د.دیار ئیبراهیم: دۆخی هه‌رێمی كوردستان ته‌حه‌مولی بارودۆخی ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ ناكات

د.دیار ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین

د.دیار ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین كه‌ هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان باس له‌ دۆخی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌سنوری ئیداره‌كه‌یان ده‌كات هه‌روه‌ها داواش له‌فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات "سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین بناسێنن هه‌م به‌ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌م به‌كونسوڵخانه‌كانیش باوانه‌بێت هاوكاری و پشتیوانیه‌كان ته‌نها بۆ سه‌نته‌ری پارێزگاكان بێت، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری بڕیاری ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ڵێت"دۆخی هه‌رێمی كوردستان ته‌حه‌مولی بارودۆخی ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ناكات له‌به‌ردۆخی دارایی و نه‌بوونی مووچه‌ وه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌ته‌نها ئێمه‌ ناتوانیین كۆنتڕۆڵی ڤایره‌سه‌كه‌ بكه‌ین چونكه‌ ئێمه‌ پێشوتریش به‌قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌گه‌یشتینه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌كۆتایی پێبێت به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه‌ بیركردنه‌وه‌ش له‌و پێشنیاره‌ ئێمه‌ به‌هاوڵاتیانی خۆمان ده‌ڵێین خۆیان بپارێزین، له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر داوابكرێت به‌شێوه‌ی "جزئی" به‌ڵام بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی من به‌چاره‌سه‌ری ته‌واوه‌تی نابینم له‌هیچ شوێنێك."

"له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی ڕاپه‌ڕین پلانمان داناوه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌رباره‌ی دۆخی ته‌ندروستی سنوره‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆنا ڕایگه‌یاند" ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌و سنوره‌ و له‌هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌ته‌شه‌نه‌كردندایه‌ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و كه‌ش و هه‌وا له‌باره‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ئێستا ئێمه‌ بتوانیین ڕێگری بكه‌ین له‌وه‌ی كه‌ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ نه‌بێت له‌هه‌رێمی كوردستان بتوانیین پلانێكی باشمان هه‌بێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ئێمه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی ڕاپه‌ڕین پلانیشمان داناوه‌ پلانه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پلانێكی هۆشیارییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی سنوره‌كه‌ له‌وه‌ دڵنیا بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ئه‌وان له‌پلانی هۆشیاریه‌كه‌ هاوكارمان بن، له‌پلانی خزمه‌تگوزاریه‌كه‌ش ئێمه‌ هه‌موو پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ین، هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌مترین ڕێژه‌ی به‌ركه‌وتنمان هه‌بێت له‌سنوره‌كه‌ چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا ڕێژه‌كان له‌زیادبووندان."

د.دیار ئیبراهیم ئاماژه‌یكرد" پلانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌مان له‌سنوری ڕاپه‌ڕین ئه‌وه‌یه‌، بۆخۆمان وه‌كو تیمی ته‌ندروستی خۆپارێزی له‌هه‌موو ناحیه‌كان و شارۆچكه‌كان و گونده‌كان هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌ست پێبكه‌ین و له‌نزیكه‌وه‌ هاوڵاتیانمان ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌ له‌دۆخه‌كه‌ چونكه‌ ئێمه‌ پێشتر ڕێنماییه‌كانمان باس كردوون هه‌م به‌نوسین و هه‌میش به‌كورته‌ ڤیدیۆ بۆ هاوڵاتیان ده‌توانم بڵێم شتێكه‌ له‌گه‌ڵی ڕاهاتوون و كۆتایی هاتووه‌. شێوازی نوێمان به‌و شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ بیانبینین و دۆخه‌كه‌یان بۆ باسبكه‌ین."

