سێ پەرلەمانتاری کوردستانیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەخنە لە کەیسی نەوتی هەرێم دەگرن

ئەمڕۆ سێ پەرلەمانتاری کوردستانیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی کەیسی نەوتی هەرێمەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و دژایەتی خۆیان بۆ ناشەفافی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری سلێمانی هەریەک لە ئەحمەدی حاجی ڕەشید و هۆشیار عەبدوڵا و سەرکەوت شەمسەدین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دژایەتی خۆیان بۆ ناشەفافی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو و ئەو کەیسەیان بە بەرپرسیاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ناوبرد.

پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشیار عەبدوڵا باسی لەوە کرد کە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بە خەڵکی کوردستان گەیاندووە لە ڕابردوودا و "بەهۆی ئەو مەلەفەوە کوردستان دراوەتە بەر شکستێکی گەورە و قەرزێکی گەورە."

پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەرکەوت شەمسەدین باسی لەوە کرد کە "هەفتەی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی دەدات و دەرەنجامەکانی ئەو بڕیارە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."

هەروەها پەرلەمانتاری عێراق لە کوتلەی کۆمەڵی ئیسلامی باسی لەوە کرد کە "ڕێککەوتنی سیاسی چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی ناکات و پێویستە کێشەکان لەڕێگەی یاسا و دەستوورەوە چارەسەربکرێن."

پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا یەکێک بووە لە کێشە گەورەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی دوای ئەوەی هەولێر لەژێر ناوی "ئابووری سەربەخۆ" دەستیکرد بە هەناردەکردنی نەوتی خۆی بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد.