ئارێز عه‌بدوڵا: بەدڵنیاییه‌وه‌ یەكێتی بەبێ پەسەندكردنی ناوی كاندیدێكی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن پارتییەوە بەشداری له‌حكومەتدا ناكات

ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عیراق

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئارێز عه‌بدوڵا Jun 18-019

له‌وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان باس له‌ پرسی به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتی له‌حكومه‌تی هه‌رێم به‌بێ په‌سه‌ندكردنی ناوی كاندیدێكی یه‌كێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌شداری له‌حكومه‌تدا نه‌كات حكومه‌تێكی سه‌رتاسه‌ری له‌هه‌رێم دروست نابێت و ده‌بێته‌ حكومه‌تی دوو پارێزگا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پارێزگای سلێمانیدا نابێت" كه‌بڕواناكه‌م "پارتی له‌به‌ر په‌سه‌ندكردنی ناوی كه‌سێك ئه‌مه‌ بكات."

"هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌ پێشتر بڕیار دراوه‌ كه‌ وابێت وه‌ سوریشین له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆمان."

لەسەرەتای وتوێژەکەدا ئارێز عەبدوڵا جەخت دەکاتەوە یەکێتی سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرسی بەستنەوەی بەشداری کردنی یەکێتی نێستمانی کوردستان بە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک، لەو ڕوەوە وتی" ڕێککەوتنمان بۆ بەشداری کردن لە حکومەت کۆتایی هاتووە، بەڵام بەدڵنیایی یەکیتی سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەوەی بەشداری کردنی لە حکومەت پەیوەستە بەچارەسەرکردنی پرسی کەرکوک و پەسەندکردنی ناوی یەکێک لەو کاندیدانەی کە ئێمە پێشکەشمان کردووە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام بەبێ ڕەزامەندی پارتی لەسەر کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و به‌شداری كردنی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تدا من پێم وابێت جگە لە جێ بەجێ کردنی بەرنامەی تایبەتی لایەنێک هیچ شتێکی تر نیە بۆیە یەکێتی سورە وە سوریش دەبێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە بەبێ پەسەندکردنی کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەشداری لەحکومەتدا ناکات."

وتیشی" به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێتی به‌شداری له‌ حكومه‌تدا ناكات به‌بێ په‌سه‌ندكردنی ناوی یه‌كێك له‌كاندیده‌كانی بۆ پۆستی پارزگاری كه‌ركوك، ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌ پێشتر بڕیار دراوه‌ كه‌ وابێت وه‌ سوریشین له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆمان."

"هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌سه‌ر ناوی كاندیدێك نه‌كراوه‌"

دوێنێ دووشه‌ممه‌ له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌ی وتبوو" "كاك مه‌سعود و كاك كۆسره‌ت" له‌سه‌ر فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ڕێككه‌وتبوون بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ڵام دواتر یه‌كێتی په‌شیمان بوه‌وه‌."

ئارێز عه‌بدوڵا ڕه‌تیكرده‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتن له‌ نێوان مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ كرابێت له‌سه‌ر (فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر) بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی." به‌هیچ جۆرێك ڕێككه‌وتنی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌كراوه‌ له نێوان ."كاك مه‌سعود و كاك كۆسره‌ت." له‌سه‌ر ."كاك فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر." بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، ڕاسته‌ باسی لێكراوه‌ به‌ڵام ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ هه‌روه‌ك "كاك كۆسره‌ت" له‌ ڕونكردنه‌وه‌كه‌ی خۆی باسی لێوه‌كردووه‌، وه‌ ئێستاش "كاك كۆسره‌ت " ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ریه‌كێك له‌و كاندیدانه‌ی كه‌ پێشتر دیاریكراون بیبڕێنێته‌وه‌ و یه‌كلایی بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ "كاك مه‌سعود" هیچ گرفتێكمان له‌و باره‌یه‌وه‌ نیه‌. "

مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وتبوو" ده‌بێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك كاندیدی پارتی و یه‌كێتی بێت."

ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر پارتی بۆی بچێته‌ سه‌ر له‌هه‌موو شوێنه‌كان هه‌مان هه‌ڵوێستی ده‌بێت، ئه‌و له‌شوێنێك كه‌خۆی زۆرینه‌ بێت به‌هیچ جۆرێك ماف به‌ ئێمه‌ نادات كه‌ به‌شدار بین وه‌ له‌شوێنێكیش كه‌ ده‌ستی بڕوات به‌هیچ جۆرێك له‌سه‌ر مافی خۆی باز نادات ئێمه‌ پێمان باشه‌ ئه‌و كاندیده‌ی ئێمه‌ دیاریده‌كه‌ین پارتی-ش له‌سه‌ری ڕه‌زامه‌ند بێت وه‌ به‌هه‌موو لایه‌كمان پشتیوانی بین ئه‌وه‌ كێشه‌مان نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و (پارتی) له‌موسڵ هیچ پرسی به‌ ئێمه‌ نه‌كرد چوو له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و لایه‌نه‌كانی تر ڕێككه‌وت بۆ وه‌رگرتنی پۆستی جێگری پارێزگاری موسڵ و قایمقام، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وێ ئه‌وان زۆرینه‌ن به‌ڵام له‌ كه‌ركوك كه‌ یه‌كێتی زۆرینه‌یه‌ كۆسپی ده‌خاته‌ به‌ر ."

