فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن هیچ ئه‌گه‌رێكی باش نامێنێت ته‌نها ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان ده‌مێنێت

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

له‌وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر له‌بابه‌تی كه‌ركوك و به‌غداد له‌گه‌ڵ پارتی نه‌گه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وا پێم وایه‌ له‌ناوخۆی هه‌رێمیش ناگه‌ینه‌ ڕێكه‌وتن، هه‌رسێكی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌." ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌نه‌ ڕێكه‌وتن له‌ناو ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كاندا ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ بمێنێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، كه‌ حكومه‌ت هه‌یه‌ و نیه‌، په‌یوه‌ندییه‌كان نه‌دۆستانه‌ ده‌بێت نه‌ دوژمنانه‌، هیوادارین ئه‌مانه‌ چارسه‌ر بێت تا نه‌چینه‌ سه‌ر ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان چونكه‌ ئه‌گه‌ری خراپتر هه‌یه‌ له‌ناو ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كاندا ئه‌و دوو ئه‌گه‌ره‌ باشه‌كانیانه‌.، هاوكات ڕه‌خنه‌ له‌وته‌كانی فازڵ میرانی لده‌نگی ئه‌مریكا ده‌گرێت و ده‌ڵێت" ئه‌و قسانه‌ جوان نه‌بوو، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی خۆی بڕیاری هه‌بێت بۆ دانانی هه‌ر كاندیدێك یا (كاك قوباد تاڵه‌بانی) بۆ ئه‌و پۆسته‌ پارتی پێی خۆش بێت یا نائێمه‌ هه‌ر بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاك قوباد خۆی شایسته‌ی ئه‌م پۆسته‌یه‌ پێم وانیه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك هه‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌، به‌ڵام پێمان ناخۆشه‌ ئه‌وان وا پیشانی بده‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ژێر فشاری ئه‌واندا كاك قوباد تاڵه‌بانیمان داناوه‌ ئێمه‌ خۆمان له‌گه‌ڵ دانانی كاك قوباد هیچ كێشه‌یه‌كمان نیه‌ وه‌ ئه‌و تا ئێستا نوێنه‌ری ئێمه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌خه‌ڵكی ڕابگه‌یه‌نن كه‌ ئه‌وان فڵانه‌ كه‌سیان ده‌وێت به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ یه‌كێتی فڵانه‌ كه‌سی داناوه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌مان پێناخۆشه‌ به‌ڵام به‌دڵنیایی ئه‌گه‌ر هاته‌ سه‌ر بڕیاردان من پێم وایه‌ هه‌رخۆمان كاك قوباد داده‌نێین." ده‌رباره‌ی بڕیاری دوو ئیداره‌یی له‌حاڵه‌تی ڕێكنه‌كه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی، ئه‌سه‌سه‌رد وتی" به‌ڕاستی هیچ بڕیارێكمان له‌وباره‌یه‌وه‌ نیه‌ وه‌ باسیشمان نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو به‌هیچ جۆرێك نه‌گه‌یشتینه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وا چاوه‌ڕێی هه‌نگاوه‌كانی پارتی ده‌كه‌ین له‌به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه‌كانی پارتی-ش له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ش كاردانه‌وه‌مان ده‌بێت."، ده‌شڵێت" وازمان له‌و بیرۆكه‌یه‌ هێنا و بڕیارماندا به‌شداری له‌حكومه‌ت بكه‌ین به‌ڵام به‌مه‌رجی به‌شداری حه‌قیقی."

"به‌غداد و پارێزگاری كه‌ركوك"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ئه‌سه‌سه‌رد وتی" شاندی ئێمه‌ و پارتی ڕه‌نگه‌ ئه‌مڕۆ كۆببنه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و دۆسێیانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ كێشه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه‌ یا ئه‌گه‌ری دروست كردنی كێشه‌ بن ده‌مانه‌وێت هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌یه‌ك پاكێجدا پێكه‌وه‌ كۆتایی پێبهێنین تا حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی نه‌بێت له‌ به‌غداد یا كه‌ركوك."

ئایا یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ سازش له‌بابه‌تی كه‌ركوك یا به‌غداد بكات تا په‌له‌بكرێت له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌وه‌ڵامدا وتی" نامه‌وێت وشه‌ی سازش به‌كاربهێنم، به‌ڵام دیدی یه‌كێتی له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕوونه‌ ده‌مانه‌وێت یه‌كێتی و پارتی پێكه‌وه‌ هاوكار بن له‌كه‌ركوك تا به‌وجۆره‌ی پێویسته‌ مافی كورد له‌كه‌ركوك به‌ده‌ست بێت، بۆچونی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ دوو بابه‌تی زۆر گرنگه‌ یه‌كیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پارتی یارمه‌تی ئێمه‌ بدات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌كاره‌كانی خۆی و كۆببێته‌وه‌ له‌ناوخۆی كه‌ركوك،هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، وه‌ پێویستمان به‌هاوكاریكردنی یه‌كتره‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌ناو كه‌ركوك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك دابنێین ئه‌وه‌ دوو بابه‌تی زۆر سه‌ره‌كیه‌، بۆیه‌ به‌لای یه‌كێتیه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ به‌جێهێشتنی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ بۆ كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم گرفت و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چونی كاره‌كان دروست بكات."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا به‌ڕای یه‌كێتی به‌دانانی پارێزگارێكی كورد كێشه‌ی كه‌ركوك هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟ ئه‌سه‌سه‌رد وتی" به‌كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ست ده‌كرێت به‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بۆیه‌ هه‌تا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌ندامه‌كانی نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك بن كێشه‌كانی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر ناكرێت بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت پارتی هاوكارمان بن له‌ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌" پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ئیستحقاق-ی یه‌كێتیه‌ چونكه‌ یه‌كێتی له‌و شاره‌ له‌دواین هه‌ڵبژاردن له‌هه‌موو لیسته‌ توركمانی و عه‌ره‌ب و كورده‌كانی زیاتر هێناوه‌."

دوێنێ دووشه‌مه‌ له‌وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ فازڵ میرانی وتی:ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ده‌ڵێت هۆكاری دانه‌نانی پارێزگاری كورد بۆ كه‌ركوك ئه‌ندامانی پارتین له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌وه‌ با گه‌ره‌نتیه‌ك بده‌ن به‌كورد بڵێن ئه‌گه‌ر پارێزگارێكی كوردی یه‌كێتی دانرا كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كورد ئه‌وا من له‌ ئێستاوه‌ بۆیان ئیمزا ده‌كه‌م، به‌س "وه‌ڵاه" وانیه‌."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ گه‌ره‌نتی بدات به‌ پارتی و لایه‌نه‌كان به‌دانانی پارێزگاری كه‌ركوك، ئه‌و شاره‌ بۆ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی" گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تا تاقیمان بكه‌نه‌وه‌ پارێزگارێك له‌پشكی یه‌كێتی دابنرێت، لایه‌نه‌كانی تر كه‌ ژماره‌یان كه‌مه‌ له‌چاو یه‌كێتی ناتوانن له‌به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ."

واته‌ ده‌توانن حكومی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراق بكه‌ن ئه‌گه‌ر پارێزگارێكی كوردی-یه‌كێتی بۆ كه‌ركوك دانرا؟

ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت :به‌پێی یاسا پارێزگار ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، چونكه‌ یاسا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی داوه‌ به‌ پارێزگار به‌ڵێ ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراقدا هه‌بێت."

"كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی"

له‌به‌شێكی تری وتووێژه‌كه‌دا فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئاماژه‌ی به‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی كرد و وتی" كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ زۆر زۆر گرنگه‌ ڕه‌نگ بگه‌ینه‌ ڕێكه‌وتنێكی باش، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه‌ ڕێكه‌وتن ئه‌نجامی ناباشی ده‌بێت، ئه‌مجاره‌ ئێمه‌ هه‌موو بۆچونه‌كانی خۆمانمان خستۆته‌ ڕوو، به‌رنامه‌یه‌كی تێر و ته‌سه‌لمان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ باسی ده‌كه‌ین له‌ 80%ی په‌یوه‌ندی به‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ئاینده‌ی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ 15%ی په‌یوه‌ندی به‌كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ 5%یشی په‌یوه‌ندی به‌ به‌غداده‌وه‌ هه‌یه‌."

وتیشی" ئه‌گه‌ر له‌بابه‌تی كه‌ركوك و به‌غداد له‌گه‌ڵ پارتی نه‌گه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وا پێم وایه‌ له‌ناوخۆی هه‌رێمیش ناگه‌ینه‌ ڕێكه‌وتن، هه‌رسێكی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌."

