"خۆشحاڵی خوێندكاران و كه‌سوكارییان بەده‌رچوونی گشتی وه‌ك ده‌رزی به‌نج وایه‌ بۆ ئه‌وان، به‌ڵام له‌داهاتوودا ده‌بێت به‌ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه‌"

د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی شاره‌زای بواری ده‌رونی و مامۆستای زانكۆ

د.كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی پسپۆڕی بواری پسپۆڕی بواری ده‌رونی و مامۆستای زانكۆ ده‌ڵێت:" له‌هه‌مووی سه‌یر تر كه‌ من به‌ كاره‌ساتی ده‌زانم زۆربه‌ی خوێندكاره‌كان پیرۆزبایی له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن شه‌كره‌ وه‌زیره، ئه‌م خۆشحاڵییه‌ وه‌كو ده‌رزییه‌كی به‌نج وایه‌ بۆ ئه‌وان، به‌ڵام له ‌داهاتوودا ده‌بێت به‌ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه‌، خوێندكارم هه‌یه‌ له ‌زانكۆ نازانێت ناوی خۆی بنوسێت به‌ڕێك و پێكی، نازانێت به‌ كوردییه‌كی باش بنوسێت، نازانێت "موزه‌كه‌ره‌یه‌ك" بنوسێت دوای دوانزه‌ ساڵ به ‌كوردی خوێندن. من ده‌مێكه‌ وتومه‌ جیلێك به‌ڕێوه‌یه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌شی كه‌ بونیادنراوه‌ تێكیده‌دات، ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر 12 ی ئاماده‌یی بتوانن تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆ زانكۆ و په‌یمانگاكان نه‌توانن؟! مه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مان دۆخییان نییه‌؟! ئه‌مه‌ پاساوێكی وا نیه‌ كه‌ تاقیكرتدنه‌وه‌كانی بۆ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ستی پێده‌كه‌ین ده‌بێت به‌ چ بنه‌مایه‌كی لاواز و درز و ده‌لاقه،‌ بۆ قۆناغه‌كانی تری خوێندن."

"هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیارێکی ناچارییە"

له ‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری ده‌رچوونی گشتی ده‌ڵێت: " هه‌ر دوو بڕیاره‌كه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و وه‌زیری خوێندنی باڵا بڕیارێكی ناچارییه،‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخه‌كه‌ هۆكارو پاساوی خۆشیان هه‌یه،‌ به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی خراپه‌، لێكه‌وته‌كانی خراپه‌، یه‌كه‌م شت له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی، نزیكه‌ی چوار ساڵ پێش ئێستاش بایكۆت بوو جاری وابووه‌ 2 مانگ بۆ 3 مانگی خه‌یاندووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین، خوێندكار هه‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ 5 و 6 ی بنه‌ڕه‌تی كه‌چی هه‌تاوه‌كو ئێستا بنه‌ماكانی كۆكردنه‌وه‌ و لێده‌ركردن و پیته‌كان فێرنه‌بووه‌، ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌ شه‌ش ساڵ، حه‌وت ساڵی تر دێته‌ زانكۆ، ئێمه‌ چی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین؟ كاتێك ئه‌و خوێندكاره‌ به‌و بایكۆته‌دا ڕۆیشتووه‌ و ئه‌م ساڵیش به‌ر ئەو لافاوه‌ كه‌وتووه‌، مانای وایه‌ 40% بابه‌ته‌كه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌."

