سەردانی مەسرور بارزانی بۆ شاری سلێمانی

Slemani PDK & PUK

بە مەبەستی ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سەرۆکی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ چەند لایەنێکدا کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێک کە پێکهاتبوون لە (فرسەت سۆفی، هێمن هەورامی، ئومێد خۆشناو) سەردانی هەریەک لە بارەگای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆشیالیستی کوردستانیان کرد.

لە سەردانەکەیاندا بۆ لای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەگەڵ هەریەک لە (عیماد ئەحمەد، لاهووری شێخ جەنگی، ڕەفعەت عەبدوڵا، عەدنانی حەمەی مینا و لەتیف شێخ عومەر)دا کۆبوونەوە ودواتر هەریەک لە مەسروور بارزانی و عیماد ئەحمەد بۆ میدیاکان دوان و مەسروور بارزانی وتی "بۆ درووستکردنی لێکتێگەشتن و ئامادەکردنی سی ڤی کاندیدی لایەنە سیاسییەکان بۆ پۆستەکانی حکومەت سەردانی سلێمانیمان کردووە."

لای خۆیەوە عیماد ئەحمەد وتی "ئێمە ئیتیفاقییەیەکمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە و بەندەکانی جێبەجێدەکەین و هیوادارین حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی بەهز بێت بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان."

دواتر مەسروور بارزانی سەردانی بارەگای حزبی سۆشیالیستی کرد و لەوێدا ئاماژەی بەوەدا کە "بەهۆی دەستپێکردنی پشووی پەرلەمانەوە لە ١ی ٧، هیوادارین پێش ئەو وادەیە ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت تەواو ببن، خۆ ئەگەر زیاتری خایاند، پەرلەمان پێویستە کۆبوونەوەی نائاسایی ببەستێت."

سەردانی شاندی پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ڕاسپێردراو مەسروور بارزانی بۆ سلێمانی بە سەردانکردنی بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی پێهات. ئەمە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی گۆڕان زیاد لە مانگێکە سی ڤی وەردەگرێت لە هەڵسووڕاوانی بە مەبەستی کاندیدکردنیان بۆ وەزارەتەکانیان و وا بڕیارە دوای کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کاندیدەکانیان دیاریبکەن.

ئەمە یەکەم سەردانی مەسروور بارزانییە بۆ شاری سلێمانی بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەت و ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و وا چاوەڕواندەکرێت سەردانی تری بەدوادا بێت.