ئارێز عه‌بدوڵا: لە ناو یەکێتی و كوردستان ئاڕاستەیەک هەیە کە حکومەتی پارێزگاکان یا دوو ئیداره‌یی دروست بكرێت

ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عیراق

له‌ وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگه‌یاند" ئه‌وه‌ "عه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز" با پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان حكومه‌ت پێكبهێنێت بێ یه‌كێتی ئه‌وه‌ كه‌ی كێشه‌یه‌، ده‌شڵێت"من خۆم وه‌ سیاسه‌تی فه‌رمی یه‌كێتی-ش دژی دوو ئیداره‌ییه‌، یه‌كێتی له‌ ده‌سه‌ڵات بێت یا ئۆپۆزسیۆن بیركردنه‌وه‌ له‌ دوو ئیداره‌یی مه‌ترسیداره‌، به‌ڵام به‌ڕاستی له‌كوردستان به‌گشتی نه‌ك ته‌نها له‌ناو یه‌كێتی ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌ دوو ئیداره‌یی یا حكومه‌تی پارێزگاكان ئه‌گه‌ر زوو ڕێگه‌ی لێ نه‌گیرێت ڕه‌نگه‌ ببێته‌ ڕاستی، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" به‌ڕاشكاوی بڵێم له‌ناو یه‌كێتیدا ئاڕاسته‌یه‌كی باڵا ده‌ست هه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك مه‌رجه‌كانی پارتی قبوڵ نه‌كه‌ین، چونكه‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ش له‌ژێر فشارداین، به‌هۆی ئه‌و چه‌ند ساڵ پێكه‌وه‌ بون و هاوپه‌یمانیه‌ له‌گه‌ڵ پارتی چه‌ند زیانمان كردووه‌، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت " پارتی هیچ مه‌رجێكی نیه‌ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی 45كورسی هێنا ده‌یه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ له‌به‌رامبه‌ری بوه‌ستن بڵێن تۆ برا گه‌وره‌ی ئێمه‌ش ئه‌مره‌كانی تۆ جێ به‌جێ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ئه‌رزی واقیع و سیاسه‌تدا ئه‌و شته‌ بونی نیه‌، هه‌روه‌ها وه‌ڵامی وته‌كانی ئازاد جوندیانی له‌ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت"هیوادارم پارتی ئه‌و چاكه‌یه‌ بۆ كاك ئازاد جوندیانی له‌به‌ر چاو بگرن و بنوسن." هه‌روه‌ها وتی" كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌وشێوه‌ ئاسانه‌ نیه‌ كه‌ پارتی باسی ده‌كات چونكه‌ به‌ته‌نها هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ سیستمی حكومڕانی بۆته‌ په‌رله‌مانی به‌داخه‌وه‌ براده‌رانی گۆڕان زوو ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یان واژۆ كرد، ڕاشیگه‌یاند"ئێستا له‌ناو یه‌كێتی و پارتی-ش نیه‌تی ڕێككه‌وتن هه‌یه‌، دۆخه‌كه‌ ئارام بۆته‌وه‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر هه‌بوو زۆر زۆر كه‌م بۆته‌وه‌ وه‌ هیوادارین بۆ كۆبونه‌وه‌ی ئاینده‌ هه‌ر نه‌مێنێت"

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

"كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌و ئاسانیه‌ نیه‌ كه‌ پارتی باسی ده‌كات"

له‌باره‌ی داخوازی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ به‌شداری كردن له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵا وتی" باشه‌ ئێمه‌ وا به‌شداری پێكهێنانی حكومه‌تمان كرد، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌و شێوازه‌ ئاسانه‌ نیه‌ كارا ناكرێته‌وه‌ وه‌ك پارتی باسی ده‌كات، باشه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی چی ده‌بن؟ یه‌كسه‌ر دێت ده‌ڵێت با سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بخرێته‌وه‌ گه‌ڕ، به‌داخه‌وه‌ براده‌رانی گۆڕان زوو واژۆیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ كرد، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سیستمی حكومڕانیه‌وه‌ هه‌یه‌، چه‌ندین ساڵه‌ ئێمه‌ داوای سیستمی حكومڕانی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ین."