د.كه‌ریم وتیشی" له‌ زانكۆش هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ پێویستبوو بخوێنرێن، ساڵانی پێشوو به‌هۆی بایكۆته‌وه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، له‌گه‌ڵ ئه‌م ساڵیشدا بێت كه‌ زۆر بابه‌ت نه‌خوێنراوه‌، من وه‌كو مامۆستایه‌ك له‌ناو بواره‌كه‌م ده‌ڵێم ده‌بێت قۆناغی یه‌كه‌م ساڵه‌كه‌ دوو كۆرسه‌ 30 هه‌فته‌ بخوێنرێت، به‌هه‌مووی 10 هه‌فته‌یان نه‌خوێندووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ 60% بابه‌ته‌كانییان ماوه‌، كۆرسی دووه‌م یه‌ك وشه‌یان نه‌خوێندوه‌، چۆن كۆرسێك بۆ دوو كۆرس حساب ده‌كرێت؟! قۆناغه‌كانی تریش 17-18 هه‌فته‌یان خوێندووه‌ له‌ كۆی 30 هه‌فته‌، به‌ نزیكه‌یی 40 % بابه‌ته‌كانییان نه‌خوێندووه‌، ئێستا ده‌یگوازیته‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌، ئه‌مه‌ هه‌مووی درز و كه‌لێن و ده‌لاقه‌یه‌ له‌بواری زانست."

"باشه‌ كه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ زانكۆی ئیتر ڕاپۆرتی زانستی چی؟! "

هه‌روه‌ها د.كه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" له‌ په‌یامه‌كه‌ی "جه‌نابی" وەزیری خوێندنی باڵا ده‌ڵێت به‌ ڕاپۆرتی زانستی و میكانیزمی تر، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زانكۆ باشه‌، كه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زانكۆ ئیتر ڕاپۆرتی زانستی چی؟! ڕاپۆرتی زانستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌یگوازێته‌وه‌ ، كاتێك خوێندكار ده‌هاته‌وه‌ ناو پۆل ئێمه‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كرد ده‌رده‌كه‌وت كه‌ ئه‌مه‌ هی خۆیه‌تی یان نا، به‌ڵام ئێستا خوێندكار هه‌ر به‌ ئیمه‌یڵ بۆت ده‌نێرێت، كێ ده‌ڵێت مامۆستایه‌ك بۆی نه‌نوسیوه‌، من چۆن دڵنیا بم و نمره‌ی بده‌مێ كه‌ ئه‌مه‌ خۆی نوسیوویه‌تی؟!"

"ئه‌مه‌ سیسته‌می بۆڵۆنیاكه‌یه،‌ كه‌ بۆ ئێمه‌یان دروستكرد به‌داخه‌وه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا بازاڕی هاوبه‌ش و زانكۆكان هه‌مووی بوون به‌یه‌ك ئه‌م‌ سیسته‌مه‌یان دانا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خوێندكارێك له‌ فه‌ڕه‌نسا وه‌ بچێت بۆ ئیتاڵیا یان هه‌ر وڵاتێكی تر كێشه‌ی بۆ دروست نه‌بێت كه‌ ("كریدته‌-یه‌كه‌یه‌"). به‌ڵام لای ئێمه‌ ناتوانرێت ئه‌وه‌ بكرێت تا ئێستا "كریدته‌كانی" 50% نەخوێندوه،‌ به‌تایبه‌تی قۆناغی یه‌كه‌كان باشه‌ چۆن ده‌كرێت ئه‌م 50% بگوازیته‌وه‌ بۆ قۆناغی دوو كه‌ له‌ 100% ده‌خوێنرێت كه‌ ده‌بێت 150%؟! ئه‌م خوێندكاره‌ چۆن ته‌حه‌مولی ئه‌مه‌ ده‌كات؟! بۆی ناكرێت ئایا بۆی ده‌كه‌ن به‌ سێ كۆرس؟! ئه‌مه‌ كێشه‌‌یه‌كی تره‌ لای ئێمه‌ مامۆستا نازانێت ئه‌م سیستمه‌ چۆنه‌ و "كریدته‌كان" چۆن داده‌نرێت، ئێمه‌ زۆر گفتوگۆمان له‌سه‌ری كرد، به‌ڵام فه‌رزیان كرد به‌سه‌رماندا، به‌ڕاستی بۆ وڵاتی ئێمه‌ نابێ ئه‌مه‌." د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی وای وت"

" ئه‌گه‌ر 12 ی ئاماده‌یی بتوانن تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن ، بۆ زانكۆ و په‌یمانگاكان نه‌توانن؟! مه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مان دۆخی سایكۆلۆجییان نییه‌، ئه‌مه‌ پاساوێكی وا نیه‌"

له‌كاتی ڕاگه‌یاندنی بڕیاره‌كه‌دا، له‌سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان وتی" له‌به‌ر دۆخی سایكۆلۆجی و ئابوری و ته‌ندروستی هه‌رێم له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌."

