"كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ دادگایه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی پێكبێت بۆ دادگایی كردنی ئه‌وانه‌ی بڕیاری ریفراندۆم یاندا و بونه‌ هۆكاری ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر "

ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عیراق

ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وه‌ڵامی وته‌كانی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ڕیفراندۆم و ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت" كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌دادگایه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی له‌كوردستان پێكبێت بۆ دادگایی كردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بڕیاری ریفراندۆم یاندا و بوونه‌ هۆكاری ڕوودانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر، سه‌باره‌ت به‌ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردیش، ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێت " كێ ده‌وڵه‌تی كوردی ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟! ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆری كوردستان توركیا داگیری كردووه‌ كه‌س نییه‌ پێی بڵێت له‌ پشتی چاوت دوو برۆ هه‌یه‌ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن فه‌رموون با به‌رگری له‌ خاكی كوردستان بكه‌ن با به‌رگری له‌و خاكه‌ بكه‌ن كه‌ ئێستا ده‌وڵه‌تی توركیا داگیری كردووه‌ له‌ بادینان، وه‌ ڕۆژ به‌رۆژ دێته‌ پێش و خه‌ریكه‌ به‌ره‌و سلێمانیش دێت نازانم ئه‌وانه‌ به‌چی ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نن! " هه‌روه‌ها ئارێز ئه‌وه‌شی وت"نایشارمه‌وه‌ ده‌نگم به‌به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی (ده‌وڵه‌تی كوردی) له‌ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25/09 دا..په‌شیمان نیم له‌وه‌ی كه‌ ده‌نگم داوه‌ ئێستاش بێت ده‌نگ به‌سه‌ربه‌خۆۆ ده‌ده‌مه‌وه‌ "

"له‌جیاتی به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان-مان له‌ده‌ستدا. "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ئارێز عه‌بدوڵا وتی" دیاره‌ ڕیفراندۆم پڕانسیپێكی دیموكراسیه‌ له‌ زۆر وڵاتانی پێشكه‌وتوو بۆ كاری زۆر ساده‌ش پیاده‌ده‌كرێت یاخود بۆ بابه‌تی زۆر چاره‌نوس-یش پیاده‌ده‌كرێت، بۆ ئێمه‌ش ریفراندۆم هه‌مان شێوه‌یه‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌ی ئێمه‌ كردمان پرانسپێكی دیموكراسی بوو به‌ڵام شتێك هه‌بوو كه‌ململانێیه‌ك هه‌بوو له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد، ڕێكه‌وتنێك له‌نێوان هه‌ردوولا نه‌بوو بۆ ریفراندۆم، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ و ڕێكه‌وتنێك هه‌بووایه‌ و ئه‌و ریفراندۆمه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌تی عێراق بووایه‌ یاخود به‌پشتگیری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بووایه‌، بێگومان ده‌بوو به‌كارتێكی سیاسی یاسایی و ڕه‌وایه‌تی خۆی هه‌رگیز له‌ده‌ست نه‌ئه‌دا به‌ڵام ریفراندۆمه‌كه‌ یه‌ك لایه‌نه‌بوو ، كه‌یه‌كلایه‌نه‌بوو ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌شمان بینی ڕاسته‌ خه‌ڵك ده‌نگیدا وه‌ بێگومان هه‌موو كاتێك خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی یاخود ئه‌گه‌ر پرسیارێكی وه‌های لێ بكرێت دووباره‌ ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌جیاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت یاخود له‌جیاتی به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان بوو له‌ده‌ستماندا."

"ڕه‌وایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خۆی زۆر زۆر له‌ریفراندۆم گه‌وره‌تره‌ "

