هه‌ڵه‌دنی: ئێمه‌ كفری وا چۆن ده‌كه‌ین به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ك هه‌موومان چه‌ند ئه‌ندامێكیشمان واژۆكانیان بكشاندایه‌ته‌وه‌ ئه‌وان ڕازی ده‌بوون

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هاوكات ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كاروباری په‌رله‌مان و حكومه‌ت -ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، وه‌ڵامی وته‌كانی فه‌هیم عه‌بدوڵا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌داته‌وه سه‌باره‌ت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان بۆ نه‌كشانه‌وه‌ی واژۆكانیان كرده‌وه‌ و وتی" ئه‌وه‌ كفری سیاسه‌ته‌ ئێمه‌ كفری وا چۆن ده‌كه‌ین به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ك هه‌موومان چه‌ند ئه‌ندامێكیشمان واژۆكانیان بكشاندایه‌ته‌وه‌ ئه‌وان ڕازی ده‌بوون به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و داوایه‌مان ره‌تكرده‌وه‌. ئێمه‌ حیزبێكی سه‌ربه‌خۆین، ئێمه‌ لقێكی پارتی دیموكراتی كوردستان نیین، ئێمه‌ دوكانێكی سیاسی نیین ئێمه‌ حیزبێكی پاشكۆ نین ئێمه‌ حیزب نیین بۆ به‌یاننامه‌ ده‌ركردن و پاشكوی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان بین له‌سه‌ر پێی خۆمان وه‌ستاوین به‌تێڕوانینی خۆمان سیاسه‌ت ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی تێدا بێت ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ده‌ین."

" 48 كاتژمێرییان بۆ ده‌ست نیشان كردبووین "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ده‌رباره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی له‌دهۆك له‌نێوان حیزبه‌كه‌ی و پارتی دیموكراتی كوردستان وتی" ئێمه‌ له‌حكومه‌تی خۆجێی دهۆك ده‌ركرابین یاخود خۆمان كشابینه‌وه‌ یه‌ك ئاكامی هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ پارتی ئێمه‌ی سه‌رپشك كردووه‌ له‌نێوان دوو بژارده‌دا، یان ئه‌وه‌یه‌ فراكسۆنه‌كه‌تان واژۆكانیان له‌ یاداشتی پرساندنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی ده‌كێشنه‌وه‌ ، ماوه‌ی 48 كاتژمێرییان بۆ ده‌ست نیشان كردبووین یاخود ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ پۆسته‌كانتان له‌حكومه‌تی خۆجێی له‌ دهۆك لێده‌سه‌نینه‌وه‌ وه‌ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ مانگێكه‌ به‌كارده‌هێنرێت، وه‌ چه‌ندین په‌یامیان به‌ چه‌ندین ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ساسی و سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوانی ناوچه‌یی له‌ دهۆك-دا ناردووه‌ دوای ڕاوێژێك له‌نێوان ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردن و فراكسیۆن و خاوه‌ن پۆسته‌كانی دهۆك و سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو له‌دهۆك و كادێره‌ مه‌یدانیه‌كان ئه‌وه‌بوو یه‌كگرتوو بژارده‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژارد كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانمان سورین و ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كانمان ده‌بین."

" ته‌ده‌خولیان له‌ ناونانی منداڵانی یه‌كگرتوودا كردووه‌..مامۆستای یه‌كگرتوو نێردراوه‌ته‌ گوندی ئێزیدیان كه‌ له‌وێ وانه‌ی ئایین بڵێته‌وه‌ "

هه‌ڵه‌دنی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" ئێمه‌ له‌ساڵی 2005 له‌ بادینان باره‌گامان سوتێنرا پێش ئه‌و به‌رواره‌ له‌ ساڵی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ئه‌ندامانمان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاوه‌دونان و سزادان و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامان هه‌یه‌ "ته‌رحیل-یش" كراوه‌ ته‌ده‌خولیان له‌ ناونانی مناڵانی یه‌كگرتوودا كردووه‌."