به‌ڵام د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی ده‌ڵێت: " دۆخی سایكۆلۆجی ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌م ساڵه‌وه‌ نیه‌، ساڵانی پێشووش هه‌مان دۆخی سایكۆلۆجی، بێ مووچه‌یی و بێ كاره‌بایی و بێ خزمه‌تگوزاری هه‌مووی هه‌ر هه‌بووه‌، ئه‌م ساڵ ته‌نها كۆرۆناكه‌ی هاتۆته‌ سه‌ر، ڤایره‌سی كۆرۆناكه‌ش بینیمان به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌ كه‌ ئێمه‌ زۆر لێی بترسین، ده‌بێت ڕێنماییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ین به‌ڵام به‌و ترسناكییه‌ نیه‌ كه‌ له‌ ئه‌وروپادا هه‌یه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر 12 ی ئاماده‌یی بتوانن تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆ زانكۆ و په‌یمانگاكان نه‌توانن؟! مه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مان دۆخی سایكۆلۆجییان نییه‌؟! له‌به‌ر ئه‌وه‌ دۆخی سایكۆلۆجی كوردستان جیاوازییه‌كی وای نه‌كردووه‌ له‌م كۆرۆنایه‌دا."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر بچیته‌ ناو بازاڕ به‌ ئه‌ندازه‌ی 100 هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ قه‌ڵه‌باڵغه، ئێ خۆ هه‌ر خوێندكاره‌كه‌یه‌ و دۆخی سایكۆلۆجی ته‌واو نیه‌ ئه‌وه‌تا له‌ كافتریایه‌ و جگه‌ره‌ ده‌كێشێت و ده‌چێت بۆ بازاڕ به‌ڕاستی ئه‌مه‌ پاساوێكی وا نیه‌ تا بڵێیین ئه‌م تاقیكردنه‌وانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌. ده‌كرا ڕێگه‌ چاره‌ی تر هه‌یه‌ بیانگرتایەبەر‌، ئینجا تاقیكردنه‌وه‌ سیسته‌م و پێوه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ جاری وایه‌ 3 -4 مامۆستا له‌ناو پۆلدا چاودێری تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌چی خوێندكار "غه‌ش-مان" لێ ده‌كات. ئینجا ئێستا لیژنه‌ی په‌ڵپگرتن نیه‌، ئه‌گه‌ر خوێندكارێك ناڕازی بوو چۆن گوێی لێ ده‌گیرێت؟! لێره‌دا مامۆستا زیاتر خودی ده‌بێت بابه‌تی نابێت، ناشتوانرێت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. ئینجا توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان ده‌بێت به‌جۆرێك له‌ بازرگانی له‌ بازاڕه‌كاندا، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م خوێندكاره‌ زیره‌ك و یه‌كه‌مه‌كان زیانمه‌ندده‌بن. جاری وایه‌ به‌ "پۆینت" یه‌كێك ده‌بێت به‌ سێیه‌م و كه‌سێك ده‌بێت به‌ چواره‌م وردبینی نییه‌ پرسیاره‌كان بابه‌تی نیین، زۆربه‌ی خوێندكاره‌كان توێژینه‌وه‌كانییان ته‌واو نه‌كردووه‌، هه‌ندێكیان "ته‌تبیق"ییان نه‌كردووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان داخران، یه‌ك مامۆستا چۆن ده‌بێت چاره‌نووسی خوێندكارێك دیاری بكات، له‌وانه‌یه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی تر ده‌وری دووه‌می تیدابێت، به‌ڵام توێژینه‌وه‌ی ده‌رچوون خولی دووه‌می تێدانییه‌، ئێستا 20% تاقیكردنه‌وه‌یانكردووه‌، هه‌ندێك هه‌یه‌ هه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ چی لێبكه‌ین ئێستا چۆن ئه‌م نمره‌ی 20 ه‌ ی بۆ ده‌كرێت به‌ نمره‌ی 100 كه‌ بابه‌ته‌كان هه‌مووی 3 به‌شی ماوه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی زۆره‌ له‌ڕووی زانستییه‌وه‌."