ده‌رباره‌ی قسه‌كانی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود كه‌ ڕایگه‌یاندبوو " هه‌ركاتێك بمانه‌وێت كار به‌ تاپۆ ڕه‌شه‌كه‌ (ڕیفراندۆم) ده‌كه‌ین " له‌وه‌ڵامدا ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" به‌رای من ئه‌و قسانه‌ قسه‌ی سیاسی زۆر سه‌رزاره‌كین ئێمه‌ گه‌لێكین گه‌لی كوردستان له‌سه‌ر خاكی خۆمان ده‌ژین ئه‌و خاكه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت كوردستان كه‌به‌زۆری زۆرداری به‌ عێراقه‌وه‌ لكێنراوه‌، ئه‌وه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌ئێمه‌ ده‌دات كه‌ ئێمه‌ داوای هه‌موو مافێكی خۆمان بكه‌ین به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیش نه‌ك پرۆسه‌یه‌كی وه‌كو ریفراندۆم. پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وایه‌تیه‌ی مێژوویه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌یه‌تی زۆر زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، واته‌ ڕه‌وایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خۆی زۆر زۆر له‌ریفراندۆم گه‌وره‌تره‌."

" 2005 خه‌ڵك له‌وه‌ زیاتر ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆییدا "

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئه‌وه‌شی وتبوو" حه‌قه‌ ئه‌گه‌ر له‌گوندێكیشدا بێت كارتی ڕیفراندۆم به‌كاربهێنین و ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌نین" به‌ڵام ئارێز عه‌بدوڵا له‌وه‌ڵامدا وتی" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خێر ریفراندۆم ناتوانرێت وه‌كو كارتێك به‌كاربهێنرێت، ئه‌وه‌ ته‌نها ده‌توانیین بۆ ناوخۆمان به‌كاری بهێنیین له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بۆچونی وڵاتانی هاوپه‌یمانی كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراق هه‌یه‌ یان بۆچوونی وڵاتانی ده‌ر و دراوسێ هه‌موویان ڕوون و ئاشكرابوو، ده‌وڵه‌تی عێراقیش هیچیان له‌گه‌ڵی نه‌بوون كه‌واته‌ هیچ ڕه‌وایه‌تیه‌كی وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشمان بێت خه‌ڵكی ده‌نگیدا ساڵی 2005 خه‌ڵك له‌وه‌ زیاتر ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆییدا كاتێك كه‌ ڕێكخراوێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ سندوقی ریفراندۆمیشی دانابوو ، ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ران زۆر له‌وه‌ زیاتربوو كه‌ له‌م ریفراندۆمه‌ی كۆتایی2017 درا به‌ڵام هیچ ڕه‌وایه‌تی به‌ده‌ست نه‌هێنا."

"بۆ بازاڕی ناوخۆیی ئه‌و قسه‌یه‌ خۆشه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ مێژوویه‌ی كه‌وته‌ ئه‌ستۆی حیزبه‌ سیاسیه‌كان"

ئارێز عه‌بدوڵا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ ئه‌و دژی ده‌وڵه‌تی كوردی نیه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بڕوای به‌عیراق نیه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌ت" له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" عێراق گه‌وره‌ترین درۆی مێژووه‌ شتێك نییه‌ به‌ناوی عێراق، وه‌كو ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ به‌ڵام وه‌كو نیشتیمان شتێك نییه‌ به‌ناوی عێراق، وه‌كو گه‌ل شتێك نییه‌ به‌ناوی گه‌لی عێراق، گه‌لی كوردستانمان هه‌یه‌ و گه‌لی عه‌ره‌بیمان هه‌یه، كوردستانمان هه‌یه‌ و خاكی عه‌ره‌بیمان هه‌یه‌ دوو شتی زۆر له‌یه‌كتر جیاوازن، من پێم وایه‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان هه‌رگیز ده‌سته‌به‌ر نابن تاده‌وڵه‌تی نه‌بێت به‌ڵام ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ جیاوازن، وه‌ شێوازه‌كانی خه‌باتكردن بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ جیاوازه‌ دڵنیایی ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ (به‌كارهێنانی ڕیفراندۆم كارت) بۆ بازاڕی ناوخۆیی ئه‌و قسه‌یه‌ خۆشه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ مێژوویه‌ی كه‌وته‌ ئه‌ستۆی حیزبه‌ سیاسیه‌كان چونكه‌ كورد سه‌ركردایه‌تی سیاسی نییه‌بۆ خۆدزینه‌وه‌ ده‌ڵێن به‌ڵێ ئێمه‌ ڕاسته‌ دۆڕاین به‌ڵام كارته‌كه‌مان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشی ریفراندۆم ئه‌و هه‌موو خه‌بات و تێكۆشانه‌ی كه‌كراوه‌ ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی دراوه‌ ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی ڕژاوه‌ ئه‌و هه‌موو ده‌رده‌سه‌ریه‌ی كه‌ به‌سه‌ر كوردا هاتووه‌ هیچی به‌هیچ نه‌كردبێت ته‌نها ئه‌و ریفراندۆمه‌یه‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ مێژوویه‌یه‌ كه‌ له‌ئه‌ستۆی ئه‌و به‌رپرسانه‌یه‌ كه‌بڕیاری ریفراندۆمیاندا."

