د.محه‌مه‌د خۆشناو: فرۆشتنی پلازمای خوێن دەچێتە چوارچێوەی تاوانی بازرگانی بەجەستەو توندترین سزای لەسەرە

د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

د.محه‌مه‌د خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" هه‌ركه‌س پلازمای خوێن به‌ تووشبووانی كۆرۆنا بفرۆشێته‌وه‌ وه‌ك تاوانبار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین به‌تاوانی بازرگانی كردن به‌جه‌سته‌ توندترین سزای ده‌ده‌ین، ده‌شڵێت" تا ئێستا فرۆشتنی پلازما ده‌نگۆیه‌ كه‌س به‌فه‌رمی سكاڵای تۆمارنه‌كردووه‌ به‌ڵام به‌دواداچوون ده‌كه‌ین هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق هه‌یه‌ به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان ته‌نها ده‌نگۆیه‌ و تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێك تۆمار نه‌كراوه‌ وه‌كو سكاڵا یان وه‌كو ڕاگه‌یاندن كه‌ پێمان ڕابگه‌یه‌نرێت به‌ڵام له‌ هه‌ر چركه‌یه‌ك كه‌ حاڵه‌تێك تۆمار بكرێت بێگومان توندترین ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ پلازمای خوێن-ییان ده‌فرۆشن، هه‌روه‌ها وتی" به‌م زووانه‌ یا له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌رمانه‌ ڕوسیه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كۆرۆنا ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات " به‌كارهێنانی ماسك كاریگه‌ری یه‌كجار زۆری هه‌یه‌، به‌ڵام مانه‌وه له‌ ماڵ كاریگه‌ری له‌ هه‌موو ڕێكاره‌كان به‌هێز تره‌."

"تا ئێستا 4463 له‌هه‌رێمی كوردستان تووشی كۆرۆنابوون "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یكرد" له‌ ئێستادا ژماره‌ی تووش بووان له‌یه‌كه‌م ڕۆژی تۆماركردنی حاڵه‌ته‌كانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا 4463 حاڵه‌ته‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ ناویاندا 129 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ست دان تۆمار كراوه‌، له‌م چركه‌یه‌دا 2747 كه‌س له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان تووشبووی ئه‌م په‌تایه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ئێستا وه‌كو وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماژه‌ی پێدا، رۆژانه‌ له‌ 300 حاڵه‌ت نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ چه‌ندین جاره‌ له‌م ژماره‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت به‌م شێوه‌یه‌، پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌كه‌ چه‌ند هێند به‌رزببێته‌وه‌."

"له‌هه‌ولێر به‌شه‌ ناوخۆییه‌ك ده‌كرێته‌ شوێنی توشببوانی كۆرۆنا "

د.محه‌مه‌د خۆشناو ئه‌وه‌شی وت" به‌شێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كان پڕبوون، له‌ پارێزگای سلێمانی كه‌سانی بێ نیشانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ن ئه‌مڕۆ یان به‌یانی له‌ هه‌ولێر، ده‌كرێت به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان بكرێنه‌وه‌ و كه‌سانی دیكه‌ی تیادابنرێت كه‌ نیشانه‌یان نییه‌، وه‌كو به‌شی ناوخۆیی شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدیدن، هه‌موو ئه‌مانه‌ نیشانه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ژماره‌كه‌ به‌ڕاستی یه‌كجار به‌رز بۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بین، وه‌كو هاوڵاتی وه‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بین وه‌كو حكومه‌ت و ڕێوشوێنه‌كان توندنه‌كه‌ین به‌ڕاستی كاره‌ساتی زۆر گه‌وره‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كات."