"ترسم هه‌یه‌"

"ترسم له‌وه‌یه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ پەروەردە ده‌كرێت و به‌م بایكۆت و به‌م "به‌زمه‌"دا ده‌ڕوات، له‌داهاتوودا ده‌بێت به‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م، و‌ زیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌دات. ئێستا له‌ كولیژه‌كه‌ی من مامۆستا په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌م ، ئاخر نیو مامۆستا په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌م چۆن مناڵی خه‌ڵكی بخه‌مه‌ به‌رده‌ست؟! ئێستا هه‌یه‌ 4 ساڵی كۆلیژیشی خوێندووه‌ ، ئێمه‌ نه‌مانتوانیوه‌ مامۆستاكانمان په‌روه‌رده‌ بكه‌ین، ئێستا چۆن به‌ نیوه‌چڵی و به‌م هه‌ڵپڕوكاندنه‌ بیكه‌ی به ‌مامۆستا و مناڵ و نه‌وه‌ی داهاتووی بخەیتە بەردەست." د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی واده‌ڵێت"

"ئه‌م خۆشحاڵییه‌ وه‌كو ده‌رزییه‌كی به‌نج وایه‌ "

د.كه‌ریم ئه‌وه‌شی وت: " له‌هه‌مووی سه‌یر تر كه‌ من به‌ كاره‌ساتی ده‌زانم زۆربه‌ی خوێندكاره‌كان پیرۆزبایی له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن شه‌كره‌ وه‌زیره، ئه‌م خۆشحاڵییه‌ وه‌كو ده‌رزییه‌كی به‌نج وایه‌ بۆ ئه‌وان به‌ڵام له ‌داهاتوودا ده‌بێت به‌ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌مه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیستمه‌ سه‌قه‌ته‌كه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئێمه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م گرنگی به‌ بڕوانامه‌یه‌ك و پارچه‌یه‌ك وه‌ره‌قه‌ ده‌ده‌ین كه‌ داومانه‌ به‌خوێندكار و گرنگی به‌ زانست و ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ناده‌ین، له‌ وڵاتێكی وه‌كو به‌ریتانیا و وڵاتانی تر هه‌ركه‌سێك به‌توانا نه‌بێت زانستی ته‌واوه‌تی پێ نه‌بێت، دكتۆراشی هه‌بێت له‌ هیچ شوێنێك نانی ده‌ست ناكه‌وێت. ساڵانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت. له‌وانه‌یه‌ لە کارێکدا به‌كالۆریۆسێک وه‌ربگیرێت و دكتۆرایه‌ك وه‌رنه‌گیرێت، به‌ڵام لای ئێمه‌ به‌س بڕوانامه‌یه‌كی ساخته‌شی پێبێت، كه‌ دامه‌زرا وه‌كو ته‌ڵاقی مه‌سیحی وایه‌ واته‌ هیچ بزانێت و هیچ نه‌زانێت ئه‌و ده‌وام ده‌كات كه‌س نییه‌ لێی بپرسێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن نییه‌، كه‌واته‌ پاش ماوه‌یه‌كی تر دكتۆر و ئه‌ندازیار و پارێزه‌ر و مامۆستا هه‌مووی به‌ نیوه‌چڵی ده‌خرێته‌ ناو كۆمه‌ڵه‌وه‌ ئینجا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بینایه‌ك پایه‌كانی به‌هێز نه‌بێت قاتی دووه‌م و سێیه‌م هه‌ره‌س ده‌هێنێت."

