سەرباری هەواڵ و بە گەڕخستنی پەیوەندی و هەڵمەتەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکان بەردەوامن، سەنتەری میترۆ لەساڵی 2019 باس لە چەندین پێشێلکاریی دەکات کە بەرامبەر ڕۆژانامەوانان ئەنجامدراون، هاوکات ئێستاش دەڵێن گۆڕانکاری ئەوتۆ رووینەداوە بەرەو باشتر یان کەمبوونەوەی پێشێلکاری و رێگرییەکان بەرامبەر رۆژنامەوانان.
لەماوەی پێشوودا رۆژنامەوان هێمن مامەند دووجار دەستگیرکرا، تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە لە زینداندایە لە شاری هەولێر، کۆمەڵێک رێكخراو ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر دەستگیركردن و مانەوەی هێمن مامەند ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە زیندان.
داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن ڕێز لە یاسای رۆژنامەگەری بگرێت و ئەو مادە یاساییە بگۆڕدرێت كە هێمن مامەند پێی دادگایی دەكرێت، دەستبەجی بە كەفالەت ئازاد بكرێت. ڕێکخراوەکانیش بریتین لە سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان METRO و ڕوانگەی ئازادی رۆژنامەنووسی JFO و سەندیكای نیشتمانی رۆژنامەنووسان لە عێراق NUJI و كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنووسی لە عێراقPFDAو ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ IOHR و خانەی راگەیاندنی عێراقیIMH.
هاوکات کونسوڵی گشتی ئەمەریکا ستیڤ فەیگن لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە گفتوگۆیەکی دەربارەی بارودۆخی ئازادی میدیا لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ رێکخەری سەنتەری میترۆ ڕەحمان غەریبدا سازکردووە. ھەردووکیان باسیان لە گرنگی پارێزگاریکردن و ڕێزگرتن و پابەندبوونی دەسەڵات کردەوە بۆ یاسای رۆژنامەنوسی و یاسای دەست گەیشتن بە زانیاری لە ھەرێمی کوردستان. ھەردوو یاساکە پێکەوە رێگا بە رۆژنامەنووسەکان دەدەن بۆ دەست گەیشتن بە زانیاری و مافی بڵاوکردنەوە بەبێ ھەبوونی ترسی قەدەغەکردن و بریندارکردن وھەڕەشەلێکردن. کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ماڵپەرەی خۆیدا نووسیویانە بە پابەندی دەمێنێتەوە لە پشتگیریکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان. بۆ برەودان بە کۆمەڵگەیەکی زیاتر شەفاف و خاوەن نوێنەرایەتی رۆژنامەنووسەکان دەبێت تواناییان پێبدرێت بۆ کارکردن بە ئازادی و سەربەخۆیی بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنگیری حیزب و بیروباوەڕیان. ئازادی رۆژنامەگەری یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی ھەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی.
ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە بۆ زیاتر بە دواداچوون و وردبوونەوە لە رەوشی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان و ئەو کەیسانەی کە تا ئێستاکە یەکلایینەکراونەتەوە و هەروەک پیشێلکاری ماونەتەوە وتووێژی لەگەڵ رێکخەری سەنتەری میترۆ رەحمان غەریب دا سازکردووە.
رەحمان غەریب دەڵێت "زۆربوونی داوای یاسایی مانای ئەوە نیە رەوشەکە خراپە، پێشتر لەڕێی توندوتیژییەوە مامەڵە دەکرا لەگەڵ رۆژنامەواناندا، بەڵام ئێستا لەڕێی یاساوە دەکرێت، بەڵام کام یاسا؟"
دەشڵێت " لەڕاپۆرتی ساڵی 2019 دا باسمان لەوە کردووە کە بە یاسای رۆژنامەگەریی مەمەڵە ناکەن و زیاد لە 300 پیشێلکاریمان تۆمارکردووە."
سەبارەت بە کەیسی هێمن مامەند دەڵێت "ئێمە داوامان کردووە بە کەفالەت ئازاد بکرێت."
Your browser doesn’t support HTML5