لە دوای روداوی نوقوم بوونی قەیاخەکەی شاری موسڵ لە روباری دیجلە و گیان لەدەست دانی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی و دیار نەمانی ژمارەیەکی تر، پەرلەمانی عێڕاق بڕیار لابردنی پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەکەی دا. پەرلەمانتار دکتۆر رێبوار کەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەکو سەربەخۆیەک لە بەشی نەتەوەی کورد بەراورد دەکات لە کاری پەرلەمانتاری لە عێراق و کوردستان. لەسەر دوا پەرەسەندنی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێڕاق لەمەڕ روداوەکەی موسڵ دەڵێت "بڕیاری تریش دراوە بە رێگری کردن لە سەفەری ئەو بەرپرسانەو بە دادگا گەیاندنی کەمتەرخەمەکان لەسەر ئاستئ بەرپرسانی باڵاو بەرپرسە لۆکاڵییەکانی شوێنە گەشتیارەکان، لەوانەی ئاسایشی ئەو شوێنەیان بەدەستەوەیە تا خاوەنی پرۆژەکەو کارمەندانی تر."
پەرلەمانی عێڕاق پەرلەمانێکی چالاک دەردەکەوێت لە چاو ساڵانی رابردوو، بە بەراورد بە هەرێمی کوردستان کە پێشتر سیستمی پەرلەمانی بەڕێ کردووە، بەڵام تاکو ئێستا ئەو پەرلەمان نەیتوانیوە کارێکی وا بکات و داوای دەست لە کارکێشانەوەی هەندێ بەرپرس بکات لە کاتی سەرهەڵدانی هەر ئاریشەیەکدا، رێبوار وتیشی "پەرلەمانی عێراق بە تایبەتی لەم خولەدا زۆر چالاکترە، چونکە زۆرێک لە خوێنی تازەی تیایەو هەندێکیان لە نێو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە هەڵقوڵاون، لێرەش هەندێ حیزبی تەقلیدی هەن کە دەیانەوێ پەرلەمان بە خواستی ئەوان هەڵسوکەوت وبڕیار بدەن، بەڵام ئێستا قۆناغەکە جیاواز ترە لە زۆر پرسدا بە پێچەوانەی حیزبەکانیان بڕیار دەدەن، بەڵام لە کوردستان گومانم هەیە کە سیستمێکی پەرلەمانیمان هەبێت، ئومێدەوارم ئەم خولەی پەرلەمان وا نەبێت، بەڵام هیچ ئاسۆیەکیش نابینم، سیستمی پەرلەمان بەتەنها ناو نییە ناوەرۆکیشە."
Your browser doesn’t support HTML5