" له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌كان ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو زۆر زیاد ده‌بن "

"وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ،ئه‌و پێشنیارانه‌مان له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناو حكومه‌ت بریتییه‌ له‌ پێشنیاركردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراوبێت، وه‌ ئه‌م قه‌ده‌غه‌یه‌یه‌ سه‌رتاسه‌ری بێت، بۆ چه‌ند حاڵه‌تێكی پێویست و چه‌ند شوێنێكی پێویست بۆ هاوڵاتیان بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن ڕۆژانه‌ پێداویستییه‌كانی تێدا دابین بكه‌ن به‌ڵام شوێنه‌ گه‌وره‌كان و مۆڵه‌كان و هه‌موو بازاڕه‌ گه‌وره‌كان مه‌به‌ستمه‌، هۆڵی له‌ش جوانی، كافتریاكان، چشتخانه‌كان هه‌موو ئه‌وانه‌ دابخرێن له‌ ئێستادا، ده‌وامی فه‌رمی ڕابگیرێت ئه‌مانه‌ هه‌مووی پێشنیاری ئێمه‌ن بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناو حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆ هاوڵاتیان زۆر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ڕاستی پێویسته‌ ئه‌و ڕێنماییانه‌ به‌ جددی وه‌ربگیرێت." د.محه‌مه‌د خۆشناو وای ووت"

هه‌روه‌ها وتیشی" ده‌توانم ئه‌و خاڵه‌ باس بكه‌م بابه‌تی نه‌بوونی متمانه‌ نه‌ماوه‌ له‌ناو هاوڵاتیان، واته‌ متمانه‌كه‌ بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌بوونی ئه‌و متمانه‌یه‌ هیچ كه‌سێكی هان نه‌داوه‌ كه‌ زیاتر پابه‌ندی ئه‌و ڕێنماییانه‌ بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌كان ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو زۆر زیاد ده‌بن."

ده‌رباره‌ی داواكاری به‌شێك له‌هاوڵاتیان بۆ جێبه‌جێكردنی كواره‌نتین؟ وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان داوای كه‌ره‌نتینه‌ ده‌كه‌ن ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داوای ده‌كه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و لیژنه‌ی پسپۆڕی و چاودێری كردنی ئه‌م په‌تایه‌ ئه‌وه‌ پێشنیار ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی لیژنه‌ی ڕاوێژكاری زانستیكه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تدا، چه‌ندین كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌كات، هه‌موو ئه‌وانه‌مان كۆ كردۆته‌وه‌ ، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ پێشنیارمان كردووه‌ و چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ین له‌ماوه‌ی ئه‌م 24 كاتژمێره‌دا بگاته‌ بواری جێبه‌جێكردن ، ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی ئیداری تۆزێك ده‌ستكاری بكرێت، بۆ نمونه‌ هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه‌ بێت یان له‌وانه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندی بێت، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ داخستنی ئه‌و شوێنانه‌ و نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره‌ به‌ركه‌وتنێك ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی تاك."

"نه‌خۆشخانه‌كان نزیكبونه‌ته‌وه‌ له‌پڕبوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆتایی سیستمی ته‌ندروستی نیه‌ به‌ڵكو پلانی ترمان هه‌یه‌ "

