سەرتیپ جەوهەر: پارەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی نەوتە کە هی بەرپرسانە

هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ئابووری خراپدا گوزەر دەکات، دابەشبوونێکی خراپ لە نێوان خەڵک و حکومەتە خۆییەکەیان کەوتووەتەوە، زۆربەی گرفتەکان بۆ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان دەگەڕێننەوە، وەک لەم وتوێژەدا کادری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی سەرتیپ جەوهەر ئاماژەی بۆ دەکات.

لەو بارەیەوە سەرتیپ دەڵێت " داهاتی مانگی ڕابردووی فرۆشتنی نەوتی هەرێم 312 ملیۆن دۆلار بووە، 86 ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە، ئەو بڕە پارەیە بۆ کۆمپانیاکانی نەوت سەرفکراوە کە هی بەرپرسە یان هی حیزبە، پارەی ئەو هەرێمە بۆ کۆمپانیاکانی نەوتە."

حکومەت وەک زۆر لە بەرپرسەکانی لە میدیاکانەوە ئاماژەیان بۆ کردووە، لە ناچاریدا پاش چەند مانگ مووچە نەدان بەرێژەی لە %23 مووچەی فەرمانبەرانیان کەم کردووەتەوە، جگە لەوەی بەڕیژەیەکی زیاتر پارەی مانگانەی موچە تایبەتەکانیان کەمتر کردووەتەوە.

سەرتیپ ئاماژە بەوە دەکات کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ ئەو مەبەستە بووە، دەشڵیت"مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەو لە نیوە شەودا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە، بەڵام لە بەرەبەیاندا هاوسەرۆکی یەکێتی رایەکی تری هەبووە".

سەرتیپ جەوهەر کادری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی هۆکاری ئەو جیاوازییە بۆ هەڵەی تەکنیکی دەگەڕینێتەوە، دەشڵێت "کۆبوونەوەکان بە ئۆن لاین بووە، هەڵەیەکی تەکنیکی لە نووسینەوەی بەیان نامەکەدا هەبووە کە هەندێ نووسینی بۆ زیادکراوە، نەوەکو جیاوازی بیروڕا".

سەرتیپ لای وایە باری لاری ئابووری هەرێمەکە رێک نابێتەوە تاوەکو ئەو هەموو کۆمپانیا نەوتییە هەبێت کە وەکو دەریا لووش پارەی ئەو هەرێمە هەڵدەلووشن، لە کاتێکدا زۆربەی کۆمپانیاکانیش هی بەرپرسی حیزبەکانە یان کۆمپانیای حیزبین.

لە بەشێکی تری وتوێژەکە باس لە ئەو قەیرانە داراییە کراوە لە سەر نەوەی داهاتوو، لەسەر داوای نەمانی ئەو قەوارەیە، ئەو دەڵێت "کارەساتە خەونی نەوەیەک بووە بەوەی کە چۆن دابمەزرێت، یان موچە وەردەگرن یان نا".

پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار لەوەتەی یەکێتی لە کۆنگرە تەواو بووە هیچ کۆبوونەوەیەکی نێوان مەکتەب سیاسی روی نەداوە، بەرای ئەم کادیرەی یەکێتی ئەوەش گەورەترین گرفتە، ئەو دەڵێت "لە رابردوو، مەکتەب سیاسی هەردوولا چەندین گرفتیان چارەسەر کردووە، لە رووی ئابوریشەوە باشتر بووە، چونکە سەقامگیری سیاسی سەقامگیری ئابووریش بە دوای خۆیدا دێنێت."

سەبارەت بەڕێکەوتنی نیوان حکومەتی عێڕاقی و هەرێم سەرتیپ پێی وایە رێک ناکەون، لەو بارەیەشەوە دەڵیت "حکومەتی عێراقی دەیەوێ دەستوور جێبەجێ بکات، بڵام تەنها لە بەرامبەر بەرپرسیارێتییەکانی هەرێم، بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین ماددەدا پەراوێز خستووە، هەرگیز هەرێم بەو داواکارییانە رازی نابن وەک هاتنەوەی هێزیان بۆ هەرێم یان گرتنە دەستی خاڵە سنورییەکان، لەبەر ئەوە رێک ناکەون."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ سەرتیپ جەوهەر