" تێكه‌ڵاویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر هه‌یه‌ له‌سنوره‌كه‌ "

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی تووشبووانی كۆرۆنا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین وتی" هۆكاری سه‌ره‌كی تێكه‌ڵاویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر هه‌یه‌ له‌سنوره‌كه‌ له‌نێوان هاوڵاتیان به‌و هۆكارانه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ بگوازرێته‌وه‌ له‌نێوان كه‌سانێكه‌وه‌ بۆ كه‌سانێكی تر وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا ئێستا زۆربه‌ی بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ ، شوێنه‌كانی تریش وه‌كو شوێنه‌ ئاینیه‌كان و شوێنه‌كانی كه‌هاوڵاتیانی زۆری تێداكۆده‌بنه‌وه‌ وه‌كو پێش سه‌رهه‌ڵدانی ڤایڕه‌سی كۆرۆنای لێهاتۆته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا ده‌بینیین ڕێژه‌كان زیاد ده‌كه‌ن به‌زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رو په‌نجا ساڵیه‌وه‌یه‌ یان ئه‌وانه‌ن كه‌نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ بۆمان ڕوونده‌بێته‌وه‌ كه‌هه‌ندێك شوێن سه‌رچاوه‌كه‌شی دیاره‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ له‌وێ ته‌شه‌نه‌ بكات و بڵاو بێته‌وه‌ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌هاوڵاتیان پابه‌ندنه‌بن."

"دۆخی نه‌خۆشخانه‌كان له‌دۆخێكی خراپدایه‌، ئێمه‌ له‌ سنوره‌كه‌ كه‌موكورتی زۆرمان هه‌یه‌ "

سه‌باره‌ت به‌دۆخی نه‌خۆشخانه‌كان له‌سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی گشتی ته‌ندروستی سنوره‌كه‌ وتی"دۆخی نه‌خۆشخانه‌كان له‌دۆخێكی خراپدایه‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌می ئه‌و پێداویستیانه‌ی كه‌هه‌م وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی باسی ده‌كات و هه‌میش ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی باسی لێوه‌ده‌كات ئێمه‌ له‌سنوره‌كه‌ كه‌موكورتی زۆرمان هه‌یه‌ كه‌موكورتیه‌كانیش له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ چاره‌سه‌ریه‌كانیش هه‌یه‌ چونكه‌ به‌ڕاستی سنورێكی فراوانه‌ و ڕێژه‌ی دانیشتوانی له‌سه‌روی 400 هه‌زار كه‌سه‌ به‌ڵام ئێمه‌ دوو سه‌نته‌ری زۆر بچوكمان هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، له‌پلانماندایه‌ به‌زووترین كات سه‌نته‌رێكی نوێ له‌لایه‌ن خێرخوازانه‌وه‌ دروستكراوه‌ تابتوانیین له‌ماوه‌یه‌كی كورت بیخه‌ینه‌ خزمه‌تی هاوڵاتیان كه‌له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی نیشتیمانی "ته‌جهیز" ده‌كرێت به‌ڵام تائێستاش دۆخه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ش له‌ ئاستێكدانییه‌ هاوشێوه‌ی سه‌نته‌ری پارێزگاكان بێت."

"داوا له‌فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌م ..."

د.دیار ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند" من لێره‌وه‌ هه‌م داوا له‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین بناسێنن هه‌م به‌ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌م به‌كونسوڵخانه‌كانیش باوانه‌بێت هاوكاری و پشتیوانیه‌كان ته‌نها بۆ سه‌نته‌ری پارێزگاكان بێت چونكه‌ هاوڵاتیانی سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و قه‌زا و ناحیه‌كانی تریش هه‌مان ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی هه‌رێمی كوردستانن پێویستیان به‌پشتیوانی و هاوكاری و خزمه‌تی زیاتر هه‌یه‌."

" ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندنه‌بن و پشتیوانی باشمان نه‌بن پێشبینی ده‌كه‌م بڕیاری ناخۆش بدرێت "

