ئه‌بوبه‌كر عه‌لی: په‌یامی ڕیفراندۆم شكستی نه‌خواردووه‌، ئاینده‌مان له‌گه‌ڵ عیراقدا نیه‌

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی

لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، ئه‌بوبه‌كر عه‌لی نوسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار كه‌ هاوكات ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان باس له‌ چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عیراق ده‌كات.

ده‌قی وتوێژەکە

" پەیامی ڕیفراندۆم شکستی نەخواردووە "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا ئەبوبەکر عەلی لەبارەی ئەوەی ئایا پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم شکستی هێنا یا سەرکەوت؟ دەڵێت" دەبێت دوو شت جیابکەینەوە ڕیفراندۆم وەک میکانیزمێک بۆ سەربەخۆیی وە خودی بیرۆکەی سەربەخۆیی لەیەکتر جیابکەینەوە ئەو ڕیفراندۆمەی لە 25/9/2017 ئەنجامدرا نەیتوانی بگات بە ئامانجەکانی خۆی کە دیاربوو لەپێناو سەربەخۆیدا بوو بەهۆکاری جۆراوجۆر بەداخەوە پەیامەکە نەگەیشتەجێ کەڕەنگە زیانیشی لێکرابێت بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان بەڵام بەبڕوای من پەیامی ڕیفراندۆم شکستی نەخواردووە کە پەیامی سەربەخۆبوونە پەیامی ئەوەیە کە کوردستانی باشور ڕۆژێک لەڕۆژان بگات بە قەوارەی سەربەخۆی خۆی وە ئێمە لەچوارچێوەی عیراقدا بەزۆرە ملێ نەمێنینەوە بەڵکو قەوارەیەکی سەربەخۆ و نیشتمانی و دڵخوازی خۆمان دابمەزرێنین."

"بڕوام بەسەربەخۆیی هەیە بڕوام بەوە هەیە ئایندەمان لەگەڵ عیراقدا نیە"

باشە ئەگەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم دووبارە کرایەوە ئایا بەهەمان میکانیزم پشتیوانی دەکەن؟

لەوەڵامدا ئەبوبەکر عەلی وتی" من خۆم پێش ئەوەی پشتگیری ئەم ڕیفراندۆمە بکەم ئەندامی لیژنەی ڕیفراندۆمی ساڵی 2004 بووم لە 2005 دا ئێمە یەکەم ڕیفراندۆمی نافەرمیمان ئەنجامدا ئەوەبوو ئەوانەی بەشدارییان تێداکردبوو لە 98% زیاتر دەنگیان بەبەڵی بۆ جیابونەوە دابوو، من بڕوام بەسەربەخۆیی هەیە بڕوام بەوە هەیە ئایندەمان لەگەڵ عیراقدا نیە، عیراق بەدەوڵەتێکی شکست خواردوو دەزانم وە ئەگەر عیراق دەوڵەتێکی خۆشگوزەرانی وەک بەریتانیا بووایە ئێمە سکۆتلەندییەکان بوینایە ئاساییە داوای سەربەخۆیی بکەین چ جای لە عیراقێکدا کە دنیایەک کێشە و میلیشیا و داڕوخاوی تێدایە بۆیە لای من تەنها ئەوە دەمێنێتەوە چۆنە زەمینە سازی دەکرێت بۆ ڕیفراندۆمەکە؟ شانسی سەرکەوتنی چەند دەبێت؟ چونکە ئێمە ئێستا ئەزمونێکی دەوڵەمەندترمان هەیە، پشتیوانی یا پشتیوانی نەکردن لە ڕیفراندۆمەکە ئەو شتانە تەحەکومی تێدا دەکات، بەڵام خەبات بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان بە بڕوای من پشوو نازانێت هەتا مردن من لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدام."

"خۆزگە ئێمە ساڵێک پێش ئەوە ڕیفراندۆممان بکردایە "

ئەو سیاسەتمەدار و نوسەرە ئەوەشی وت" بەبڕوای من ڕوداوێکی گەورە لەناوچەکەدا ڕوبدات، تەوافوقێکی نیشتمانی لەکوردستاندا هەبێت وە ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت بۆ ئەو واقیعەی کە هەرێمی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشداربووە بە قازانجی ئێمەیە هەموو ئەوانەش دوای ڕوداوە مێژووییە گەورەکان و جەنگی داعش کە یەکێک بوو لەوانە ئێمە ئەگەر تەوافوقی ناوخۆمان هەبوایە و ڕوداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر نەبوایە ئێمە ئەو چارەنوسەمان نەدەبوو کە ئێستا هەمانە، خۆزگە ئێمە ساڵێک پێش ئەوە ڕیفراندۆممان بکردایە کە گەرمەی شەڕی داعش بوو شانسی سەرکەوتن زیاتر دەبوو "