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ڕونیشیكرده‌وه‌" ئه‌مه‌ له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان بوو جۆره‌ها گوشار و فشار بۆ نموونه‌ مامۆستای یه‌كگرتوو نێردراوه‌ته‌ گوندی ئێزیدیان كه‌ له‌وێ وانه‌ی ئایین بڵێته‌وه‌ یان گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ گوندی برایانی پێكهاته‌ی مه‌سیحیه‌كان یاخود جۆره‌ها "ته‌رحیل" پێكردن و هه‌ڕه‌شه‌ و دورخستنه‌وه‌ بۆ نمونه‌ مناڵه‌كه‌ت ناو ده‌نێت ئه‌حمه‌د یان محه‌مه‌د ئه‌و پێی وابوو كه‌ ده‌بێت ئه‌م ناوه‌ی لێ نه‌نرێت مه‌به‌ستم ده‌سه‌ڵاتدارانی مه‌حه‌لی ئه‌و ناوچه‌یه‌." بۆ نمونه‌ ئه‌نداممان هه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌كی گاوداری هه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین خێزان به‌خێو ده‌كات ته‌نها له‌سه‌رئه‌وه‌ی یه‌كگرتووه‌ كاره‌بای نادرێتێت، هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌ ئه‌ندامان هه‌یه‌ له‌ناو گونددا له‌سنوری هه‌ولێر له‌ناو حه‌ره‌می گونده‌كه‌دا ته‌ماشاده‌كه‌ین هاوكاری ناكرێت كه‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌ بڕواته‌وه‌ گونده‌كه‌ی كه‌ هه‌ندێك مریشك و قه‌ل به‌خیۆ بكات له‌كاتێكدا بۆ خزمه‌كه‌ی ته‌نیشتی كراوه‌ به‌ڵام ته‌نها له‌سه‌ر ئینتیمای سیاسی هاوكاری و كارئاسانی بۆ ئه‌م ناكرێت."

"قسه‌یه‌كی پێ پاساو و زۆر ناسیاسییه‌ "

دوێنێ فه‌هیم عه‌بدوڵا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له‌هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ كردبوو ئه‌وه‌ی خستبووه‌ ڕوو "گرفت له‌وه‌دایه‌ كه‌ یه‌كگرتوو پێیه‌كی له‌ناو حكومه‌ت بێت و ئه‌وی تری له‌ناو ئۆپۆزیسیۆن بێت "

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ده‌ڵێت" ئه‌و قسه‌یه‌ قسه‌یه‌كی پێ پاساو و زۆر ناسیاسییه‌ ئێمه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارنه‌بووین به‌خواستی خۆمان دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2018 ، سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو ڕاپرسی كرد به‌ئه‌ندامه‌كان دوای ئه‌و ڕاپرسیه‌ و به‌بڕیاری سه‌ركردایه‌تی ئێمه‌ ئۆپۆزیسیۆن بوونمان هه‌ڵبژارد، یه‌كه‌م لایه‌ن بووین له‌كوردستان وتمان ئێمه‌ بۆ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ده‌بینه‌ ئۆپۆزیسیۆن حكومه‌تی خۆجێی په‌یوه‌ندی به‌ " ئیستحقاقی" هه‌ڵبژاردنی 30/04/2014 وه‌ هه‌یه‌، دووه‌م مه‌یدانی په‌رله‌مان مه‌یدانی به‌شداریكردنی حیزبه‌كانه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسی به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌توانیین بڵێن حكومه‌تێكی مه‌حه‌لی خزمه‌تگوزارییه‌ ئیداره‌یه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌بڕیاری سیاسیه‌وه‌ نییه‌ چونكه‌ خزمه‌تگوزاری ڕۆژانه‌ پێشكه‌ش به‌هاوڵاتیان ده‌كرێت."

