عه‌بدولستار مه‌جید: ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتن فشارێكی زۆریان خستۆته‌ سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كانیان كه‌نابێت ئه‌مجاره‌ واژۆ بكه‌ن

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی-

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت" ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داوای په‌رله‌مانتاران بۆ بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی ئێمه‌ ده‌ستێكی سیاسی له‌ پشتبوو ، وه‌پیلانێكیشی له‌پشت بوو، پیلانه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتن فشارێكی زۆریان خستۆته‌ سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كانیان كه‌نابێت ئه‌مجاره‌ واژۆی بكه‌ن، وه‌ ده‌رفه‌تێكیان هێناوه‌ته‌ پێش كه‌دووباره‌ پێویست بكات ئێمه‌ واژوو كۆبكه‌ینه‌وه‌، مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موویان بتوانن واژۆ كۆبكه‌نه‌وه‌ له‌به‌ر بارودۆخی ناوخۆی حیزبه‌كه‌یان و ئه‌و فشارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ریانه‌ به‌داخه‌وه‌، ده‌شڵێت" سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه‌یاداشته‌كه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ پاساوی لاوازییان هێنابووه‌وه‌ یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوا له‌ من ده‌كات به‌ڵگه‌ بهێنمه‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت دوو مانگه‌ ڕێژه‌ی له‌ 21%ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت."

"به‌ڕای ئێمه‌ ده‌ستێكی سیاسی له‌ پشتبوو ، وه‌پیلانێكیشی له‌پشتبوو "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی" ئه‌و یاداشته‌ له‌سه‌ر بنچینه‌و بنه‌مای ئه‌وه‌ هات كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووجاره‌ به‌ 50 ڕۆ ژموچه‌یه‌ك ده‌دات به‌لێبڕینی 21%و به‌ره‌و سه‌رتریش، ئێمه‌ له‌ڕابردوودا داوامانكردووه‌ كه‌سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری دارایی چونكه‌ ئه‌وانه‌ زیاتر به‌رپرسیارن له‌م بابه‌ته‌ له‌هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ هۆڵی په‌رله‌مان و ڕوونكردنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران و بۆ ڕای گشتی بده‌ن له‌وێوه‌. ئێمه‌ چه‌ند یاداشتێكمان پێشكه‌ش كردله‌ 27/5وه‌، وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ 28/ 6 یاداشتێكی ترمان پێشكه‌شكرد دیسان ئه‌ویشیان وه‌ڵام نه‌داوه‌ته‌وه‌، من بۆخۆم وه‌كو سه‌رۆكی فراكسیۆن چه‌ندجار داوامكردووه‌ بابه‌تێك كه‌په‌یوه‌ندی به‌خه‌ڵك به‌گشتییه‌وه‌ هه‌بێت 24 كاتژمێر بیخه‌ینه‌ به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه‌ ، وه‌ڵامیان نه‌داومه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌نده‌ها پرسیاركراوه‌ له‌ ڕابردوودا سه‌باره‌ت به‌مووچه‌ و سه‌باره‌ت به‌داهات و ئه‌م لێبڕینه‌ له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كان به‌تایبه‌تی ئۆپۆزیسۆنه‌كان به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكی باوه‌ڕپێكراوییان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌، ئێمه‌ ناچاربووین ڕێكاری تر بگرینه‌به‌ر، وه‌ بچینه‌ قۆناغێكی تر كه‌قۆناغی پرساندنه‌، بیرمان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پرساندن پێویستی به‌ ڕێژه‌ی 1/5 هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌ی یاسایی كۆبوویه‌وه‌كه‌ 23 كه‌س پێویسته‌ به‌ڵام 24 كه‌سیش واژۆیكردووه‌ به‌ڵام به‌ هه‌ندێك پاساوی بێ بنه‌ما و پاساوی لاواز ئه‌م یاداشته‌ی ئێمه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان ،وه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش هه‌ندێك لێدوانی داوه‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته، ئه‌وه‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن هه‌مووی له‌ڕووی شكلییه‌وه‌یه‌. هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌ی كه‌ كراوه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان، زۆربه‌ی زۆری به‌م ڕێكارانه‌ تێپه‌ڕیووه‌ و جێی خۆیشی گرتووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌ به‌ڵام سه‌یره‌ بۆ ئه‌مه‌ گه‌ڕێنرایه‌وه‌ كه‌ به‌ڕای ئێمه‌ ده‌ستێكی سیاسی له‌ پشتبوو ، وه‌پیلانێكیشی له‌پشتبوو."

