د.محه‌مه‌د خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم باس له‌مه‌ترسی هاتنی هه‌زاران لهدهروێش و په‌یڕه‌وانی شێخ محه‌مه‌د كه‌سنه‌زانی ده‌كات كه دوێنێ سنوری باشماخ-ییان بڕی به‌ره‌و سلێمانی به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنییان له مه‌راسیمی ناشتنی ته‌رمی(شێخ محه‌مه‌د) له‌و ڕوه‌وه ده‌ڵێت" مه‌ترسی ئه‌وانه زۆر زۆر به‌رزه ده‌بێت ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌یری هه‌موو ئه‌وانه بكه‌ین وه‌كو هه‌ڵگرێكی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا به‌داخه‌وه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسه‌یه ئه‌نجام بدرێت به‌ڕاستی له 2-3 هه‌فته‌دا له‌وانه‌یه پێشبینی كاره‌ساتی گه‌وره‌تر بكرێت، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیربێت كه به‌ركه‌وته‌كانی ڕاسته‌خۆ له‌ماوه‌ی 1-2 ڕۆژدا ده‌رناكه‌وێت به‌ڵكو پێویستی به‌كات هه‌یه، هه‌روه‌ها وتی" سه‌باره‌ت به‌دانانی ئه‌و پرسه‌یه‌ش كارێكی زۆر ناته‌ندروست و زۆر نازانستییه هه‌موو جۆره كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له ئێستادا مه‌ترسی زۆر گه‌وره و كاره‌ساتی زۆر گه‌وره‌ی به‌دوادابێت، له‌وانه‌یه له كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت و نه‌خۆشخانه‌كان پڕَببن، ده‌كرێت ببێته هۆی كاره‌ساتێكی زۆر گه‌وره له كوردستان كه پێشتر ده‌رباره‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ژماره‌ی وا نه‌بینرا بێت، ئێمه زۆر به‌توندی پێشنیار ده‌كه‌ین و ڕێنماییان ده‌كه‌ین هاوڵاتییان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆیان له‌و كۆبۆنه‌وه‌یه به‌دوور بگرن، وه داوا له‌لایه‌نه جێبهجێكارییهكانیش ده‌كه‌ین به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت بتوانن ڕێگری بكه‌ن له كۆبووونهوهكه، ده‌شڵێت"مه‌ترسیه‌كه هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌گرێته‌وه كه ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی پێدا تێپه‌ڕ بووه"
" مه‌ترسی ئه‌وانه زۆر زۆر به‌رزه "
له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به مه‌ترسی هاتنی ده‌روێشانی ڕێبازی شێخ محه‌مه‌دی كه‌سنه‌زان كرد له ئێرانه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ پشكنینێكی ته‌ندروستییان بۆ بكرێت له‌وباره‌یه‌وه وتی" مه‌ترسی ئه‌وانه زۆر زۆر به‌رزه ده‌بێت وا گومان بكه‌ین هه‌ركه‌سێك له‌وانه هه‌ڵگری ئه‌مجۆره په‌تایه بن، یاخود هه‌تا ئه‌گه‌ر هاتوو بڕێكی كه‌م له‌وانه هه‌ڵگری ئه‌مجۆره پهتایهبن ده‌كرێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئێستاوه به‌و تێكه‌ڵی و به‌و قه‌ره‌باڵغیه گه‌یشتونه‌ته سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كو به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سانی دیكه هه‌بووه گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و په‌تایه‌یان بۆ یه‌كتری گواستبێته‌وه و بوبێتنه هه‌ڵگری ئه‌م په‌تایه، ئه‌م هه‌مووه كه هه‌ندێك له داتاكان ئه‌وه‌ی تا ئێستا پێم گه‌یشتبێت باسی 2 هه‌زار كه‌س یان زیاتر ده‌كه‌ن كه سنورییان بڕیووه هاتون به‌ره‌و شاری سلێمانی به‌وردی نازانم باس ده‌كه‌ن له‌سنوری ئێران داخل بوون مه‌ترسی یه‌كجار گه‌وره دروست ده‌كات. ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پێویسته سه‌یری هه‌موو ئه‌وانه بكه‌ین وه‌كو هه‌ڵگرێكی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا."
د.محه‌مه‌د خۆشناو هۆشداری دا به‌هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌و ڕوه‌وه ده‌ڵێت" هاوڵاتیان پێویسته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ جۆره به‌ركه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌دانانی ئه‌و پرسه‌یه‌ش كارێكی زۆر ناته‌ندروست و زۆر نازانستییه هه‌موو جۆره كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له ئێستادا مه‌ترسی زۆر گه‌وره ده‌كرێت كاره‌ساتی زۆر گه‌وره‌ی به‌دوادا بێت."
" ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌كو پارێزگار و قایمقام و به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كۆمه‌ڵێك ڕێكار هه‌یه ده‌كرێت له حاڵه‌تی ناچاریدا به‌یاسا جێبه‌جێ بكرێت "
د.محه‌مه‌د خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد سه‌باره‌ت به پرسه و ههرمهراسیمێك وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕێنمایی قه‌ده‌غه‌كردنیان ده‌ركردووه له‌و ڕوه‌وه ده‌ڵێت" بێگومان ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕێنمایمان بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته جێبه‌جێكارییه‌كان ناردووه، ڕێنماییمان بۆ هه‌موو ئه‌و شوێنانه ناردووه كه توانای جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه‌یان هه‌یه كه كام له‌و ڕێكارانه مه‌ترسی گه‌وره دروست ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لایه‌نێكی جێبه‌جێكردن نین به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌كو پارێزگار و قایمقام و به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كۆمه‌ڵێك ڕێكار هه‌یه ده‌كرێت له حاڵه‌تی ناچاریدا به‌یاسا جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌و جۆره مه‌ترسیه به‌ڕاستی له هه‌موو پارێزگاكان هه‌موو جۆره كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئایینی و پرسه به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م كۆبوونه‌وه‌یه و له‌م بهخاكسپاردنه ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڕاستی زۆر زۆر گهورهیهبه ئه‌ندازه‌ی گه‌وره‌یه‌كه‌ی مه‌ترسیه‌كه دروست ده‌كات به‌ڵێ ڕامانگه‌یاندووه كه پرسه قه‌ده‌غه‌یه، له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه زۆر زۆر ترسناكه ئاستی ترسناكیهكهی یه‌كجار به‌رزه وه دانانی هه‌رجۆره پرسه‌یه‌ك له‌و شێوازه به‌ده‌ر له ڕێنماییه ته‌ندروستیه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ئێستادا كارێكی سه‌لامه‌ت نییه."
ده‌رباره‌ی ڕه‌خنه‌ی به‌شێك له‌هاوڵاتیان له‌كاتێكدا ڕێكاره تونده‌كانی كۆرۆنا له‌هه‌رێم به‌رده‌وامه به‌ڵام ڕێگه به‌هاتنی ئه‌و ده‌روێشانه و به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی ناشتنی ته‌رمی (شێخ محه‌مه‌د) ده‌كرێت.د.محه‌مه‌د خۆشناو وتی" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌رجۆره كارێكی نازانستی هه‌ر جۆره كارێكی نایاسایی ڕووبدات نابێت هاوڵاتیان بیخه‌نه‌وه سه‌ر ملی كۆرۆنا ئه‌مه ده‌كه‌وێته سه‌ر به‌رپرسه ئیدارییه‌كان، ئه‌و كاره نازانستیه ڕوویداوه، مه‌ترسی كۆرۆنا وه‌كو خۆی به‌رده‌وامه هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تووشی ئه‌و زیانه زۆره‌ی به‌ركه‌وته ده‌بن، توشی ئه‌وه نه‌بنه‌وه كه مه‌ترسی كۆرۆنایان له‌بیرنه‌چێته‌وه، مه‌ترسی كۆرۆنا وه‌كو خۆی به‌رده‌وامه پێویسته هاوڵاتی ئه‌گه‌ر بتوانێت له‌سه‌ر ئاستی تاك هه‌ر ته‌نها به بڵاوكردنه‌وه‌ی وشیاری ته‌ندروستیش بێت ، ڕێگری بكات له‌م جۆره كۆبوونه‌وانه به‌شداریكردن له‌مجۆره كۆبوونه‌وانه بۆ هه‌ر كه‌سێك مه‌ترسیه‌كی یه‌كجار دروست ده‌كات، وه ئه‌مه ئیشی لایه‌نه ئیدارییه‌كانی ئه‌و شاره‌یه كه ئه‌و پرسه‌یه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت ڕێگری بكه‌ن له هه‌موو جۆره كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌و شێوه‌یه."