"ئه‌وه‌ كفری سیاسه‌ته‌ ئێمه‌ كفری وا چۆن ده‌كه‌ین"

له‌قسه‌كانیدا فه‌هیم عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی وتبوو" ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارانی یه‌كگرتوو واژۆی پرساندنیان بكشاندایه‌وه‌ ئێمه‌ش وازمان له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنی خۆجێی دهۆک دەهێنا "

به‌ڵام ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان بۆ نه‌كشانه‌وه‌ی واژۆكانیان كرده‌وه‌ و وتی" ئه‌وه‌ كفری سیاسه‌ته‌ ئێمه‌ كفری وا چۆن ده‌كه‌ین به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ك هه‌موومان چه‌ند ئه‌ندامێكیشمان واژۆكانیان بكشاندایه‌ته‌وه‌ ئه‌وان ڕازی ده‌بوون به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و داوایه‌مان ره‌تكرده‌وه‌. ئێمه‌ حیزبێكی سه‌ربه‌خۆین، ئێمه‌ لقێكی پارتی دیموكراتی كوردستان نیین، ئێمه‌ دوكانێكی سیاسی نیین ئێمه‌ حیزبێكی پاشكۆ نین ئێمه‌ حیزب نیین بۆ به‌یاننامه‌ ده‌ركردن و پاشكوی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان بین له‌سه‌ر پێی خۆمان وه‌ستاوین به‌تێڕوانینی خۆمان سیاسه‌ت ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی تێدا بێت ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ده‌ین."

" ئه‌وان دوو گلله‌ییان له‌یه‌كگرتوو هه‌بوو "

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئاماژه‌ی به‌هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی دهۆك-ی كرد و وتی" من پێم وایه‌ دوو گله‌ییان هه‌یه‌ له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، گله‌یی یه‌كه‌میان گوایه‌ یه‌كگرتوو به‌شداری خۆپیشاندانی فه‌رمانبه‌رانی كردووه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ وه‌ له‌ دوو ساڵی ڕابردوودا هه‌ر خۆپیشاندانێك هه‌بوو بێت ئه‌ندامانی یه‌كگرتوو به‌شداربوون وه‌كومووچه‌خۆرێكی سته‌ملێكراو ، وه‌ كو فه‌رمانبه‌رێكی غه‌در لێكراوكه‌ به‌زۆر پاشه‌كه‌وت و لێبڕینیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌، خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م په‌یامه‌ به‌ڕاشكاوی چه‌ندین ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی حكومه‌ت به‌یه‌كگرتوویان ڕاگه‌یاندووه‌ ئێوه‌ یان ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كانی دهۆك-تان ببن یاخود ده‌بێت واژۆكانتان بۆ پرساندنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی بكێشنه‌وه‌. كه‌واته‌ 100% هیچ پێچ و په‌نایه‌ك هه‌ڵناگرێت ، واته‌ یه‌كگرتوو ئه‌گه‌ر ئه‌م یاداشته‌ی واژۆ نه‌كردایه‌ هیچ شتێك له‌ ئارادا نه‌بوو، ئه‌ی بۆ له‌وه‌و پێش پارتی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نه‌نا؟ ئه‌م ئیجرائاته‌ی نه‌كردووه، كه‌واته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی په‌وه‌ندی به‌ پرساندنه‌كه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌، پێیان قبوڵ نه‌كراو بووه‌."

" ئێمه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ئۆپۆزیسیۆنی دنیا ناچین "

