"سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان به‌رپرسیار ده‌بێت نه‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵك و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك،شتێكی سه‌یره‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا "

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی-

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌له‌هه‌مانكاتدا سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی-یه‌ له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم بێگومان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌ڵام با خه‌ڵك بزانێت كه‌ ئێمه‌ به‌شێك نین له‌م پڕۆسه‌ ناڕێك و ناته‌واوه‌ی كه‌سه‌رۆك به‌رامبه‌ر هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك و په‌رله‌مان و خه‌ڵك به‌رپرس نیه‌، سه‌باره‌ت به‌بڕیاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌باره‌ی به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت یا به‌شداری نه‌كردن، عه‌بدولستار مه‌جید ده‌ڵێت" ئێمه‌ ئێستا زیاتر به‌لای ئۆپۆزسیۆنداین به‌ڵام هه‌ركات ئه‌وكه‌سه‌ی ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت سه‌ردانی كردین ئه‌وكات قسه‌ی خۆمان ده‌بێت، ده‌شڵێت" پارتی به‌شێوازی جیا جیا باسی كردووه‌ به‌شداری كردنی حكومه‌تی له‌گه‌ڵ كردوین، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و شێوازه‌ جیا جیانه‌مان قبوڵ نه‌بووه‌، پێمان وتوون چۆن ده‌ڵێین حه‌زده‌كه‌ین به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن و لیژنه‌ی هونه‌ری له‌نێوانمان پێكبهێنرێت، ئه‌وانه‌ بكه‌نه‌ فه‌رمی هه‌روه‌ك چۆن هه‌نگاوتان بۆ لای گۆڕان و یه‌كێتی نا ئاواش هه‌نگاو بۆ لای كۆمه‌ڵ بنێن و به‌ڕاشكاوی سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بكه‌ن و به‌ڕاشكاویش بڵێن ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكات ئه‌وكات ئێمه‌ش قسه‌ی خۆمان-تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین."

"ده‌نگ به‌هیچ كاندیدێك ناده‌ین"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا عه‌بدولستار مه‌جید ده‌ڵێت" ئێمه‌ كاندیدمان نیه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌نگیش به‌هیچ كاندیدێكی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ناده‌ین، چونكه‌ ده‌نگمان به‌هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نه‌دا سه‌رنجی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ هه‌بوو، لانی كه‌م ده‌مانویست سیستمی په‌رله‌مانی له‌م یاسایه‌دا ڕه‌نگبداته‌وه‌، زه‌قترین خاڵی سیستمی په‌رله‌مانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌رۆك به‌رامبه‌ر به‌ په‌رله‌مان به‌رپرسیار بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ نه‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان به‌رپرسیاره‌ نه‌به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵك واته‌ شتێكی سه‌یره‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ نه‌ كاندیدمان هه‌یه‌ نه‌ده‌نگیش به‌هیچ كاندیدێك ده‌ده‌ین چونكه‌ ئه‌و یاسایه‌ به‌شایسته‌ نابینین بۆ كوردستان."

"ئێمه‌ به‌شێك نین له‌و پڕۆسه‌ ناڕێك و ناڕوونه‌ی..."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌واته‌ ئێوه‌ ئه‌و كاندیده‌ی ده‌رچوو به‌سه‌رۆكی هه‌رێمی ده‌زانن؟ سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی" بێگومان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌ڵام با خه‌ڵك بزانێت كه‌ ئێمه‌ به‌شێك نین له‌م پڕۆسه‌ ناڕێك و ناته‌واوه‌ی كه‌سه‌رۆك به‌رامبه‌ر هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك به‌رپرس نیه‌."

وتیشی" وه‌ك ڕابردوو بۆ له‌مه‌دواش هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌م دامه‌زراوه‌ و دامه‌زراوه‌كانی تر هه‌بێت ئێمه‌ قسه‌ی خۆمان بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌ین."

