دکتۆر لەتیف مستەفا: تەنانەت بیرکردنەوە لە خۆپیشاندان دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی خەڵک و داخستنی کەناڵەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردەوە کە تیایدا باس لەو پـێشێلکاریـیانە دەکرێت لە ماوەی ساڵی 2018 ڕوویانداوە.

مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەوتارێکی بەو بۆنەیەوە جەختی کردەوە کە ئازادی شتێک نیـیە حکومەتەکان بە میللەتەکانی خۆیانی ببەخشن، بەڵکو شتێکە لە شکۆمەندی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە.

لە ڕاپـۆرتەکە باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە نزیکە 200 وڵات و ناوچە کراوە، لەوانە عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا.ڕاپـۆرتەکە لە بارەی عێراق دەڵێت حکومەت هێشتا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی هەندێک لە هێزە ئاسایشیـیەکان بکات و بە تایبەتی لە نێو یەکەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێراندا.

لە بەشێکی ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش کراوە کاتێک حکومەتی عێراق سەرلەنوێ دەسەڵاتی خۆی سەپاندەوە بەسەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە پاش ڕیفراندۆمەکەی مانگی نۆی ساڵی2017 ڕاپـۆرت بە وەزارەتی دەرەوە گەیشتوون کە تیایدا باس لەو پـێشێلکاریـیانە دەکرێت کە لەلایەن هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراقەوە ئەنجامدراون، لەوانە حەشدی شەعبی.

ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات حەشدی شەعبی لە دەرەوەی یاسا و دادگا خەڵکیان کوشتووە. هەروەها یەکەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران منداڵ و نەوجەوانیان کردووە بە چەکداری خۆیان و لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کاریان پـێکردوون.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، دەڵێت لە نێو هێزەکانی پـێشمەرگە کەسان هەن پـێشێلکاریـیان کردووە و زۆربەی پـێشێلکاریـیەکان بەرامبەر ئاوارەکان کراون. دەشڵێت دەسەڵاتدارانی هەرێم لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردوون، بەڵام لە کۆتاییدا بەبێ تاوان دایانناون کە هەرچەندە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گومانیان لەو لێکۆڵینەوانە هەیە.

ئاسۆ جەبار بۆ زیاتر سەنگخستەنەسەر رەوشی مافەکانی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان وتوێژێکی تایبەتی سازکردووە لەگەڵ مامۆستای زانکۆ و یاساناس دکتۆر لەتیف مستەفا.

دکتۆر لەتیف دەڵێت: "رۆژ بە رۆژ ئەم دەسەڵاتە زیاتر ماف بەخۆی دەدات بۆئەوەی زیاتر مافەکانی مرۆڤ پێشێلبکات."

دەشڵێت "ئێستا تەنانەت بیرکردنەوە لەخۆپیشاندان دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی خەڵک و داخستنی کەناڵە رۆژنامەوانییەکان."

دکتۆر لەتیف پتر روونکردنەوە دەدات و دەڵێت "گرفتەکە لە جێبەجێنەکەردنی یاسادایە."، هاوکات "ئەو دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی نین، واتە دامەزراوەیی نین وەکو دەسەڵاتی حیزبی و کەسی زیاتر مامەڵە دەکەن بۆیە پابەند نین بە هیچ سنورێکەوە."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر لەتیف مستەفا