ستران عەبدوڵا: سەرمایە گوزاری و سیاسەت رۆڵێکی خراپ لە میدیای کوردیدا دەگێڕن

لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە وێب سایت و پێگەی ئەلیکترۆنی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان داگیر کردووە، ژاوە ژاوێکی میدیایی کەوتووەتەوە بەبێ خستنە ئەستۆی هیچ بەرپرسیارێتییەک.

زۆریک لە سیاسییەکانیش پشتیوانی مادی هەندێک لەو ماڵپەرانە دەگرنە ئەستۆ، ئەوەش وای کردووە ململانێکان توندتر ببنەوە.

سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ ستران عەبدوڵا وەک کەسێک کە ساڵانێکی زۆرە لەو بوارەدا کاردەکات ئەو دۆخەکە وەها دەبینێت، ستران دەڵێت" وەک تۆ ناوی دەنێیت ژاوە ژاو من ناوی دەنێم میلیشیای میدیایی. نە سەرچاوەی داراییان نە ئامانجیان، زۆر جار سایت و کەناڵ هەبوون بۆ ماوەیەک و کۆتایی پێ هاتووە، هۆکار چییە، مردووە، پارەی نەما، یان کارەکەی تەواو بووە. نەبوونی یاساو دامەزراوەی تۆکمە ئەو دۆخە دەخاتەوە، ببینە لە وڵاتانی پێشکەوتوو چۆن زۆربەی کایەکان بایاساو دامەزراوە کراوە، لە کوردستان فەرهەنگی کۆیلایەتی و کرینی ئەو رۆژنامەنوسانە جێبەجێ دەکرێت."

ئەڵبەتە لە دنیادا سەرمایەدار، سەرمایەگوزاری دەکەن لە میدیادا، ئایا ئەوەی کوردستانیش هەمان شێوە نییە؟ لەو بارەیەوە ستران دەڵێت "ئەم دۆخەی ئێستا رەگی چەند ساڵی رابردووی هەیە، ئێستا میدیا سەرمایە دەیبات بەڕیوە، پارەکەش هی خەڵکی دەوڵەمەندە یان ئەوانەی کەلەگیرفانی سیاسەتەوە دەوڵەمەندبوون، ئەوەی گرفتە روون نییە کێ پشتگیری داراییان دەکات کە لە زۆر شوێنی دنیا ئەوە زۆر روونە."

ئەگەر سیاسییەکان رۆژنەموانەکان بۆ مەرامی خۆیان بەکاردێنن، دیوێک بێت لە دیمەنی رەوشی سیاسی و کاری میدیایی لە کوردستان.

لە بەرامبەردا لە چەند ساڵی رابردوشدا کەم نین ئەو رۆژنامەوانانەی کە پیشەکەیان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە پێگەی سیاسی و پەرلەمانتاری و پۆستی سیاسی تر، لەو بارەیەوە ستران دەڵیت " باری گوزەرانی سیاسی وپەرلەمانتاران زۆر لە باشیدایە، ئەوەش وای کردووە، هەندێ لە میدیاکاران سەنگەرەکانیان جێبهێڵن و بچن لەسەنگەری تردا کار بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوە نەبێت مەحاڵە رۆژنامەوان واز لە پیشەکەی خۆی بهێنێ و بڕوات سیاسەت بکا یان ببێتە پەرلەمانتار."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ستران عەبدوڵا