پاش کۆبوونەوەی پەرلەمان بە بێ یەکێتی نیشتیمانی، باس لە چەندین بژاردە دەکرێت کە یەکێتی نیشتیمانی لەبەر دەستیدایەو ئەگەرەکانیش چەندین سیناریۆی لە خۆ گرتووە، لە نێویاندا دوو ئیدارەیی و لامەرکەزی سلێمانی و شتی تر، بيلآم رۆژنامەوان رەحمان غەریب پێی وایە ئەو ململانێیە بۆ یەکێتی و پارتی شتێکی نوێ نییە، دەشڵێت"بە درێژایی مێژووی هەروولایان بەردەوام لایەک دەستی ئەوی تری شکاندووەتەوە" رەحمان لای وایە وتوێژی دوور لە چاوی کامێرا لە نێوان پارتی ویەکێتی لە ئارادایە "هەمووشی لە پێناو رازی کردنی یەکێتییە بۆ بەشداری کردن".
ئێستا پارتی و گۆران رێکەوتوون، ئایا دەتوانن بێ یەکێتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەن؟ لەو بارەیەوە رەحمان غەریب دەڵێت "ئەگەر بیانەوێ یەکێتی پەراوێز بخەن هەڵەیەکی کوشندە دەکەن، چونکە واقعێکی جوگرافیای سیاسی هەیە کە پارتیش ناتوانێ نادیدەی بکات، هەر حکومەتێک بێ یەکێتی پێک بێت شکست دەهێنێت".
ئەم رۆژنامەوانە باس لەوە دەکات خەڵکی هەرێمەکە بە قەیرانی زۆرەوە گیرۆدەن، ئەوەی خەڵک کردی دەنگیان داوەو چاوەڕوانی گۆرانکاری دەکەن نەوەک ئەو ژاوەژاوە سیاسییە، دەشڵێت "پێویستیان بە خوڵقاندنی قەیرانی تر نییە".
رەحمان کەوتنەوەی ئەو کەلێنە گەورەیەی نێوان یەکێتی و پارتی دەگەڕێنێتەوە بۆ غروری سیاسی لە نێوان هەردوو لەیەنەکە"هەردوو لایەنەکە ئەگەر وا مامەڵەبکەن ناگەن بە ئامانجێک کە لە قازانجی خەڵکدا بێت، یەكێتی بەغروری وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بێ رەزامەندی پارتی، لەو لاشەوە پارتی مەغرورە بەو زۆرینە پەرلەمانییەی کە هەیەتی، ئەوەش بە کەشی دانوستەکانەوە دیارە، ئەو دۆخە پێویستی بە خەڵکی زاناو راستگۆ هەیە رۆڵ بگێڕن لە دانوستەکاندا".
Your browser doesn’t support HTML5