عارف ڕوشدی: ئەگەر یه‌كێتی بڕوای بە پڕۆسه‌ی دیموکراسی هەیە دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن

عارف ڕوشدی ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

لەوتوێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ عارف ڕوشدی ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" ئەگەر یه‌كێتی بڕوایان بە پڕۆسه‌ی دیموکراسی هەیە دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن، دەبێت بە پێوەری ئۆپۆزسیۆن کاربکەن وە ڕێگریش دروست نەکەن بۆ حکومەتی هەرێم، بەڵام داواکارییەکم لە هەندێک برادەری یەکێتی هەیە کە لە فۆبیای پارتی ڕزگاریان بێت، بێنە مەیدانی کارکردن پێکەوە، پێکەوە بێن بەرپرسیارێتی هەڵبگرین و لەبۆچونی نەرێنی دوربکەوینەوە، دەشڵێت" پارتی بیری تۆڵەکردنەوەی نیە بەڵکو مەبەستی ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردییە، بەڵام یەکێتی داوای ئەوەدەکات زیاتر لەو حەق بەشەی خەڵک پێی داوە وەریبگرێت لەناو کابینەی حکومەتدا، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی دەبێت ئاسانکاری بکات بەڵام دەبێت لەسنورێکی "مەقبول" دا بێت، هەروەها دەڵێت" پارتی دەیەوێت هەموو لایەنەکان بەهاوسەنگی بەشداری لەحکومەتدا بکەن لەدیدی ئێمەشدا هاوسەنگی ئەوەیە کە لەپڕۆسەی دیموکراسیدا خەڵک دەنگ دەداتە حیزبەکان، بۆیە مەبەستمان لەهاوسەنگی ئەوەیە کە هەر حیزبێک ئەو قەبارەیەی کەهەیەتی واتە بەپێی ڕێژەی ئەو دەنگەی کەهێناوێتی داوای پشک بکات لە حکومەتی داهاتوودا، تەنانەت بۆ یەکێتی و هەموو لایەنەکان ئەوە پێوەرێکی گشتیە بەڵام هەمیشە پارتی "موڕاعاتی" دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکات.ده‌رباره‌ی گفتوگۆكردنیش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕوشدی ده‌ڵێت:" کۆمەڵ خۆی داوای نەکردووە کە بەشدار دەبێت وە شتێکی ڕوون نابینین لەلایەن ئەو لایەنەوە کەبەشداری لەحکومەتدا دەکات، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین بە کۆمەڵیشەوە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی، وە ئەگەر کۆمەڵ ویستی بەشداری حکومەت بکات دەتوانێت لەو کۆبونەوە بیخاتەڕوو.، ده‌شڵێت:كه‌تنی هه‌ره‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ خاك و نیشتمان بفرۆشیت"

عارف ڕوشدی ڕاویژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرەتای وتوێژەکەدا وتی" سەردانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای لایەنەکان دوو بەشە، بەشێکیان بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانە، وەبەشێکیش لەو سەردانانە بۆ لای ئەو لایەنانەیە کە خوازیارن بەشداری لەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن ئەو دوو ڕۆژەی کە وەفدەکەمان لە سلێمانی بوون گوێبیستی دید و بۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان بوین،

وتیشی" هێشتا کۆبونەوەکان کۆتایی نەهاتون و یەکلایی کەرەوە نین، بەڵام پارتی ئێستا بەرچاوڕونیەکی هەیە لەداخوازی ئەو لایەنانە، هەردولا چ پارتی وە چ یەکێتی و گۆڕان دەبێت وەڵامی یەکتر بدەنەوە لەسەر ئەو بابەتانەی لەم کۆبونەوانە" عەرزکراون".

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت" بۆ پارتی لەسەرەتادا گرنگە کە ڕێک بکەوین لەگەڵ لایەنەکان لەسەر بەرنامەی حکومەت دواتر باس لەپۆستەکان بکەین چونکە ئەوەی گرنگە بەرنامەی کاری حکومەتە، چونکە خەڵک دەنگی داوە تا حکومەتێکی خزمەتگوزاری هەبێت وە هەموومان خۆمان بکەینە خاوەنی ئێمە لەپارتیدا چەند پڕەنسیبێکمان پێشنیار کردووە یەکەم( ڕێکبکەوین لەسەر بەرنامەی حکومەت، دووەم هەموو لایەنەکان بە هاوسەنگی بەشداری لەحکومەت بکەن."

