فازڵ میرانی: هیوادارین له‌ مانگی شوبات بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت

Fazil Mirani

لە وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ فازیل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باس له‌هۆكاری دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت،كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ئێستادا، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی دابه‌ش كردنی پۆسته‌كان ده‌كات، میرانی ده‌ڵێت" پارتی پێی باشه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ گۆڕان بێت،وه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ یه‌كێتی بێت به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی بۆ كاك قوباد تاڵه‌بانی بێت چونكه‌ كێشه‌ی یه‌كێتی ئێستا پۆست نیه‌ به‌ڵكو یه‌كێتی كێشه‌ی كاك قوبادی هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت وه‌ك هاوبه‌شێك یارمه‌تی یه‌كێتی بده‌ین له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌دا چونكه‌ كاك قوباد نیوه‌ی هی یه‌كێتیه‌،نیوه‌ی هی پارتی-یه‌،باشه‌ ئه‌گه‌ر جێگری سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بێت ئه‌ی چی له‌كاك قوباد بكه‌ین؟، ده‌رباره‌ی به‌شداری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌حكومه‌ت، میرانی وتی" گۆڕان پێی وتوین به‌شدار ده‌بین له‌حكومه‌ت و "ڕه‌غبه‌ت"مان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌كۆبونه‌وه‌ی سێ قۆڵی نێوان پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان ده‌كات، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌حكومه‌ت و دوو ئیداره‌یش ده‌ڵێت"یه‌كێتی نابێته‌ ئۆپۆزسیۆن،به‌ڵام پارتی هه‌وڵی ته‌واوی ڕێكه‌وتن ده‌دات ئه‌مه‌ ڕونه‌دات، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی ئێمه‌ نه‌ له‌ ئێستا نه‌ له‌ ڕابردوو ده‌سه‌ڵاتی نه‌بووه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ی سلێمانیدا."

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

"هۆكاری دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا میرانی ئاماژەی بەهۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و وتی" بەداخەوە کلتوری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەدوا هەڵبژاردنەکان ئێمەشی وەک زۆربەی وڵاتانی دەرەوە گرتۆۆتەوە هەتا هەندێک جار وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەوروپا دەگرێتەوە ئەوەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لیستێک نەیتوانیووە ڕێژەی لە50+1ی کورسیەکانی پەرلەمان بهێنێت وە لیستێکیش پێی گرنگە کە لەبەر ئاسایشی نەتەوەی و نیشتمانی و سەقامگیری لایەنەکانی تر بەشداری لەحکومەتدا بکەن، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە برادەرانی یەکێتی بابەتی بەغداد و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتیان بەستۆتەوە بەیەکەوە لەکاتێکدا ئەمانە جیاوازن ئێمە دەمانەێت حکومەت لەهەرێم پێکبێت دواتر چارەسەری هاوبەش بۆ بەغداد و کەرکوک دابنێین پێکەوە."

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت" کۆبونەوەکان ئەمڕۆ و سبەی لەنێوان گۆڕان و پارتی وە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ئەنجام دەدرێن، بەهیواین لە مانگی شوبات کارەکان تەواو بکەین و بگەینە ڕێکەوتن، چونکە ناکرێت ئەم وڵاتە بەبێ دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم بێت، پارتیش پشووی درێژە بەڵام تا ڕادەیەکی سنوردار ئەگەر هەر بینیمان لایەنی بەرامبەر شتەکان مەرجدار دەکات ڕەنگە بۆ دانوستاندان ئێمە نەرمی زۆرمان تێدا بێت بەڵام بۆ مەرجدانان، ئێمە مەرجمان لەسەر خەڵک نیە وە بە ئاسانی-ش مەرجی خەڵک لەسەر خۆمان قبوڵ ناکەین."

هەمیشه‌ دەڵێم ئێمە و یەکێتی تەواوکەری یەکترین بۆ حکومڕانی ئەم وڵاتە هەم وەک مێژوو هەم وەک جوگرافیا، خۆ جارەکەی تر حکومەتمان پێکهێنا چاوەڕێمان کرد تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق تەواو بوو بوارمان بۆ برادەرانی یەکێتی هێشتەوە و هاتن بەشدارییان کرد."سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان)وای وت."