د.محه‌مه‌د خۆشناو سه‌باره‌ت به‌دۆخی نه‌خۆشخانه‌كان و بوونی كه‌لوپه‌لی پزیشكی، ده‌ڵێت "ناتوانم بڵێم نه‌خۆشخانه‌كان 100% پڕ بوون ، به‌ڵام له‌ پڕبوون نزیك ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵێ به‌شێك له‌ قاوشه‌كان پڕبوون ئه‌گه‌ر ژماره‌كان وا بڕوات بێگومان نه‌خۆشخانه‌كان له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا پڕ ده‌بن، ئه‌مه‌ مانای كۆتایی سیسته‌می ته‌ندروستی نییه‌، پلانی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌ی دیكه‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بكات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌شێوه‌ی "فول پاكیج" سه‌یری ته‌ندروستی بكه‌ین، به‌ڵێ توانای ته‌ندروستی سنورداره‌ ژماره‌كان تاڕاده‌یه‌ك بڕ ده‌كات ئه‌گه‌ر بگاته‌ 15 هه‌زا ر و 20 هه‌زار به‌و مه‌رجه‌ی حاڵه‌ته‌ "كڕیتیكاڵه‌كانی" تێدا زۆر بێت، به‌ڵێ بێگومان نه‌خۆشخانه‌ پڕ ده‌بێت كارمه‌نده‌كانمان توشی " burn out" بێزاری و تووشی ماندووبونێكی ته‌واو ده‌بن، وه‌ پێداویستیه‌كان له‌ كه‌موكورتی ده‌ده‌ن، كه‌لوپه‌لی خۆپاراستن"كیتی" پشكنین و ئۆكسجین و ده‌رمان هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ كورتی ده‌ده‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ باسی مه‌ترسی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئێمه‌ باسی توند كردنی ڕێكاره‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌مڕۆ نییه‌، ترسمان له‌ داهاتوو هه‌یه‌ ، ترسمان له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه‌كان پڕببن، ئه‌گه‌ر هه‌موو ده‌رمانه‌كان به‌كار هات ، هه‌موو ئۆكسجین به‌كار هات، له‌ئه‌مڕۆدا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌ڵام نزیكین به‌داخه‌وه‌ كه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕۆژه‌."

" به‌كارهێنانی ماسك كاریگه‌ری یه‌كجار زۆری هه‌یه‌، به‌ڵام مانه‌وه له‌ ماڵ كاریگه‌ری له‌ هه‌موو ڕێكاره‌كان به‌هێز تره‌ "

د.محه‌مه‌د خۆشناو ئه‌وه‌شی وت" داوایه‌كی زۆر توند له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ڕاستی به‌كارهێنانی ماسك كاریگه‌ری یه‌كجار زۆری هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ناچار بوویت بچیته‌ شوێنی قه‌ڕه‌باڵغ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچار نیت مانه‌وه‌ت له‌ ماڵ كاریگه‌ری له‌ هه‌موو ڕێكاره‌كان به‌هێز تره‌، وه‌ چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ین ئه‌و ڕێكارانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت و له‌لایه‌ن لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار جێبه‌جێبكرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی كڕۆكی ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ تاك پارێزی هاوڵاتیان تاكه‌ پارێزی هاوڵاتیان ئاسانتر بگاته‌ جێ."

"به‌م زووانه‌ یا له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌رمانه‌ ڕوسیه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كۆرۆنا ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان "

سه‌باره‌ت به‌گه‌یشتنی ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی له‌ ئێستادا له‌ژماره‌یه‌ك وڵات وه‌ك چاره‌سه‌ری كۆرۆنا ڕاگه‌یه‌نراوه‌؟ د.محه‌مه‌د خۆشناو ڕایگه‌یاند" ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی وڵاتی ڕووسیا كه‌ده‌رمانێكی دژه‌ ڤایڕه‌سه‌ بۆ ڤایڕه‌سی ئه‌نفلۆنزا به‌كار هاتووه‌ پێشتر، به‌مزووانه‌ یا له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند كۆمپانیایه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی عێراق ئاماده‌ی هاورده‌كردنی ئه‌و ده‌رمانه‌ن وه‌ هه‌ندێكیان له‌ توانایاندا هه‌یه‌ لێره‌ دروستی بكه‌ن، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ئه‌و ڕێكارانه‌ ته‌واوبێت و ئێمه‌ش ده‌ست پێبكه‌ین، ئه‌مه‌ له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی زۆر ئیجابی هه‌بووه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ره‌كانی ناو پڕۆتۆكۆله‌كه‌مان ئه‌گه‌ر هاتوو له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ڕاوێژكارییه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا ئه‌مه‌ به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ته‌ندروستی عێراق ده‌بێت چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موو چاره‌سه‌ره‌كانمان هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌مان ڕێكار و هه‌مان پڕۆتۆكۆل بێت به‌ حوكمی نزیكیمان له‌یه‌كتر، وه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانیشمان له‌یه‌كتره‌وه‌ زۆر نزیكه‌، ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین به‌مزووانه‌ بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا بێت جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی له‌ وڵاتی به‌ریتانیا توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كرا بوو ده‌رمانی "دێسكامیپازون Dexamethasone" ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی تاك پێشتر بابه‌ته‌كه‌ "كۆنتاڤێڕسی" بووه‌ واته‌ هه‌ردوو لایه‌نی هه‌بووه‌ به‌ باشه‌ و به‌ خراپه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ باشه‌كه‌ی زیاتره‌ له‌سه‌ر ئاستی تاك به‌كارمان هێناوه‌، پێش ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ش له‌مه‌ودواش بێگومان زیاتر به‌كاردێت و ده‌یخه‌ینه‌ ناو پڕۆتۆكۆلی چاره‌سه‌رییه‌كانمانه‌وه‌."