هه‌ڵه‌دنی ده‌شڵێت" به‌داخه‌وه‌ هێشتا له‌ كوردستان تێگه‌یشتنی كاری ئۆپۆزیسیۆن ناكرێت، هێشتا ئۆپۆزیسیۆن وه‌كو دژ و دوژمن و نه‌یار سه‌یر ده‌كرێت نه‌ك وه‌كو ته‌واوكه‌ری پرۆسه‌ی سیاسی نه‌ك وه‌كو ركابه‌رێكی سیاسی نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ئۆپۆزیسیۆن ئاوێنه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت خه‌له‌ل و كه‌موكورتییه‌كانی بۆ ده‌ربخات، ئێمه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ئۆپۆزیسیۆنی دنیا ناچین ئه‌مه‌ دوو خوله‌ تا ئێستا پێنج پرۆژه‌مان داوه‌ به‌حكومه‌ت بێجگه‌ له‌ شه‌ش پاكێجه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڵین حكومه‌ت ئه‌مه‌ كه‌موكورتیه‌كانت فه‌رموو خۆت چاك بكه‌، ئۆپۆزیسیۆن له‌ وڵاتانی دیموكراسی هه‌وڵی ڕووخاندنی حكومه‌تیش ده‌دات ئێمه‌ ئه‌وه‌شمان نه‌كردووه‌ ئێمه‌ ده‌ڵین خۆتان بگۆڕن چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن ئه‌مه‌ خواست و داوای ئێمه‌یه‌ خواستی ئێمه‌ له‌ خواستی چاكسازی نه‌چۆته‌ ده‌ر هێشتا ئه‌وان چاكسازیشیان پێ قورسه‌ وه‌ ناشیانه‌وێت ئیراده‌ی چاكسازیشیان نییه‌ چونكه‌ پارتی و یه‌كێتی وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌سه‌ر دارێك بن كه‌ چوونه‌ سه‌ر داره‌كه‌ داره‌كه‌ ببڕنه‌وه‌ بۆیه‌ مه‌حاڵه‌ چاكسازی به‌م نه‌فه‌س و عه‌قڵیه‌ته‌ بكردرێت وه‌ به‌م جۆره‌ سه‌یری بابه‌تێكی یاسایی سه‌رفی وه‌ك پرساندن و لێپرسینه‌وه‌ی حكومه‌ت بكرێت به‌ كوفری بزانن ، به‌ مه‌ترسی بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بڕوانن نه‌ك وه‌كو ڕێكارێكی په‌یڕه‌وی و یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.ئێمه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ئۆپۆزیسیۆنی دنیا ناچین

" شتێك نییه‌ له‌ناو یه‌كگرتوودا ناوی سۆران و بادینان بێت "

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ئۆباڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی دهۆك-ی خستبووه‌ ئه‌ستۆی به‌شێكی یه‌كگرتوو كه‌ ئه‌و به‌"براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌سلێمانی-سۆران" ناوی بردبوون"

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ڕه‌تیكرده‌وه‌ و وتی" یه‌كه‌م ئێمه‌ باج بۆ هه‌ڵوێست و "مه‌وقیف" ده‌ده‌ین، دووه‌م شتێك نییه‌ له‌ناو یه‌كگرتوودا ناوی سۆران و بادینان بێت هه‌میشه‌ بادینان سه‌ری ڕمی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بووه‌، هه‌میشه‌ خوشك و برایانی ئێمه‌ له‌ بادینان تاجی سه‌ری یه‌كگرتووه‌كان بوون، وه‌ له‌ 26 ساڵی ڕابردوودا كه‌ ئه‌م حیزبه‌ (یه‌كگرتووی ئیسلامی) ڕاگه‌یه‌نراوه‌ زۆرترین گوشار ڕووبه‌ڕووی یه‌كگرتووه‌كان بۆته‌وه‌ له‌ده‌ڤه‌ری بادینان له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌مێكه‌ ئه‌م ده‌هۆڵه‌ ده‌كوترێت بۆ یه‌كگرتوو كه‌ سۆران جیایه‌ له‌ بادینان."

" ئێمه‌ دژی پارتی نیین "

"براده‌رانی سلێمانی زۆرجار هه‌ڵوێستیان ئه‌وه‌نده‌ توند بووه‌ له‌سه‌ر بادینان كه‌ ڕه‌نگه‌ جێی گومان بووه‌، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ن ئێمه‌ له‌ سلێمانی یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رمان نییه‌ یه‌ك پۆلیسیشمان نییه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر باره‌گاكانی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا زیاتر پۆسته‌كانی حكومه‌ت ڕه‌نگه‌ ده‌ماره‌كانی حكومڕانی به‌ده‌ست براده‌رانی گۆڕان و یه‌كێتییه‌ كه‌ ئه‌وانیش دوو لایه‌نی سه‌ره‌كین له‌ حكومه‌تی هه‌رێم.""فه‌هیم عه‌بدوڵا وای وتبوو"

