ئومێد خۆشناو: به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ په‌رله‌مان سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌كێ بوو واوێنا بكرێت كه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ هی ئه‌وانه‌

ئومێد خۆشناو-سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌م وتووێژه‌دا باس له‌ دواخستنی كۆبونه‌وه‌ی دوێنێی په‌رله‌مان و گفتوگۆكانی نێوان فراكسیۆنه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: " یه‌كێتی هیچ داواكارییه‌كی له ‌ئێمه‌ نه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ 24 كاتژمێر كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان دوابخه‌ین، دڵنیایان كردینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر 24 كاتژمێر كۆبونه‌وه‌ دوابخه‌ین به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕێكه‌وتن هه‌یه‌ له‌نێوانماندا. "

"به‌ڵێ ڕێكه‌وتن له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌نێوانماندا."

له ‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێم ده‌رباره‌ی كۆبونه‌وه‌ی دوێنێی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: " به ‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو ڕێ و شوێنه‌ یاسایی و په‌یڕه‌وییه‌كان گیرابونه‌به‌ر، كه ‌كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، ئاماده‌كاری ته‌واو كرابوو به‌شی زۆر له‌ فراكسۆنه‌كان ئاماده‌یی به‌شداربوونییان هه‌بوو، واته‌ ڕێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامان ده‌بوو، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌كاتی خۆیدا بكرایه‌. ئێمه‌ پێمانوایه‌ هیچ هۆكارێكی باوه‌ڕپێكراو نه‌بوو بۆ دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه،‌ به‌ڵام به‌ڕێزان له‌ فراكسۆنی یه‌كێتی پێشتر بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی خۆیان هه‌بووه‌، بڕیاری خۆ هه‌ڵپه‌ساردن یاخود هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی په‌رله‌مانییان دابوو. ئێمه‌ دڵنیایی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه ‌زۆر ئاسایی و یاساییه‌ هه‌ر فراكسیۆنێك یان هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان بایكۆتی كاره‌كانی په‌رله‌مان بكات یان خۆی هه‌ڵپه‌سێرێت بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، به‌ڵام هه‌رگیز ئاسایی و یاسایی نییه،‌ كه‌ هیچ هێزێك ببێته‌ هۆكاری په‌كخستنی په‌رله‌مانی كوردستان. دوێنی له‌ دواین ساته‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ به‌ڕێزان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی داوای كاتی زیاتریان كرد دوای 24 كاتژمێرییان كرد كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوابخرێت، ئێمه‌ش دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی داواكارییه‌كه‌یان له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ و به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی خۆمان داواكارییه‌كه‌مان هه‌ڵسه‌نگاند و پێمان ئاسایی بوو، له ‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندنی گشتی، له‌پێناو یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان داواكه‌مان به‌ئاسایی بینی، و‌ داوای ئه‌وه‌مان كرد لێیان، ئه‌گه‌ر ئه‌و 24 كاتژمێره‌ كۆبوونه‌وه‌كان دوابخه‌ین ئێوه‌ به‌شداریتان ده‌بێت؟ ئه‌وان دڵنیاییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و به‌ڵێ ڕێكه‌وتین. ڕێكه‌وتن هه‌یه‌ له‌نێوانماندا."