" له 2-3 هه‌فته‌دا له‌وانه‌یه پێشبینی كاره‌ساتی گه‌وره‌تر بكرێت "
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وت" سه‌باره‌ت به ڕێنمایی به‌دیاریكراویی بۆ ئه‌م (مه‌راسیمه) ئێمه ڕێنمایی ته‌نها بۆ حاڵه‌ت ده‌رناكه‌ین به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه باسی ئه‌م جۆره كۆبوونهوانهمان كردووه، له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه كۆبوونه‌وه‌ی پرسه، پرسه تێكه‌ڵاوییه‌كی یه‌كجار زۆره، قه‌ره‌باڵغی و به‌ركه‌وتنی یه‌كجار زۆره، مه‌ودای نێوانیان ناپارێزرێت له‌م پرسه‌یه‌دا به‌داخه‌وه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و ژماره زۆره به‌شدار بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسه‌یه ئه‌نجام بدرێت به‌ڕاستی له 2-3 هه‌فته‌دا له‌وانه‌یه پێشبینی كاره‌ساتی گه‌وره‌تر بكرێت ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت كه به‌ركه‌وته‌كانی ڕاسته‌خۆ له‌ماوه‌ی 1-2 ڕۆژدا ده‌رناكه‌وێت به‌ڵكو پێویستی به‌كات هه‌یه، به‌تایبه‌ت به‌و پرسه‌یه ، ئێمه زۆر به‌توندی پێشنیار ده‌كه‌ین و ڕێنماییان ده‌كه‌ین به‌هه‌موو شێوه‌یه خۆیان له‌و كۆبۆنه‌وه‌یه به‌دوور بگرن ، وه داوا له لایه‌نه جێبهجێكارییهكانیش ده‌كه‌ین به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت بتوانن ڕێگری بكه‌ن له كۆبووونهوهكه. "
"ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه و مه‌راسیمه ئه‌نجامدرا پێشبینی ده‌كه‌ین كاره‌ساتی زۆر گه‌وره ڕووبدات له‌وانه‌یه له كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت"
"به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر دوو هه‌فته تا سێ هه‌فته بڕوات ئه‌و به‌ركه‌وتنانه ڕووبدات واته ئهوكۆبوونهوه و پرسه و مه‌راسیمه ڕووبدات تێكه‌ڵی هاوڵاتیان ببنه‌وه پێشبینی ده‌كه‌ین كاره‌ساتی زۆر گه‌وره ڕووبدات، ئه‌و ژماره‌یه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه دوو هێنده و سێ هێنده ببێته‌وه. ئه‌گه‌ر ژماره‌كه بگاته سێ هێنده و چوار هێنده، له‌وانه‌یه له كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت و نه‌خۆشخانه‌كان پڕَببن، ده‌كرێت ببێته هۆی كاره‌ساتێكی زۆر گه‌وره له كوردستان كه پێشتر ده‌رباره‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ژماره‌ی وا نه‌بینرا بێت، ده‌كرێت ئه‌مه ببێت به كاره‌ساتێكی زۆر گه‌وره." د.محه‌مه‌د خۆشناو وای وت"
"هێنانه‌وه‌ی ئه‌م ته‌رمه به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ده‌بێت"
د.محه‌مه‌د خۆشناو له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا وه‌ك لایه‌نی ته‌ندروستی ئاگادارن چۆن ئه‌و ته‌رمه ده‌هێنرێته‌وه كوردستان ده‌ڵێت" هێنانه‌وه‌ی ئه‌م ته‌رمه به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ده‌بێت، خۆی هێنانه‌وه‌ی ته‌رم ئه‌گه‌ر به‌كۆمه‌ڵێك مه‌رجی یاسایی و كۆمه‌ڵێك مه‌رجی ته‌ندروستی بێت ڕێگری لێناكرێت واته هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی هه‌ر هاوڵاتییه‌ك هه‌ركه‌سێك شتێكی نازانستی نییه به‌و مه‌رجه‌ی به كۆمه‌ڵێك ڕێكاری ته‌ندروستی ئه‌نجام بدرێت به‌ڵام دانانی پرسه ترسناكی زۆر گه‌وره‌یه‌و ناته‌ندروستییه."
