لە پاش نزیکەی شەش مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کەچی هێشتا حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پـێکنەهاتووە.
ناکۆکیـیەکە لە ئێستادا لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە بە مەرج و داواکاری یەکتر قایل نابن. هەرچەندە حکومەتی هەرێم لە ڕووی یاسایـیەوە حوکمڕانی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام ڕاستیـیەکی حاشە هەڵنەگرە دوو زۆنی دەسەڵات لە هەرێمەکەدا هەیە کە وەک زۆرێک پـێی دەڵێن زۆنی زەرد و زۆنی سەوز. بۆیە بەبێ ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی ناکرێت حکومەتێک لە هەرێمەکەدا هەبێت کە دەسەڵاتی بەسەر تەواوی هەرێمەکەدا هەبێت.
ئەمە بابەتی بەرنامەی هەلەو واشنتنی ئەم هەینیـیە بوو کە یەحیا بەرزنجی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەی برد و میوانەکان ئەم بەڕێزانە بوون:
ستران عەبدوڵڵا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ.
ڕێبوار کەریم وەلی، نووسەر لە تۆڕی میدیای ڕووداو.
Your browser doesn’t support HTML5