"نایشارمه‌وه‌ ده‌نگم به‌به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی (ده‌وڵه‌تی كوردی) له‌ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25/09 دا..په‌شیمان نیم له‌وه‌ی كه‌ ده‌نگم داوه‌ ئێستاش بێت ده‌نگ به‌سه‌ربه‌خۆۆ ده‌ده‌مه‌وه‌ "

"من وتوومه‌ ریفراندۆم كارێكی باشه‌ به‌ڵام كاتی ده‌ستنیشانكراو بۆ ریفراندۆم زۆر نه‌گونجاو بوو، كاته‌كه‌ی زۆر زۆر نه‌گونجاوبوو وه‌ هه‌لومه‌رجه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم نه‌بوون، له‌و كاته‌ ناله‌باره‌دا ئه‌و بڕیاره‌ درا من یه‌كێك بووم له‌ وانه‌ی كه‌ ده‌نگمداوه‌ له‌ ریفراندۆم بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك وا تۆمه‌تبارم نه‌كات . له‌ هه‌موو چاوپێكه‌وتنه‌كانمدا وتومه‌ هه‌لومه‌رجی ریفراندۆم له‌بار نییه‌ به‌ڵام كاتێك كه‌ هاته‌ سه‌ر بڕیاردان من ناتوانم ده‌نگ بۆ ده‌وڵه‌ت نه‌ده‌م خۆم بڕوام به‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت ناتوانم دژی بوه‌ستمه‌وه‌ نایشارمه‌وه‌ ده‌نگم به‌به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی (ده‌وڵه‌تی كوردی) له‌ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25/09 دا به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ نه‌بووم واته‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌ گشتیه‌كه‌ بووم كه‌بوو به‌بڕیارێكی نیشتیمانی نزیكه‌ی كۆده‌نگیه‌كی له‌سه‌ر دروستبوو منیش به‌به‌ڵێ ده‌نگم بۆیداوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگدانه‌شم یه‌كێك بووم له‌و نۆ په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق كه‌ له‌ناو په‌رله‌مان كۆمیته‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر داناین و ڕووبه‌ڕووی دادگایان كردینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دواتر لێخۆشبوونێك نه‌بووایه‌ یاخود ئه‌گه‌ر چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك نه‌بووایه‌ به‌بڕیار و سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت ئه‌وا ئێمه‌ ئه‌و نۆ كه‌سه‌ به‌ قورسترین مادده‌ی یاسایی سزا ده‌دراین، وه‌كو "خائینی نیشتیمانی" له‌قه‌ڵه‌م ده‌دراین كه‌ سزاكه‌مان ده‌گه‌یشته‌ ڕاده‌ی له‌ سێداره‌دان من په‌شیمان نیم له‌وه‌ی كه‌ ده‌نگم داوه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ر ڕێكخراوێكی مه‌ده‌نی بێت له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌ بڵێت ده‌نگ ده‌ده‌ی ده‌نگ به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌م."ئارێز عه‌بدوڵا وای وت"

"ریفراندۆم گورزی كوشنده‌ی له‌خه‌ونه‌كانی گه‌لی كوردستاندا "