واتە ئەمجارە پارتی هەمان سیناریۆ دووبارە دەکاتەوە؟ حکومەت بێ یەکێتی پێکدەهێنێت و بوار دەهێڵێتەوه‌ بۆ هاتنی یه‌كێتی ؟

فازڵ میرانی وتی "لە ئیسلامدا تەڵاق حەڵاڵێکی"مەکروهە"، ئه‌م بژاردەیەش لای ئێمە "مەکروهە" بەڵام ڕاستیە کە دەبێت هەندێکجار مرۆڤ پەنا ببات بۆ ئەو "مەکروهانە".

فازڵ میرانی وتی" به‌خوا پێش جیابونه‌وه‌ "تفریق" چه‌ند قۆناغێك هه‌یه‌، ئه‌ویش "ئیسڵاح" و لیژنه‌ی دادوه‌رییه‌، بۆیه‌ ئه‌و بژارده‌یه‌ لاوازه‌ لای پارتی هه‌تا دژی-شین،تا بكرێت په‌نا بۆ ڕێكه‌وتن ده‌به‌ین."

(وەزارەتی داد له‌به‌غداد)

هەفتەی پێشوو قادر عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند" یه‌كێتی ده‌یه‌وێت هه‌موو كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداد و كه‌ركوك یه‌ك "پاكێج" بن ناكرێت له‌هه‌ولێر ڕێك بكه‌وین بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ڵام له‌كه‌ركوك پارتی دژ و ڕێگر بێت له‌به‌رده‌م پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی یاخود دژی پێدانی پۆستی وه‌زاره‌تی داد بێت به‌یه‌كێتی، ناكرێت ئه‌مانه‌ به‌ڕاستی ده‌بێت دۆستایه‌تی دۆستایه‌تی بێت و دژایه‌تی دژایه‌تی بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كه‌ركوك كه‌ پارێزگار بدرێت به‌یه‌كێتی، یه‌كێتی تا ئێستا بڕیاری نیه‌ له‌م حكومه‌ته‌ به‌شداری بكات."

فازڵ میرانی وتی" من هیچ کۆمێنتێکم لەسەر قسەکانی کاک قادر نیە، بەڵام سەبارەت بە وەزارەتی داد، ئێمە کاتی خۆی ڕێکەوتنمان لەگەڵ یەکێتی کرد لەبەغداد" کاک نێجیرڤان لەگەڵ کاک کۆسرەت و کاک پاڤێڵ" ئه‌نجامیاندا، ڕێکەوتنەکە بەوجۆرە بوو ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت ئەوا هەموو پۆستە وەزارییەکانی تر لە بەغداد بۆ یەکێتی دەبێت لەگەڵ دوو ساڵی سەرۆکایەتی حکومەت، یەکێتی ئەو ڕێکەوتنەی پێشێل کرد، بۆیە ئەگەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ببەستینەوە بە وەزارەت داد لەبەغداد ئەوا بەڕاستی بەکەڵکی ڕابەرایەتی ئەم میللەتە نایەین، چونکە هەر خۆی وەزارەتی داد هیچی بەدەست نیە، دوای ئەوە وەزارەتێکی وەک داد چیە تا سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی پێەوە ببەستینەوە؟! لای ئێمە هەرێمەکەمان گرنگترە لەوەزارەتێک کە هیچ دەسەڵاتی نەبێت، با کاندیدێک دیاری بکەین نە پارتی یا یەکێتی بێت یا هەڵبژاردنەکە" ئیختیارەکە" بدەینە دەست سەرۆک وەزیرانی عیراق."

باشە بۆ ئێوە پێداگری دەکەن ئەو وەزارەتە بۆ یەكیتی نەبێت؟

فازڵ میرانی بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە و وتی" ئەی بۆ بۆ یەکێتی بێت؟! خۆی پرسیارەکە لێرەدایە، ئەم وەزارەتە "ئیستحقاقی" ئێمەیە وه‌ك پارتی."

"پارێزگاری كه‌ركوك"

سه‌باره‌ت به‌دانانی پارێزگاری كه‌ركوك؟ فازڵ میرانی ڕایگه‌یاند" با ئێمه‌ هه‌وڵ بده‌ین دۆخی كه‌ركوك ئاسایی بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وكات ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆی هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن بكات پارێزگارێكی كورد دابنێ ئیتر له‌ پارتیه‌ یا یه‌كێتی یا توركمان، عه‌ره‌ب، ئاشور، كلدان یاخود هه‌ر لایه‌ك ده‌بێت، خۆی تا ئێستا-ش به‌پێی یاسای بریمه‌ر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوكه‌ براده‌رانی یه‌كێتی خۆشیان ئه‌مه‌ باش ده‌زانن ئه‌و براده‌رانه‌ خۆیان تێناگه‌یه‌نن، ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ی عه‌بادی دژی د.نه‌جمه‌دین كردی نایاسایی بوو، چونكه‌ لادانی پارێزگارێكی هه‌ڵبژێردراو ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك وه‌زیران نیه‌. "