" به‌پێی ئه‌و ڕێژانه‌ی كه‌ئێمه‌ ڕۆژانه‌ تۆماری ده‌كه‌ین زیادبوونێكی به‌رچاو هه‌یه‌ له‌ئێستادا پێشبینی ده‌كه‌ین ڕێژه‌كان زۆر زیاتربن ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان به‌و شێوه‌ ساده‌ییه‌ له‌بارودۆخه‌كه‌ بڕوانن و له‌گه‌ڵی ده‌ڕۆن چونكه‌ بارودۆخی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا و ماوه‌ی ڕابردوو ده‌بێت هاوڵاتیان بێنه‌ پێش چاوی خۆیان ڕێژه‌ی مردن به‌ چ شێوه‌یه‌ك بوو وه‌ هاوڵاتیان كه‌وتنه‌ چ بارودۆخێكی ناخۆش و كه‌ره‌نتینه‌كردنی هاوڵاتیان وه‌ ڕاگرتنی ده‌وام و ڕاگرتنی ئیش و كاری خه‌ڵك چه‌ند ناخۆشیه‌كی گه‌وره‌ بوو، بۆیه‌ من پێشنیار ده‌كه‌م و پێشبینی منیش وایه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندنه‌بن و پشتیوانی باشمان نه‌بن پێشنیار و بڕیاری ناخۆش پێشبینی ده‌كه‌م بدرێت كه‌ له‌"تموحی" هاوڵاتیان نه‌بێت"د.دیار ئیبراهیم وای وت"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا مه‌به‌ست له‌بڕیاری ناخۆش چیه‌؟ د.دیار ئیبراهیم ده‌ڵێت" به‌نموونه‌ ئه‌گه‌ر بتوانیین چه‌ند شوێنێك دابخه‌ن له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك بڕیارهه‌بێت بۆ چه‌ند كه‌سێك بۆ چه‌ند كۆمه‌ڵێك بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ بازاڕه‌كان دابخه‌ین كه‌ زیانمه‌ند تێدا هاوڵاتیان و كاسبكاره‌كانن یان داخستنی دووباره‌ی مزگه‌وته‌كانیان داخستنی شوێنه‌ گشتیه‌كانی تر كه‌ئه‌مه‌ له‌" تموحی" ئێمه‌دا نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو به‌و شێوه‌یه‌ ڕێژه‌كان زۆر زیاد بكه‌ن هاوشێوه‌ی پێشوتر كه‌ ئێمه‌ ئاواته‌خوازنین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و شتانه‌ بكرێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیاد بێت و له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت بڕیاره‌كان ده‌گۆڕدرێن."

"پێشنیاره‌كان "

ده‌رباره‌ی پێشنیاره‌كاننیا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وتی"ئێمه‌ پێشنیاری خۆمان كردووه‌ وه‌ لێره‌شه‌وه‌ باسی ده‌كه‌ین بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوڵاتیان به‌ڕێگه‌ی خۆیان و به‌و پشتیوانیه‌ خۆپارێزیه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن ئێمه‌ پێشنیارمان بۆ هاوڵاتیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌خۆیان بپارێزن، پێشنیاری دووه‌میشمان بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌سه‌رچاوه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ چاره‌سه‌ره‌كانمان بۆ زیاد بكات، بودجه‌ی تایبه‌ت به‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌مان بۆ زیاد بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بتوانیین له‌لای خۆمانه‌وه‌ ئه‌و پێداویستی و خزمه‌تانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ڕۆژانه‌ دابین بكه‌ین چونكه‌ هاوڵاتیان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی داوای خزمه‌تگوزاریه‌كان ده‌كه‌ن بۆ سه‌نته‌ره‌كانی كۆرۆنا له‌هه‌مانكاتیشدا داواده‌كه‌ن بۆ نه‌خۆشخانه‌ گشتیه‌كانیش چونكه‌ ئێمه‌ له‌هه‌مان كات نه‌شته‌رگه‌ریمان ده‌ست پێكردۆته‌وه‌ و بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كانمان كردۆته‌وه‌ ئه‌مانه‌ش هه‌مووی پێویستی به‌بودجه‌ و به‌خزمه‌تی زیاتر هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌بابه‌تی كۆرۆنا ئێمه‌ پێویستمان به‌بودجه‌یه‌كی باشتر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م بتوانیین پشكنیینی زیاتر بكه‌ین هه‌میش بتوانیین خزمه‌تێكی باشتر له‌سه‌نته‌ره‌كان بكه‌ین چونكه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ چاره‌سه‌رییه‌كان ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌گشتیه‌كانه‌ كه‌ئێمه‌ دابینیان بكه‌ین ئه‌مه‌ش به‌بودجه‌یه‌كی باش ده‌كرێت و به‌ده‌ستكراوه‌یی ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانیین خزمه‌تی باشتربكه‌ین."