به‌ڵام خۆ ئێوه‌ داوای سیستمی په‌رله‌مانیتان ده‌كرد؟

ئارێز عه‌بدوڵا وتی" به‌ڵێ داوای ئه‌وه‌مان كردووه‌ چونكه‌ ئێستا یاساكه‌ به‌ركارنیه‌ تا سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێرن، وه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ سیستمی حكومڕانی بۆته‌ په‌رله‌مانی یه‌كێك له‌بنه‌ماكان هه‌لبژاردنی سه‌رۆكه‌ له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، ئه‌وی تر په‌یوه‌ندی به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێستا "ئه‌شكالیه‌تێك" له‌نێوان حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌."

" پارتی هه‌وڵده‌دات داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بۆ كه‌سه‌كان دابتاشرێن."

ئارێز عه‌بدوڵا باسی له‌وه‌كرد له‌كوردستان هه‌وڵده‌درێت داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بۆ كه‌سه‌كان دابتاشرێن ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵ نه‌دراوه‌ ئه‌و داموده‌زگایانه‌ به‌دامه‌زراوه‌یی بكه‌ن، وه‌ كه‌سه‌ شایسته‌كان بۆ ئه‌و پۆستانه‌ دیاری بكات."

وتیشی" پارتی ئه‌مجاره‌ش هه‌مان هه‌وڵده‌دات، بێگومان كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی پارتی، هه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕازی-ش بوو له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت بۆ ئه‌وه‌یه‌ پارتی ده‌یه‌وێت ئه‌و كێشه‌ و ململانێ نێوخۆییانه‌ی خۆی چاره‌سه‌ر بكات."

ئه‌ی ئێوه‌ چۆن ڕازی ده‌بن به‌كاربهێنرێن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ململانێی نێوخۆیی حیزبێكی تر وه‌ك خۆت ده‌ڵێی؟

ئارێز عه‌بدوڵا وتی" نا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌، ئێمه‌ وتومانه‌ به‌شداری پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین به‌ڵام ده‌بێت به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ بین نه‌بینه‌ پاشكۆ."

"به‌جیابونه‌وه‌ی گۆڕان له‌یه‌كێتی، هاوسه‌نگی هێز له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا تێكچوو"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌ی پارتی و یه‌كێتی چه‌ند ساڵه‌ چی بوون هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ نه‌بوون له‌كاتێكدا ڕێككه‌وتنی ستراتیژیتان هه‌بوو؟ ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌م جۆره‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی"من خۆم یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ (ڕێككه‌وتنی ستراتیژی) نه‌بووم، وه‌ دوای جیابونه‌وه‌ی گۆران له‌یه‌كێتی هاوسه‌نگی هێز له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی تێكچوو، به‌ند و خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ پێشێل كرا و زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان چووه‌ لای پارتی."

"ئه‌وه‌ عه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز با پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان حكومه‌ت پێكبهێنێت"

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ له‌ وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئازاد جوندیانی ڕاوێژكاری ڕوناكبیری و سیاسی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند" پارتی تا 4/1 چاوه‌ڕوان ده‌كات ئه‌گه‌ر یه‌كێتی سوربوو له‌سه‌ر دروستكردنی به‌ربه‌ست بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌وا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا ده‌كاته‌وه‌ و حكومه‌ت پێكده‌هێنێت."