به‌ڵام هه‌ڵه‌دنی ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر جیاوازیه‌ك له‌بیروبۆچووندا هه‌بێت ئه‌وا ئه‌و دۆزه‌خه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتی به‌ناوی زۆن و دوو ئیداره‌یی دایانخستووه‌ بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌كو دوو حكومه‌تی جیا و دوو ئاسایش و بازگه‌كانی دێگه‌ڵه‌ و سماقوڵی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی كوردستاندا ده‌كه‌ن، ئێمه‌ ئه‌و جیاكردنه‌وه‌ و جوداكردنه‌وه‌یه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، كادیرانی یه‌كگرتوو له‌ بادینان هه‌روه‌كو كادیرانی سلێمانی بیرده‌كه‌نه‌وه‌ ئێمه‌ دژی پارتی نیین ئێمه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتێكی قۆرخكارین دژی ده‌سه‌ڵاتێكی شكستخواردوو و گه‌نده‌ڵین، دژی ده‌سه‌ڵاتێكین كه‌سوكایه‌تی به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات."

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو" له‌ دروشمه‌كانی ئێمه‌ له‌كاتی به‌شداریكردنمان له‌ خۆپیشاندانه‌كان ڕووی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌ ئه‌ندامانی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر وه‌كو فه‌رمانبه‌ر و موچه‌خۆرێكی سته‌ملێكراو و غه‌درلێكراو ده‌نگ هه‌ڵبڕن ئه‌وا ئاراسته‌كه‌یان ڕووی له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌ك ڕووی له‌ حیزبه‌كانیان بێت. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ حیزبه‌ حكومه‌تی كۆت و په‌یوه‌ندكردووه‌ و ئیفلیجی كردووه‌."

" به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و خاوه‌ن پۆستانه‌ وتویانه‌ ئێمه‌ كوڕوكچی یه‌كگرتووین ئێمه‌ به‌هۆی یه‌كگرتووه‌وه‌ ئه‌و پۆستانه‌مان ده‌ستكه‌وتووه‌ "

به‌پێی وته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك "براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌بادینان وتیان بۆ ئێمه‌ش موفاجه‌ئه‌ بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌مه‌مان نه‌ده‌كرد كه‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستێكی واتوندمان هه‌بێت به‌رامبه‌رییان، ڕه‌نگه‌ نیگه‌رانیه‌كی شه‌رمنانه‌ هه‌بوو بێت خۆ حه‌قیان ئه‌وانیش نیگه‌رانیان هه‌بێت من دڵنیام ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و گرژیه‌ و "ته‌سعیده‌" نه‌بوون."