كه‌واته‌ چی ڕووده‌دات؟

ئه‌سه‌سه‌رد ڕایگه‌یاند" ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه‌ ڕێكه‌وتن له‌ناو ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كاندا ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ بمێنێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، كه‌ حكومه‌ت هه‌یه‌ و نیه‌، په‌یوه‌ندییه‌كان نه‌دۆستانه‌ ده‌بێت نه‌ دوژمنانه‌، هیوادارین ئه‌مانه‌ چارسه‌ر بێت تا نه‌چینه‌ سه‌ر ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان چونكه‌ ئه‌گه‌ری خراپتر هه‌یه‌ له‌ناو ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كاندا ئه‌و دوو ئه‌گه‌ره‌ باشه‌كانیانه‌."

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌" ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌نه‌ ڕێكه‌وتن هیچ ئه‌گه‌رێكی باش نامێنێت ته‌نها ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان ده‌مێنێت له‌ناو ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كاندا ئه‌گه‌ری زۆر خراپ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری خراپ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری كه‌متر خراپ هه‌یه‌، كه‌به‌دڵنیاییه‌وه‌ زۆر خراپه‌ بۆیه‌ ئه‌م دانیشتنه‌ی ئه‌مڕۆ زۆر گرنگه‌ و ده‌مانه‌وێت نه‌گه‌ین به‌ ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان."

باشه‌ ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان چین؟ مه‌به‌ستت دوو ئیداره‌یی و ئۆپۆزسیۆن بوونی یه‌كێتیه‌؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" به‌ڵێ ، به‌ڵێ دو ئیداره‌یی ئه‌گه‌رێكی خراپه‌، به‌رده‌وام بوونی ئه‌م دۆخه‌ ئه‌گه‌رێكی خراپه‌ ده‌مانه‌وێت هیچ كامێكیان نه‌یه‌ته‌ دی، وه‌ ئێمه‌ بۆچونمان وایه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتتن، له‌به‌غداد به‌هیچ جۆرێك ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پارتی نابێت و له‌كه‌ركوكیش هه‌روا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌ندێكجار نازانین پارتی بۆ وا پێداگری ده‌كات؟ له‌كاتێكدا هه‌موو كێشه‌كانی به‌غداد په‌یوه‌ندی به‌یه‌ك وه‌زاره‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌یه‌."

"ئێستا یه‌كێتی بیر له‌ ئۆپۆزسیۆن بوون ناكاته‌وه‌"

پێشتر له‌ووتوێژێكی ڕابردووی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ر،ڕایگه‌یاندبوو، بژارده‌ی دوووه‌م له‌به‌رده‌م یه‌كێتی ئۆپۆزسیۆن بوونه‌، به‌ڵام ده‌رباره‌ی بڕیاری بوون به‌ ئۆپۆزسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئێستادا، ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" خۆی به‌ پێی قۆناغه‌كان ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌مێشكماندا هه‌بوو به‌ڵام به‌پێی قۆناغه‌كان بیرمان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بڕیارێك نیه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی به‌ته‌نها بدرێت به‌ڵكو پێویستی به‌كۆمه‌ڵێك بڕیاری تر هه‌یه‌ بۆیه‌ وازمان له‌و بیرۆكه‌یه‌ هێنا و بڕیارماندا به‌شداری له‌حكومه‌ت بكه‌ین به‌ڵام به‌مه‌رجی به‌شداری حه‌قیقی."

واته‌ به‌ته‌واوی وازتان له‌بیرۆكه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوون هێناوه‌؟

ئه‌سه‌سه‌رد وتی" ئێستا ئێمه‌ بیری لێناكه‌ینه‌وه‌، به‌دیلی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌شداربین له‌ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزیش هه‌یه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وا ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌م زیانی بۆ ئێمه‌ هه‌یه‌ هه‌م بۆ هه‌موو لایه‌ك."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا یه‌كێتی به‌جدیه‌تی باسكردنی دوو ئیداره‌یی یا كارتی فشاره‌؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی" به‌ڕاستی هیچ بڕیارێكمان له‌وباره‌یه‌وه‌ نیه‌ وه‌ باسیشمان نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو به‌هیچ جۆرێك نه‌گه‌یشتینه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وا چاوه‌ڕێی هه‌نگاوه‌كانی پارتی ده‌كه‌ین له‌به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه‌كانی پارتی-ش له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ش كاردانه‌وه‌مان ده‌بێت."