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌شكررده‌وه‌ به‌هیچ جۆرێك ڕیفراندۆم وه‌ك كارتی فشار به‌كارنایه‌ت" له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ ته‌نها بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆییه‌ بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌ ئه‌گه‌رنا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ریفراندۆم گورزی كوشنده‌ی له‌خه‌ونه‌كانی گه‌لی كوردستاندا، مه‌گه‌ر هه‌لومه‌جی "ده‌ولی" و هه‌رێمایه‌تی بگۆڕدرێت ئه‌گه‌رنا كوردی له‌و خه‌ونه‌ زۆر زۆر دورخسته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و ڕاستیانه‌ دانی پێدابنێین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ڕاست بگرینه‌به‌ر و میلله‌ته‌كه‌مان تووشی هه‌ڵدێری تر نه‌به‌ین ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌هه‌مان بوو، ئه‌و هه‌موو خه‌بات و خوێنه‌ی كه‌ دیمان به‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌ ناوی نرا ریفراندۆم له‌ كاتێكی نه‌گونجاودا به‌بڕیارێكی نه‌گونجاو ، ته‌نانه‌ت بڕیاره‌كه‌شی نا شه‌رعی بوو، په‌رله‌مانێك كه‌ په‌كخرابوو بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ بڕیارێكی ناڕاست خرایه‌وه‌ گه‌ڕ ئه‌و بڕیاره‌ درا ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو كه‌ بینیمان هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ حه‌مرین بوو مه‌نده‌لی له‌ ده‌ستی كوردبوو به‌شێكی موسڵ له‌ده‌ست كورد بوو. "

"له‌به‌غداد پێیان وتین دوو ساڵ ڕیفراندۆم دوابخه‌ن با كاك مه‌سعود بێت ئه‌وكات بۆتان واژۆ ده‌كه‌ین كه‌...."

ئارێز عه‌بدوڵا كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو ئاشكرایكرد چییان به‌لایه‌نی كوردی وتووه‌ له‌به‌غداد له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت"حكومه‌تی عێراقی پێش ریفراندۆم هه‌موو هه‌وڵێكیاندا به‌چی ڕازی ده‌بین ئه‌وان ده‌یكه‌ن من یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كه‌ سه‌ركرده‌ عێراقیه‌كان له‌گه‌ڵم دانیشتوون ئه‌وكاته‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی بووم وتیان دوو ساڵ ریفراندۆمه‌كه‌ دوابخه‌ن با كاك مه‌سعود بارزانی بێت له‌ به‌غداد گفتوگۆ ده‌كه‌ین له‌سه‌ر شێوازی حكومڕانی عێراق بۆتان ئیمزا ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا بڕوای هه‌ردوولامان هات كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌به‌رین و به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ فیدڕاڵیه‌ی كه‌ له‌ده‌ستوردا هاتووه‌ جێبه‌جێی بكه‌ین و مادده‌ی 140 و مادده‌كانی تر جێبه‌جێ بكه‌ین ئه‌وا زۆرباشه‌ ئه‌گه‌رنا بۆتان ئیمزا ده‌كه‌ین دوای دوو ساڵ ئێوه‌ حه‌قی خۆتانه‌ جیاببنه‌وه‌ ئاماده‌ییان هه‌بوو به‌بێ كه‌ركوك ریفراندۆم بكرێت و دانی پێدا بنێن ."

"له‌ناكاو بۆچوونی سه‌ركرده‌ كاربه‌ده‌سته‌كانی ناو یه‌كێتی گۆڕا "

به‌ڵام ئێوه‌ وه‌ك یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم بوون و وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت ته‌نانه‌ت خۆت ده‌نگت پێتداوه‌؟ له‌وه‌ڵامدا ئارێز عه‌بدوڵا وتی" ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تا وتمان دژی ریفراندۆم نیین به‌ڵام له‌گه‌ڵی نیین نوێنه‌ری كونسوڵی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپی وتیان ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆم نیین . بڕیاری یه‌كێتی پشتیوانی بوو له‌ ریفراندۆم. من ناڵێم یه‌كێتی بێ به‌رییه‌ به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی وتمان كاته‌كه‌ گونجاو نییه‌ له‌ناكاو بۆچوونی سه‌ركرده‌ كاربه‌ده‌سته‌كانی ناو یه‌كێتی گۆڕا هه‌ندێك له‌و براده‌رانه‌ پێیان وابوو كه‌ تا ئێمه‌ هه‌نگاو نه‌نێین ده‌وڵه‌تان پشتیوانیمان لێ ناكه‌ن."

" به‌ڵام هی كه‌ركوكیان كردووه‌ به‌ كراسی عوسمان نایبڕنه‌وه‌ "

واته‌ تۆ پێت وایه‌ ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و هاتنه‌وه‌ی سوپای عیراق به‌هۆی ڕیفراندۆمه‌وه‌ بوو؟ له‌وه‌ڵامدا ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێت" بێگومان ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌بووایه‌ گوێڕایه‌ڵی ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا بووینایه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی هه‌ندێك له‌ دۆسته‌كانمان بووینایه‌ له‌ناو عێراق ریفراندۆمه‌كه‌مان ته‌نها دوابخستایه‌ هیچ پاسا و و بیناویه‌ك نه‌بوو بۆهاتنی سوپای عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بۆ داگیر كردنه‌وه‌ی له‌كاتێكدا سوپای عێراق ئه‌و كاته‌ له‌ هه‌موو كاته‌كانی تر به‌هێز تر بوو، ئه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ی بوو، 16 ئۆكتۆبه‌ر هاتنه‌وه‌ی سوپای عێراقه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌،سوپای عیراق بۆ هاته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك؟ شه‌نگال، مه‌خمور ، به‌ڵام هی كه‌ركوكیان كردووه‌ به‌ كراسی عوسمان نایبڕنه‌وه‌ بۆ هاته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك ئه‌ی منیش پرسیار ده‌كه‌م ئه‌ی بۆ سوپای عیراق هاته‌ شه‌نگال بۆ هاته‌ مه‌خمور؟ ئه‌ی بۆ هاته‌ دبز؟ بۆ هاته‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا؟ هه‌مووی گرته‌وه‌ به‌بێ ته‌قه‌و به‌بێ شه‌ڕ كێ لێی به‌رپرسیاره‌؟! ریفراندۆم مافێكی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌ڵام ئایا هه‌موو مافه‌ ڕه‌واكان ده‌سه‌لمێنرێن له‌و چوارچێوه‌ سه‌خته‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ناو ئێران و توركیا و سوریا كه‌ ده‌ژین ، وه‌ له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ ناخۆشه‌ی كه‌ ئێمه‌ تێدا ژیایین ئایا ده‌توانیین ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین."

" كێ ده‌وڵه‌تی كوردی ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟! ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆری كوردستان توركیا داگیری كردووه‌ كه‌س نییه‌ پێی بڵێت له‌ پشتی چاوت دوو برۆ هه‌یه‌ "

واته‌ تۆ پێت وایه‌ ئێستا كاتی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی نیه‌ وه‌ك كاكه‌ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود له‌ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" كاتی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌ خۆ ئه‌گه‌ر له‌گوندێكیشدا بێت"

ئارێز عه‌بدوڵا به‌مجۆره‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" كێ ده‌وڵه‌تی كوردی ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟! ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆری كوردستان توركیا داگیری كردووه‌ كه‌س نییه‌ پێی بڵێت له‌ پشتی چاوت دوو برۆ هه‌یه‌ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن فه‌رموون با به‌رگری له‌ خاكی كوردستان بكه‌ن با به‌رگری له‌و خاكه‌ بكه‌ن كه‌ ئێستا ده‌وڵه‌تی توركیا داگیری كردووه‌ له‌ بادینان، وه‌ ڕۆژ به‌رۆژ دێته‌ پێش و خه‌ریكه‌ به‌ره‌و سلێمانیش دێت نازانم ئه‌وانه‌ به‌چی ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نن! ئه‌ی دوای شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ ده‌وڵه‌تیان ڕانه‌گه‌یاند ئه‌وانه‌ی قسه‌ی له‌و جۆره‌ ده‌كه‌ن! نه‌خێر به‌بۆچوونی من كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌دادگایه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی له‌كوردستان پێك بێت بۆ دادگایی كردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بڕیاری ریفراندۆم یاندا ،وه‌ بۆ دادگایی كردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوونه‌ هۆكاری شكستی هه‌رێمی كوردستان یاخود پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك و خانه‌قین و دبز و مه‌خمور و له‌ شه‌نگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا."

به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆت ده‌ڵێی دادگا پێكهات بۆ دادگایی كردنی ئه‌وانه‌ی بڕیاری ڕیفراندۆمیان دا سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كه‌ی خۆشتی تێدابوو، هه‌روه‌ها خۆشت به‌به‌ڵێ ده‌نگت داوه‌ ئایا ئێوه‌ ده‌چنه‌ ئه‌و دادگایه‌ی خۆت داوای ده‌كه‌یت؟ له‌وه‌ڵامدا ئارێز عه‌بدوڵا وتی" هه‌رچه‌نده‌ هه‌لومه‌رجی كوردستان له‌وه‌ نییه‌ به‌ڵام من ئومێد ده‌كه‌م ڕۆژێك بێت دادگایه‌كی نیشتیمانی گه‌وره‌ بێت و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بدات له‌سه‌ر ریفراندۆم و هۆكاره‌كانی شكستی ریفراندۆم."

" دامه‌زراوه‌ی حكومه‌تیان " ڕیسوا كرد " بۆ ئه‌وه‌ی حیزبه‌كان خۆیان چوون بڕیاریاندا"

به‌بڕوای ئارێز عه‌بدوڵا ڕیفراندۆم شكستی هێناوه‌، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت " ڕیفراندۆم چۆن شكستی نه‌هێنا! په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ چه‌ند كه‌سێك له‌ناو یه‌كێتی درێژ ده‌كه‌ن له‌كه‌ركوك، ئایا ئه‌وه‌ هۆكاری شكستی ریفراندۆم بوو، ده‌بێت ناوه‌ندێكی بێ لایه‌ن ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌ ، لای من ڕوونه‌ من دڵنیایی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه سه‌كردایه‌تی حیزبه‌كان چونكه‌ كورد سه‌ركردایه‌تی نه‌بووه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌ی حكومه‌تیان " ڕیسوا كرد " بۆ ئه‌وه‌ی حیزبه‌كان خۆیان چوون بڕیاریاندا وه‌كو حیزب بڕیاریاندا بۆ ریفراندۆم به‌بێ زه‌مینه‌ ساز كردن و ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق."

"بێگومان دادگاكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی بڕیاری ڕیفراندۆمیان دا ڕیفراندۆم وه‌ ئه‌وانه‌ی بوونه‌ هۆكاری 16 و17 و 18 ی ئۆكتۆبه‌ر و هه‌مووی"

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی وت" ئومێد ده‌كه‌م دادگایه‌ك دابمه‌زرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و بابه‌ته‌ بكۆڵێته‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بۆ درا؟ وه‌ كێ هۆكاری شكستی ریفراندۆم بووه‌؟! هه‌ركه‌سێك هۆكاری شكستی ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم بووبێت پێویسته‌ قورسترین سزا بدرێت."

باشه‌ ئه‌و دادگایه‌ی تۆ ده‌ڵێی بۆ ئه‌وانه‌ی ڕیفراندۆمییان ئه‌نجامدا ئه‌ی بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌ك ده‌ڵێن هۆكاری ڕووداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر بوون؟ له‌وه‌ڵامدا ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێت" بێگومان هی 16 و17 و 18 ی ئۆكتۆبه‌ر و هه‌مووی، 16 ئۆكتۆبه‌ر كه‌ هێرشی عێراق هات ، 14 ی مانگ "به‌ڕێز فوئاد مه‌عسوم وه‌كو سه‌رۆك كۆمار هات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌ دوكان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان دانیشت، ئه‌و كاته‌ ئه‌مه‌ریكا و عێراقیش ڕازی بوون هێزی عێراقی به‌بێ شه‌ڕ بگه‌ڕێته‌وه‌ "كه‌ی وه‌ن" له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی هاوبه‌ش له‌ "كه‌ی وه‌ن" واته‌ له‌ كه‌ركوك دابمه‌زرێت واته‌ به‌ هاوبه‌شی حه‌شد و هێز و پێشمه‌رگه‌ ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزرێت ئه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد بوون دوای ئه‌وه‌ش به‌وه‌ ڕازی نه‌بوون."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئارێز عه‌بدوڵا Sep 22/020