" ئێمه‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین ده‌بێت به‌ بنه‌مایه‌كی لاواز و درز و ده‌لاقه‌ بۆ قۆناغه‌كانی تری خوێندن "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئه‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ی باسی ده‌كه‌یت به‌ته‌نها له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌؟ د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی وتی: " ئه‌مه‌ ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌كان نییه‌، ده‌بێت مادده‌كان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین ده‌بێت به‌ بنه‌مایه‌كی لاواز و درز و ده‌لاقه‌ بۆ قۆناغه‌كانی تری خوێێندكار، ئه‌گه‌ر بایكۆتیش نه‌بێت هێشتا سیستمه‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نییه،‌ كه‌ خوێندكارو قوتابیه‌كانمان باش په‌روه‌رده‌ بكه‌ین، خه‌تای ئێمه‌شی تیایه‌ كه‌ سیستمه‌كه‌یه‌ من هه‌ر بارودۆخێك بێت باسی ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر 27 ملیاریش وه‌كو ده‌ڵێن قه‌رزار بین، نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌، به‌ڵام زانست و ڕۆشنبیری قه‌ره‌بوو ناكریته‌وه‌."

" من ئه‌گه‌ر وه‌زیر بوومایه‌... "

د.كه‌ریم قه‌ره‌چاتانی له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر تۆ وه‌زیر بویتایه‌ چیت ده‌كرد؟ ده‌ڵێت"من ئه‌گه‌ر وه‌زیر بوومایه‌، چۆن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بڕیاریانداوه‌ پۆلی دوانزه‌ تاقیكردنه‌وه‌ بكه‌ن، هیچ چاره‌سه‌رێكی تر نییه‌، چۆن له‌ زانكۆ وه‌رده‌گیرێت؟، به‌هه‌مان شێوه‌ی ئاماده‌ییه‌كه‌ش به‌پێی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هه‌ر خوێندكارێك مه‌ترێك له‌وه‌ی تر دووربێت، ئه‌م ماوه‌یه‌ی ماوه‌ با بڵێن هه‌تا 1/8 هه‌مووی قه‌ره‌بووی پڕۆگرامی خوێندنه‌كه‌مان ده‌كرد، به‌مه‌رجێك ئه‌و ڕێنمایانه‌ بكرێت بۆ پۆلی دوانزه‌، ده‌توانیین بیكه‌ین، بۆ چی بۆ ئه‌وانی تر نه‌توانیین بیكه‌ین؟! له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌و سیستمه‌ ئه‌لكترۆنیه‌مان چالاكتر ده‌كرد. به‌داخه‌وه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌ وای لێهاتووه‌ جۆره‌ها خه‌ڵك ده‌ستوه‌ردان ده‌كات. خۆمان ماندووكرد، به ‌سیسته‌می ئه‌لكترۆنی و محازه‌ره‌مان حازر كرد، كه‌چی له‌ولاوه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك له‌ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن دێت لێدوان ده‌دات و ده‌ڵێ وه‌كو پیاوه‌تی به‌ ئاوی حه‌مامه‌وه‌ بكات وه‌ڵا ئه‌لكترۆنی داخڵ لانیه‌، ئێ خوێندكار هه‌مووی بایكۆتی كردووه‌، "جۆین"ی نه‌كرد، ئه‌مه‌ فه‌رمانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵایه‌ ئه‌م ئه‌لكترۆنییه‌، كه‌واته‌ ئیشه‌كه‌ی لێ تێك داینه‌وه‌، كه‌ وه‌كو هاوكارییه‌ك و پاڵپشتێك بوو بۆ خوێندكاره‌كان. له‌ولاوه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ كردی به‌ پیاوه‌تی خۆی نازانم ئه‌مه‌ چ لێدوانێكه‌؟! یان ده‌ڵێت وا هه‌وڵیشمان داوه‌ هه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ نه‌هێڵین. ئه‌مه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌مان عه‌قڵیه‌تی وابیر ده‌كاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆی كه‌ ئیشی هه‌موو ئێمه‌ی تێك دایه‌وه‌ خوێندكار 80% زیاتر "جۆین"ی كردبوو ، به‌ڵام له‌دوای لێدوانه‌كه‌ی ئه‌و هه‌مووی كانسڵی كرده‌وه‌، وتیان به‌شداری ناكه‌ین مادام داخڵ نابێت، ئێ ئه‌م پاشا گه‌ردانیه‌ چی لێ دروست ده‌بێ؟!"