ده‌رباره‌ی شێوازی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی بۆ دواخستنی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان؟ ئومێد خۆشناو ڕونیكرده‌وه‌" ڕێكه‌وتن به‌و جۆره‌ ئسوڵییه‌ی كه ‌له ‌چوارچێوه‌ی ئه‌خلاقی سیاسیدا هه‌م ڕێكه‌وتنی نوسین هه‌یه‌ و هه‌م ڕێكه‌وتنی زاره‌كی هه‌یه‌، ئێمه‌ ڕێكه‌وتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لاریمان نه‌بێت له‌سه‌ر دواخستنی 24 كاتژمێره‌كه‌ ئه‌وانیش به‌شداریان هه‌بێت. له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا كاتێك بڕیار بوو ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌، ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ هه‌مان داوایان هه‌بوو، فراكسیۆنی یه‌كێتی داوایان كرد كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ و 24 كاتژمێر دوابخرێت ئه‌ویشمان كرد. ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ی ئه‌م جاره‌ هێماكانی به‌شداریكردنی یه‌كێتی به‌دیاركه‌وتوون بۆ نمونه‌ له‌ بانگهێشتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه،‌ به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پێنج شه‌ممه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بانگهێشتی كردبوو، كه ‌به‌ڕێزیان به‌شدارنه‌بوون، له‌ دانانی به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش له‌ هه‌ر سێ "به‌ڕێزی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی دوو كه‌س واژۆی بكات به‌رنامه‌ی كار داده‌نرێت، له‌به‌رنامه‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان واژۆی نه‌كردبوو، ته‌نها جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان واژۆیان كردبوو، دوای ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی دوێنێ-مان دوای دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان جارێكی تر هه‌مان ئه‌و به‌رنامه‌ی كاره‌ی، كه‌ له‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ڕاگه‌یه‌نرابوو به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان واژۆی له‌سه‌ركرد و واژۆی ئه‌م سێ "به‌ڕێزه‌ی" له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی له‌سه‌ره‌، "به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌ندامانی بانگهێشت كردووه‌، بۆ كۆبوونه‌وه‌ی 27ی مانگ به‌شدار بن، واته‌ ئه‌وانیش به‌شداریان ده‌بێت."

" یه‌كێتی هیچ داواكارییه‌كی له‌ئێمه‌ نه‌بوو جگه‌ له‌ 24 كاتژمێره‌كه‌ "

سه‌باره‌ت به ‌داواكارییه‌كانی یه‌كێتی، ئومێد خۆشناو ده‌ڵێت: " جارێ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولامان دانه‌نیشتوون له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ، تا داواكارییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی بزانیین، ئه‌وه‌ی تا ئێستا كراوه‌ ئێمه‌ له ‌په‌رله‌مان گفتوگۆمان هه‌بووه‌ به‌ به‌رده‌وامی، هه‌ردوو فراكسیۆن و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌ ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی داواكارییه‌كانییان نه‌خراوه‌ته‌ڕوو، چونكه‌ دانیشتن نه‌كراوه‌ جارێ نازانیین داواكارییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان چییه‌؟ چه‌ندی له‌ "واقیع و لۆژیك نزیكه‌، ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی كه‌ گفتوگۆ ده‌كرێت، هیچ داواكاریه‌كییان له‌ ئێمه‌ نه‌بووه،‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ جێبه‌جێمان كردبێت بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان داوای دواخستنی 24 كاتژمێره‌كه‌یان كردووه‌، ئێمه‌ش ڕه‌زامه‌ندیمان نیشان داوه‌ جگه‌ له‌وه‌، نه‌خێر هیچ داواكارییه‌كی تریان له‌ ئێمه‌ نه‌بووه‌."

" به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و چه‌ند خوله‌ی-دا به‌داخه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆته‌ به‌شێك له‌ خوڵقاندنی كێشه‌ "

