دکتۆر غالب موحەمەد: حکومەتی هەرێم حکومەتێکی فاسیدە

دکتۆر غالب محەمەد وەک ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، لە داواکاری گشتی بەغداد سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار کردووە، بە هۆکاری ئەوەی تاوەکو ئێستا بەم مانگی پێنجەوە 4 موچە رەوانی هەرێم کراوە، بەڵام ئەوان دوو موچەیان داوە بە فەرمانبەران، بەپێی وتەی ئەم پەرلەمانتارە"حکومەتی هەرێم کاری نایاسایی کردووە، چونکە ئەو پارەیە بۆ موچەی خەڵکە، نەوەک بۆ خۆیانی بەکاربێنن."

مەسەلەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە لای ئەم پەرلەمانتارەوە، شەڕێکی دورودرێژ بووە "یەک مانگ لە بەغداد ماینەوە تا لە بودجەی ساڵی 2019 بەشی موچەی فەرمانبەران لەو کەین وبەینەی هەرێم و بەغداد جیا کەینەوە، ئێستا پارەکە دەنێرن بەڵام واش حکومەتی هەرێم نایگێڕێتەوە بۆ خەڵکەکە، بە ڕاستی حکومەتی هەرێم حکومەتیکی فاسیدە."

ئەم پەرلەمانتارە دوای تۆمار کردنی سکاڵا، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لە لیدوانێکی رۆژنامەوانی سەبارەت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران پێش جەژنی رەمەزان، ئاماژەی بەوەداوە کە 5 موچە هاتووە.

ئەندام پەرلەمانتارەکەی بەغداد لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەو پارەیە موچە و قووتی خەڵکە ناکرێت بۆ هیچی تر بەکار بێت، لەبەر ئەوە سکاڵام تۆمار کردووە"، لە وەڵامی پرسیارێکدا بۆچی سکاڵاکەی لە دادگاکانی هەرێم تۆمار نەکردووە، وتی "دادگاکانی هەرێم سەربەخۆ نین و پارتی و یەکێتی بە تەواوەتی دەستیان بە دادگاکان دەگات، لە رابردووش سکاڵامان لەوێ کردووەو ئاکامی نەبووە."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر غالب محەمەد