كوێستان محه‌مه‌د: قه‌یرانی كۆرۆنا و پێنه‌دانی موچه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ژیانی تاكه‌كان و خێزانه‌كان

کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان-فۆتۆ : فه‌یس بووكی كوێستان محه‌مه‌د

كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" قه‌یرانی كۆرۆنا و پێنه‌دانی موچه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و خێزانه‌كان كردووه‌ به‌ڵام " له‌كۆبونه‌وه‌ی دوو ڕۆژی ڕابردووی لیژنه‌ی باڵای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا كه‌ "به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ داوای له‌وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌ كه‌ ڕێ و شوێن بگرنه‌به‌ر له‌دوای ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی كراوه‌ ئێستا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار خه‌ریكی ئاماده‌كارین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك بۆ دابه‌شكردنی موچه‌، هۆكاری پێنه‌دانی موچه‌ش ته‌نها قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆیه‌ ئه‌گه‌رنا پاره‌ی موچه‌ ئاماده‌یه‌، وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت" خۆی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ و ئه‌و كاریگه‌رییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ دروستی ده‌كات كۆی كابینه‌كه‌ ده‌بێت پلان و به‌رنامه‌ی هه‌بێت، وه‌ ئێمه‌ش بۆ ئه‌م دۆخه‌ و دابه‌شكردنی موچه‌ كۆمه‌ڵێك خاڵمان گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌ تا ئه‌و قه‌یرانی كۆرۆنا و پێنه‌دانی موچه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت."

" كۆی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ هه‌ر خێزانێك پێویستی به‌هاوكاری هه‌بێت له‌ڕێگای لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ له‌پارێزگاكان هاوكاری ده‌كرێن "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی" قه‌یرانی كۆرۆنا گیری به‌سه‌رجه‌م چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌ت چینی خواره‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ كرێكارن و بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر كاری ڕۆژانه‌یه‌ كردووه‌ من ده‌زانم ئێستا ئه‌وان له‌دۆخێكی قه‌یراناوی خراپدان، بۆ ئه‌مه‌ش كۆی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ هه‌ر خێزانێك پێویستی به‌هاوكاری هه‌بێت له‌ڕێگای لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ له‌پارێزگاكان هاوكاری ده‌كرێن، وه‌ داواكراوه‌ له‌خاوه‌ن موڵكه‌كان كه‌ كرێی خانو و كرێی دوكان وه‌رنه‌گرن ئه‌م مانگه‌."

ڕاشیگه‌یاند" له‌هه‌ر سێ پارێزگاكانی هه‌رێم به‌تایبه‌ت هه‌ولێر و سلێمانی كۆمه‌ڵێك خێرخواز هاوكاری دابین ده‌كه‌ن بۆ كۆمه‌ڵێك خێزان چه‌ند ڕێكخراوێكیش په‌یوه‌ندییان به‌ ئێمه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئاماده‌ی هاوكارین، له‌ئێستادا كه‌ داموده‌زگاكان داخراوه‌ و هاتوچۆ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ به‌شێوازێك بێت كه‌ قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌كات بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وانه‌مان ڕوبه‌ڕووی پارێزگاكان كردۆته‌وه‌ تا قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌بێت و هاوكارییه‌كان په‌رت نه‌بن تا ئه‌وان ڕێكی بخه‌ن ."

"...ئه‌گه‌رنا پاره‌ی موچه‌ ئاماده‌یه‌ "

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چیتان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ بدرێت تا كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست نه‌بێت له‌م دۆخه‌دا وه‌ك ؟ كوێستان محه‌مه‌د ده‌ڵێت" وه‌ك ده‌زانرێت موچه‌ به‌گشتی وه‌ستاوه‌ هۆكاره‌كه‌شی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا پاره‌ی موچه‌ ئاماده‌یه‌، وه‌زاره‌تی دارایی بڵاویكردۆته‌وه‌ هه‌ركاتێك لیژنه‌ی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا بڕیاریدا كه‌ بانكه‌كان بكرێنه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌وكات ئاماده‌ی پێدانی موچه‌ن، بۆیه‌ موچه‌ خۆر ته‌نها له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ نیه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌مترین فه‌رمانبه‌ر له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ موچه‌خۆر بن له‌هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان موچه‌ خۆر هه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ وه‌رگرتنی موچه‌یه‌."