وتیشی" من نامه‌وێت هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌بكه‌م به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ده‌ڵێت هۆكاری دانه‌نانی پارێزگاری كورد بۆ كه‌ركوك ئه‌ندامانی پارتین له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌وه‌ با گره‌نتیه‌ك بده‌ن به‌كورد بڵێن ئه‌گه‌ر پارێزگارێكی كوردی یه‌كێتی دانرا كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كورد ئه‌وا من له‌ ئێستاوه‌ بۆیان ئیمزا ده‌كه‌م، به‌س "وه‌ڵاه" وانیه‌."

وتیشی" كۆمه‌ڵێك براده‌ر له‌كه‌ركوك-ن ده‌یانه‌وێت ئه‌و كونه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ پارێزگارێكی قوڕبه‌سه‌ر پینه‌دۆزی بكه‌نه‌وه‌،به‌س ئه‌و كونه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ پارێزگارێك پینه‌دۆز ناكرێته‌وه‌."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌واته‌ به‌بڕوای ئێوه‌ یه‌كێتی باسكردنی پۆستی پارێزگار وه‌ك بیانوو گرتن به‌پارتی بۆ داواكردنی پۆستی زیاتر له‌ حكومه‌ت له‌م كاته‌دا داوا ده‌كات یاخود به‌ڕاستی شینه‌ بۆ كه‌ركوك؟

میرانی جه‌ختی كرده‌وه‌" من ئه‌وه‌ ناڵێم، پارتی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ یه‌كێتی حسابی كورسی نه‌كردووه‌، وه‌ ئێستاش ئه‌و حسابه‌یان له‌گه‌ڵ ناكه‌ین."

میرانی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند" من پرسیارێك ده‌كه‌م ئایا كه‌ركوك به‌ته‌نها هی یه‌كێتیه‌؟ پرسیاریتر هه‌یه‌ من نایوروژێنم ئێستا چونكه‌ بۆ یه‌كێتی باش نیه‌، به‌ڵام ئه‌وان به‌جۆرێك له‌سه‌ر كه‌ركوك قسه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ته‌نها پارێزه‌ری كه‌ركوك بن و ئه‌و حیزبانه‌ی تریش دژی بن، یاخود بڵێن كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر نه‌كرێت نایه‌ینه‌ حكومه‌ت كێشه‌ی كه‌ركوك سه‌د ساڵه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌."

سەبارەت بە هۆکاری ڕازی نەبونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد لەکەرکوک"بەپێی قسه‌كانی قادر عەزیز له‌ وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا" .

فازڵ میرانی وتی" من نامەوێت برینەکان بکولێنمەوە، کەرکوکیان لەدەست دەرهێناین، ڕاشکاوانە بڵێم حکومەتی عیراق بە ئاسانی کەرکوک ناداتەوە، خەونەکەی هاتە دی و دەستی بەسەر کەرکوکدا گرت ئێستا لەگەڵ برادەرانی یەکێتی لیژنەیەک هەیە سەردانی بەغداد دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عیراق ڕێک بکەون بۆ دانانی پارێزگار بەڵام بەم دۆخەی ئێستای کەرکوکەوە نا، چونکە دانانی پارێزگارێک لە ژێر دەسەڵاتی عەسکەر و حەشدی شەعبی قبوڵ ناکەن، هەندێک لەبرادەرانی یەکێتی چاوی خۆیان بەستووە دەیانەوێت چاوی ئێمەش ببەستن، خۆ نیوه‌ی سه‌ركردایه‌تی یەكێتی تا ئێستاش ناوێرن لەکەرکوک هاتوچۆ بکەن."