قه‌ره‌چه‌تانی ئه‌وه‌شی وت" وه‌كو مامۆستا هێمنی شاعیر ده‌ڵێت: " ماڵی دنیا وه‌ك چڵكی ده‌سته‌ دێت و ده‌ڕوات"، به‌ڵام زانست وه‌كو پاره‌ نییه،‌ شتی ماددی قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌. زۆر وڵات ئیفلاسی كرد و كه‌وته‌وه‌ سه‌ر پێی خۆی، خۆ ده‌زانم موچه‌خۆرێك كه‌ موچه‌ی نه‌بێت چه‌ند به‌ ئازاره‌ من وه‌كو شتێكی ڕه‌مزی به‌كارم هێنا، كه‌ زانسته‌كه‌ قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، بیل گه‌یتس به‌ عه‌قڵه‌كه‌ی خۆی كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی داناوه‌ به‌قه‌ده‌ر هه‌موو ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو كه‌ نه‌وتییان هه‌یه‌ داهاتی هه‌یه‌، كه‌واته‌ كه‌ عه‌قڵه‌كه‌ هه‌بوو مه‌عریفه‌كه‌ هه‌بوو ، داهێنانه‌كه‌ هه‌بوو هه‌موو پاره‌ی دنیا دروست ده‌بێت، به‌ڵام هه‌موو پاره‌ی دنیا بیده‌ی به‌ نه‌زانێك نازانێت چی لێ بكات. ئه‌و به‌راورده‌م له‌وه‌وه‌ هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سامان وسه‌روه‌تی یه‌كه‌م عه‌قڵه‌ ئێ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی داته‌پینی عه‌قڵ و‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێمه‌ له‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده ‌و فێركردن كه‌ 20 ساڵه‌ من هاوار ده‌كه‌م هه‌تاوه‌كو ئێستا بابه‌ته‌كانمان نابنه‌ بیركردنه‌وه‌ی داهێنەرانه‌ و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ گرانه‌، له‌ 2% هه‌مووی كه‌سێك داهێنه‌ره،‌ به‌ڵام له‌ كوردستاندا له‌ ملیونێكدا كه‌سێكمان نییه‌ داهێنه‌ر بێت، ئه‌وه‌ش خه‌له‌لی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده ‌و فێركردنه‌!"

"جیلێك به‌ڕێوه‌یه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌شی كه‌ بونیادنراوه‌ تێكی ده‌دات "

د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی له‌قسه‌كانیدا وتی: " تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانیش باشترین پرۆسه‌ی خوێندن له‌ عێراق و كوردستان بووه‌، به‌ڵام له‌ دوای ته‌شه‌نه‌كردنی شه‌ڕی ئێران- عێراق، داگیركردنی كوه‌یت و شه‌ڕی ناوخۆ و ڕوخاندنی سه‌دام و گرانی و ئابڵوقه‌، وای لێهاتووه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ئاستی خوێندن دابه‌زیوه‌، بۆیه‌داهێنه‌ره‌كانمان یان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت یان له‌ماڵه‌وه‌ پاڵ كه‌وتن. ئینجا به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ سیستمێكمان هه‌یه‌، هه‌رچیه‌ك زانست و سه‌قافه‌تی پێ بێت و داهێنه‌ر بێت دژایه‌تی ده‌كرێت، ئه‌حمه‌د زوهه‌یل قسه‌یه‌كی زۆر جوانی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: " ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا له‌ ئێمه‌ عاقڵتر و زیره‌كتر نیین، به‌ڵام له‌وێ كه‌سێك كه‌وتبێت هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ڵی بگرن وبیخه‌نه‌وە سه‌ر پێ، به‌ڵام لای ئێمه‌ كه‌سێك زیره‌ك و بلیمه‌ت بێت، گه‌له‌كۆمه‌كی لێ ده‌كه‌ن تا ده‌یخه‌ن ".ئه‌وە په‌یوه‌ندی به‌ عه‌ڵیه‌تی سیاسی و ئیداره‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌رچی داهێنه‌ر بێ له‌م كوردستان و عێراقه‌ دژایه‌تی ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ هیچی پێ نییه‌ نایه‌وێت له ‌خوار خۆیه‌وه‌ هه‌موو ڕۆژێك عه‌یب و عاره‌كانی دووباره‌ بكاته‌وه‌، و‌ په‌یوه‌ندی نه‌ك هه‌ر به‌ داته‌پینی دۆخی سیاسیی و ئابوری، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی بە پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ عێراق و كوردستان. ئه‌گینا جاران وا نه‌بوو."