هه‌ندێك ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرن په‌رله‌مان له‌بری نوێنه‌ری خه‌ڵك بێت حیزبه‌ سیاسییه‌كان بڕیاری كۆبونه‌وه‌ یاخود دواخستنی كۆبونه‌وه‌ی ده‌ده‌ن، وه‌ك په‌رله‌مانتارێك وه‌ڵامت چیه‌؟ له ‌وه‌ڵامدا ئومێد خۆشناو وتی: "ئه‌گه‌ر ڕاشكاو بم، له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رله‌مان زاده‌ی دیموكراسی و زه‌حمه‌تی خه‌ڵكی كوردستانه‌، بۆیه‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ چه‌ند خولێكه‌ په‌رله‌مانی كوردستان نه‌بۆته‌ ئه‌و چه‌تره‌ نیشتیمانییه‌ی، كه ‌كێشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هاوڵاتییان و ده‌سه‌ڵات، و‌ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ و حیزبه‌ سیاسیه‌كان ڕێك ‌بخات، له‌ په‌رله‌ماندا. تا په‌رله‌مان چه‌ترێك بێت كه‌ جیاوازییه‌كان كۆ بكاته‌وه‌ و له‌وێوه‌ ئارامی ببه‌خشێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و چه‌ند خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌داخه‌وه‌ بۆته‌ به‌شێك له‌ خوڵقاندنی كێشه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌زایه‌كی زۆر فراوانی مناوه‌ره‌ی سیاسی موزایه‌ده‌ی سیاسی و هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌موو لایه‌نه‌كان‌ بۆته‌ هۆكارێك له ‌جیاتی ئه‌وه‌ی كێشه‌كان بێنه‌ په‌رله‌مان و چاره‌سه‌رببن و دیوه‌ ته‌ندروسته‌كه‌ی وه‌ربگرێت، له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كێشه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌نارده‌ كراوه‌، زۆرجاریش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیه‌كانیشی تێكداوه‌."

" به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌كێ بوو وا وێنا بكرێت كه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ هی ئه‌وانه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ "

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شی وت: " به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌كێ بوو، وا وێنابكرێت، كه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ هی ئه‌وانه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه.‌ ئێمه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به ‌یه‌كێتی نیشتمانی نابینیین، هه‌روه‌ك چۆن جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان به‌ حیزبه‌كانییان نابینین. خواستی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پیشه‌یی بێت، بێلایه‌ن بێت، كێشه‌ سیاسییه‌كان و جه‌ده‌له‌ سیاسییه‌كان ئێمه‌ ده‌یكه‌ین، فراكسیۆنی پارتی بە تێڕوانیین و ستراتیجییه‌ت و دونیابینینی پارتی دیموكراتی كوردستان كارده‌كات، به‌ هه‌مان شێوه‌ش هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ش."

" به‌ هیچ جۆرێك ته‌راجعمان نه‌كردووه‌ ته‌راجعیش له‌و بۆچوونه‌ ناكه‌ین"

هه‌روه‌ها وتی: " ئێمه‌ پێمانوایه‌ مناوه‌ره‌ی سیاسی له‌ پرۆسه‌ی حكومڕانی و به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئارامی به‌خشینه‌وه،‌ له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له‌ حكومڕانیه‌كی باشتر، هه‌رگیز ئه‌وه‌ نابینیین كه‌ كێ ته‌راجع ده‌كات و كێ ته‌راجع ناكات. به‌لای ئێمه‌وه‌ " مبدء" بووه،‌ كه‌ په‌رله‌مان نابێت په‌كبخرێت. ئه‌مڕۆ به ‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كۆببووینایه‌وه‌ گۆێمان له‌یه‌كتر نه‌گرتایه‌ گفتوگۆی جدیمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌كردایه‌ كێشه‌یه‌كی تریشمان زیاد ده‌كرده‌ سه‌ر كێشه‌كانی دیكه‌."

ئومێد خۆشناو، جه‌ختیكرده‌وه ‌" ئێمه‌ وه‌كو فراكسیۆنی پارتی پێمانوایه‌ به‌هیچ جۆرێك ته‌راجعمان نه‌كردووه،‌ ته‌راجعیش له‌و بۆچوونه‌ ناكه‌ین، كه‌ بیه‌وێت په‌رله‌مان په‌كبخات، په‌كخستن نابێت، به‌ڵام زۆر ئاساییه‌ ئه‌مڕۆ كۆنابینه‌وه‌ به‌یانی كۆ ده‌بینه‌وه‌."