دەربارەی ئەوەی مەبەستان چیە لە بەشداری کردنی لایەنەکان بەهاوسەنگی؟

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕونیکردەوە" لەدیدی ئێمەدا هاوسەنگی ئەوەیە کە لەپڕۆسەی دیموکراسیدا خەڵک دەنگ دەداتە حیزبەکان، بۆیە مەبەستمان لەهاوسەنگی ئەوەیە کە هەر حیزبێک ئەو قەبارەیەی کەهەیەتی واتە بەپێی ڕێژەی ئەو دەنگەی کەهێناوێتی داوای پشک بکات لە حکومەتی داهاتوودا، تەنانەت بۆ یەکێتی و هەموو لایەنەکان ئەوە پێوەرێکی گشتیە بەڵام هەمیشە پارتی "موڕاعاتی" دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکات."

دوێنێ چوارشەممە له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت: هه‌روه‌ك چۆن له‌به‌غداد پارتی تۆڵه‌ له‌یه‌كێتی ده‌كاته‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانیش له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پارتی به‌به‌شداری پێنه‌كردنی (شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌) ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ یه‌كێتی و لایه‌نه‌كان بكاته‌وه‌."

بەڵام عارف ڕوشدی ڕەتیکردەوە و وتی" پارتی بیری تۆڵەی نیە بەڵکو پارتی دەیەوێت نێوماڵی کوردی ڕێکبخاتەوە باز بدەین بەسەر ئەو هەموو دیدە نەرێنیانەی لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا هەیە.تا حکومەتێکی بەهێز هەبێت و هەموان یەک دەست و یەک هەڵوێست بین بەرامبەر بەغداد، ئەوەیە خواستی ئێمەیە."

ڕوشدی ئەوەشی وت" ئەگەر ئێمە بڕوامان بەدیموکراسی هەیە دەبێت هەرکەس ڕازی بێت بەو بەشەی کەپێی بڕاوە ناکرێت باسی دیموکراسی بکەین و دوایی بێین بڵێین دەبێت بەقەد ئەو بەشەی هێناومانە دوو بەرامبەرم پێبدرێت."

ئایا یەکێتی ئەم داواکاریەی هەیە؟

لەوەڵامدا عارف ڕوشدی وتی" پێم وایە داوای ئەوەدەکات زیاتر لەو حەق بەشەی خەڵک پێی داوە وەریبگرێت لەناو کابینەی حکومەتدا، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی دەبێت ئاسانکاری بکات بەڵام دەبێت لەسنورێکی "مەقبول" دا بێت."

ڕوشدی جەختی کردەوە" دوبارەی دەکەمەوە ئەگەر بڕوامان بە دیموکراسی هەبێت دەبێت بەپێی ڕێژەی کورسی و دەنگەکان پۆستی حکومەت دابەش بکرێت، بەڵام پارتی لەبەر بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمان ئامادەیە چاوپۆشی لەهەندێک شت بکات، واتە شتێک زیاد و کەم بکات کێشەی نابێت، هەر شتێک پێویست بوو لای پارتی کێشەیەک نابێت هەر شتێک پێویست بوو بۆ هەر لایەنێک بوو پارتی ئامادەیە بیکات لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، بەڵام پێویستە لایەنەکان شتێک بزانن بەشداری ڕاستەقینە لای ئێمە مانای جیاوازە دەبێت تەواو پابەند بن بەبەرنامەی حکومەت، ناکرێت قاچێکیان لەحکومەت بێت وە قاچێکیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت ناکرێت لەنیوەی ڕێگا حکومەت بەجێ بهێڵن، دەبێت خەمخۆرێکی بێ سنور بن بۆ خەڵکی کوردستان دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی خەڵکی کوردستانی هەیە."

واتە ئایا یەکێتی بەهەڵە تێگەیشتووە؟

عارف ڕوشدی وتی" من نازانم چۆن تێگەیشتوون، بەڵام بەشداری ڕاستەقینە واتای ئەوە نا یەک بەدوو وەربگرن، بەشداری ڕاستەقینە واتە لەخزمەتکردنی خەڵک و وڵات، پێم وایە یەکێتی لەهەموو کابینەکاندا بەشداری ڕاستەقینەی هەبووە وە لەهەموو سێکتەرەکان بەشدار بووە، وە لەهەندێ شوێنیش سەربەخۆ بووە، بەڵام وابزانم کەتنی گەورە خاک فرۆشتن و نیشتمان فرۆشتنە کە ڕێگە نەدەین دووبارە ببێتەوە."