به‌ڵام ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێت" یه‌كێتی به‌شدار بێت له‌ حكومه‌ت یا نا جه‌خت له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌ت به‌سه‌ر پارێزگا قایمقام و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێییه‌كان ده‌كاته‌وه‌، وه‌ ئێمه‌ پێمان باشه‌ له‌م قۆناغه‌دا یه‌كێتی به‌شدار بێت له‌حكومه‌ت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ كه‌ی كێشه‌یه‌ ئه‌وه‌ "عه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز" با پارتی بچێت له‌گه‌ڵ گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر حكومه‌ت پێكبهێنێت."

باشه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بێ یه‌كێتی پێكبێت ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت به‌سه‌ر سلێمانیدا؟ ئارێز عه‌بدوڵا وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌م جۆره‌ بوو" ده‌بێت بیبێت به‌ڵام به‌بۆچونی من هیچ له‌بابه‌ته‌كه‌ ناگۆڕێت، چونكه‌ وه‌ك ئێستا كاك نێچیر چه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌ یا كاك قوباد به‌سه‌ر بادینان هه‌روا ده‌بێت ."

ئه‌ی چی ڕووده‌دات؟ ئارێز عه‌بدوڵا وتی" هیچ ئه‌وپه‌ڕی دژی ده‌بین ، یا ده‌نگی پێناده‌ین، به‌ڵام ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی كه‌ كۆبونه‌وه‌ ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ تاوتوێ بكه‌ن به‌بێ یه‌كێتی حكومه‌ت پێكبێت خراپترین حاڵه‌ت چیه‌؟ وه‌ باشترینی چیه‌؟ ڕاسته‌ له‌ ڕووی پره‌نسیبیه‌وه‌ ئاساییه‌ حكومه‌ت بێ یه‌كێتی پێكبهێنرێت به‌ڵام به‌ بۆچونی من تا بێ لایه‌نكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش پێویسته‌ حكومه‌ت بێ یه‌كێتی یا پارتی پێكنه‌هێنرێت."

"له‌ناو یه‌كێتی ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌رجه‌كانی پارتی قبوڵ نه‌كه‌ین"

ده‌رباره‌ی مه‌رجی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر تا 4/1 یه‌كێتی ڕازی نه‌بێت ئه‌وه‌ پارتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا ده‌كاته‌وه‌ و حكومه‌ت پێكده‌هێنێت."

ئارێز عه‌بدوڵا وتی" با پێكی بهێنن، به‌ڕاشكاوی بڵێم له‌ناو یه‌كێتیدا ئاڕاسته‌یه‌كی باڵا ده‌ست هه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك مه‌رجه‌كانی پارتی قبوڵ نه‌كه‌ین، چونكه‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ش له‌ژێر فشارداین، به‌هۆی ئه‌و چه‌ند ساڵ پێكه‌وه‌ بون و هاوپه‌یمانیه‌ له‌گه‌ڵ پارتی چه‌ند زیانێكمان كردووه‌ جگه‌ له‌كوردستان ئه‌وه‌تا چه‌ند مانگه‌ له‌به‌غداد جگه‌ له‌وه‌ی خۆی ده‌نگ نادات به‌ كاندیدێكی ئێمه‌ بۆ پۆستی وه‌زاره‌ت، ڕێگه‌ش نادات به‌لایه‌نه‌كانی تر."

" پارتی دوای ئه‌وه‌ی 45كورسی هێنا ده‌یه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ له‌به‌رامبه‌ری بوه‌ستن بڵێن تۆ برا گه‌وره‌ی، هیوادارم پارتی ئه‌و چاكه‌یه‌ بۆ كاك ئازاد جوندیانی بنوسن"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پارتی چ مه‌رجێكی بۆ یه‌كێتی هه‌یه‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا وتی" پارتی هیچ مه‌رجێكی نیه‌ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی 45كورسی هێنا ده‌یه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ له‌به‌رامبه‌ری بوه‌ستن بڵێن تۆ برا گه‌وره‌ی ئێمه‌ش ئه‌مره‌كانی تۆ جێ به‌جێ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ئه‌رزی واقیع و سیاسه‌تدا ئه‌و شته‌ بونی نیه‌."