" ئه‌وه‌ بابه‌تێكی نامه‌قبول و‌ قبوڵ نه‌كراوه‌ "

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ده‌شڵێت: " ئه‌وان (یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان) ناتوانن بڵێن نابێت په‌رله‌مان كۆببێته‌وه،‌ تا پارتی و یه‌كێتی كۆنه‌بنه‌وه‌، زۆرباشه‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت كۆببنه‌وه‌ له‌ حكومه‌تدا پێكه‌وه‌ین مێژوویه‌كی هاوبه‌شمان هه‌یه،‌ ئاینده‌یه‌كی هاوبه‌ش-یشمان له‌ پێشه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌خوازێت مه‌كته‌ب سیاسی ئێمه‌ و ئه‌وان كۆببنه‌وه،‌ به‌ڵام ئه‌وان نابێت ئه‌وه‌ بكه‌نه‌ پێش مه‌رج. ئێمه‌ ده‌ڵێین با په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌ پشتیوانی له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی هه‌ردوو سه‌ركردایه‌تی خۆشمان بكه‌ین. "

پێمانخۆش بێت یان نا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ستراتیجییه‌تی حیزبه‌كان كاریگه‌ری له‌ناو كاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌بێت، له‌ ڕێگه‌ی فراكسیۆنه‌كانییه‌وه‌، مافێكی دیموكراسیانه‌ی هه‌ر بۆچونێكی سیاسییه‌، به‌ڵام حیزب ببێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ژموونی خۆی زاڵ بكات به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان و په‌رله‌مان په‌ك بخات و ڕێگه‌ نه‌دات په‌رله‌مان كاره‌كانی خۆی بكات ئه‌وه‌ بابه‌تێكی نامه‌قبول و قبوڵ نه‌كراوه،‌ تێڕوانینی ئێمه‌ وابووه‌. "ئومێد خۆشناو وایوت "

" پێمانوایه‌ كارێكی باشمان كردووه‌ "

له ‌وه‌ڵامی هه‌ندێك ڕه‌خنه،‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی پارتی ده‌كرێت به‌وه‌ی باسی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن ڕێگه‌ناده‌ن لایه‌نێك په‌رله‌مان په‌كبخات له‌كاتێكدا له ‌خولی پێشوو تۆمه‌تباركران به‌وه‌ی ڕێگه‌یان له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان گرتووه‌ بچێته‌وه‌ په‌رله‌مان؟ ئومێد خۆشناو وتی: " دوو ڕووداوی زۆر زۆر جیاوازن، دوو زه‌مه‌نی جیاوازن دوو ئاراسته‌ی جیاوازن. ئه‌و "به‌ڕێزه‌ی ئه‌و كات له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتنێكی سیاسی له‌گه‌ڵ ئێمه‌، متمانه‌مان پێدابوو سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو، كاتێك ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ پێیده‌وترا ته‌وافوقی نیشتیمانی نه‌ما، ڕێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه،‌ ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ی په‌رله‌مانمان دانه‌خست، ئه‌و كات ڕامانگه‌یاند ئه‌و "به‌ڕێزه‌" نابێت سه‌رۆكی په‌رله‌مان بێت. نه ‌ئه‌و كات شاردمانه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان، نه ‌ئێستاش ئێمه‌ داوامانكرد له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌رله‌مان هه‌ر كاتێك كاندیدێكی تر پێشكه‌ش بكه‌ن، بابێن سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌گۆڕین، ته‌نانه‌ت به‌شی خۆشمان گۆڕانكاری بكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی سێ "به‌ڕێز" له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بوون ئه‌و كاته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، جێگر له‌ پارتی بوو، سكرتێر له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوو سه‌رۆك و سكرتێر بۆچوونه‌كانی خۆیان یه‌كخست ئێمه‌ بۆ یه‌ك ڕۆژ و بۆ یه‌كجار وتمان نابێت بێته‌ په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ بكرێت، چونكه‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ مه‌ترسیدا بوو باره‌گاكانی ئێمه‌ هێرشی له‌سه‌ر بوو، باره‌گاكانی ئێمه‌ ده‌سوتێنران، مومكن نه‌بوو په‌رله‌مانیش ببێته‌ به‌شێك له‌و ته‌وژمه‌ توندڕه‌وییه‌ی، كه‌ ئه‌و كاته‌ دژ به‌ئێمه‌ ده‌كرا. ئێمه‌ داوای گۆڕانكاری له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانمان كرد ئه‌و كاته‌ سكرتێری په‌رله‌مان له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوو به‌كاتی پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت، ئه‌گه‌رنا ئیستحقاقی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بوو، به‌ڵام لایه‌نه‌كان ئاماده‌نه‌بوون گفتوگۆبكه‌ن له‌گه‌ڵمان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بگۆڕین و سه‌رۆكایه‌تیه‌كی دیكه‌ هه‌ڵبژێرین. ئه‌و گفتوگۆ نه‌كردنه‌ی ئه‌وان و‌ ئه‌و سوربوونه‌ی ئێمه‌ش كه‌ ئێستا هه‌مان بۆچونمان هه‌یه‌ و پێمانوایه‌ كارێكی باشمان كردووه‌."

خۆشناو زیاتر ڕونیكرده‌وه ‌"حاڵه‌ته‌كان جیاوازه‌ دوو حاڵه‌ت هه‌بوو ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و كات ئاماده‌بووایه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگۆڕین یه‌ك هه‌فته‌ په‌رله‌مان په‌كنه‌ده‌خرا. ئێمه‌ بڕیاری په‌كخستنی په‌رله‌مانمان نه‌دابوو ئه‌گه‌ر سكرتێری په‌رله‌مان ئاماده‌بووایه‌ و بهاته‌یه‌ په‌رله‌مان ده‌وام بكات نه‌ك له‌ نوسینگه‌ی سلێمانی ده‌وامی بكردایه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بهاتبایه‌ ده‌وامی بكردایه‌ و جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانییان به‌ڕێوه‌ ده‌برد، تا كۆتایی خول له‌لایه‌ن جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان كاره‌كانی په‌رله‌مان به‌رده‌وامی ده‌بوو، بۆیه‌ نیه‌تی ئێمه‌ له‌و كاته‌دا په‌كخستنی په‌رله‌مان نه‌بوو، به‌ڵكو گۆڕانكاری بوو له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئاڵۆزی زیاتربوو، بۆماوه‌یه‌ك په‌رله‌مان په‌كخرا."

"ناتوانیین خۆمان بدزینه‌وه،‌ به ‌نه‌فه‌سی له‌ حكومه‌تم و له‌ میدیاشدا گه‌مه‌ به ‌سۆز و عاتیفه‌ی خه‌ڵك بكه‌م و گوزارشت له‌ ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆم بكه‌م"

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی سه‌باره‌ت به‌ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی فه‌رمانبه‌ران، له ‌سلێمانی دژی دواكه‌وتنی مووچه‌كانییان، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی: " ئێمه‌ پێمانوانییه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سلێمانی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، خواستێكی ڕه‌وای خه‌ڵك هه‌یه‌ حكومه‌تێك هه‌یه‌ بەر‌پرسیارێتی یاسایی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان هەیە، كێشه‌ زۆرهه‌ن، كێشه‌كانیش له‌سه‌رووی ڕاده‌ی ئه‌و په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌. خواستی خه‌ڵك ڕه‌وایه‌ به‌ چ جۆرێك گوزارشتی لێده‌كات، ئه‌وانه‌ی له‌ سلێمانی مان ده‌گرن و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن دژی پارتی دیموكراتی كوردستان نییه‌، تاوه‌كو ئێمه‌ ئه‌و داوایه‌ له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بكه‌ین، دووه‌م یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئۆپۆزیسیۆن نییه‌ بێت مانگرتن دژی ئێمه‌ ڕابگه‌یه‌نێت و فشار بخاته‌ سه‌ر حكومه‌ت، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هاوبه‌شێكی ڕاسته‌قینه‌ و دروستی حكومه‌ت و حكومڕانییه‌، به‌رپرسیاریه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان له‌ ئێمه‌ قورستره‌. ڕاسته‌ حكومه‌تێكی یه‌كگرتووه،‌ به‌ڵام له‌ ڕووه‌ سیاسییه‌كه‌شدا ئه‌وان له‌و شوێنه‌دا به‌رپرسیاریه‌تییان قورستره‌، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك خواستی هه‌بێت زیاتر له‌وانی هه‌یه‌. ئێمه‌ به‌هیچ جۆرێك داوای وامان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نه‌كردووه‌ و ناشیكه‌ین."