" خوێندكارم هه‌یه‌ له‌زانكۆ نازانێت ناوی خۆی به‌ته‌واوی بنوسێت "

له‌دوا به‌شی قسه‌كانیدا د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی سه‌باره‌ت به‌ جیلی داهاتوو ده‌ڵێت: " من ده‌مێكه‌ وتوومه‌ جیلێك به‌ڕێوه‌یه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌شی كه‌ بونیادنراوه‌ تێكی ده‌دات ، ئه‌گه‌ر بڕۆن سه‌یری سۆشیاڵ میدیا و فه‌یسبوك و میدیا و قوتابخانه ‌و زانكۆكانمان بكه‌ن، خوێندكارم هه‌یه‌ نازانێت ناوی خۆی بنوسێت ، نازانێت به‌ كوردییه‌كی باش بنوسێت دوای دوانزه‌ساڵ به ‌كوردی خوێندن. وه‌ڵڵاهیی كاره‌سات به‌ڕێوه‌یه‌ مه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌كی دڵسۆز، سه‌ركردایه‌تییه‌كی دڵسۆز سه‌رله‌نوێ له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌وه‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، ئێمه‌ هه‌میشه‌ گله‌یه‌كه‌مان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه ‌له‌ ساڵی 1992 وه‌ هه‌وڵی بدایه‌، ئێستا جیلێكی 28 ساڵ ده‌زانی چی به‌رهه‌مێكی ده‌بوو؟! ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست بكرایه‌. ئێستا له‌ گه‌ڕه‌كێكدا نابینی دووان له‌گه‌ڵ یه‌كدا ڕێك بێت، ئه‌م ئه‌و سوك ده‌كات نه‌ ڕه‌مز و نه‌ هێما و نه‌ مێژوومان ماوه، هه‌مووی یه‌كترمان ڕه‌تكرده‌وه‌، هه‌موومان كراین به‌ دوژمنی یه‌كتری. جیلێكمان په‌روه‌رده‌ كردووه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر قبوڵ ناكات، دۆڕان قبوڵ ناكات، به‌زه‌یی به‌ كه‌سدا نایه‌ته‌وه‌، ڕێزی پیرۆزییه‌كانی خۆی ناگرێت، لێبورده‌یی نیه‌، نه‌ به‌زه‌یی به‌ ئاژه‌ڵدا دێته‌وه‌، ئیتر نازانم قیمه‌كان شێواون ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی په‌یوه‌ندی به‌و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌وه‌ هه‌یه،‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا گوزه‌ر ده‌كات، كه‌ به‌داخه‌وه ‌له‌ هه‌رێمی كوردستاندا مرۆڤی نه‌گونجاو له‌ شوێنی گونجاودا داده‌نێن و‌ هه‌مووشی له‌سه‌ر بنه‌مای حیزبی دانراوه‌، له‌ جومگه‌ هه‌ستیاره‌كان كه‌ بڕیاریان به‌ده‌سته‌، ئه‌وه‌شی كه‌ حیزبی نه‌بێ و لێیانه‌وه‌ نزیك نه‌بێ به‌ڕاستی په‌راوێز خراوه‌ و هیچی به‌ده‌ست نیه‌ ته‌نها قسه‌ی زلی بۆ ماوه‌ته‌وه‌، قسه‌ش هیچ ناكات."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د.كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی MAY 28/020