"هه‌ندێك جار قسه‌ له‌زۆر كرده‌وه‌ گه‌وره‌تره‌"

واته‌ ئێوه‌ هه‌ر قسه‌تان له‌ده‌ست دێت بۆ له‌مه‌ودوا؟

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" زۆرجار هه‌ندێك قسه‌ له‌ زۆر كرده‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، ده‌قی ئه‌و فه‌رموده‌یه‌ی "پێغه‌مبه‌ر -د-خ" "كه‌ده‌فه‌رموێت" گه‌وره‌ترین جیهاد وتنی وشه‌یه‌كی "حه‌قه‌" له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مكاردا.) گه‌نده‌ڵی و نایاسایی و یاسا شكێنی هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ سته‌مكاری ده‌زانین و قسه‌ی خۆمان ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین."

"پارتی به‌شێوازی جیا جیا باسی كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و شێوازه‌ جیا جیانه‌مان قبوڵ نه‌بووه‌"

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری به‌شداری كردنی حیزبه‌كه‌ی له‌حكومه‌ت یاخود به‌شداری نه‌كردن؟ سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ هیچ شتێكی تازه‌مان نیه‌ له‌ڕابردوو چیمان وتووه‌ ئێستاش هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێین پێمان وایه‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی ئێمه‌ گرتومانه‌ته‌ به‌ر بۆ به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت یا نا ئه‌وه‌ ڕێگه‌یه‌كی ته‌ندروست و جیهانیه‌، ڕێگاكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر حیزبێك به‌شداری هه‌ڵبژاردنی كرد ئه‌گه‌ر به‌زۆرینه‌ ده‌سه‌ڵاتی نه‌گرته‌ ده‌ست ئه‌وا به‌شداری ده‌سه‌ڵات ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوو واتای خۆی "به‌ته‌بیعه‌ت" حیزبه‌كه‌ ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن."

وتیشی" ئێمه‌ ئێستا زیاتر به‌ره‌و لای ئۆپۆزسیۆنین، به‌ڵام هه‌ركاتێك ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاسپێرا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كه‌سه‌ردانی حیزبه‌كانی كرد ئه‌گه‌ر سه‌ردانی ئێمه‌-شی كرد و به‌رنامه‌ی خۆی خسته‌ڕوو ئه‌وكات ئێمه‌ش قسه‌ی خۆمان ده‌بێت.بۆیه‌ هه‌ڵوێستمان ئاشكرا ناكه‌ین كێ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی ڕاده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ماوه‌ی مانگێكدا كه‌ماوه‌ی یاساییه‌ حكومه‌تی بۆ پێكدێت؟"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا تا ئێستا پارتی به‌فه‌رمی داوای به‌شداری كردنی له‌ حكومه‌ت لێنه‌كردوون؟

عه‌بدولستار مه‌جید وتی" پارتی به‌شێوازی جیا جیا باسی به‌شداری كردنی حكومه‌تی له‌گه‌ڵ كردوین كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و شێوازه‌ جیا جیانه‌مان قبوڵ نه‌بووه‌، پێمان وتوون چۆن ده‌ڵێین حه‌زده‌كه‌ین به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن و لیژنه‌ی هونه‌ری له‌نێوانمان پێكبهێنرێت، ئه‌وانه‌ بكه‌نه‌ فه‌رمی هه‌روه‌ك چۆن هه‌نگاوتان بۆ لای گۆڕان و یه‌كێتی نا ئاواش هه‌نگاو بۆ لای كۆمه‌ڵ بنێن و به‌ڕاشكاوی سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بكه‌ن و به‌ڕاشكاویش بڵێن ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكات ئه‌وكات ئێمه‌ش قسه‌ی خۆمان-تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین."

وتیشی" تا ئێستا داوای فه‌رمی-مان به‌شێوازی جیا جیا لێكراوه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و شێوازانه‌مان پێ گونجاو نه‌بووه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا باس ده‌كه‌م ئه‌وه‌مان پێ گونجاو بووه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ عه‌بدولستار مه‌جید MAY 28-2019