمانیەکە پێم پێکەنین و د.عیزەت سابیری تێدا بوو وتیان " کاکە تۆ دەتەوێت ڕزقمان ببڕی"، بەبڕوای حاجی کاروان ئەو کەسانەی چونە بەردەم پەرلەمانی هەرێم بۆ خۆپیشاندان دژی وەرگرتنی خانەنشینی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، دەستی پارتی و یەکێتیان لەپشت بووە، دەشڵێت" من ناحەقی خەڵک ناگرم قسە بە پلە باڵاکان دەڵێت لەسەر موچەکانیان ، بەڵام بۆ بەتەنها ئەم قسانە بۆ پەرلەمانتاران بێت؟!"پارتی و یەکێتی بەبەرنامە بە گەورەکردنی ئەم موچەی خانشینیە ئەو لە 20%ی شکۆی پەرلەمانەی هەبوو نەیانهیشت خەڵک ئێستا بە پەرلەمان دەڵێت، پارە خۆر و دز، لەکاتێکدا ئەوە پارەخواردن نیە چونکە بەیاسا ڕێکخراوە، بۆیە خۆزگە سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاری دەربکردایە کە ئەو پارەیە هەر وەرنەگیرایە، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، دووجار بەفەرمی هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە وتویانە ئەگەر بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەوا خوێن ڕشتنت لەسەر خۆت."

پێشتر لەمیانەی وتوێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی ڕه‌خنەی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە هێشتا پارەکەی خانەنشینەکەیان وەرنەگرتووە دەڵێن دەیبەخشین لەو ڕوەوە ڕایگەیاندبوو" من ڕێزم بۆ ئەو پەرلەمانتارانە هەیە بەڵام حەقە ئەو ڕۆژەی کە پارەکە دەداتە نەخۆشخانەی هیوا یا منداڵانی بێ دایک و باوک ڕاگەیاندنەکان لەگەڵ خۆی ببات لەبەرچاوی ڕاگەیاندنەکان لەنەخۆشخانەی هیوا یا ڕێکخراوی منداڵانی نازدار" بێ دایک و باوک و بێ سەرپەرشتیار" بڵێ ئەوە بڕی ئەوەندە پارەم بەخشی یا هەموو پارەکە دەبەخشم ئەگەر نا لەدەرەوەی ئەوە حەق نیە ئەو موزایەدەتانە بەسەر هاوڕێکانیدا بکات."

حاجی کاروان کە یەکێک بوو لەوانەی ڕایگەیاند: موچەی خانەنشینیەکەی دەداتە منداڵانی بێ باوک وەڵامی سکرتێری پەرلەمانی هەرێمی دایەوە لەخولی چوارەمدا لەو ڕوەوە وتی" بێگەرد خان مافی خۆیەتی ئەو قسەیە بکات، چونکە لەڕوانگەی حیزبەکەی خۆیەوە ئەو قسانە دەکات کە حیزبەکەی غەرق بووە لەدزی و گەندەڵی هیچی ئەم میللەتە نەما نەیدزن، بۆیە مافی خۆیەتی ئەو قسانە بکات، وە ئێمە ئەمە یەکەمجار نیە ئێمە لەناو منداڵانی بێ باوک بین پێشتریش مانگانە نیوەی موچەکانمان بۆ ئەوان بووە، وە پێویستمان بەوە نیە شتەکانمان پیشانی بێگەرد بدەین لەبەر ئه‌وەی ئەمە شتێکە لەنێوان خۆمان و خوادا، وە ئەوکاتەی وەرمانگرت لەبەردەم خەڵك دەیکەین تا خەڵکی تری خيرخواز هان بدەین ،

حاجی کاروان وتیشی" بەحەڵاڵیشی دەبینین ئەو پارەیە چونکە بە "مەشروع" وەردەگیرێت ئەو پارەیە بەپێی یاسا،لەهەموو عیراقدا، بەڵام لەم بارودۆخەی میلەتەکەمی تێدا دەژی من پێم باشبوو بەشەکەی خۆم بدەم بە منداڵانی بێ باوک وە ئەشیدەم ئه‌مە بە ئازایەتی نابینین."