"به‌داخه‌وه‌ بۆ حیزبه‌كانیان فشارێكی زۆریان لێكردن كه‌ ده‌بێت پاشگه‌زبنه‌وه‌ و نابێت ئه‌مجاره‌ واژووی بكه‌نه‌وه‌ ئه‌م پیلانه‌یان گێڕا بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ "

عه‌بدولستار مه‌جید ڕونیكرده‌وه‌" پیلانه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتن فشارێكی زۆریان خستۆته‌ سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كانیان كه‌نابێت ئه‌مجاره‌ واژۆی بكه‌ن، وه‌ ده‌رفه‌تێكیان هێناوه‌ته‌ پێش كه‌دووباره‌ پێویست بكات ئێمه‌ واژوو كۆبكه‌ینه‌وه‌، مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موویان بتوانن واژۆ كۆبكه‌نه‌وه‌ له‌به‌ر بارودۆخی ناوخۆی حیزبه‌كه‌یان و ئه‌و فشارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ریانه‌ به‌داخه‌وه‌. من سوپاسی ئه‌وان ده‌كه‌م كه‌ له‌ 23/08/2020 ئه‌م یاداشته‌یان واژۆكرد به‌ڕاستی هه‌ڵوێستێكی به‌رپرسانه‌و مه‌ردانه‌بوو له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌كاتێكدا له‌ ده‌سه‌ڵات به‌شداربوون و واژووشیان كردووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ حیزبه‌كانیان فشارێكی زۆریان لێكردن كه‌ ده‌بێت پاشگه‌زبنه‌وه‌ و نابێت ئه‌مجاره‌ واژووی بكه‌نه‌وه‌ ئه‌م پیلانه‌یان گێڕا بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌، ئه‌و بڕوبیانوانه‌ی وه‌ ئه‌و پاساوانه‌ی كه‌هێنابوویانه‌وه‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌ویاداشته‌ی ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه‌و پێویستیانه‌ی كه‌ هه‌بووه‌ له‌پرسیاركردن له‌به‌دواداچوون، له‌یاداشت پێشكه‌ش كردن، له‌ داواكردن بۆ بانگهێشت كردن و ڕوونكردنه‌وه‌دان هه‌موو ئه‌و قۆناغ و بیانوانه‌ی كه‌ ئه‌وان باسیانكردووه‌، وه‌هه‌رخۆی حكومه‌ت له‌ ڕۆژنامه‌ی "وه‌قایع" بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ 20% ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بڕیووه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووی پێوه‌ هاوپێچكراوه‌ ئێمه‌ ئاماده‌مانكردووه‌."

" سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوا له‌ من ده‌كات به‌ڵگه‌ بهێنمه‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت له‌ 21% مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بڕیووه‌ "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌كاتێكدا ئێوه‌ 24 په‌رله‌مانتارن جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یاداشته‌كه‌ هۆكاره‌كه‌ی نه‌بوونی مه‌رجی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بووه‌، ئایا چۆن ده‌كرێت په‌رله‌مانتار هه‌ڵه‌ی په‌یڕه‌وی بكات به‌پێی قسه‌كانی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان؟

له‌وه‌ڵامدا عه‌بدولستار مه‌جید وتی" هه‌ڵه‌ی شكلی له‌ سیاغه‌كه‌یه‌تی، له‌ وشه‌یه‌كیه‌تی له‌و بابه‌تانه‌یه‌ ئه‌گه‌رنا بنه‌ڕه‌تی بابه‌ته‌كه‌ په‌سه‌نده‌. له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ دوو به‌شی هه‌یه‌، یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی به‌ شكلایاته‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وی تریان په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی بوونی بابه‌ته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌یتوانی به‌ته‌له‌فونێك ئێمه‌ ئاگاداربكاته‌وه‌ و بڵێت واژۆكانتان یاساییه‌ واته‌ ژماره‌ی یاسایی پێكهێناوه‌ به‌ڵام ئه‌م به‌ڵگانه‌ بهێننه‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوا له‌من ده‌كات به‌ڵگه‌ بهێنمه‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت له‌ 21% مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بڕیووه‌، خۆ ئێستا له‌ ڕۆژنامه‌ی وه‌قائیع بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ڵێت به‌ڵگه‌كان هاوپێچ بكه‌ن كه‌حكومه‌ت ئه‌م بڕیاره‌ی داوه‌ .من ڕۆژنامه‌كه‌شم بۆ هاوپێچ كردووه‌. یاخود ده‌ڵێت ده‌بێت ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكرێت، باشه‌ هه‌ر یاداشتێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكرێت مه‌گه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان ناگرێته‌وه‌؟! ئێمه‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌م بیانوانه‌شمان بڕیووه‌ من ده‌ڵێم به‌ڕاستی پاساوه‌كانیان لاوازن بیانووه‌كانیان بێ بنه‌مایه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ 22 واژۆمان بكردایه‌ ئه‌و كات ده‌یتوانی بڵێت یه‌ك واژۆتان كه‌مه‌ كه‌ئه‌مه‌ بنه‌مایه‌. "

"هۆكاره‌كانی ڕه‌تكردنه‌وه‌كه‌"

"چوار خاڵیان نوسیووه‌ بۆڕه‌تكردنه‌وه‌ی یاداشته‌كه‌مان، یه‌كێكیان ده‌ڵێت نابێت ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكرێت ده‌بێت ئاراسته‌ی سه‌رۆكی بكه‌ن، وتمان باشه‌. یه‌كێكی تر له‌ خاڵه‌كان ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سانه‌ جیا بكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ هه‌ر كه‌سێكیان ژماره‌یه‌كی یاسایی پێویسته‌ بۆ بانگهێشت كردن ، باشه‌ 1/5 پێویسته‌ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵام 1/6 پێویسته‌ بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كه‌ ده‌كاته‌ 23 و 24 كه‌س ئایا ئه‌مه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست نییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تریش كه‌ 10 كه‌سی پێویسته‌!؟ ئایا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئه‌م بابه‌تانه‌ی له‌لانییه‌."عه‌بدولستار مه‌جید سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ داوای په‌رله‌مانتاران به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌"

هه‌فته‌ی پێشوو عه‌باس فه‌تاح په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌وتووێژێكی ده‌نگی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هیچ په‌یوه‌ندی به‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری داراییه‌وه‌ نیه‌ ته‌نها سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌هۆی پۆسته‌كه‌یه‌وه‌ به‌رپرسیاره‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی واژۆكانی كۆكرده‌وه‌ له‌و بپرسن بۆچی وابووه‌ ئایا له‌به‌ر بابه‌تی حیزبایه‌تی بووه‌؟ عه‌بدولستار مه‌جید كه‌خۆی هه‌ستاوه‌ به‌كۆكردنه‌وه‌ی واژۆكان له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" سه‌ره‌تا بۆچوونی من وابوو كه‌ته‌نها سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت بكرێت به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا به‌ڵام له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانی تره‌وه‌ پێشنیاركرا با ئه‌و دوو كه‌سه‌ی تریشی تێدا بێت ، منیش قه‌ناعه‌تم كرد كه‌ با ئه‌وانیشی تێدابێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌ی كه‌متریش بێت ، ئه‌و دووانه‌ی دیكه‌ش به‌رپرسیارن له‌ دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردن، یه‌كێكیان به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حیزبێكی گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كات و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیایه‌ له‌ ئه‌ندامێكی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كه‌ وه‌زیرێكه‌. دووه‌میان وه‌زیری دارایی ئه‌و به‌رپرسیاره‌ و حیزبه‌ كه‌سیان وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ ئه‌ندازه‌ی خۆیان به‌شدار و به‌رپرسیارن به‌ڵام وه‌زیری دارایی زیاتر په‌یوه‌ندیداره‌ له‌ هه‌ر وه‌زیرێكی تر بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌ بووه‌."

"یاداشته‌كه‌مان دوو واژۆی كه‌مه‌ "

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌" له‌دوێنێوه‌ ده‌ستمان كردووه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی واژۆكان كردۆته‌وه‌ و تا ئێستا 21 واژۆ كۆبۆته‌وه‌ ته‌نها 2 واژۆی كه‌مه‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئازادی،سه‌ربه‌خۆكان ، فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ، ژماره‌یه‌كیش له‌ فراكسیۆنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌م یاداشته‌یان دوباره‌ واژۆ كردۆته‌وه‌ به‌ڵام ژماره‌ی یاسایی ته‌واو نه‌بووه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵدان كه‌ ژماره‌ی یاسایی ته‌واو بكه‌ین كه‌ ته‌نها 2 په‌رله‌مانتار ماوه‌."

ناوبراو ئاماده‌نه‌بوو ئاماژه‌ به‌ناوی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ بدات كه‌له‌مجاره‌دا یاداشته‌كه‌یان تا ئێستا واژۆ نه‌كردۆته‌وه‌ ،له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" من ناتوانم جارێ ناوه‌كان بڵێم چونكه‌ ژماره‌ی یاسایی كۆنه‌بۆته‌وه‌ كه‌ دوو كه‌سی تر واژۆیان كرد، ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ یاداشته‌كه‌ش و به‌ڵگه‌نامه‌كانیش كه‌پێوه‌ی هاوپێچ كراوه‌ ، وه‌ناوی ئه‌وانه‌ی كه‌ واژویان كردووه‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌، من پێم وایه‌ به‌ڵام بۆ ڕۆژانی ئاینده‌ ده‌مێنێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌."

" ئه‌نجامی پرساندنه‌كه‌ چی ده‌بێت؟ "

سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامی "پرساندنه‌كه‌" عه‌بدولستار مه‌جید وتی" له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌ی كه‌ واژۆكه‌ی كۆكردۆته‌وه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی زنجیره‌ی واژۆكردنه‌كه‌یه‌،15 ده‌قیقه‌ بۆی هه‌یه‌ قسه‌ بكات ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ وتومانه‌ كه‌ به‌ نایاسایی 21% موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بڕدراوه‌. باس ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بۆچی نایاسایی یه‌، ئه‌و كاته‌ش سه‌رۆكی حكومه‌ت یان ستافی حكومه‌ت 15 خوله‌ك بۆی هه‌یه‌ كه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بدات له‌و باره‌یه‌وه‌ پاشان په‌رله‌مانتاران هه‌ریه‌كه‌ی 3 خوله‌ك پرسیار ده‌كات، له‌پاشان ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كانیان بۆ ئێمه‌جێی باوه‌ڕ بوون و باوه‌ڕ پێكه‌ر بوون ، ئه‌وا بابه‌تی پرساندنه‌كه‌ كۆتایی پێ دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كانیان جێی باوه‌ڕ نه‌بوون بۆ ئێمه‌ ئه‌وا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت ده‌چێت بۆ قۆناغێكی دیكه‌ كه‌ قۆناغی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ ئه‌و كات ئێمه‌ ده‌ڵێن داوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ ده‌كه‌ین، بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ش بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت پێویستی به‌2/3 هه‌یه‌ كه‌ 74 په‌رله‌مانتاری ده‌وێت به‌ڵام بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێویستی به‌ نیو +1 هه‌یه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 56 په‌رله‌مانتار."

