د.محه‌مه‌د خۆشناو:ئه‌گه‌ر مه‌ترسی كۆرۆنا به‌رزبێته‌وه‌ ئه‌وا ڕێكاره‌كانی داخستنی ده‌وام و بازاڕ و هه‌رچی پێویست بێت جارێكی تر ده‌یگرینه‌به‌ر

د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر مه‌ترسی كۆرۆنا به‌رز ببێته‌وه‌و ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان چه‌ند هێند بێته‌وه‌، بێگومان هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بگیرێنه‌ به‌ر ، ده‌یگرینه‌ به‌ر وه‌كوداخستنی ده‌وام به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری وداخستنی بازاڕ،مه‌ترسیه‌كه‌ له‌ ئێستادا زۆر بوونی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ناچاری هه‌ندێك بارو گوزه‌رانی هاوڵاتیان ، له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ دارارییه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رتاسه‌ری له‌ ئێستادا به‌رده‌وام نیه‌، ده‌شڵێت" به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ هیچ بڕیارێك نیه‌ بۆ دووباره‌ دانانه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتۆچۆ ، وه‌ هیچ بڕیارێك نیه‌ بۆ درێژ كردنه‌وه‌ی ئه‌وماوه‌یه‌ی كه‌ دانراوه‌، ڕێنماییه‌كان وه‌كو خۆیان جێ به‌جێ ده‌كرێن."

"مه‌ترسی كۆرۆنا وه‌ك خۆی به‌رده‌وامه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی كۆرۆنا وتی"مه‌ترسیه‌كه‌ وه‌كو خۆی به‌رده‌وامه‌، ئاماژه‌مان به‌وه‌ داوه‌ پێشتریش له‌ ماوه‌ی مانگی چوار بۆ ماوه‌ی پێنج ڕۆژ، هیچ حاڵه‌تێكمان تۆمار نه‌كرد، ئه‌و ماوه‌یه‌ زۆر زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر كۆرۆنا بدرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئێمه‌ دوباره‌ بیگرینه‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهان ئه‌م مه‌ترسیه‌ به‌رده‌وامه‌."

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی توشببونی ئه‌و حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌ی له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژدا له‌هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نران، د.محه‌مه‌د خۆشناو ده‌ڵێت" سه‌رچاوه‌ی توش بوونی ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هاتوون، حاڵه‌تمان هه‌بووه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌كه‌ره‌تینه‌كانه‌وه‌ توش بوون به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌م دوایه‌ ده‌ستنیشان كراون ئه‌مانه‌ له‌ ئێستادا دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و نیشانانه‌ پێویستیان به‌دواداچون هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌وانیش گریمانانه‌ی توش بوونیان هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی سلێمانی كه‌ دوێنێ ده‌ستنیشان كرا هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ركه‌وتنیان هه‌بووه‌ پشكنینیان بۆ كرا، تا ئێستا لەو حاڵەتەی سلێمانی پێنج کەس لە بەرکەوتەکانی هەلگری ئەم ڤایرۆسەن، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی هاتۆته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا پشكنینی تر به‌رده‌وامه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی هه‌ولێر كه‌ دیاری ده‌كرێن ئه‌مه‌ گریمانه‌ی ئه‌وه‌ زۆر زیاتر ده‌كات كه‌ حاڵه‌تی دیكه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بێت بۆیه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانیین بڵێین ئه‌و مه‌ترسیه‌ له‌ كوردستان نه‌ماوه‌."

"ناتوانرێت له‌م كاته‌دا قه‌ده‌غه‌ی سه‌رتاسه‌ری وتوند تر دیسان ڕابگه‌یه‌نرێت "

د.محه‌مه‌د خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" دوێنێ دوو كۆبوونه‌وه‌ی دورودرێژ ئه‌نجام درا، یه‌كێكیان لیژنه‌ی باڵای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، ئه‌وی تریش كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت كه‌ باس له‌هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه‌ كرا ئه‌نجاماندراوه‌ وه‌ ئه‌وانه‌شی كه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام بێت، له‌ڕاستیدا ئێمه‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌ به‌ به‌رده‌وام ده‌زانیین وه‌كو ئاماژه‌م پێدا به‌ڵام ناتوانرێت له‌م چركه‌یه‌دا قه‌ده‌غه‌ی سه‌رتاسه‌ری وتوند تر دیسان ڕابگه‌یه‌نرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر كه‌رتی حكومی و كه‌رتی ئه‌هلی هه‌یه‌ پێویستی به‌ كاركردن هه‌یه‌، به‌شی زۆری ڕێكاره‌كان له‌ ئێستادا ده‌كرێته‌ سه‌ر هاوڵاتیان كه‌پابه‌ندی ئه‌و ڕێنماییانه‌ بن."

"ئه‌گه‌ر ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌جوانی جێبه‌جێ بكرێن هه‌موو ژیانیش بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی خۆی به‌شێكی زۆری مه‌ترسییه‌كان نامێنێت "

وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و ڕێنماییانه‌ به‌جوانی جێبه‌جێ بكرێن، هه‌موو ژیانیش بگه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی ئاسایی خۆی، به‌شێكی زۆری ئه‌و مه‌ترسیانه‌ نامێنێت، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌كه‌ین ، وه‌ له‌ ئێستادا هیچ بڕیارێك نیه‌ بۆ دووباره‌ دانانه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتۆچۆ ، وه‌ هیچ بڕیارێك نیه‌ بۆ درێژ كردنه‌وه‌ی ئه‌وماوه‌یه‌ی كه‌ دانراوه‌، ڕێنماییه‌كان وه‌كو خۆیان جێ به‌جێ ده‌كرێن، تاكه‌ شتك ماوه‌ و تا ئێستا بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه‌ ئه‌ویش هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانه‌ كه‌ نازانیین چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له‌ ماوه‌یه‌ی داهاتوودا."

"ئێستا زۆر زووه‌ بۆ كۆتایی هاتنی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا بۆ ئه‌نجامه‌كان، كۆرۆنا كه‌ ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كیش بێده‌نگ بێت مانای ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ناوچووه‌ "

سه‌باره‌ت به‌ پێشبینییه‌كانیان؟ د.محه‌مه‌د خۆشناو ده‌ڵێت" هه‌مان ئه‌و پێشبینیانه‌ی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش داهاتووی كۆرۆنا ڤایڕه‌س له‌سه‌ر ئاستی جیهان و له‌سه‌ر ئاستی لۆكاڵی داهاتوویه‌كی نادیاره‌، ئێستا زۆر زووه‌ بۆ كۆتایی هاتنی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا بۆ ئه‌نجامه‌كان، بۆ زیادبوون یان كه‌م بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووش بووان، وه‌ ئێمه‌ ده‌توانیین بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین كه‌ ئه‌و ڕێكارانه‌ تا ئێستا به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ سوودێكی زۆرباشی هه‌بووه‌ ، تاوه‌كو ئه‌م چركه‌یه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له‌ده‌وروبه‌رمان ڕوو ده‌دات به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق ڕوو ده‌دات، دوێنێ و پێرێ-ش چه‌ندین حاڵه‌تی یه‌كجار زۆرتۆمار كراوه‌، ئه‌مه‌ واده‌كات دووباره‌ ئێمه‌ ئاستی مه‌ترسیه‌كان به‌ به‌رز ببینیین، وه‌ ئه‌و ساردبوونه‌وه‌ی له‌ناو هاوڵاتیان هه‌یه‌ دووباره‌پێیان ڕابگه‌یه‌نیین و به‌رده‌وامبین له‌ پێدانی هۆشیاری ته‌ندروستی، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كۆرۆنا كه‌ ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كیش بێده‌نگ بێت مانای ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ناوچووه‌ "

"له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ دارارییه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رتاسه‌ری له‌ ئێستادا به‌رده‌وام نیه‌ "

"ئه‌گه‌ر مه‌ترسیه‌كه‌ به‌رز ببێته‌وه‌و ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان چه‌ند هێند بێته‌وه‌، بێگومان هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بگیرێنه‌ به‌ر ، ده‌یگرینه‌ به‌ر وه‌كو داخستنی ده‌وام به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری وه‌ داخستنی بازاڕ، هه‌ر ڕێكارێك كه‌ئاستی مه‌ترسیه‌كه‌ بێنێته‌وه‌ خوارتر وه‌ ئه‌گه‌ر زانیمان مه‌ترسیه‌كه‌ به‌رزه‌ بێگومان ئێمه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ین و په‌یڕه‌ویشمان كردووه‌، دیسان ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ باس بكه‌مه‌وه‌ كه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ له‌ ئێستادا زۆر بوونی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ناچاری هه‌ندێك بارو گوزه‌رانی هاوڵاتیان ، له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ دارارییه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رتاسه‌ری له‌ ئێستادا به‌رده‌وام نیه‌."د.محه‌مه‌د خۆشناو واده‌ڵێت"

"پێویست ناكات له‌ ڕێنماییه‌كان سارد ببینه‌وه‌ "

وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌سه‌ر هه‌مان ڕێنمایی به‌رده‌وامیین كه‌ به‌ركه‌وتنی فیزیكی پێویسته‌ ته‌واو ته‌واو سنوردار بكرێت، ئه‌گه‌ر بازاڕه‌كان به‌و قه‌ڵه‌باڵغیه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، پێویست ناكات له‌ ڕێنماییه‌كان سارد ببینه‌وه‌، فه‌رمانگه‌كان به‌شێكیان ده‌وامیان ده‌كرێنه‌وه‌ نابێ سارد ببینه‌وه‌، وه‌ هیچ به‌رچاو ڕوونیه‌ك نیه‌ له‌ ئاستی جیهان و له‌ ئاستی ناوخۆیدا تا كه‌ی ئه‌مه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، هیچ به‌روارێكی دیاری كراومان نیه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ سترێسه‌كه‌ زیاتر ده‌كات نازانیین تا چه‌ند به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و ڕێنماییه‌ جیهانیانه‌ كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ له‌سه‌ری به‌رده‌وام بین."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار له‌گه‌ڵ د.محه‌مه‌د خۆشناو MAY 15/020