هەروەها وتی" ئەو پارەیە پارەی شەش مانگ کاری" وەزیفی" خۆمانە، ئەگەر وەریشینەگرین لەگەندەڵی و لەملاولا خەرج ده‌کرێت، ئێـمە وەریبگرین بەدەستێکی ئەمینی خۆمان دەیدەینە ئەو کەسانەی کە نە پارتی و یەکێتی نە حکومەتی هەرێمیش دەستیان پێناگات، ئەگەر سیقەمان بە حکومەتی هەرێم هەبوایە دەبوو ئەو گەندەڵیانە چارەسەر بونایە، دەبوو پارەی قەرزی موچەی پاشەکەوتی میللەت بداته‌وه‌، ئیتر چۆن دەتوانێت پارەی ئێمە بگەڕێنێتەوە بیدات بەخەڵك."

بێگەرد تاڵەبانی لەوتوێژەکەی دەنگی ئەمریکا ئەوەشی وتبوو" لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسەیان کردووە بۆیە ڕەنگە پارەکە بەقیست بدەن چونکە پارەی پێویست لەبەردەست نیە."

لەبارەی هەڵوێستی ئەوان وەک پەرلەمانتار ئەگەر پارەکە بە "قیست" درایە پەرلەمان؟

حاجی کاروان وتی" من دەڵێم خۆزگە هەر نەدرایە، ئەگەر نەدرایە زۆر باشتربوو، سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیارێک دەربکات ئەو پارەیە وەرنەگیرێت، چونكه‌ حكومه‌ت ناتوانێت بڵێت ناتوانم بیده‌م ئه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌ بڕیر ده‌ربكات بڵێت وه‌رناگیرێت، ئەم دوو حیزبە بەم بابەتی خانەنشینی پەرلەمانتارە وایان کرد ئەو لە 20%ی شکۆی پەرلەمان مابوو ئەوەش نەمێنێت، چونکە لەلای خەڵک وایان کرد کە پەرلەمان بە پارەخواردن و دزی دنیایەک جنێو و قسە تۆمەتبار بکەن، تا دزی و گەندەڵی و بندیوارەکانی خۆیان بشارنەوە، لەکاتێکدا ئەمە پارە خواردن نیە چونکە بە یاسا ڕيکخراوە و ڕێگەی پێدراوە بەڵام بوترێت زۆرە بڕەکەی یا کاتەکەی گونجاو نیە ئه‌وە ڕاستە، ئەو دوو حیزبە بەمەبەست ئەم بابەتە گەورەدەکەن خەڵکیان هێنایە بەردەم پەرلەمان لەکاتێکدا "ئێمتیازات"ی وەزیرەکان زیاترە ئيی بۆ نەچونە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران کە سەرۆکی حکومەت لەپارتیە و جێگرەکەی لەیەکێتیە."

حاجی کاروان جەختیشیکردەوە" ئەو پارەی خانەنشینی پەرلەمانتارانە، حەڵاڵە چونکە ئەگەر حەرام بوایە لیژنەی "فەتوا" هەیە لەکوردستان حەرامی دەکرد، دوای ئەوە وەک وتم بابەتەکە بەیاسا ڕێکخراوە."

وتیشی" من خۆم قسەم لەگەڵ لیژنەی فەتواکرد هەمان پرسیاری ئێوەم لێکرد لەسەر 49 ملیۆنی خانەنشینەکە پێم وتن" کاکە بۆ فەتوایەک دەرناکەن" وتیان لەبەر ئەوەی حەڵاڵە ئەو پارەیە بۆیە فەتوا دەرناکەین ئه‌وە وەڵامی ئەوان بوو."

پێشتر هەریەکە لە سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بێگەرد تاڵەبانی سکرتێری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەخولی چوارەم لەمیانەی وتووێژەکانیاندا لەگەڵ ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو" هۆکاری پەسەند نەکردن و گەڕانەوەی پڕۆژە چاکسازییەکەی حکومەت پەرلەمانتاران بەتایبەت پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بوون."

بەڵام حاجی کاروان ڕه‌تیکردەوە و وتی" ئەو قسەیەی وتەبێژی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان زۆر دورە لەڕاستیەوە، چونکە لەڕووی یاساییەوە هێنانەوەی پڕۆژە یاسا ئەرکی سەرۆکایەتی پەرلەمانە کە لەپارتی و یەکێتی پێکهاتووە، لەگەل ئەوەی ئێـمە(4-3) جار داوای گەڕانەوەیمان کرد، بەڵام دیاربوو کێ ڕێگربوو پارتی و یەکێتی(200) هەزار بندیواریان هەبوو ئەگەر پڕۆژەکە پەسەندبکرایە لەزیانی ئەوان بوو چونکە لەهەڵبژاردن دەنگیان کەمی دەکرد ئەو بندیوارانەیان موچەیان دەبڕا."

