"پارێزگار یه‌كێك بوو له‌ ڕێگره‌كانی ڕاگرتنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌سلێمانی ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ پێشتر ڕامانده‌گرت"

ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین\سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی

ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت

"پارێزگاری سلێمانی یه‌كێك بوو له‌ڕێگرییه‌كانی ڕاگه‌یاندنی پشوو له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی ئه‌گه‌رنا پێش حكومه‌ت ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌یكرده‌ پشوو، به‌ڵام ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتوون له‌بارودۆخه‌كه‌ بۆیه‌ دژی پشوو بوون، ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پشووی ڕانه‌گه‌یاندایه‌ ئه‌وا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پشووی ڕاده‌گه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ پارێزگار به‌پێویستی نه‌ده‌زانی،پێشتر وتبووی كه‌ ڕاگرتنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران پشێوی دروست ده‌كات، تێنه‌گه‌یشتین ئه‌و پشێویه‌ چیه‌؟! ئه‌ی ئێستا كه‌ ده‌وام ڕاگیراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ پشێوی دروست نه‌كردووه‌؟! حه‌قه‌ ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان بداته‌وه‌ ئێستاش پشێوی دروست كردووه‌ یا نا.؟""

"ترسان له‌وه‌ی بڕیاری پشوو بۆ فه‌رمانبه‌ران بده‌ین "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا-دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌باره‌ی ڕاگه‌یاندنی پێش وه‌خته‌ی پشوو له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌شاری سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" ئێمه‌ پێشتر له‌ ڕێكه‌وتی 3/3 كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگامان ئه‌نجامدا، پێش ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ میوانداری پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕینمان كرد، به‌ڕێوبه‌ری ته‌ندروستی گشتی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌شمان بانگهێشت كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌ڕێوبه‌ری ته‌ندروستی گشتی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ ئاماده‌بوون، ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی تر نه‌هاتن، هه‌ریه‌كه‌ی به‌ بیانویه‌ك و به‌ مه‌رج داوای به‌شداریان كرد، بۆیه‌ كۆبوونه‌كه‌ نه‌كراو ئێمه‌ش له‌ گۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی پشومان له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن ڕاگه‌یاند."

ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌وه‌شی وت" پێشتر قسه‌مان كردبوو وه‌ به‌و به‌ڕێزانه‌شمان وتبوو به‌ تایبه‌تیش به‌ڕێز پارێزگاری سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ده‌چێته‌ ناو كۆبوونه‌كه‌ به‌ ده‌نگدان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌و دواتر به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ تێ ده‌په‌ڕێنرێت.
ئه‌وان ئاماده‌نه‌بوون له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یانزانی كه‌ پشووی فه‌رمیمان بۆ فه‌رمانبه‌ران ڕاده‌گه‌یاند، ئه‌وان ترسان و پێیان خۆش نه‌بوو له‌وه‌ی ئێمه‌ بڕیاری پشووی فه‌رمی بۆ فه‌رمانبه‌ران بده‌ین."


به‌وته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی هۆكاری ئه‌وه‌ی پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ پشوو-دا نه‌بوون، "تێنه‌گه‌یشتن" بووه‌، له‌و ڕوه‌وه‌ ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین ده‌ڵێت" من پێم وایه‌ ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتوون له‌ بارودۆخه‌كه‌، وه‌ پاشان پارێزگاره‌كان و سه‌رپه‌رشتیارانی ئیداره‌كان له‌سه‌رو خۆیانه‌وه‌ ئاگادار كرابوونه‌وه‌ كه‌ ناكرێت هه‌موو جارێك ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی پشوو ڕابگه‌یه‌نێت، بۆیه‌ ئاماده‌ نه‌بوون كه‌واته‌ پشووه‌كه‌ش نابێ ڕابگه‌یه‌نرێت، ئێمه‌ ئه‌و پشووه‌مان به‌ كارێكی پێویست زانیووه‌. بۆ ئێمه‌ ئاسایی بوو كه‌ حكومه‌ت خۆی پشووه‌كه‌ی ڕابگه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی نه‌بووه‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ڕای بگه‌یه‌نێت."


ئێمه‌ پێشتر میوانداری به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و گه‌رمیان مان كردبوو، وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتی یه‌كانی تر له‌وێ ئاماده‌ بوون له‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌، پشووی قوتابخانه‌كانمان خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌پێ ی مادده‌ی 5 و بڕگه‌ی مادده‌ی 8 و 6 پشووه‌كه‌مان ڕاگه‌یاند."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نیگه‌ران بووه‌ له‌ڕاگه‌یاندنی پشوو له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌، ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مندا كرد، تێگه‌یشتم له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان نیگه‌ران ئه‌بن كه‌ ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكه‌ین."