له‌وه‌ڵامدا هه‌ڵه‌دنی وتی" ناوه‌ندی بڕیار له‌یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستاندا ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردنه‌ دوای ئه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌ به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ فراكسیۆن و ئۆرگانه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كان ده‌مه‌وێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی بۆ ڕاست بكه‌مه‌وه‌ كه‌به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و خاوه‌ن پۆستانه‌ وتویانه‌ ئێمه‌ كوڕوكچی یه‌كگرتووین ئێمه‌ به‌هۆی یه‌كگرتووه‌وه‌ ئه‌و پۆستانه‌مان ده‌ستكه‌وتووه‌ یه‌كگرتوو هه‌ربڕیارێكی هه‌بێت ئێمه‌ پابه‌ندده‌بین پێوه‌یه‌وه‌ وه‌ خۆیان له‌ناوخۆی خۆیاندا دراسه‌ی ئه‌م بژاردانه‌یان كردووه‌ كه‌ ئایا ئێمه‌ ئه‌م گوشاره‌ قبوڵ بكه‌ین یان له‌ پۆسته‌كانمان بمێنینه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم ئه‌وان به‌كۆی ده‌نگ ئه‌وه‌یان په‌سه‌نكردووه‌ كه‌ ئێمه‌ سازش له‌سه‌ر هه‌ڵوێیست و پره‌نسیپ و مه‌بادیئه‌كانمان ناكه‌ین وه‌ ئێمه‌ پۆسته‌كان ده‌كه‌ینه‌ قوربانی پرانسیپه‌كانمان."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پارتی چ ئۆفه‌رێكی تری خستبووه‌ به‌رده‌م یه‌كگرتوو جگه‌ له‌مانه‌وه‌یان له‌ پۆسته‌كانی دهۆك؟ هه‌ڵه‌دنی وتی: من ئاگادار نیم چ ئۆفه‌رێكی تری دابێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ شایسته‌ی 25 پۆست بووین به‌ڵام ئه‌وه‌ شه‌ش ساڵه‌ ته‌نها 18 پۆستیان داوه‌ به‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، وه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان هه‌میشه‌ ڕاكه‌ڕاكه‌ و هه‌ناسه‌ بڕكێی نه‌بووه‌ به‌دوای پۆستدا، پۆستی به‌ میكانیزم و وه‌سیله‌یه‌كی خزمه‌تكردن زانیووه‌ هه‌بووبێت به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ لێی ده‌رچووه‌ وه‌كو هه‌موو ئه‌و كابینانه‌ی حكومه‌ت كه‌ به‌شداری كردووه‌ هه‌موو ئه‌و پۆسته‌ مه‌حه‌لیانه‌ی كه‌ وه‌ریگرتووه‌ نه‌ش بووبێت به‌ڕۆڵی خۆی هه‌ڵستاوه‌ وه‌كو به‌شدارێكی كارای پرۆسه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستاندا چ له‌ ده‌سه‌ڵات بووبێت چ له‌ئۆپۆزیسیۆن بووبێت."

" زۆر به‌ ئه‌عسابێكی سارده‌وه‌ وه‌ری ده‌گرین "

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی كاروباری په‌رله‌مان و حكومه‌ت -ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌رباره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی دهۆك وتی" ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌مه‌ كۆتایی دنیا نییه‌ زۆر به‌ ئه‌عسابێكی سارده‌وه‌ وه‌ریده‌گرین به‌خوێنێكی سارده‌وه‌ وه‌ریده‌گرین، ئێمه‌ باجی هه‌ڵوێسته‌كانی خۆمان ده‌ده‌ین ئه‌مه‌ مانای وانییه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هه‌موو پرده‌كان ده‌ڕوخێنیین و په‌یوه‌ندیه‌كانمان ده‌پچڕێنیین، ئێمه‌ وه‌كو وتمان ئۆپۆزیسیۆنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین ئۆپۆزیسیۆنی حیزب نیین . ئێمه‌ ڕه‌خنه‌كانمان ئاراسته‌ی ئه‌م فۆڕم و شێوازه‌یه‌ له‌ حكومڕانی ئه‌مجۆره‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیانی خۆی برسی كردووه‌ وه‌ خێزانی كوردی به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ بردووه‌ وه‌ كۆی ژیانی په‌كخستووه‌."

"كاتێك به‌رامبه‌ره‌كه‌ت پۆست وه‌كو منه‌ت ، وه‌كو قه‌رزارباری و منه‌تباری وه‌كو خێر كردن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كات به‌ڕاستی ئه‌و كاته‌ ماڵی قه‌ڵب سه‌ر ساحێبی خۆیه‌تی "

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ده‌شڵێت" ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئومێدی بۆ میلله‌ته‌كه‌ی خۆی دروستكردووه‌ كه‌ جارێكی تر بۆته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌داخه‌وه‌ گه‌نجان سه‌ری خۆیان هه‌ڵبگرن و زۆربه‌ی كۆچكردنه‌كه‌ش ئێستا له‌ده‌ڤه‌ری بادینانه‌وه‌ هه‌یه‌، بڕۆن چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ بكه‌ن نه‌هێڵن گه‌نجانی ئه‌م وڵاته‌ جارێكی تر له‌ نائۆمێدیدا ڕێگه‌ی هات و نه‌هات بگرنه‌به‌ر و سه‌ری خۆیان هه‌ڵبگرن ده‌بووایه‌ ئه‌م دوو پاكێجه‌ به‌ جیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرایه‌ به‌ڵام كاتێك به‌رامبه‌ره‌كه‌ت پۆست وه‌كو منه‌ت ، وه‌كو قه‌رزارباری و منه‌تباری وه‌كو خێر كردن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كات به‌ڕاستی ئه‌و كاته‌ ماڵی قه‌ڵب سه‌ر ساحێبی خۆیه‌تی."