بەبڕوای حاجی کاروان خەرجکردنی پارەی خانەنشینیان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە زیاتر هەستکردنی ویژدانی پەرلەمانتارە بە ئازاری خەڵک، وتیشی" ناتوانین پەرلەمانتاری تر ناچار بکەین بڵێین دەبێت پارەکە وەرنەگری یا بیبەخشیت چونکە خۆم پەرلەمانتار دەناسم کرێچیە، قەرزارە، ئۆتۆمبێلی نیە، ماڵ و منداڵیشی هەیە ئاخر چۆن دەتوانرێت ئەوە ناچآر بکرێت، بەڵام بڵێ ناعه‌دالەتی تێدایە بەڵێ ئەو موچە زۆرە ناعه‌دالەتی تێدایە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر شتێک ناعه‌دالەتی تێدا بێت ئایا لەڕوی شەریعەتی ئیسلامیەوە حەرام نابێت؟

حاجی کاروان وتی" نا، بەڵام ئەو کەسەی کە دایناوە کە پارتی و یەکێتین گوناهبارن، من خۆم چەند جار داوام کرد کەمبکرێتەوە هەتا لیژنەیەک پێکهاتبوو کاک عیزەت سابیری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی تێدابوو کاتێک وتم با موچەی پەرلەمانتار کەمبێتەوە بۆ لە 50% ئەوکات خانەنشینیەکەش ئۆتۆماتیکی دەبووە لە 50% بەڵام لیژنەکە بەمن پێکەنین و وتیان شتی وانابێت، کاک عیزەت پێی وتم " کاکە تۆ دەتەوێت ڕزقمان ببڕی!) ئێمە هەوڵی خۆمان دا بەڵام ئەوان نەیانکرد."

حاجی کاروان باسی لەوەشکرد لەهەموو دنیادا موچە و ئیمتیازاتی پلەباڵاکان جیاوازە بەتایبەت پەرلەمانتار ئەوەش بۆ ئەوەی چاو لەژێری حکومەت نەبێت، حاجی کاروان نمونەی بە بە پزیشک و کرێکارێک هێنایەوە و وتی" بۆ نمونە دکتۆرێک کە نەخۆشێک دەبینێ بۆ پشکنین لەماوەی پێنج خولەکدا 25 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام کرێکارێک کە هەشت سەعات کاردەکات بلۆک سەردەخات 20 هەزار وەردەگرێت، دەتوانی بڵێی ئەمە لەڕوی ویژدانیەوە نا دادپەروەری تێدایە بەڵام لەڕووی وەزیفیەوە نادادپەروەری نیە، لەگەڵ ئەوەشدا من ناحەقی خەڵک ناگرم قسە بە پلە باڵاکان دەڵێت لەسەر موچەکانیان ، بەڵام بۆ بەتەنها ئەم قسانە بۆ پەرلەمانتاران بێت؟!"

حاجی کاروان لەقسەکانیدا دووبارە پارتی و یەکێتی تۆمەتبارکرد بەوەی لەپشت ناڕه‌زایی خەڵکن سەبارەت بەوەی دژی پێدانی بڕە پارەی موچەی خانەنشینی پەرلەمان وەستاونەتەوە و وتی" ئەو دوو حیزبە لەپشت ئەو ناڕه‌زایی و گەورەکردنی ئەم بابەتەن ، بۆ نمونە سەیری ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی حیزبی دەسەڵاتدار بکە دەڵێت، خەڵکی دهۆک هەمووی ناڕازیە لەموچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران" ئێ باشە کەی خەڵكی دهۆک هەمووی ناڕازییە؟ بۆیە ئەم دوو حیزبە بەبەرنامە دەیانەوێت شکوی پەرلەمان نەهێڵن و پەرلەمان بێ دەسەڵات بکەن من بۆ خۆم دوجار بەفەرمی هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە لەناو پەرلەماندا کە ئەگەر بچمە دانیشتنەکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەگەر خوێنم ڕژا خۆم بەرپرسم"

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حاجی كاروان