"ئه‌گه‌ر 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوایه‌ توشی ئەو شکستە نەدەبوین توشی ئه‌و شەرمەزارییە نەتەوەییە نەدەبوین وەچەند هەنگاوێک لەسەربەخۆیی نزیک دەبوینەوە "

هەروەها باسی لەوەشکرد" کە گومانی لە تەوافوقی نیشتمانی هەبووە بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاتۆتە ناو پڕۆسەکەوە بەحوکمی ئه‌وەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوەردستان هێزییان هەیە و موقەدەراتی کوردستان لەژێر دەستی ئەواندایە پێم وابوو کەلانی کەم تەوافوق لەکوردستاندا هەیە ئەگەرچی تەوافوقی پێویست نیە ئەگەرچی پەرلەمان داخرابوو بەڵام من چاوم پۆشی لەوەی کە تەوافوقێکی تەواوەتی هەبوبێت لەبەر ئەوەی وتم بەبڕوای من مەسەلەی سەربەخۆیی پێویستی بەدەرفەتی مێژووییەوە هەیە واتە بەردەوام ئەو ئەگەر و شانسە لەبەردەمدا نابێت وە من پێم وایە ئەوەی لە شانزەی ئۆکتۆبەر ڕویدا ئەگەر نەبوایە ئێمە نەدەگەیشتینە سەربەخۆیی بەڵام هەرگیز توشی ئەو شکستە نەدەبوین توشی ئه‌و شەرمەزارییە نەتەوەییە نەدەبوین وەچەند هەنگاوێک لەسەربەخۆیی نزیک دەبوینەوە."

" جۆری ئیداره‌كردنی ڕیفراندۆم هه‌ڵه‌بوو... به‌شێك له‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نه‌ك هه‌ر په‌شیمان بونه‌وه‌ به‌ڵكو پێچه‌وانه‌ كاری كرد"

کەواتە تۆ هەڵە بویت کە پشتگیری ڕیفراندۆمت کرد یا تەوقیتی ڕیفراندۆم وەک خۆت دەڵێیت؟

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی له‌وه‌ڵامدا وتی" به‌بڕوای من نه‌ "ته‌وقیتی ڕیفراندۆم هه‌ڵه‌بوو نه‌ من هه‌ڵه‌بووم جۆری ئیداره‌كردنی ڕیفراندۆم هه‌ڵه‌بوو وه‌ په‌یوه‌ندی "سه‌قه‌تی" نێوان هێزه‌كان به‌تایبه‌ت نه‌بونی ته‌وافوق له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ پێویسته‌ كه‌شایه‌نی گره‌و له‌سه‌ركردن بێت هۆكاری ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ ڕیفراندۆم كه‌وته‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ بژارده‌ی ترمان هه‌بوو ئێمه‌ كه‌زانیمان ناتوانین سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نین ده‌مانتوانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كاندا هاوكاری بكه‌ین ته‌وافوق بكه‌ین له‌گه‌ڵ عیراقدا ئه‌وان بێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ببرێت."

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی ڕه‌خنه‌ی له‌ لایه‌نه‌كان گرت كه‌ په‌شیمان بونه‌وه‌ له‌ڕیفراندۆم و وتی" نه‌ك هه‌ر په‌شیمان بونه‌وه‌ هه‌ندێكیان هه‌ر پێچه‌وانه‌ش كارییان كرد به‌شێك له‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێچه‌وانه‌ كاری كرد، دیاره‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕاسته‌ له‌دواتردا به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان دا، بزوتنه‌وه‌ی نه‌خێر هه‌بوو ئه‌ویش به‌بڕوای من زیاتر وه‌ك ڕێگایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ناو ژیانی سیاسیه‌وه‌ و بزوتنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ڕابگه‌یه‌نن و سود له‌ دۆخه‌كه‌ وه‌ربگرن."

جه‌ختیشیكرده‌وه‌" به‌هیچ جۆرك نه‌ك په‌شیمان نیم شانازیشی پێوه‌ ده‌كه‌م چونكه‌ ئه‌وه‌ی ڕویداوه‌ به‌هۆی منه‌وه‌ ڕووینه‌داوه‌ به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ڕویداوه‌ كه‌خه‌ڵكانێك لێپرسراوێتی نیشتمانیان نه‌گرتۆته‌ ئه‌ستۆ تاسه‌ر له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌كه‌ نه‌بوون و نه‌یانتوانی ته‌وافوق بپارێزن وه‌ لێپرسراوێتی به‌رگریكردنیان نه‌پاراست ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه‌ ته‌نها چه‌ند ڕۆژێك به‌رگریمان بكردایه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ چاره‌نوسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و كوردستان و ڕیفراندۆمیش به‌وجۆره‌ نه‌ده‌بوو."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌بوبه‌كر عه‌لی Sep 27-019