"پارێزگار وتی به‌مه‌رجی باس نه‌كردنی پشوو به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌م"


ڕاشیگه‌یاند" هیچ گرفت و ساردیه‌ك له‌نێوان من و پارێزگاره‌كان و سه‌رپه‌رشتیارانی ئیداره‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بووه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ پارێزگاری سلێمانی مه‌رجی به‌شداری كردنی هه‌بووه‌، ئێمه‌ش وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی مه‌رجه‌كه‌یمان قبوڵ نه‌كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی بۆی نیه‌ ڕێنمایی بدات به‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، بۆیه‌ به‌ پێ ی مادده‌ی 5 و 6 ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بڕیار و ڕێنمایی ده‌رده‌كات."

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕونیكرده‌وه‌" پارێزگای سلێمانی مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ ئێمه‌به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌ندا باسی ڕاگرتنی ده‌وامی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان نه‌كه‌ین."

دوپاتیكرده‌وه‌" به‌ڵێ به‌ڕێز پارێزگای سلێمانی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی ده‌وامدا نه‌بوو، من تێنه‌گه‌یشتم به‌ چ هۆكارێك ئه‌و له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی ده‌وامدا نه‌بووه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ته‌واو كۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاتێكی گونجاوه‌ بۆ ڕاگرتنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران."


ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن بوو له‌كاتێكدا پارێزگار و حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی ده‌وامدا نه‌بوون له‌پێشتر به‌ڵام ئێوه‌ بڕیارتان دا و بڕیار جێ به‌جێ كرا، له‌كاتێكدا به‌پێی یاسا پارێزگار سه‌رۆكی حكومه‌تی "محه‌لی" سلێمانیه‌؟ سه‌ۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌وه‌ڵامدا وتی" پارێزگای سلێمانی ناتوانێت بڕیاری ئێمه‌ ڕابگرێ چونكه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نیه‌، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی پارێزگاری هه‌ڵبژاردووه‌، واته‌ پارێزگار و جێگره‌كانی و قایمقامه‌كان و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتی یه‌كان له‌ژێر چاودێری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگادان.
به‌ دڵنیایه‌وه‌ گفتوگۆمان له‌سه‌ر ڕاگرتنی ته‌واوی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان ده‌كرد، وه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ده‌هێنا، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ سنوری جوگرافیای خۆیدا، ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی بڕیار و ڕێنمایی هه‌یه‌. سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ دروستی كۆك بوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران ڕابگیرێت."

ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌وه‌شی وتی" من تێ ناگه‌م بۆچی پارێزگاری سلێمانی له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران نه‌بوو، ئه‌و به‌ پێویستی نه‌ده‌زانی پێشتر باسی كردبوو كه‌ ڕاگرتنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران پشێوی دروست ده‌كات، تێنه‌گه‌یشتین ئه‌و پشێویه‌ چیه‌؟! ئه‌ی ئێستا كه‌ ده‌وام ڕاگیراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ پشێوی دروست نه‌كردووه‌؟! به‌ڕێز پارێزگار یه‌كێك بوو له‌ ڕێگره‌كانی ڕاگرتنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌سلێمانی ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ پێشتر ڕامانده‌گرت، حه‌قه‌ ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان بداته‌وه‌ ئێستاش پشێوی دروست كردووه‌ یا نا."


سه‌باره‌ت به‌وكه‌سانه‌ی كه‌ به‌قاچاغ هێنراونه‌ته‌وه‌ سنوری پارێزگای سلێمانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت" ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ڕابردوودا مه‌واد و كه‌ره‌سته‌و كه‌لوپه‌لیان به‌ قاچاغ ده‌هێنا و ده‌برد، هه‌ر ئه‌وانه‌ ئه‌وكه‌سانه‌یان له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ قاچاغ دهێنایه‌وه‌،ده‌ست خۆشیش له‌ هێزه‌كانی ناو خۆ و ئاسایش ده‌كه‌ین كه‌ ڕۆڵێكی كاریگه‌ریان بینی به‌تایبه‌تی ئاسایش نزیكه‌ی 50 كه‌سیان له‌و قاچاغ چیانه‌یان ده‌ستگیر كردبوو."

وتیشی" من پێم وا نیه‌ هیچ به‌رپرسێك له‌ پشتی ئه‌وه‌ بووبێ، ئه‌وانه‌ چه‌ند قاچاغ چیه‌ك بوون له‌پێناو بڕێك پاره‌ ئه‌و نه‌فه‌رانه‌یان هێناوه‌."

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین ڕایگه‌یاند" به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌ سوپاسی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ئاسایش و پۆلیس و به‌رگری و شارستانی و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ت ده‌كه‌ین هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی ده‌خوازین."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئازاد محه‌مه‌دئه‌مین Mar 10/020