"ئێستا پارتی هیچ كورسیه‌كی نیه‌ خۆ ئه‌گه‌ر به‌شداریشی بكردایه‌ هه‌ر یه‌ك كورسی ده‌هێنا "

ئه‌ی ئێوه‌ بۆ خۆتان (وه‌ك یه‌كێتی) یه‌كلایی ناكه‌نه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌كه‌ركوك كه‌ ده‌ڵێن زۆرینه‌ین له‌وێ؟

له‌وه‌ڵامدا ئارێز عه‌بدوڵا وتی" ئێمه‌ له‌ڕووی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ زۆرینه‌ین له‌كه‌ركوك وه‌ له‌دواین جاردا كورسیه‌كانی یه‌كێتی به‌ ئه‌ندازه‌ی كورسیه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمانه‌ كه‌ 12 كورسیه‌ شه‌ش كورسی هی یه‌كێتیه‌، ئێستا پارتی هیچ كورسیه‌كی نیه‌ خۆ ئه‌گه‌ر به‌شداریشی بكردایه‌ هه‌ر یه‌ك كورسی ده‌هێنا گرنگ نیه‌ ئه‌وه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كاتی خۆی له‌گێل پارتی یه‌ك لیست بوین له‌ لیستی برایه‌تی به‌بێ به‌شداری ئه‌ندامانی پارتی له‌و لیسته‌ ڕێژه‌ی یاسایی ته‌واو نابێت پارتی ئه‌وه‌ی به‌ده‌رفه‌ت زانیووه‌ كه‌ كۆسپ بخاته‌ به‌رده‌م یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك كاندید بكات."

باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ نه‌بوایه‌ یه‌كێتی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی به‌بێ پارتی یه‌كلایی ده‌كرده‌وه‌؟

ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێت" جارێ ئه‌و هۆكاره‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ناتوانین قسه‌ی لێ بكه‌ین ئه‌گه‌ر نه‌بوایه‌ نازانم چۆن ده‌بوو به‌ڵام ئێستا هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێین ده‌بێت پارتی به‌شدار بێت، ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كرێت ئه‌وكات كێ زۆرینه‌ی هێنا ئه‌و ده‌توانێت پارێزگا دابنێت به‌ڵام ئێستا دوو بابه‌تی مه‌ترسیدار هه‌یه‌ یه‌كه‌میان بابه‌تی "ته‌عریب" له‌كه‌ركوك ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌ و فشار بۆ سه‌ر كورد زیادی كردووه‌ ده‌غڵ و دانیان ده‌سوتێنرێت، وه‌ ساڵی داهاتوش سه‌رژمێری له‌كه‌ركوك ده‌ست پێده‌كات ئه‌گه‌ر كورد زۆرینه‌ نه‌بێت ئه‌وا گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی تێده‌كه‌وێت، بۆیه‌ سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی و هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بێ دروستكردنی هیچ كۆسپێك بۆ یه‌كتری."

ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی وت" شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی هێرشیان كرد بۆ سه‌ر كه‌ركوك، شه‌نگال و خورماتو، خانه‌قین، پارتی له‌سه‌ر شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر قسه‌یه‌ك ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاست بووایه‌ ئه‌وكاته‌ "كاك مه‌سعود "خۆی پێ سه‌رۆكی هه‌رێم بوو" وه‌ حكومه‌تیان له‌ده‌ست بوو ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ سیاسه‌تی گشتی هه‌رێم لایدابێت یا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سوپای عیراق و حه‌شد هه‌بوبێت ده‌بوایه‌ دادگایی بكرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك له‌بری ئه‌وه‌ی باس له‌هۆكاره‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر بكات باس له‌ ئه‌نجامه‌كانی بكات واته‌ بۆ پاكانه‌ كردنه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ له‌ ڕیفراندۆم كه‌وته‌وه‌، ڕاسته‌ یه‌كێتیش به‌شدار بوو له‌ڕیفراندۆم وه‌ لایه‌نه‌كانی تریش به‌ڵام به‌رپرسیارێتیه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر پارتی به‌و پێیه‌ی هێزی یه‌كه‌م بوو وه‌ وه‌ به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كردی به‌ڵام به‌ باش و خراپه‌وه‌ یه‌كێتیش به‌شدار بووه‌ و به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت."

"حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رتاسه‌ری نابێت و بڕواناكه‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سلێمانیدا هه‌بێت "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌شداری له‌حكومه‌ت نه‌كات چی ده‌كات و چی ڕووده‌دات؟ ئارێز عه‌بدوڵا ڕایگه‌یاند" له‌ڕووی لۆژیكی سیاسی پێویسته‌ یه‌كێتی هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بێت به‌شێوازێكی مه‌ده‌نی كاری خۆی بكات به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ لێكه‌وته‌ی خراپی لێبكه‌وێته‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی دوركه‌وتنه‌وه‌ی زیاتری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌یه‌كتر به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی وه‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌ترسی دوو ئیداره‌یی" من به‌ش به‌حاڵی خۆم نه‌ پێم باشه‌ نه‌ حه‌زده‌كه‌م كه‌س بیریشی لێ بكاته‌وه‌."

ئارێز عه‌بدوڵا زیاتر درێژه‌ی به‌قسه‌كانیدا و وتی" ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌شداری له‌ حكومه‌تدا نه‌كات ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رتاسه‌ری نابێت و بڕواناكه‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سلێمانیدا هه‌بێت بۆیه‌ من بڕواناكه‌م نه‌ پارتی و نه‌ ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ حكومه‌ت پێكده‌هێنێت نایه‌وێت حكومه‌تی دوو پارێزگا بێت له‌پێناو ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی پارێزگار، وه‌ برواش ناكه‌م تاسه‌ر پارتی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بكات له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتی."