فەهیم عەبدوڵا:گه‌ر په‌رله‌مانتارانی یه‌كگرتوو واژۆی پرساندنیان بكشاندایه‌وه‌ ئێمه‌ش وازمان له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنی خۆجێی دهۆک دەهێنا

فه‌هیم عه‌بدوڵا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك-فۆتۆ فه‌یس بووكی فهیم عبداڵڵه‌

فه‌هیم عه‌بدوڵا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له‌ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌م وتووێژه‌دا باس له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی له‌نێوان حیزبه‌كه‌ی و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌كات.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

" گرفت له‌وه‌دایه‌ كه‌ یه‌كگرتوو پێیه‌كی له‌ناو حكومه‌ت بێت و ئه‌وی تری له‌ناو ئۆپۆزیسیۆن بێت "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌که‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ئاماژه‌ به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی له‌دهۆك له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌پارێزگاكه‌ ده‌كات له‌و ڕوه‌وه‌ ڕایگه‌یاند" دیاره‌ ئه‌مه‌ ڕێكه‌وتنێك بوو خۆشبه‌ختانه‌ به‌نده‌ش له‌و لیژنه‌ سێ قۆڵیه‌ بوو كه‌له‌ ساڵی 2016 له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كگرتووی ئیسلامی خه‌ریكی دانوستاندن بووین بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی له‌پارێزگای دهۆك كه‌ ئه‌وانیش به‌پێی پێگه‌ی خۆیان به‌شداری ئه‌م حكومه‌ته‌ بكه‌ن، حكومه‌تی خۆجێی (پارێزگای دهۆك) خۆشبه‌ختانه‌ پاش دانوستاندێكی درێژ و قورس گه‌یشتینه‌ ڕێكه‌وتنێكی ستراتیژی – سیاسی هه‌ردولامان واژۆمانكرد،شتێكی زۆر زۆر باشبوو ، زۆر سه‌ركه‌وتووش بوو تا ئه‌م ساته‌ی كه‌ من تێیدا قسه‌ ده‌كه‌م به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پاش پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان "براده‌رانی" یه‌كگرتووی ئیسلامی سه‌نگه‌ری ئۆپۆزیسیۆنیان هه‌ڵبژارد كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ڕه‌وایه‌ و هیچ گرفتێكی له‌سه‌ر نییه‌ به‌ڵام گرفت له‌وه‌دایه‌ كه‌ یه‌كگرتوو پێیه‌كی له‌ناو حكومه‌ت بێت و ئه‌وی تری له‌ناو ئۆپۆزیسیۆن بێت ئه‌مه‌ زۆرجار لێك تێنه‌گه‌یشتن و هاودژبوونێك له‌هه‌ڵوێسته‌كاندا دروست ده‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌نگه‌ری ئۆپۆزیسیۆن ده‌مێك بوو ئێمه‌ بیرمان له‌وه‌ده‌كرده‌وه‌ كه‌ جارێكی تر پێداچوونه‌وه‌یه‌ك له‌م ڕێكه‌وتنه‌دا بكه‌ین."

ڕاشیگه‌یاند" بۆ هه‌ردووكمان باشه‌ تاحكومه‌تی خۆجێی دهۆك حكومه‌تێكی بنكه‌ فراوان بێت و هه‌وڵیشمان ده‌دا كه‌ لایه‌نه‌كانی تریش بهێنینه‌ ناو پرۆسه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باشترین نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی دهۆك بكات، سه‌ره‌نجام هه‌وڵێكی زۆر درا له‌لایه‌ن "براده‌رانی" یه‌كگرتووه‌ وه‌ كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌نگه‌ شتێكی زۆر ئاسایی بێت و عورفێك بێت كه‌بانگهێشتیان بكه‌نه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان به‌ڵام كه‌شته‌كه‌ ده‌بێته‌ ڕقه‌به‌ریه‌ك ئه‌مه‌ خزمه‌ت به‌و هاوپه‌یمانییه‌ ناكات كه‌ ئێمه‌ و براده‌رانی یه‌كگرتوو ئه‌زمونێكی زۆر زۆر سه‌ركه‌وتووبوو له‌ پارێزگای دهۆك ئیتر ناچاربووین له‌گه‌ڵ براده‌ران پێكه‌وه‌ به‌هه‌مان ڕۆحیه‌ته‌وه‌ دانیشتین و گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌."

"خه‌ڵكانی تریش هه‌ن له‌ناو جه‌رگی ده‌سه‌ڵاتن به‌ڵام ته‌ماشا ده‌كه‌یت له‌ڕاگه‌یاندن و له‌ سۆشیال میدیای سه‌ر به‌ئه‌وان وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆپۆزیسیۆنن "

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا واژۆی په‌رله‌مانتارانی یه‌كگرتوو بۆ پرساندنی( سه‌رۆك و جێگری حكومه‌ت و وه‌زیری دارایی) چه‌نده‌ هۆكار بوو بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی دهۆك؟ له‌وه‌ڵامدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ده‌ڵێت" ئه‌مه‌ هۆیه‌كی سه‌ره‌كی نه‌بوو، پێشتریش وتم ئه‌مه‌ ته‌نها له‌ كوردستان هه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر یه‌كگرتوو خه‌ڵكانی تریش هه‌ن له‌ناو جه‌رگی ده‌سه‌ڵاتن به‌ڵام ته‌ماشا ده‌كه‌یت له‌ڕاگه‌یاندن و له‌ سۆشیال میدیای سه‌ر به‌ئه‌وان وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆپۆزیسیۆنن ئێمه‌ ده‌بێت هه‌موومان ده‌نگمان به‌رز بێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌و شته‌ ناڕه‌وایانه‌ی كه‌ ده‌بێت به‌ڵام ناكرێت من خۆم له‌ ده‌سه‌ڵات ببم و له‌ هه‌مان كاتدا وه‌كو ئۆپۆزیسیۆنێكی كاریگه‌ر هه‌ڵوێست وه‌ربگرم."

"به‌ڵێ وازمان لێ ده‌هێنا "

واته‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارانی یه‌كگرتوو واژۆیان نه‌كردایه‌ یاواژۆكانیان بكشاندایه‌وه‌ ئێوه‌ وازتان له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی دهۆك ده‌هێنا؟ له‌وه‌ڵامدا فه‌هیم عه‌بدوڵا وتی" به‌ڵێ وازمان لێ ده‌هێنا ئه‌مه‌ وه‌كو عه‌ره‌ب وته‌نی ئه‌و "مووه‌ بوو كه‌ پشتی حوشتر ده‌شكێنێت" من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی زۆر یاساییه‌."

ڕاشیگه‌یاند" به‌ڵام من نازانم چۆنه‌ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌مێنێته‌وه‌، وه‌ براده‌رانی یه‌كگرتوو ده‌مێنێته‌وه‌ ئێمه‌ ناتوانیین له‌لای خۆمانه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ین بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌لای ئێمه‌ نییه‌ لای هه‌ردوو سه‌ركردایه‌ته‌كه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك ڕوونكردنه‌وه‌ی تریش هه‌بێت ئێمه‌ پێی نه‌زانیین."

" براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌ دهۆكیش هاوڕان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ، فشاری براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌ سلێمانی چ ئه‌ندام په‌رله‌مان بن ، چ ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ركردایه‌تی "

فه‌هیم عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی وت" له‌ناو خۆماندا ئه‌و ده‌نگانه‌ هه‌بوون من و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری براده‌رانی ئێمه‌ش هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووین پێكه‌وه‌ بین له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كگرتوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌وڵێكی زۆر "جدیمان" كرد پاش هه‌فته‌یه‌ك یان چه‌ند ڕۆژێك بۆ نمونه‌ براده‌ره‌یه‌كی مه‌سیحی بێت ده‌بێته‌ جێگری پارێزگار بۆ ئێمه‌ چه‌ند خۆشه‌ به‌ڕاستی زۆر پێی دڵخۆشین جێگرێكی پارێزگار یه‌كگرتووی ئیسلامی بێت و جێگرێگی پارێزگار مه‌سیحی بێت پارێزگار پارتی بێت ، ئه‌و هه‌مه‌ڕه‌نگیه‌ له‌لای ئێمه‌ زۆر زۆر مه‌قبوله‌ به‌ڵام هه‌ندێك جار هه‌ڵوێستی سیاسی . به‌ڕاستی براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌ دهۆكیش هاوڕان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ فشاری براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌ سلێمانی چ ئه‌ندام په‌رله‌مان بن چ ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوودان ئه‌وان به‌رده‌وام هه‌ڵوێستێكی زۆر زۆر توندیان به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌ی پارتی هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بادینان."

وه‌ك خۆت ده‌ڵێی(براده‌رانی یه‌كگرتوو) ئایا ئه‌وانه‌ی بادینان-یان به‌ ئێوه‌یان وتووه‌ هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو له‌سلێمانی و بادینان جیاوازه‌ ئه‌وانیش هاوڕان له‌گه‌ڵ ئێوه‌؟ له‌وه‌ڵامدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك وتی" ڕوون و ئاشكرایه‌ وه‌كو ده‌ڵێن "مه‌جالیس" ئه‌مانه‌ته‌ به‌ڵام شته‌كه‌ ئاشكرایه‌ له‌سه‌ر زۆر زۆر هه‌ڵوێستیش ئێستا شتێكی زۆر زۆر باوه‌ له‌كوردستان كه‌ جیاوازییه‌ك له‌نێوان هه‌ڵوێسته‌كانی براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌سلێمانی چ ئه‌وانه‌ی له‌ شوران و چ ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌ب ته‌نفیزی و ئه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ براده‌رانی بادینان."

"ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ن ئێمه‌ له‌ سلێمانی یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رمان نییه‌ یه‌ك پۆلیسیشمان نییه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر باره‌گاكانی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا زیاتر پۆسته‌كانی حكومه‌ت ڕه‌نگه‌ ده‌ماره‌كانی حكومڕانی به‌ده‌ست براده‌رانی گۆڕان و یه‌كێتییه‌ كه‌ ئه‌وانیش دوو لایه‌نی سه‌ره‌كین له‌ حكومه‌تی هه‌رێم."فه‌هیم عه‌بدوڵا وای وت"

"براده‌رانی سلێمانی زۆرجار هه‌ڵوێستیان ئه‌وه‌نده‌ توند بووه‌ له‌سه‌ر بادینان كه‌ ڕه‌نگه‌ جێی گومان بووه‌ "

فه‌هیم عه‌بدوڵا ده‌شڵێت" من ماف به‌خۆم ناده‌م باس له‌ناوخودی خۆی یه‌كگرتوو بكه‌م ، ده‌بێت ئه‌و پرسیارانه‌ ئاراسته‌ی ئه‌وان بكرێن ، هه‌رچه‌نده‌ دڵنیام وه‌ڵامی ئه‌وانیش وه‌ڵامێكی دیبلۆماسیانه‌ ده‌بێت به‌ڵام ئه‌مه‌ شتێكی ڕوون و ئاشكرایه‌ له‌لای هه‌موو لایه‌ك دیارو ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی براده‌رانی بادینان زۆر زۆر جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵوێستی براده‌رانی سلێمانی به‌تایبه‌تی براده‌رانی سلێمانی زۆرجار هه‌ڵوێستیان ئه‌وه‌نده‌ توند بووه‌ له‌سه‌ر بادینان كه‌ ڕه‌نگه‌ جێی گومان بووه‌."

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند" گومانمان له‌وه‌دایه‌ ده‌بێته‌ جێی پرسیار بۆ ئه‌و توندیه‌ به‌رامبه‌ر ئێمه‌، خۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا سێ كوچكه‌یه‌ كه‌ پارتی و گوڕان و یه‌كێتییه‌، خۆزگه‌ ئه‌مان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ توندانه‌ هه‌بووایه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و براده‌رانه‌ش كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتن له‌ سلێمانی."

"به‌داخه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ ته‌واو بووه‌ "

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی دهۆك بڕیاری كۆتاییه‌ و پێداچوونه‌وه‌ی پێداناكرێت، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" به‌داخه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ ته‌واو بووه‌ هه‌موو هه‌وڵێكماندا كه‌نه‌گه‌ینه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ چونكه‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ له‌ ئه‌دای براده‌ران زۆر ئاسوده‌ بووین خه‌ڵك ئاسوده‌ بوو ده‌رفه‌تێكه‌ كه‌ سوپاسی ئه‌و براده‌رانه‌ بكه‌ین."

فه‌هیم عه‌بدوڵا وتیشی" ئه‌وانیش و ئێمه‌ش هه‌ڵوێستمان زۆر له‌ یه‌كتری نزیكبوو ئه‌وانیش ده‌رك به‌و سه‌ركه‌وتنه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێكه‌وه‌ ئیشێكی باشمان كردووه‌."

"براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌بادینان وتیان بۆ ئێمه‌ش موفاجه‌ئه‌ بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌مه‌مان نه‌ده‌كرد كه‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستێكی واتوندمان هه‌بێت به‌رامبه‌رییان "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی به‌رپرسه‌كانی یه‌كگرتوو له‌حكومه‌تی خۆجێی له‌پارێزگای دهۆك نیگه‌رانبوون له‌ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌پۆسته‌كانیان؟ له‌وه‌ڵامدا فه‌هیم عه‌بدوڵا ده‌ڵێت" ڕه‌نگه‌ نیگه‌رانیه‌كی شه‌رمنانه‌ هه‌بوو بێت خۆ حه‌قیان ئه‌وانیش نیگه‌رانیان هه‌بێت من دڵنیام ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و گرژیه‌ و "ته‌سعیده‌" نه‌بوون."

هه‌روه‌ها وتی" ئه‌وانیش (به‌رپرسه‌كانی یه‌كگرتووی بادینان" پێیان خۆش نه‌بوو، وه‌ وتیان بۆ ئێمه‌ش موفاجه‌ئه‌ بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌مه‌مان نه‌ده‌كرد كه‌ هه‌ڵوێستێكی واتوندمان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كگرتوو زۆر هه‌وڵماندا كه‌هه‌ردوولامان كه‌ بتوانیین ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ڕزگار بكه‌ین."

"زۆر ته‌حه‌مولمان كرد "

ئێوه‌ به‌به‌رپرسانی یه‌كگرتوو-تان وت هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ چیه‌؟ له‌وه‌ڵامدا فه‌هیم عه‌بدوڵا وتی" ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كی گشتی قسه‌مانكرد كه‌ ئێوه‌ ئۆپۆزیسیۆنن له‌زۆر هه‌ڵوێستدا زۆر ته‌حه‌مولمان كرد ئه‌وان ئۆپۆزیسیۆن بن و له‌هه‌مان كاتدا ده‌سه‌ڵات بن ئه‌مه‌ ناگونجێت مه‌حاڵه‌ ئه‌مه‌ ببێت."

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند" ناڵێم ده‌ركردن بوو ئێمه‌ نایه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ بڵێن یه‌كتر ده‌رده‌كه‌ین ئێمه‌ له‌ دهۆك مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر تایبه‌تیمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یه‌ بنیاده‌كه‌ی ڕێزگرتنه‌كی دوولایه‌نه‌یه‌."

جێی ئاماژه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان فراكسیۆنه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و دوو په‌رله‌مانتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان واژۆی یاداشتێكیان كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی بانگهێشتكردنی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری دارایی بۆ پرساندن له‌سه‌ر بابه‌تی لێبڕینی له‌ 21% ی مووچه‌ له‌فه‌رمانبه‌ران و چه‌ند پرسێك په‌یوه‌ست به‌خراپی دۆخی ئابووری له‌هه‌رێمی كوردستان به‌پێی وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ خۆیان كه‌ له‌بانگهێشتنامه‌كه‌یاندا هاتووه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ فه‌هیم عه‌بدوڵا Sep 23/020