"له‌كۆبونه‌وه‌ی ڕۆژی ڕابردووتر سه‌رۆكی حوكمه‌ت داوای له‌وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌ كه‌ ڕێ و شوێن بگرنه‌به‌ر بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ "

كوێستان محه‌مه‌د ئاشكراشیكرد" له‌كۆبونه‌وه‌ی دوو ڕۆژی ڕابردووی لیژنه‌ی باڵای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا كه‌ "به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ داوای له‌وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌ كه‌ ڕێ و شوێن بگرنه‌به‌ر بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ هه‌ركاتێك ئه‌و ڕێكارانه‌ گیرایه‌ به‌ر خۆشبه‌ختانه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێمه‌( كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی) له‌ڕیزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانه‌ بۆ موچه‌ و ئه‌وكات ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ئێمه‌ن موچه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن، چونكه‌ له‌دوای ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی كراوه‌ ئێستا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار خه‌ریكی ئاماده‌كارین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ چونكه‌ نایانه‌وێت له‌م دۆخه‌دا قه‌ره‌باڵغی دروست ببێت و ببێته‌ هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆنا."

وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه‌" پێنه‌دانی موچه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هه‌موو خێزانه‌كان و تاكی كۆمه‌ڵگا كردووه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌سه‌رچاوه‌ی داهاتیان موچه‌یه‌ و موچه‌كانیشیان كه‌مه‌ پێویسته‌ هه‌م كرێی لێبده‌ن هه‌م بژێوی ژیانیشیانی پێ دابین بكه‌ن بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌بووه‌."

"موچه‌ی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌تیه‌كان "

ده‌رباره‌ی موچه‌ی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌تیه‌كان كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ پێدانی موچه‌كانیان دواكه‌وتووه‌ له‌م دۆخه‌دا؟ كوێستان محه‌مه‌د وتی" خاوه‌ن پێداویستیه‌ تابه‌تیه‌كان به‌به‌راورد به‌ چین و توێژه‌كانی تر كه‌مترین موچه‌یان هه‌یه‌ وه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌نه‌یانتوانیووه‌ هیچ جۆره‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تری بژێوییان هه‌بێت بۆیه‌ حاڵی ئه‌وان له‌حاڵی هه‌موو تاكێكی تری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ خراپتره‌ وه‌ حاڵ و گوزه‌رانیان له‌هه‌موو خێزانه‌كانی تر خراپتره‌ به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ وه‌زاره‌تی ئێمه‌ له‌ ڕیزی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ن موچه‌ له‌پێشدا وه‌رده‌گرن بۆیه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر خه‌تین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌كی گونجاو بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ته‌نها كێشه‌ی خاوه‌ن پێداویست تایبه‌ت نیه‌ به‌ڵكو هی شه‌هیدان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسیه‌."

" كۆمه‌ڵێك خاڵمان گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌ تا ئه‌و قه‌یرانی كۆرۆنا و پێنه‌دانی موچه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت "

وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌رنامه‌یان چیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی بپارێزن له‌حاڵه‌تی پێنه‌دانی موچه‌ و به‌رده‌وامی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ و وه‌ستانی موچه‌ ؟ كوێستان محه‌مه‌د ده‌ڵێت" خۆی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ و ئه‌و كاریگه‌رییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ دروستی ده‌كات كۆی كابینه‌كه‌ ده‌بێت پلان و به‌رنامه‌ی هه‌بێت."

كوێستان محه‌مه‌د ئاماده‌نه‌بوو ئاماژه‌ به‌ناوه‌رۆكی پلانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بدات و به‌ته‌نها وتی" ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك خاڵمان گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌ تا ئه‌و قه‌یرانی كۆرۆنا و پێنه‌دانی موچه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت به‌ڵام له‌ ئێستادا ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ئاشكرا ناكه‌م به‌ڵكو له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌یخه‌ینه‌ڕوو تا په‌سه‌ند بكرێت چونكه‌ ناكرێت هیوا و به‌ڵێن به‌خه‌ڵك بده‌م كه‌ به‌رچاومان ڕوون نه‌بێت جێ به‌جێ ده‌كرێت ئه‌و خاڵانه‌ یاخود نا ؟ئێمه‌ خاڵه‌كانی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ركاتێك په‌سه‌ندكرا ئه‌وكات بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار له‌گه‌ڵ كوێستان محه‌مه‌د Mar 18-020