فەرید ئەسەسەرد لەچاوپێکەوتنەکەی دوێنێی دەنگی ئەمریکا ئەوەشی وتبوو" " لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی وە کۆبونەوە تایبەتیەکانی خۆمان کە بەرنامەمان دانا بۆ لیژنەی دانوستانکار بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە لەوێش هەروا باسمان کردووە کە بژاردەی دووەممان بەشداری نەکردنە لەحکومەت، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئەگەر دۆخەکە بگاتە ئەو ڕادەیەی یەکێتی لەدەرەوەی دەسەڵات بێت و ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حکومەت نەکات لەهەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەت دێتە ئاراوە دەتوانم بڵێم نیو حکومەت لە ئارادا دەبێت و ناتوانرێت حکومەتی سەرتاسەری بێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو كوردستاندا، پێم وانیە ئه‌و كات شتێک بونی هه‌بێت ناوی حکومەتی هەرێم."

لای خۆشیەوە عارف ڕوشدی دەڵێت" ئەگەر بڕوایان بە دیموکراسی هەیە دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن، دەبێت بە پێوەری ئۆپۆزسیۆن کاربکەن وە ڕێگریش دروست نەکەن بۆ حکومەتی هەرێم، بەڵام داواکارییەکم لە هەندێک برادەری یەکێتی هەیە کە لە فۆبیای پارتی ڕزگاریان بێت، بێنە مەیدانی کارکردنی پێکەوە، پێکەوە بێن بەرپرسیارێتی هەڵبگرین و لەبۆچونی نەرێنی دوربکەوینەوە با پێکەوە دۆعای خێر بکەین دنیا بەگەشبینی ببینین با دووبکەوینەوە لە ئەجێندای حیزبی ئەگەر بە ئەجێندای نیشتمانی کاربکەین دەگەینە ڕێکەوتن."

ڕوشدی ئەوەشی وت" هەندێک لەبرادەرانی یەکێتی لە فۆبیای پارتیدان، بەڵام هەندێکی تریان كه‌سانی باش و شۆڕشگێڕن و مەبەستیانە ڕێک بکەون، من دڵنیاشم هەر لەگەڵ یەکێتی ڕێک دەکەوین مەرج نیە بە کۆبونەوە و دوو کۆبونەوە بگەینە ئەنجام بەڵام هەولێکی زۆر دەدەین کە بەکاتێکی کەم بگەینە ڕێکەوتن."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی پارتی پێی ئاساییە یەکێتی ببێتە ئۆپۆزسیۆن؟

عارف ڕوشدی وتی" ئەگەر پڕۆسەی دیموکراسی تەندروست بێت زۆر باشە ئۆپۆزسیۆن هەبێت جا یەکێتی بێت یا هەر لایەنێکی تر، بەمەرجێک لەسەر بنەمای ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی کاربکەن و نەبنە ڕێگری لە ئەدای حکومەت."

وتیشی " ئەوە قسەیەکی دروست نیە، هیوادارم پەشیمان ببێتەوە چونکە ئەوە واتای دابەشکردنی هەرێمی کوردستانە، ئەوە ئۆپۆزسیۆن نیە، چونکە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لەهەموو شوێنێک کاربکات، ئێمە دژی دوو ئیدارەین ، هەموو حیزبە سیاسیەکان بەخودی یەکێتیشەوە دژی دوو ئیدارەین هەرکەسیش باسی دوو ئیدارەیی بکات بەڕاستی لادانە لەهێڵی نیشتمانی و نەتەوەیی وە ئەو شتە دەبێت "تەجریم و تەحریم" بکرێت وە بەپێی دەستوری عیراقیش هەرێمی کوردستان یەک هەرێمە."

ڕاشیگەیاند" داواکاری ڕەوا جێ بەجێ دەکرێت، داواکاری ناڕەوا حەق نیە هەبێت، وە خەڵکی کوردستانیش ڕێگە بە دوو ئیدارەیی نادەن."

سەبارەت بەوەی بۆچی پارتی سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی ناکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت؟

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" کۆمەڵ خۆی داوای نەکردووە کە بەشدار دەبێت وە شتێکی ڕوون نابینین لەلایەن ئەو لایەنەوە کەبەشداری لەحکومەتدا دەکات، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین بە کۆمەڵیشەوە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی، وە ئەگەر کۆمەڵ ویستی بەشداری حکومەت بکات دەتوانێت لەو کۆبونەوە بیخاتەڕوو."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ عارف ڕوشدیDec20/018