(خاڵی سوری یه‌كێتی)

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی" ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ لای ئێمه‌ زۆربه‌یان شیانی گفتوگۆن، به‌ڵام دوو مه‌سه‌له‌ هه‌یه‌ لای ئێمه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی به‌غداد و كه‌ركوك، پێم وایه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ گۆڕانی وا له‌ هه‌ڵوێستمان نایه‌ته‌ دی."

" بۆچونی خۆم وایه‌ كه‌ كاك قوباد له‌زۆر كه‌سی تر له‌پێشتر بێت بۆ وه‌رگرتنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت."

له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ كاك فازڵ میرانی به‌ڵام دیاره‌ ئه‌و زۆر شاره‌زایی ناو دۆخی یه‌كێتی نیه‌، چونكه‌ ئێمه‌ كێشه‌ی كه‌سه‌كانمان نیه‌ له‌ناو یه‌كێتی، دوای ئه‌وه‌ی پۆسته‌كان دیاریكران ئه‌وكات ده‌توانین كه‌سه‌كان دیاری بكه‌ین ئه‌ویش هۆكاری ئه‌وه‌ی تا ئێستا نازانین كام پۆسته‌ بۆ یه‌كێتیه‌ و كامه‌ بۆ پارتیه‌ دوای ئه‌وه‌ی پۆسته‌كان دیاریكران به‌دڵنیای ئه‌وكات یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ كێ دیاری بكه‌ین."

ئایا ئه‌و مه‌رجه‌ قبوڵ ده‌كات یه‌كێتی كه‌پۆستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم وه‌رگرێت به‌مه‌رجێك كاندیده‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی بێت؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی" ئه‌وكات خۆمان دیاریده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌و پۆسته‌ بۆ نوێنه‌ری یه‌كێتی بێت ئه‌وا خۆمان دیاریده‌كه‌ین، وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاك قوباد یه‌كێكه‌ له‌هه‌ره‌ كاندیده‌ به‌هێزه‌كان بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك وتم تا ئێستا كه‌سمان دیارینه‌كردووه‌ به‌فه‌رمی، به‌ڵام بۆچونی خۆم وایه‌ كه‌ ئه‌و له‌زۆر كه‌سی تر له‌پێشتر بێت بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته‌."

جه‌ختیشیكرده‌وه‌" ئه‌گه‌ر یه‌كێتی خۆی بڕیاری هه‌بێت بۆ دانانی هه‌ر كاندیدێك یا (كاك قوباد تاڵه‌بانی) بۆ ئه‌و پۆسته‌ پارتی پێی خۆش بێت یا نائێمه‌ هه‌ر بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاك قوباد خۆی شایسته‌ی ئه‌م پۆسته‌یه‌ پێم وانیه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك هه‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌، به‌ڵام پێمان ناخۆشه‌ ئه‌وان وا پیشانی بده‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ژێر فشاری ئه‌واندا كاك قوباد تاڵه‌بانیمان داناوه‌ ئێمه‌ خۆمان له‌گه‌ڵ دانانی كاك قوباد هیچ كێشه‌یه‌كمان نیه‌ وه‌ ئه‌و تا ئێستا نوێنه‌ری ئێمه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌خه‌ڵكی ڕابگه‌یه‌نن كه‌ ئه‌وان فڵانه‌ كه‌سیان ده‌وێت به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ یه‌كێتی فڵانه‌ كه‌سی داناوه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌مان پێناخۆشه‌ به‌ڵام به‌دڵنیایی ئه‌گه‌ر هاته‌ سه‌ر بڕیاردان من پێم وایه‌ هه‌رخۆمان كاك قوباد داده‌نێین."

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌نیگه‌رانی ناوخۆیی حیزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر لێدوانه‌كانی فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، وتی" پێم وایه‌ كه‌ جوان نه‌بو ئه‌م قسانه‌ بوترێت."

"پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم"

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا یه‌كێتی سوره‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌نگدان له‌سه‌ری بخرێته‌ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی" خۆی هه‌ندێك ورده‌كاری هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس ده‌كرێت، من ناتوانم بچمه‌ سه‌ر ئه‌م ورده‌كارییه‌،لای خۆمان ڕوونه‌، وه‌ ده‌توانم وه‌ڵامیشت بده‌مه‌وه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی پارتی و یه‌كێتی له‌هه‌ولێر تاوتوێ ده‌كرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ نامه‌وێت من لێره‌وه‌ ورده‌كارییه‌كه‌ی باس بكه‌م."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ردJAN.29.019