"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك توانای ڕێگریكردنمان نیه له‌و مه‌راسیم و كۆبونه‌وانه "
دووپاتیشیكرده‌وه" ڕێگریكردن له‌و مه‌راسیمه به‌داخه‌وه ئه‌وه به‌ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا نییه ئێمه ته‌نها ده‌توانیین لایه‌نه به‌رپرسه‌كان ئاگادار بكه‌ینه‌وه كه‌مه‌ترسی ئه‌م حاڵه‌ته چه‌نده گه‌وره‌یه ئێمه به‌رده‌وام ئاگاداری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ده‌كه‌ینه‌وه ده‌بێت شتێكیش باس بكرێت كه ئه‌مانه هه‌ولێر ، سلێمانی ، دهۆك ئه‌وانه لێی به‌رپرسن به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ئه‌و شارانه پێویسته هه‌ڵوێست وه‌ربگرن ، وه پێویسته ڕوونی بكه‌نه‌وه بۆ ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان ، چونكه ئه‌وان خۆیان له ژووری ئۆپراسیۆنهكانن، وه دڵنیاشم ئه‌مه‌یان كردووه و مهترسیهكهیان نیشان داوه. وه ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی له توانایاندایه به‌هه‌رجۆرێك له جۆره‌كان بێت ئه‌و ڕێكارانه جێبه‌جێبكرێت چونكه ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه ته‌ندروستیه‌كان هێزێكی وه‌ها نیه له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تاكه هێزی ئێمه زانست و پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستین كه خزمه‌تی هاوڵاتیانی پێبكه‌ین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك توانای ڕێگری كردنمان نییه له‌و كۆبوونه‌وانه."
"مه‌ترسیه‌كه هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌گرێته‌وه كه ئه‌و ده‌روێشانه‌ی پێدا تێپه‌ڕ بووه"
به‌پێی ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه‌ی بڵاوكرانه‌وه لایه‌نگران و ده‌روێشه‌كان جگه له‌بڕینی خاڵی سنوری باشماخ به‌شێكییان بازگه‌كانی كه‌ڵه‌ك و كه‌ركوك و ههولێریشییان بڕیووه به‌ره‌و سلێمانی، د.محه‌مه‌د خۆشناو جه‌ختیكرده‌وه مه‌ترسی ئه‌و مه‌راسیم و هاتنی ئه‌و ده‌روێشانه بۆ هه‌موو پارێزگاكانه له‌و ڕوه‌وه ده‌ڵێت" مه‌ترسیه‌كه هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌گرێته‌وه كه ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی پێدا تێپه‌ڕبووه به‌ڵام بێگومان له شوێنێك زیاتر بمێننه‌وه مه‌ترسی زیاتر دروست ده‌كات. له ئێستادا بارودۆخی ته‌ندروستی هه‌ولێر و سلێمانی زۆر زۆر خراپه له‌ڕووی ژماره‌ی تووشبوانه‌وه ژماره‌كان له هه‌ڵكشاندان به‌داخه‌وه سلێمانی دووه‌م پارێزگایه‌یه له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌ڕووی زۆری ژماره‌ی توشبوون و به‌ركه‌وتووان و مردوان ئه‌گه‌ر ئه‌م كارهساتهشی بێته‌سه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ین كاره‌ساته‌كه دوباره ههڵكشاندنێكی خراپتر به‌خۆیه‌وه ببینێت."
Your browser doesn’t support HTML5