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو ژیار محه‌مه‌د وتووێژێكی له‌گه‌ڵ ڕێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامدا، تاڵه‌بانی ڕایگه‌یاندبوو" ئه‌گه‌ر به‌پێی "ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن" بێت پۆستی پارێزگار " ئیستحقاق"ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ چونكه‌ پارتی زۆرینه‌ن له‌و لیسته‌."له‌باره‌ی وته‌كانی ڕێبوار تاڵه‌بانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی) وتی"من ئه‌و لێدوانه‌ی ڕێبوار تاڵه‌بانیم به‌دڵ نه‌بوو، چونكه‌ نێوانی ئێمه‌ و یه‌كێتی كه‌خه‌ریكبوو باش ده‌بوه‌وه‌ به‌م لێدوانانه‌ تێكده‌چێت، من كه‌ده‌ڵێم ده‌بێت واقیعی بین هه‌ندێك براده‌ری ئێمه‌ و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو پێیان ناخۆشه‌، ڕاسته‌ پارتی كورسی له‌ناو لیستی برایه‌تی زیاتره‌ ڕێبوار له‌وێدا ده‌قیق بووه‌، به‌ڵام هیچ لیستێك 50+1 ی نیه‌، بۆیه‌ خودخوایی و هه‌ڵدان به‌شان و باڵی حیزبێكدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌ك نیه‌ ئه‌و پۆسته‌ پێویستی به‌ ڕێكه‌وتنی لایه‌نه‌كانه‌ نه‌ك لایه‌نێك به‌ته‌نها."

"مه‌رجمانه‌ كاك قوباد پۆست وه‌ربگرێت، چونكه‌ ده‌مانه‌وێت كێشه‌ی كاك قوباد بۆ یه‌كێتی چاره‌سه‌ر بكه‌ین"

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتیشی" ئێستاش ئه‌و ئۆفه‌ره‌ی ئێمه‌ بۆ یه‌كێتی هه‌مانه‌ هه‌ر حسابمان بۆ كورسیه‌كانیان نه‌كردووه‌ كه‌(21) كورسیه‌ به‌ڵكو حسابمان بۆ "واقیعیه‌ت و مێژوو-ی" یه‌كێتی كردووه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان خستۆته‌ به‌رده‌ستیان هه‌روه‌ها یه‌ك جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌بێت به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كاك قوباد تاڵه‌بانی بێت،بۆ "غه‌یری" قوباد ڕازی نابین، وه‌ وه‌زاره‌تی "سیادی"ییان ده‌ده‌ینێ، له‌به‌غداد سه‌رۆك كۆمارییان هه‌یه‌، وه‌ براده‌رانی گۆڕانیش پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ربگرن وه‌ پۆسته‌كانی تریش به‌پێی ڕێكه‌وتن له‌نێوان هه‌موو لایه‌ك و پێكهاته‌كانی تر مافی خۆیانه‌ پشكیان له‌ یه‌كێك له‌سه‌رۆكایه‌تیكان هه‌بێت."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پارتی چۆن مه‌رج بۆ یه‌كێتی داده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی كام كه‌س بۆ چ پۆستێك كاندید بكات؟

فازڵ میرانی به‌م جۆره‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" چونكه‌ یه‌كێتی كێشه‌ی پۆستیان نیه‌ به‌ڵكو كێشه‌ی كاك قوبادییان هه‌یه‌،ئێمه‌ خه‌ڵكی گوندێكین یه‌كتر باش ده‌ناسین كه‌ ده‌ڵێین كێشه‌ی یه‌كێتی كاك قوباده‌ مه‌به‌ستمان ده‌ست وه‌ردان نیه‌ به‌ڵام یه‌كێتی چۆن له‌ناوه‌ڕۆكی پارتی تێده‌گات ئێمه‌ش باش له‌ناوه‌ڕۆكیان تێده‌گه‌ین، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هاوكارییان بین له‌چاره‌سه‌ركردنی "كێشه‌ی كاك قوباد"، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كوڕی مام جه‌لاله‌ هاوكات كه‌سێكی به‌توانایه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر جێگری سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بێت ئه‌ی چی له‌كاك قوباد بكه‌ین؟"

واته‌ به‌پێی ئه‌م وه‌ڵامه‌ت بێت پارتی ئیش بۆ كاك قوباد ده‌دۆزێته‌وه‌ و له‌خه‌میدایه‌؟

فازڵ میرانی وتی" نه‌خێر به‌ڵام ئێمه‌ و یه‌كێتی هاوبه‌شین، قوباد نیوه‌ی هی یه‌كێتیه‌ نیوه‌ی هی ئێمه‌یه‌، نێچیرڤان بارزانی نیوه‌ی هی پارتیه‌ نیوه‌كه‌ی تری هی هه‌موو كورده‌، وه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هاوبه‌شێكی بێ كێشه‌مان هه‌بێت، یه‌كێتیش هه‌روا مافی خۆیه‌تی به‌دوای هاوبه‌شێكی بێ كێشه‌دا بگه‌ڕێت."

ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پرسی باشه‌ یه‌كێتی ڕازییه‌ "كێشه‌ی كاك قوباد-ی"بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن وه‌ك خۆت وتت؟

میرانی وتی" به‌ڵێ بۆ ڕازی نیه‌؟! داوای یه‌كێتیه‌ یه‌ك جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌بێت نه‌ك داوای پارتی، خۆ خه‌ڵكی تر، وه‌ك گۆڕان و توركمان داوای زیاتر له‌جێگرێك ده‌كه‌ن و چاوییان لێیه‌."

"نه‌ له‌ڕابردوو نه‌ ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئێمه‌ به‌سه‌ر سلێمانیدا نه‌بووه‌"

پێشتر فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند"بژارده‌ی دووه‌م له‌به‌رده‌م یه‌كێتی ئۆپۆزسیۆن بوونه‌، هه‌ر حكومه‌تێكیش له‌كوردستان بێ یه‌كێتی پێكبێت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه‌ی سلێمانیدا نابێت."

فازڵ میرانی باسی له‌وه‌كرد" زۆر له‌ براده‌رانی یه‌كێتی ته‌نانه‌ت باسی دوو ئیداره‌یش ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌وه‌ سیاسه‌تی فه‌رمی یه‌كێتی نیه، چونكه‌ له‌ناو سه‌ركردایه‌تی پارتیش و یه‌كێتیش زۆر خه‌ڵكی نیشتمان په‌روه‌ر هه‌ن كه‌ دوو ئیداره‌یی قبوڵ ناكه‌ن، هه‌تا خه‌ڵكی كوردستان لێمان قبوڵ ناكات، وه‌ حیزبه‌كانی تریش به‌یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانیشه‌وه‌ كه‌ پێش وه‌خته‌ ئۆپۆزسیۆن بونی خۆی ڕاگه‌یاند."

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" با ئێمه‌ ڕاشكاو بین له‌ ڕابردوو-ش و ئێستا-ش حكومه‌تی ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سلێمانیدا نه‌بووه‌، ساده‌ترین نمونه‌ لێره‌وه‌( له‌هه‌ولێر-ه‌وه‌) نه‌مانتوانیووه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی دابنێینه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ و ببینه‌ "ئه‌سیری" ڕابردوو، من وه‌ك خۆم ترسم هه‌یه‌ عیراق وه‌ك لیبیای لێبێت، بۆیه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌موو لایه‌كمانه‌ به‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن وه‌ك كورد سه‌ربنوسێین به‌یه‌كه‌وه‌ كوردستان و میلله‌ته‌كه‌مان بپارێزین له‌ پریشكی ئه‌و ئاگره‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌."

كه‌واته‌ چی ڕووده‌دات ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بووه‌ ئۆپۆزسیۆن؟

فازڵ میرانی ده‌ڵێت" با ئێمه‌ واقیعی بین بۆ یه‌كێتی ناچێته‌ سه‌ر ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن، و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌گه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن، بۆ ئێمه‌ و یه‌كێتیش نابێت ئۆپۆزسیۆن بین بۆ حیزبی تر ده‌بێت به‌س ئێمه‌ و یه‌كێتی خاوه‌نی ئه‌م وڵاته‌ین، ئیتر ئۆپۆزسیۆنی كێ بین؟"

(هێڵی سوری پارتی له‌دانوستانه‌كاندا)

فازڵ میرانی ئاماژی به‌هێڵه‌ سوره‌كان كرد لای پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگه‌یاند" لای ئێمه‌ دوو ئیداره‌یی، خۆهاویشتن باوه‌شی حكومه‌تی عیراق و ڕێك نه‌كه‌وتن و پشتكردن له‌یه‌كتر و سه‌نگه‌ر له‌یه‌كگرتن هێڵی سوره‌."

( پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ناڕه‌زایی یه‌كێتی)

ده‌رباره‌ی داواكاری یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ گفتوگۆكان ده‌ربكات، فازڵ میرانی وتی" من به‌یه‌ك پرسیاری كورد وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌، باشه‌ یه‌كێتی كه‌ "به‌رهه‌م"ی كاندید كرد هات پرس به‌ حیزبه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی خۆی بكات یا به‌حیزبه‌كانی تر بڵێت؟"

وتیشی" پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم "ئیستحقاق"ی پارتیه‌، پارتی ڕازی بووه‌ به‌داواكاری لایه‌نه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، جا كێ به‌دڵی نیه‌ ده‌نگی پێنه‌دات، ئه‌وه‌ ده‌یبه‌ین په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان."