به‌وته‌ی ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كگرتوو و له‌ یه‌كێتیش كراوه‌ له‌گۆڕانیش كراوه‌ له‌حیزبی شیوعی و له‌هه‌موو هێزه‌كان كراوه‌، هه‌ریه‌كه‌ به‌ میكانیزمێك."

هه‌ڵه‌دنی وتیشی" ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بڕیاری سیاسی خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی تر كه‌هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه‌ به‌ڵام تا ئێستا سێ ئه‌ندام په‌رله‌مانی گۆڕان واژۆی ئه‌و یاداشته‌یان كردووه‌ وه‌ هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ش به‌رامبه‌ر یه‌كێتیش به‌كارهێنراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ واژۆ بكه‌ن ئه‌وا دواتر متمانه‌ دانه‌وه‌ به‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ متمانه‌ی پێویست ناهێنێت وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ترسی له‌ ده‌ستدان و كه‌وتنی وه‌زیره‌كه‌ی گۆڕانیش هه‌یه‌ ، ئه‌م په‌یامه‌ گه‌یه‌نراوه‌ به‌و دوو حیزبه‌ش."

" ئه‌وان هه‌ر عه‌ره‌ب وته‌نی له‌سه‌ر كه‌روێشكه‌كه‌ی خۆیان سوورن "

"ئێمه‌ ڕازیین ڕێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاماده‌ی ئه‌وه‌ نیین واژۆكانی فراكسیۆنی یه‌كگرتووه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بكێشینه‌وه‌ له‌ بابه‌تی پرساندن، ئێمه‌ به‌و به‌ڕێزانه‌مان وتووه‌ ئه‌م دووبابه‌ته‌ تێكه‌ڵ نه‌كه‌ن، ئه‌م دوو بابه‌ته‌ شتێكی زۆر لێك جودان ، ئه‌وه‌ "ئیستحقاقی" هه‌ڵبژاردنی 6 ساڵ له‌مه‌وپێشه‌ ئه‌مه‌ هی دوو ساڵ له‌مه‌وپێشه‌. په‌رله‌مان سروشتی كاری و چوارچێوه‌ی كاری جودایه‌ له‌ هی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، خاڵی سێیه‌م په‌رله‌مان به‌كاری خۆی هه‌ڵده‌ستێت ، ئۆپۆزیسیۆن به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و به‌ یاسا به‌ركاره‌كان گه‌ره‌نتی كاری سیاسی بۆ ده‌سته‌به‌ر كراوه‌،له‌هه‌موو دنیادا ئۆپۆزیسیۆن ئه‌مه‌یه‌ كه‌ یه‌كگرتووو هێزه‌كانی تر ده‌یكه‌ن، پرسیاری نوسراو ئاراسته‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌یت و له‌ناو هۆڵدا گفتوگۆ ده‌كه‌یت ئه‌وان هه‌ر عه‌ره‌ب وته‌نی له‌سه‌ر كه‌روێشكه‌كه‌ی خۆیان سوورن "ترید غزال خذ ارنب، ترید ارنب خذ ارنب." هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت، "ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر تۆ كه‌روێشكت ده‌وێت ئه‌وه‌ كه‌روێشك، ئه‌گه‌ر ئاسكیشت ده‌وێت ئه‌وه‌ كه‌روێشك، واته‌ له‌ كه‌روێشكه‌كه‌ی خۆی دانابه‌زێت."ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی وای وت"

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌ق وتووێژه‌كه‌ی ژیا محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی Sep 25/020