"پلازما یه‌كسان نییه‌ به‌ چاره‌سه‌ری كۆتایی "

له‌به‌شێكی تری وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ چاره‌سه‌ركردنی توشبووانی كۆرۆنا كرد له‌ ڕێگای كۆرۆنا-وه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت" به‌خشینی پلازما یه‌كێكه‌ له‌و ڕێگایانه‌ی له‌ته‌نیشت چاره‌سه‌رییه‌كانی دیكه‌ به‌كار دێت، ده‌مه‌وێت ئه‌و خاڵه‌ ئاشكرا بكه‌م كه‌ پلازما یه‌كسان نییه‌ به‌ چاره‌سه‌ری كۆتایی، له‌ ته‌نیشت چاره‌سه‌رییه‌كانی دیكه‌ یارمه‌تی ئه‌و نه‌خۆشه‌ ده‌دات له‌وانه‌یه‌ خێراتر چاره‌سه‌ری بكات و له‌وانه‌یه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌م بكاته‌وه‌ به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و خاڵه‌ بزانیین كه‌ پلازما چاره‌سه‌ری كۆتایی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا نییه‌. ئێمه‌ چه‌ندین ڕێكاری ئاسانمان كردووه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت بیبه‌خشن، به‌رده‌وام له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتیه‌كان بانگه‌شه‌ ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی تاك و له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ڕێی دروستكردنی په‌یامی ڤیدیۆیی و كۆمه‌ڵێك گرافیك له‌سه‌ری."

"فرۆشتنی پلازمای خوێن سزای توندی له‌سه‌ره‌ وه‌ك بازرگانی كردن به‌جه‌سته‌ "

سه‌باره‌ت به‌ فرۆشتنی پلازمای خوێن له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ كۆرۆنا، د.محه‌مه‌د خۆشناو ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ پیاوانی ئاینیمان هێناوه‌ته‌ ناو ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ له‌ گرنگی ئه‌و بابه‌ته‌ بڕوانن، وه‌ له‌به‌شی وشیاری ته‌ندروستی وه‌زاره‌ت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن فرۆشتنی پلازما كارێكی نا یاسایی و نا شه‌رعی و نا مرۆڤانه‌یه‌، وه‌ سزای له‌سه‌ره‌ وه‌كو به‌شێك له‌ بازرگانی كردن به‌جه‌سته‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگادارین ئه‌م ده‌نگۆیه‌ له‌ سۆشیال میدیا زۆر بڵاوه‌ به‌ڵام له‌ "ئه‌رزی واقیع" زۆر كه‌متر ڕوویداوه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق ئه‌مه‌ بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌ ده‌نگۆیه‌كان هیچ حاڵه‌تێكی فه‌رمی تۆمارنه‌كراوه‌."


وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم ڕونیكرده‌وه‌" بێگومان ئه‌مه‌ ته‌نها له‌ به‌خشینی پلازما نییه‌، ئه‌مه‌ له‌ فرۆشتنی گورچیله‌ و جگه‌ر وایه‌ ئه‌مانه‌ وه‌كو هه‌مان بابه‌ت (بازرگانی كردن به‌جه‌سته‌وه‌) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ داوای له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت، وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌لمێنرا ئه‌و تاوانه‌ی كردووه‌ بێگومان به‌پێی ئه‌و مادده‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ سزادانی ئه‌م تاوانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ، به‌ڵێ تاوانێكی گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دیوه‌ مرۆڤی و دیوه‌ ئاینییه‌كه‌ی له‌ڕووی یاساوه‌ كارێكی نایاساییه‌ به‌تاوانبار له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت.

"بێگومان توندترین ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ پلازمای خوێنی-ییان ده‌فرۆشن وه‌ك تاوانبار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین "

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جه‌ختیكرده‌وه‌" ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ده‌كه‌ین (فرۆشتنی پلازما) له‌هه‌ر بوارێك به‌تایبه‌ت له‌بواری كۆرۆنا له‌به‌رئه‌وه‌ی حاڵه‌تێكی ئیمرجنسییه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت كۆنتڕۆڵ بكرێت، هه‌موو بابه‌تێك له‌سه‌ر ئه‌مه‌ به‌ جددی وه‌رده‌گرین چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ ته‌نها بابه‌تێكی ته‌ندروستی نییه‌، بابه‌تێكی نیشتیمانی یه‌، زۆر بابه‌تێكی هه‌ستیاره‌، تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێك تۆمار نه‌كراوه‌ وه‌كو سكاڵا یان وه‌كو ڕاگه‌یاندن كه‌ پێمان ڕابگه‌یه‌نرێت به‌ڵام له‌ هه‌ر چركه‌یه‌ك كه‌ حاڵه‌تێك تۆمار بكرێت بێگومان توندترین ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ پلازمای خوێنی-ییان ده‌فرۆشن، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌ت زۆر هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ین كه‌ خۆبه‌خشانه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت مامۆستایانی ئاینی زۆر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ بكات ببێته‌ هۆی ڕزگار كردنی كه‌سێك ، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ مرۆڤایه‌تی هه‌موو ڕزگار كردبێت له‌ دیوه‌ ئایینیه‌كه‌یه‌وه‌، وه‌كو چاره‌سه‌ریش به‌شێكه‌ له‌ كار ئاسانی بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی."

"نزیكه‌ی 200 كارمه‌ندی ته‌ندروستی توشی كۆرۆنابوون "

د.محه‌مه‌د خۆشناو باسی له‌وه‌شكرد" له‌ ئێستادا نزیكه‌ی 200 كارمه‌ندیشمان هه‌یه‌ كه‌ تووشی كۆرۆنابوون، به‌داخه‌وه‌ 4 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ست دان له‌ناو كارمه‌ندان و ستافی ئیداری و ستافی خزمه‌تگوزاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕوویداوه‌، دواترین توشووبیان به‌داخه‌وه‌ وته‌بێژی ته‌ندروستی سلێمانی "به‌ڕێز د.یاد نه‌قشبه‌ندی" ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌ویش تووشی په‌تای كۆرۆنا بووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ جگه‌ له‌مه‌ترسی له‌سه‌ر هاوڵاتیان، مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌رتی ته‌ندروستیش دروست ده‌كات كه‌ ئه‌و هه‌موو سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌ و سه‌روه‌ته‌ نیشتیمانیه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ خاڵی یه‌كه‌م كه‌ به‌ڕاستی مه‌ترسیه‌كه‌ زۆر به‌رزه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هاوڵاتیان ئێستا ده‌توانن بیكه‌ن كاریگه‌ری له‌ هه‌موو شتێك زیاتره‌، داوایان لێده‌كه‌ین زۆر به‌توندی پابه‌ندی ئه‌و ڕێكار و ڕێنماییانه‌بن."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار له‌گه‌ڵ د.محه‌مه‌د خۆشناو JUN 25/020