"له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا گۆڕان به‌ ئێمه‌ی وتووه‌ ڕه‌غبه‌تمان لێیه‌ دێینه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌"

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ڵامی كۆتایی داوه‌ به‌پارتی بۆ به‌شداریكردنیان له‌حكومه‌ت؟

فازڵ میرانی وتی" تا ئێستا ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی كه‌كراون له‌گه‌ڵ گۆڕان وتویانه‌ دێین، وه‌ پێشنیاری خۆیان پێشكه‌ش كردووه‌، وه‌ هه‌ندێك له‌و پۆستانه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌ستنیشانیان كردووه‌ باقیه‌كه‌ی تریان داناوه‌ بۆ دانوستان، وه‌ به‌ڕاستی "ڕه‌غبه‌ت"ی خۆیان نه‌شاردۆته‌وه‌ ده‌ڵێن" ئێمه‌ ڕه‌غبه‌تمان لێیه‌ بێینه‌وه‌ ناو حكومه‌ت" پارتیش به‌گه‌رمی پێشوازییان لێده‌كات بۆ ناو حكومه‌ت، چونكه‌ پێمان خۆشه‌ براده‌رانی گۆڕانیش به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكه‌ن."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای چ پۆستێكی كردووه‌؟ فازڵ میرانی وتی" لیسته‌كه‌ی براده‌رانی گۆڕانمان لاهه‌یه‌ كه‌ داوای چ پۆستێكیان كردووه‌ به‌ڵام ناتوانم هه‌مووی بڵێم، به‌ڵام چاوییان له‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ ئه‌گه‌ر بكرێته‌ دووان، له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان باشه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ گۆڕان بێت وه‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه‌ لیستی دووه‌مه‌ بۆ یه‌كێتی بێت، به‌ڵام دواجار هه‌موو ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ڕێكه‌وتنه‌ و هیچی خاڵی كۆتایی نیه‌."

( كۆبونه‌وه سێ قۆڵیه‌كه‌)

فازڵ میرانی باسی له‌وه‌كرد" له‌م ڕۆژانه‌دا كۆبونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان)دا ئه‌نجام ده‌درێت بۆ نوسینه‌وه‌ی به‌رنامه‌ و دیدی خۆیان بۆ حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم پاشان ده‌یده‌نه‌ كاك مه‌سرور تا له‌ كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا جێگه‌ی بكاته‌وه‌."

(پارتی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی)

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پارتی به‌نیازه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری پێ بكات له‌حكومه‌تدا؟

فازڵ میرانی وتی" كۆمه‌ڵی ئیسلامی حیزبێكی تێكۆشه‌ره‌، خاوه‌نی كورسی و ده‌نگی خۆیانن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان، كۆمه‌ڵ له‌ حكومه‌ت بێت یا نا پارتی گرنگی به‌ په‌یوه‌ندی خۆی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌دات هه‌روه‌ك ئه‌وانیش به‌وجۆره‌ ده‌ڕوانن، وه‌ ئه‌م دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ی كه‌ به‌چاو ده‌بینرێت نه‌ك به‌دڵ من هه‌رگیز به‌ شتێكی سروشتی نابینم،ئێمه‌ و كۆمه‌ڵ ده‌بێت له‌یه‌كتر نزیكتر بین."

وتیشی" من ئومێده‌وارم دیدارێك له‌نێوان به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی و به‌ڕێز مامۆستا علی باپیر ڕێك بخرێت، ئیتر دوای ئه‌وه‌ هه‌موو شته‌كان ئاسان ده‌بێت."

وتیشی" من خۆم ده‌توانم به‌یانی سه‌ردانی كۆمه‌ڵ بكه‌م، وه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر جگه‌له‌وه‌ی ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌ هاوكات زانایه‌كی ئیسلامیه‌ من هه‌موو كتێبه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌سیاست و په‌یوه‌ندی سیاسی كۆمه‌ڵ و پارتی من ڕێزی تایبه‌تم بۆ مامۆستا علی باپیر و بۆچونه‌كانی هه‌یه."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ فازیڵ میرانی Jan.27/019