ڕێزان شێخ دلێر: وای لێدێت نه‌ك ته‌نها چاره‌كه‌ موچه‌ ڕه‌نگه‌ له‌بری مووچه‌ به‌ڕه‌مزی پاره‌یه‌ك به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكرێت

ڕێزان شێخ دلێر

ڕێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" هه‌م به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عیراقی هه‌ندێك ڕاستی تێدایه‌ هه‌م به‌شێك له‌قسه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیش، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم هیچ چارێكی تری نیه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق ڕێكبكه‌وێت، سه‌باره‌ت به‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم-یش ده‌ڵێت" وای لێدێت نه‌ك ته‌نها چاره‌كه‌ موچه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ ڕه‌مزی پاره‌یه‌ك به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌بری مووچه‌، وه‌ ئه‌وه‌شی كه‌ ناخۆشه‌ له‌ئێستادا قورسه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جوابێكی واقیعیشی نیه‌ بۆ موچه‌خۆرانی، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی باس له‌لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كه‌ن كه‌ موچه‌ی پارێزگای سلێمانی بخرێته‌وه‌ سه‌ر به‌غداد؟ ڕێزان شێخ دلێر وتی" نه‌خێر من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم و ئه‌وه‌ش ڕاست نییه‌، هاوڵاتیانی دهۆك و هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی وه‌كو یه‌ك پێویستیان به‌ باری گوزه‌ران و داراییه‌ هیچ حیزبێكی سیاسی ناتوانێت به‌ته‌نها بڕیار بدات له‌سه‌رچاره‌نوسی كورد مادام حكومه‌ت هه‌یه‌، حیزبی سیاسی ده‌بێت هه‌مووی پێكه‌وه‌ بڕیار بده‌ن كه‌ ئایا موچه‌كانیان لێره‌ وه‌رده‌گیرێت له‌ناو ئه‌م حكومه‌ته‌، ئه‌گه‌ر هاتوو بڕیارێكی وا بده‌ن و واژوو كۆبكه‌نه‌وه‌ داوای ئه‌وه‌ بكه‌ن واته‌ تێكچوونی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌ڕای من ئه‌وه‌ واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌."

"ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم هه‌م حكومه‌تی عێراقی هه‌ندێك ڕاستی تێدایه‌ هه‌م هی حكومه‌تی هه‌رێمیش "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ڕێزان شێخ دلێر له‌باره‌ی وته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی دارایی عیراقی ڕایگه‌یاند" هه‌م وه‌ڵامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌م وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌زیری دارایی عێراق زۆر له‌كاتێكی ناخۆشدا بوو به‌تایبه‌تی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان بارودۆخی داراییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ خراپه‌ چاوه‌ڕوانیه‌ك و ته‌نها ئومێدێكی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوو حكومه‌ته‌ بتوانن وه‌كو ته‌نها ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك ڕێككه‌وتنێك ڕێكبكه‌ون تا خه‌ڵك بتوانێت موچه‌كه‌ی خۆی وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر موچه‌ هه‌بێت بارودۆخی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ كاسبن و كار ده‌كه‌ن تۆزێك به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كان بوو كه‌ هه‌موو بینیمان، ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم هه‌م حكومه‌تی عێراقی هه‌ندێك ڕاستی تێدایه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زیردا به‌به‌ڵگه‌وه‌ قسه‌كان ده‌كات، هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و بیانوانه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ پێشتردا ئه‌و مه‌له‌فاتانه‌ی كه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ، ئه‌و مه‌له‌فاتانه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی له‌لای حكومه‌ته‌ به‌شێوه‌ ڕه‌سمیه‌كه‌ی."

" عیراق بۆ خۆیان له‌ یاریه‌كه‌ ده‌زانن "

ڕێزان شێخ دلێر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌زانین كه‌فرۆشتنی نه‌وت و داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان، ئه‌و هه‌موو وه‌به‌رهێنانه‌ی كه‌ پێشتر خۆیان كردبوویانه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ڕه‌سمی نه‌چۆته‌ ناو كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ و نه‌چۆته‌ ناو ئه‌و دۆسیه‌ هونه‌ریانه‌ی كه‌بردویانه‌ته‌ به‌غداد، به‌دڵنیانییه‌وه‌ ئه‌وان شاره‌زایی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چونكه‌ خۆیان زۆر شاره‌زان ئه‌وه‌ ڕاستیه‌كه‌ كه‌ له‌ عێراقدا ئه‌وه‌نده‌ گه‌نده‌ڵی زۆره‌ له‌فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تدا له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كاندا هه‌ر وه‌زیرێك ده‌ڕوات خێرا دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ساڵێك له‌وێ بوبێت به‌شی ده‌ساڵی گه‌نده‌ڵی كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ شاره‌زان و ده‌زانن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌موو ئه‌م گه‌نده‌ڵیانه‌ بوونی هه‌یه‌، خۆیان له‌ یاریه‌كه‌ ده‌زانن له‌ ئێستادا ئه‌مه‌ وه‌ڵامی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و داهاته‌ی كه‌ هه‌مانه‌ چه‌ند بێت ئه‌وه‌نده‌ی دابه‌ش ده‌كه‌ین به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ به‌سه‌؟! هاوڵاتی ده‌توانێت به‌م داهاته‌ كه‌مه‌ بژی؟! ئه‌ی كه‌سێك كه‌ كرێكاره‌ و پێویستی به‌كاركردنه‌ كاتێك موچه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ بازاڕ گه‌شه‌ده‌كات و ئیش وكار ده‌بێت بۆ هاوڵاتی، ئایا ئه‌مه‌ به‌شی ژیان و بژێوی خه‌ڵك ده‌كات."

"وای لێدێت نه‌ك ته‌نها چاره‌كه‌ موچه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ ڕه‌مزی پاره‌یه‌ك به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌بری موچه‌ "

سه‌باره‌ت به‌چاره‌نووسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم؟ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" وای لێدێت نه‌ك ته‌نها چاره‌كه‌ موچه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ ڕه‌مزی پاره‌یه‌ك به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌بری مووچه‌، وه‌ ئه‌وه‌شی كه‌ ناخۆشه‌ له‌ئێستادا قورسه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جوابێكی واقیعیشی نیه‌ بۆ موچه‌خۆرانی، موچه‌خۆر ده‌توانێت هه‌موو به‌رنامه‌ی ژیانی خۆی له‌سه‌ر موچه‌یه‌كی تایبه‌ت بووه‌ و چه‌ند ساڵ خوێندویه‌تی و ئیشی كردووه‌ خزمه‌تی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی خۆی كردووه‌ له‌ كۆتایدا له‌بری ئه‌وه‌ی ژیانی به‌ره‌و باشتر بڕوات ئایا هه‌موویان ته‌حه‌مولی ئه‌م ژیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ره‌و خراپتر بڕوات؟! بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌مووچه‌ نادات هه‌موو ساڵێك كه‌له‌ هه‌موو وڵاتێك وایه‌ چه‌ندین خه‌ڵك خانه‌نشین ده‌بن و چه‌ند خه‌ڵكێكی تر دامه‌زرێنێت، ئایا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ دامه‌زراندن ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌م شێویه‌بێت، كه‌واته‌ له‌دوای ئه‌وكه‌سانه‌ی خانه‌نشین ده‌كرێن ناتوانرێت هیچ كه‌سێك دابمه‌زرێنرێت. "

"به‌ڕاستی گه‌نده‌ڵیان كردووه‌و هه‌ندێك له‌داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان ڕه‌نگه‌ هه‌ر نه‌چوبێته‌ داهاتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ "

"یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕێگه‌ چاره‌ی تری نه‌ماوه‌ ، پێشتر ئه‌و گرێبه‌سته‌ نه‌وتیانه‌ی كه‌ كردویه‌تی به‌ڕوونی په‌رله‌مانتاران له‌ ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا باسیان لێوه‌ كردووه‌ و واقیعێكی هه‌یه‌ و حكومه‌ت خۆیشی له‌ پێشتردا باسی كردووه‌، ئه‌و گرێبه‌ستێكی كردووه‌ و گرێبه‌ستێكی 50 ساڵه‌ و ڕێژه‌ی نه‌وتی زۆر به‌كه‌متر فرۆشتووه‌ له‌ عێراق، ئه‌مه‌ هه‌مووی زیان بووه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و بۆ سه‌ر داهاتی هه‌رێمی كوردستان، ئێستا ئه‌م ناتوانێت ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڕاستی گه‌نده‌ڵیان كردووه‌و هه‌ندێك له‌داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان ڕه‌نگه‌ هه‌ر نه‌چوبێته‌ داهاتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ زۆر قورسه‌ هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كان ده‌ستیان گرتبێت به‌سه‌رداهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان، ڕه‌نگه‌ ئێستا ئه‌م حكومه‌ته‌ نه‌توانێت هه‌مووی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌رده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌زووترین كات وه‌ ئه‌مه‌ش هه‌مووی زیانه‌ له‌ هاوڵاتی و له‌ مووچه‌خۆر."ڕێزان شێخ دلێر وایوت"

" سلێمانی كه‌ باس ده‌كه‌ن چه‌ندێك داهاتی ناوخۆی هه‌یه‌ هه‌مووی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شاره‌كه‌ خۆی سودی لێ نابینێت ئه‌ی كه‌سێك كه‌ له‌ به‌سڕه‌یه‌ چۆن قبوڵی ده‌كات هیچ له‌م داهاتانه‌ نه‌یه‌ته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌كاتێكدا پاره‌ی بداتێ و بودجه‌ی بۆ بنێرێت."

ڕێزان شێخ دلێر به‌دووری ده‌زانێت حكومه‌تی عیراق بودجه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت " حكومه‌تی عێراقیش ناتوانێت وه‌كو پێشتر كه‌ بڕێك بودجه‌ دانرابوو بۆ هه‌رێمی كوردستان و دواتریش هه‌بووه‌ كه‌ بڕه‌ بودجه‌ی دانرابوو ته‌نها بۆ موچه‌ی موچه‌خۆرانه‌ به‌ڵام به‌رامبه‌ری هه‌بووه‌ كه‌ده‌بێت داهاتی نه‌وت بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌گه‌ڵ داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان، ئێ حكومه‌تی هه‌رێمیش ئه‌مه‌ی نه‌كردووه‌ و كه‌ نه‌شیكات شه‌قامی عێراقیش ئه‌مه‌ی لێ قبوڵ ناكات خۆپیشانده‌ران لێی قبوڵ ناكات خۆیشی وه‌كو ویژدان قبوڵی ناكات، ئێمه‌ش ده‌زانین موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ناو عێراقدا ده‌بێت هه‌مووی وه‌كو یه‌ك ڕه‌چاو بكرێت به‌ڵام نه‌ك شوێنێك و ناوچه‌یه‌ك كه‌نه‌توانێت ئه‌و داهاته‌ی هه‌یه‌تی كه‌ پێویست ده‌كات هه‌م بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌م له‌ هه‌رێمی كوردستانیشدا بێت به‌ڵام ده‌بێت هه‌ندێكیشی ئه‌گه‌ر 20% بێت بۆ خۆی سودی لێ ببینێت، ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ریه‌ك له‌م شارانه‌ به‌تایبه‌تی سلێمانی كه‌ باس ده‌كه‌ن چه‌ندێك داهاتی ناوخۆی هه‌یه‌ هه‌مووی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شاره‌كه‌ خۆی سودی لێ نابینێت ئه‌ی كه‌سێك كه‌ له‌به‌سڕه‌یه‌ چۆن قبوڵی ده‌كات هیچ له‌م داهاتانه‌ نه‌یه‌ته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌كاتێكدا پاره‌ی بداتێ و بودجه‌ی بۆ بنێرێت."

" حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند گه‌نده‌ڵی هه‌بێت ناگات به‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی ئه‌وان (حكومه‌تی عیراق) "

ڕێزان شێخ دلێر له‌باره‌ی ڕۆڵی ئه‌وان وه‌ك په‌رله‌مانتار ڕایگه‌یاند " ڕۆڵی ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌ران هه‌موو فشارێكمان له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ كه‌بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتنێك بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵدا هه‌رچیه‌ك بێت بتوانن ئیتر به‌ناردنی نیوه‌ی داهات بێت به‌ڵام له‌ كۆتایدا په‌رله‌مانتاریان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانن، ده‌سه‌ڵاتی چاودێرییه‌، واته‌ ده‌سه‌ڵاتێك نییه‌ كه‌ بتوانرێت ئیجباری هه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م حكومه‌تی عێراق بكه‌ی چونكه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنن، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین به‌وه‌ی كه‌به‌یاننامه‌ له‌دژی هه‌ردووكیان ده‌ربكه‌ین ده‌بێت بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند گه‌نده‌ڵی هه‌بێت ناگات به‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی ئه‌وان(حكومه‌تی عیراق)، ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ن ئه‌گه‌ر كاتێك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داهاتی نه‌گه‌ڕاندبێته‌وه‌ له‌ 2005 وه‌بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵ و خه‌له‌لی هه‌بوو بێت هه‌مووی له‌ كه‌موكوڕی حكومه‌تی فیدڕاڵدایه‌ بۆ قبوڵی كردووه‌؟ چه‌نده‌ها ساڵه‌ بۆ نه‌یتوانیووه‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات؟ وه‌زیری دارایی ده‌ڵێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پاره‌ نانێرم بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر ئه‌م كێشانه‌ ئه‌ی بۆ ئه‌و كاته‌ ئه‌مه‌ی نه‌كرد؟ هه‌تا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكردایه‌."

" حزبه‌كه‌شم كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دانیشتووه‌ داوای كردووه‌ كه‌ ده‌بێت بتوانرێت بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان چاك بكرێت "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ڕای حیزبه‌كه‌ت چیه‌ له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غداد له‌كاتێكدا سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدی هه‌رێم له‌حیزبه‌كه‌ی خۆته‌؟ ڕێزان شێخ دلێر ده‌ڵێت" حزبه‌كه‌ی من له‌ خه‌می هاوڵاتیاندا ده‌بێت چونكه‌ ئێستا كه‌ ڕێكنه‌كه‌ون خۆ ئه‌مه‌ كۆتایی نییه‌، وه‌زیری دارایی به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی حكومه‌تی هه‌رێمی داوه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زیری دارایی له‌حكومه‌تی عێراقدا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی هه‌یه‌ له‌ خه‌رجكردنی مووچه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێدراوه‌ بۆ هه‌موو باره‌ داراییانه‌ی كه‌ له‌ عێراقدایه‌ چونكه‌ باری دارایی عێراق له‌ ئێستادا زۆر زۆر خراپه‌ داوای قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی كردووه‌، ئێمه‌ ده‌نگمان له‌سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ داوه‌ هه‌ر پاره‌یه‌ك ئێستا سه‌رف ده‌كرێت له‌سه‌ر حیسابی قه‌رزه‌ هه‌تا چه‌ند مانگێك بتوانێت وه‌به‌رهێنان بكات و هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌ داراییه‌كان چاك بكات و له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كاندا گه‌نده‌ڵی كه‌م بكاته‌وه‌ و كه‌ داهات بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ بارودۆخێكی زۆر قورسه‌ هه‌م بۆ حكومه‌تی عێراقیش له‌م كاته‌دا ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌رچی بكه‌ن ئه‌م دوو حكومه‌ته‌ جارێكی تربكه‌ونه‌وه‌ قسه‌ كردن چونكه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت بژی له‌وه‌ زیاتر به‌وه‌ی كه‌ ته‌حه‌مول بكات كه‌ موچه‌ی نه‌بێت كه‌ داهاتی نه‌بێت و بازاڕی نه‌بێت."

هه‌روه‌ها وتی " حیزبه‌كه‌شم كه‌ دانشتنی كردووه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان داوا ده‌كات كه‌ ده‌بێت بتوانرێت بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان چاك بكرێت."

"هیچ خاڵێكی سنوری نییه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پێشمه‌رگه‌ی خۆی لێبێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ئیداره‌ی خۆیه‌وه‌، هه‌مووی هی حكومه‌ته‌ "

به‌ڵام خاڵه‌ گومرگه‌كان به‌شێكی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌، له‌وه‌ڵامدا ڕێزان شێخ دلێر ده‌ڵێت " خۆ خاڵه‌ گومرگیه‌كان به‌ته‌نها حیزبی من نایگه‌ڕێنێته‌وه‌ ، پۆلسی لێیه‌ ئه‌مانه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تن خۆ سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نیین. هیچ خاڵێكی سنوری نییه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پێشمه‌رگه‌ی خۆی لێبێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ئیداره‌ی خۆیه‌وه‌، هه‌مووی هی حكومه‌ته‌ ئه‌گه‌ر داهاتی یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، كه‌واته‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ لاوازه‌ حیزبه‌كان نییه‌ حكومه‌ته‌كه‌ لاوازه‌ و نه‌یتوانیووه‌ ئیداره‌ی ئه‌م حیزبه‌ سیاسیانه‌ بكات. "

" واته‌ تێكچوونی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌ڕای من ئه‌وه‌ واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ "

هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی باس له‌لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كه‌ن كه‌ موچه‌ی پارێزگای سلێمانی بخرێته‌وه‌ سه‌ر به‌غداد؟ ڕێزان شێخ دلێر وتی" نه‌خێر من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم و ئه‌وه‌ش ڕاست نییه‌، هاوڵاتیانی دهۆك و هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی وه‌كو یه‌ك پێویستیان به‌ باری گوزه‌ران و داراییه‌ هیچ حیزبێكی سیاسی ناتوانێت به‌ته‌نها بڕیار بدات له‌سه‌رچاره‌نوسی كورد مادام حكومه‌ت هه‌یه‌، حیزبی سیاسی ده‌بێت هه‌مووی پێكه‌وه‌ بڕیار بده‌ن كه‌ ئایا موچه‌كانیان لێره‌ وه‌رده‌گیرێت له‌ناو ئه‌م حكومه‌ته‌، ئه‌گه‌ر هاتوو بڕیارێكی وا بده‌ن و واژوو كۆبكه‌نه‌وه‌ داوای ئه‌وه‌ بكه‌ن واته‌ تێكچوونی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌ڕای من ئه‌وه‌ واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ڕێزان شێخ دلێر Aug 14/020