"حكومه‌تێك كه‌وته‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگ به‌رز بكرێته‌وه‌ و بوترێت متمانه‌ی لێوه‌رده‌گرینه‌وه‌ كه‌م نییه‌، با ده‌نگیش نه‌هێنێت "

تۆ خۆت ئاماژه‌ت به‌وه‌كرد لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ نمونه‌ پێویستی به‌ 74 ده‌نگ هه‌یه‌ ئێوه‌ كه‌نه‌توانن 24 واژۆ كۆبكه‌نه‌وه‌ ئایا پێتان وایه‌ بتوانن ئاسانه‌ ڕێژه‌ی یاسایی ده‌نگی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌؟ سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌" ئێمه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ین ئه‌ركێكی یاساییه‌ و ڕێكارێكی په‌یڕه‌وییه‌ گرتومانه‌ته‌به‌ر وه‌ئه‌ركی په‌رله‌مانتاریشه‌ ئێمه‌ له‌ قۆناغی ڕابردوو پرسیارمان كردووه‌ و داوامان كردووه‌ كه‌ بێن ڕوونكردنه‌وه‌ بده‌ن و نه‌كراوه‌، ناچاربووین بێینه‌ ئه‌م قۆناغه‌ ، ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانتار ئه‌وه‌ ئه‌ركمانه‌ ئه‌ركی خۆمان جێبه‌جێده‌كه‌ین، له‌وانه‌یه‌ بارودۆخی ناو په‌رله‌مان بگۆڕدرێت ئه‌و هاوكێشانه‌ی كه‌ تا ئێستا هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ بگۆڕدرێت، له‌وانه‌یه‌ بچینه‌ قۆناغی تر كه‌ به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ دروست ببێت بێگومان هه‌وڵ ده‌ده‌ین فراوانی بكه‌ین ئه‌م ئیشه‌، ئه‌مه‌ ڕاچڵه‌كاندنی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌ كه‌ پێویسته‌ بێن پرسیاریان لێ بكه‌ین، حكومه‌تێك كه‌وته‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگ به‌رز بكرێته‌وه‌ و بوترێت متمانه‌ی لێوه‌رده‌گرینه‌وه‌ كه‌م نییه‌، با ده‌نگیش نه‌هێنێت، ئه‌م حكومه‌ته‌ نه‌یتوانیووه‌ كارنامه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێبكات و نه‌یتوانیووه‌ پابه‌ند ببێت به‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆی و نه‌یتوانیووه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، نه‌یتوانیووه‌ وه‌كو حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار ڕۆڵی خۆی ببینێت."

"هه‌وڵی دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك ده‌ده‌ین "

له‌نوسینێكدا خۆت ئاماژه‌ت به‌وه‌كردبوو له‌كوردستان حكومه‌ت نیه‌ تا خۆپیشاندانی دژ بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا خۆت هه‌وڵی واژۆكۆكرنه‌وه‌ ده‌ده‌یت بۆ بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی له‌په‌رله‌مان، له‌وه‌ڵامدا عه‌بدولستار مه‌جید وتی" ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانتار وێڕای پشتگیریمان له‌ خۆپیشاندان ، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا باس ده‌كرێت له‌ هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئێمه‌یه‌، هه‌وڵی دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك ده‌ده‌ین، ڕاسته‌ حكومه‌ت وه‌كو شكل هه‌یه‌ به‌ڵام ئایا ئه‌م حكومه‌ته‌ وه‌كو حكومه‌تێكی ڕۆژئاوایی وایه‌ كه‌گوێ له‌ خۆپیشانده‌ران بگرێت و داواكاریه‌كانیان وه‌ربگرێت ئایا له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ هه‌ندێك شوێن ده‌رفه‌ت دراوه‌ كه‌ خۆپیشاندانیش بكرێت ، كه‌س ئینكاری ئه‌وه‌ ناكات وه‌كو شكل حكومه‌تێك هه‌یه‌ به‌ڵام به‌مانای به‌رپرسیارێتی ئه‌م حكومه‌ته‌ نییه‌."

بۆ وه‌رگرتنی قسه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌نگی ئه‌مریكا چه‌ندینجار هه‌وڵیدا به‌ڵام به‌ڕێز د.ڕێواس فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وتی، كاته‌كه‌ به‌گونجاو نازانم بۆ قسه‌كردن له‌داهاتوودا قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی كرد به‌ زیاد جه‌بار سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ڵام ناوبراو وتی له‌سه‌ر بابه‌تی یاداشت و بانگهێشتی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگر و وه‌زیری دارایی هیچ قسه‌یه‌ك ناكه‌م."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ عه‌بدولستار عه‌بدولمه‌جید Sep 3/020