ئێڤار ئیبراھیم: ھیچ ئومێدێکم بە بزووتنەوەی گۆڕان نەما

ئێڤار ئیبراھیم، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی گۆڕان دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند و لەم گوتووێژەی دەنگی ئەمریکادا لە بارەی دەستلەکارکێشانەوەکەی گوتی:

من وازم لە سیاسەت نەھێناوە، بەردەوامم لە کاری سیاسی بەڵام وازم لە حزبایەتی ھێناوە و وە من پێموایە کە دەبێت ھەمیشە ھەوڵبدەین سیاسەت بکەین. دەشڵێ: بەداخەوە بە گشتی لە ھەرێمی کوردستان من لە زۆربەی حزبە سیاسییەکان بێئومێد بووم و دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009، ئۆپۆزیسیۆنبوونی بزووتنەوەی گۆڕان جوانترین نموونەی داھێنان بوو، لەبەر ئەوەی لە رابردوودا خەڵکی کوردستان کێشەی زۆر و بێزار بوو لە دەست دەسەڵاتی ھەرێم، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخی بزووتنەوەکە لە ناوخۆ و لە پێگەی جەماوەریش بە باش نابینم، چونکە بزووتنەوەی گۆڕانیش نەک خەریکە بە بنەماڵەیی دەکرێت، بەڵکو بە بنەماڵەیی کراوە.

ئێڤار ئیبراھیم لەم بارەیەوە قسەی زۆرتری ھەیە و دەڵێ : من لە ناو ھەر حزبێکدا بووبم، خیانەتم لێنەکردووە، بەڵام ھیچ ئومێدێکم بە بزووتنەوەی گۆڕان نەماوە و ئیدی گۆڕان ناتوانیت چاکسازی لە ھەرێمی کوردستاندا بکات و تەنانەت ناتوانێ دۆخی خراپی ناوخۆیی خۆیشی چارەسەر بکات، بۆیە من رێگەی دیکەم ھەڵبژاردووە و تەنیا منیش نیم وازم لە بزووتنەوەکە ھێناوە، بەڵکو نزیکەی 70٪‏ ی ھاوڕێكانم لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و ئەندامانی بزووتنەوەکە، وازیان ھێناوە و لە ماڵی خۆیاندا دانیشتوون و بێدەنگییان ھەڵبژاردووە.

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەیش کە ئایا دوای گۆڕان دەچێتە ناو ھیچ حزبێکی دیکەوە گوتی: بە دڵنیاییەوە ناچمە ناو ھیچ حزبێکی دیکەوە، من ھیچ بڕوایەکم بە حزبە سیاسییەکانی کوردستان نییە و بۆیە لە ئێستادا خەریکی کاری بازرگانییم کە کوتاڵفرۆشییە و بە شانازییەوە ئەم کارە دەکەم و لە پاڵ ئەوەیشدا بەردەوام دەبم لە کاری سیاسی.

تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ئێڤار ئیبراھیم