ئارێز ئه‌وه‌شی وت" هیوادارم پارتی ئه‌و چاكه‌یه‌ بۆ كاك ئازاد جوندیانی له‌به‌ر چاو بگرن و بنوسن." ئازاد جوندیانی دوێنێ له‌ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند پارتی برا گه‌وره‌یه‌ له‌كوردستان."

"ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی دوو ئیداره‌ یا حكومه‌تی پارێزگاكان"

ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری دوو ئیداره‌یی له‌ كوردستان؟ ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (ئارێز عه‌بدوڵا) وتی" به‌ڕاستی من خۆم دژی دوو ئیداره‌یم، یه‌كێتی له‌ ده‌سه‌ڵات بێت یا ئۆپۆزسیۆن بیركردنه‌وه‌ له‌ دوو ئیداره‌یی مه‌ترسیداره‌، به‌ڵام به‌ڕاستی له‌كوردستان به‌گشتی نه‌ك ته‌نها له‌ناو یه‌كێتی ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌ دوو ئیداره‌یی یا حكومه‌تی پارێزگاكان ئه‌گه‌ر زوو ڕێگه‌ی لێ نه‌گیرێت ڕه‌نگه‌ ببێته‌ ڕاستی."

له‌ناو یه‌كێتی باسی بژارده‌ی حكومه‌تی پارێزگاكان كراوه‌؟

ئارێز عه‌بدوڵا وتی" به‌فه‌رمی له‌ناو كۆبونه‌وه‌ باس نه‌كراوه‌ چونكه‌ سیاسه‌تی فه‌رمی یه‌كێتی دژی دوو ئیداره‌یی یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك حكومه‌ته‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتی به‌شێوه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌نراو هه‌یه‌ وه‌ له‌كوردستانیش هه‌ستی پێده‌كرێت."

"هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو ئێمه‌ و گۆڕان ده‌مانتوانی بێ پارتی حكومه‌ت پێكبهێنن خه‌ڵكی تریش پشتیوانی لێده‌كردین"

ئارێز عه‌بدوڵا له‌ قسه‌كانیدا جه‌ختی كرده‌وه‌" یه‌كێتی له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی حكومه‌ت پێكبهێنن و ئه‌م قۆناغه‌ ڕاگوزاره‌ تێپه‌ڕێنن."

ڕاشیگه‌یاند" هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو ئێمه‌ و گۆڕان پێكه‌وه‌ 42 كورسیمان هه‌بوو ده‌مانتوانی بێ پارتی حكومه‌ت پێكبهێنین وه‌ خه‌ڵكی تریش داوای لێده‌كردین به‌ڵام ئێمه‌ زانیمان وڵاته‌كه‌ به‌ڕێوه‌ناچێت بۆیه‌ نه‌مانكرد ئێستاش پارتی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو گرتووه‌ بۆیه‌ تا ئێستا حكومه‌تی پێكنه‌هێناوه‌، نایشارمه‌وه‌ له‌ڕووی پڕانسیبه‌وه‌ ده‌كرێت حكومه‌ت بێ یه‌كێتی یا پارتی پێكبهێنرێت به‌ڵام به‌ڕاستی له‌ڕووی كرداریه‌وه‌ قورسه‌ قسه‌ شتێكه‌ و كردار شتێكی تر."

"ئێستا ناكۆكیه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی زۆر زۆر كه‌موبونه‌ته‌وه‌"

ئارێز عه‌بدوڵا له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ وتی" ئێستا له‌ناو یه‌كێتی و پارتی-ش نیه‌تی ڕێككه‌وتن هه‌یه‌، دۆخه‌كه‌ ئارام بۆته‌وه‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر هه‌بوو زۆر زۆر كه‌م بۆته‌وه‌ وه‌ هیوادارین بۆ كۆبونه‌وه‌ی ئاینده‌ هه‌ر نه‌مێنێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئارێز عه‌بدوڵا Mar. 21-019