تادێت ئاڵۆزی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو توندبوونەوە دەچێت، بە تایبەتی لە نێوان ئەو دوو لایەنە سەرەکییەی هەرێمەکەیان بەدەستەوەیە، پارتی و یەکێتی کە هەر لایەکیشیان لەشکرێک لە راگەیاندکاریان بەدواوەیەوە و ئەو هەموو ماڵپەرو پێگە کۆمەڵایەتیانە، زۆربەشیان فوو بەو بارگرژیانەدا دەکەن، سەرەڕای لێدوانی بەرپرسەکانی هەردوولا.
لەم بارەیەوە رۆژنامەوانی دیار کە ماوەیەکی زۆریش پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە بووە، ئەیوب رەزا دەڵێت "حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستان وورد بووەتەوە بۆ ناو تەواوی کۆمەڵگاکە، هەر بارگرژی و ناکۆکی نێوان ئەو حیزبانە، وورد دەبێتەوە بۆ ناو تاکەکانی نێو کۆمەڵگا، نێوانی پارتی و یەکێتی ئەوەندە خراپە بۆنی ژەهراوی دوو ئیدارەیی لێدەکرێت."
لە بەشێکی تری وتوێژەکە قسە لەسەر بابەتی کەرکوک کراوەو روداوەکانی دوای 16 ئۆکتۆبەر کە لە نێو کورد وەک شکستێک بۆ کورد ناوزەد دەکرێت و بە ئێستاشەوە بووەتە بابەتێکی شەڕی راگەیاندنی نێوان هەردوو لایەنەکە، لەو بارەیەوە ئەیوب رەزا پێی وایە سەرکردایەتی کورد لەوەشدا هەلەیەکی گەورەیان کرد "سەرکردایەتی کورد دەبوو خەڵکی خۆیان لەوە ئاگادار بکردایەتەوە، کە بەهۆی مەترسی داعشەوەو نەمانی هێزی عێڕاقی بە شێوەیەکی کاتی دەچنە ئەو ناوچانەی کە بە کێشە لەسەر ناودەبرێت، بۆ پاراستنی خەڵکەکەی، چونکە بە پێی دەستوور کەرکوک هێشتا یەک لا نەبۆتەوە کە سەر بەهەرێمە یان بەغدا، ئەوە هەڵەیەکە کە ئێستا وای کردووە خەڵکی کورد لەو ناوچانە خۆی بە نمرە دووی هاوڵاتی ببینێت، لە رویەکی تریشەوە بەرکەوتەکانی دوای ریفراندۆم زیانی زۆری بە پێگەی کورد گەیاندووەو ئەو پشتیوانییە نێو دەوڵەتییەی لە کورد دەکرا، ئێستا گۆڕاوەو ئەو دۆسییە گەندەڵیان دەخرێنە روو کە لە لایەن هەندێک لەسەرکردەی کوردەوە کراوە، جاران وڵاتانی زلهێزو ئەوروپاش رووی کوردیان ماکیاژ دەکرد، ئێستا سەردەمێکی ترە رووی کوردیان هەڵماڵیوە."
Your browser doesn’t support HTML5