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان دوو شوێنه‌ نابێته‌ سێ. شوێنێكیان پێی ده‌وترێت ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌خواستی خه‌ڵك، له‌وێ نوێنه‌ره‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌رچی قسه‌یان هه‌یه‌ و هه‌رچی پرسییان هه‌یه‌ ده‌یكه‌ن. شوێنێكی دیكه‌ په‌رله‌مانه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو لایه‌ك ده‌كات، دواجار ده‌بێته‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌وێش حه‌قی خۆیانه‌، ئێمه‌ش حه‌قی خۆمانە چی ده‌ڵێن و چی ده‌رده‌بڕین، به‌ڵام شوێنی ئێمه‌ میدیا نییه،‌ كه‌ بمانه‌وێت په‌لكێشی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك بكه‌ین، به ‌ئاراسته‌ی خۆمان و خۆمان بێبه‌ری بكه‌ین. پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر هه‌ر ئاستێكدا بێبه‌ری بوونی خۆیان به‌رامبه‌ر ڕای گشتی نیشان بده‌ن زیان ده‌كه‌ن، كه‌ پارتی هه‌رگیز ده‌ستی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌بردووه‌ خه‌ڵكی كوردستان ئێستا وشیاره،‌ نه‌ك ڕووداوه‌كان به‌ر له ‌ڕووداوه‌كانیش هه‌ندێك ئاڕاسته‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، ناتوانن خۆیان له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ بدزنه‌وه‌، ئێمه‌ش ناتوانیین خۆمان بدزینه‌وه،‌ به ‌نه‌فه‌سی له‌ حكومه‌تم و له‌ میدیاشدا گه‌مه‌ به ‌سۆز و عاتیفه‌ی خه‌ڵك بكه‌م و گوزارشت له‌ ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆم بكه‌م، له ‌پێناو كه‌سبی چه‌ند ده‌نگێك و لایكی چه‌ند په‌یجێك، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پرۆسه‌ی حكومڕانی زیانمه‌نده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ حكومه‌تن به‌ گوێره‌ی كورسییه‌كانی خۆیان. قه‌باره‌ هه‌ر كورسییه‌كانی په‌رله‌مانیش نییه،‌ قه‌باره‌ی مێژوویی هه‌یه‌ و به‌رپرسیارێتی ڕابردوو و ئاینده‌ش هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی خۆی ئه‌و حیزبانه‌ی به‌شدارن، له‌ حكومه‌ت به‌رپرسیاریه‌تییان له‌سه‌ر شانه‌."

" ده‌رگاكان كراونه‌ته‌وه‌ "

ئومێد خۆشناو سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی-ش ده‌ڵێت: " به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو ده‌رگاكان دانه‌خراون ده‌رگاكان به‌ڕووی یه‌كتر کراونەتەوە. ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ گوێبیست ده‌بین له‌ سه‌ركردایه‌تی ئێمه‌ و له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌رگاكان كراونه‌ته‌وه‌. ڕۆژانه‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونی و گفتوگۆ هه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ساردییه‌ی كه‌ هه‌شه‌ بڕه‌وێنرێته‌وه.‌ ئه‌و داواكاریانه‌ی كه‌ له‌ یه‌كتریشمان هه‌یه‌، له‌سه‌ر مێزه‌كانی گفتوگۆ ڕووبه‌ڕی یه‌كتر له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ین.