"دۆخی هه‌رێمی كوردستان ته‌حه‌مولی بارودۆخی ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ناكات"

ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، د.دیار ئیبراهیم كه‌ له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامی لیژنه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆررۆنایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت" له‌ئێستادا ئێمه‌ هیچ پلانێكی له‌و شێوه‌یه‌مان نییه‌ وه‌ هیچ پێشنیارێكیشمان نییه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ چونكه‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و دۆخی دارایی كه‌ئێستا هه‌یه‌ ته‌حه‌مولی ئه‌و بارودۆخه‌ ( بارودۆخی ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ) ناكات به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ بێ موچه‌ییه‌ و ژیانی هاوڵاتیان له‌زه‌حمه‌تیه‌كی زۆردایه‌ به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه‌ بیركردنه‌وه‌ش له‌و پێشنیاره‌ ئێمه‌ به‌هاوڵاتیانی خۆمان ده‌ڵێین خۆیان بپارێزین."

"ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن وای لێدێت كه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌گه‌ینه‌ ئه‌و بڕیاره‌."

د.دیار ئیبراهیم ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌وان خۆیان بپارێزن و ڕێژه‌كان كه‌م ببنه‌وه‌ ئێمه‌ بتوانیین له‌ناوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌كان خزمه‌تیان بكه‌ین، وای لێدێت كه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌گه‌ینه‌ ئه‌و بڕیاره‌ به‌ڵام كه‌ئێستا ده‌بینیین له‌سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین هه‌م له‌ قه‌زای ڕانیه‌ و له‌قه‌زای پشده‌ر له‌ناحیه‌كانیش ڕێژه‌یه‌كی زۆری توشبوومان هه‌یه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ماڵه‌وه‌ن به‌شێكیان له‌سه‌نته‌ره‌كانن به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی هاوڵاتیان تانه‌گه‌نه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌گاته‌ حاڵه‌تێكی خراپ ئه‌و كاته‌ سه‌ردانمان ده‌كه‌ن ئێمه‌ داواده‌كه‌ین له‌هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ینه‌ پێشنیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ."

" به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌ته‌نها ئێمه‌ ناتوانیین كۆنتڕۆڵی بكه‌ین "

پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو" داوا دەکەین بە لایەنی کەم بۆ دوو هەفتە قەدەغەی هاتوچۆی گشتی لەهەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت."

به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌ڵێت" ئه‌و پێشنیاره‌ به‌پێی سنوره‌كه‌ی به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دهۆك له‌وانه‌یه‌ پێویست بێت بۆ سنوره‌كه‌ی ئه‌و به‌ڵام له‌سنوری ئێمه‌دا تائێستا ئێمه‌ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ین، له‌كاتێكدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ته‌واوی ناوه‌ند و سه‌نته‌ره‌كانی تایبه‌ت به‌كۆرۆنا پڕببێت وه‌ داواكاری زۆریش ببێت و ڕێژه‌یه‌كی زۆریش ببێت ئه‌و كاته‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌ته‌نها ئێمه‌ ناتوانیین كۆنتڕۆڵی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر هاتوو هاوڵاتیان پابه‌ند و له‌بابه‌تی هۆشیاریه‌كه‌ خۆپارێزی نه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌ركاتێكیش ڕێگری بكرێت بۆ چه‌ند ده‌توانیت بیكه‌یت ئایا ماوه‌ی چه‌ند ده‌توانرێت قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕابگه‌یه‌نیت ئێمه‌ پێشوتریش به‌قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌گه‌یشتینه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌كۆتایی پێبێت."

جه‌ختیشیكرده‌وه‌"له‌حاڵه‌تی ئێستادا نه‌خێر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ پێویست نیه‌."

د.دیار ئیبراهیم زیاتر ڕونیكرده‌وه‌" به‌ڕاستی ئه‌و بڕیاره‌ (بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ) تایبه‌ته‌ به‌سنوری به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌گشتیه‌كان، من پێم وایه‌ له‌ئێستادا هیچ شوێنێك نییه‌ كه‌قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی تێدا ڕابگه‌یه‌نرێت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر داوابكرێت به‌شێوه‌ی "جزئی" به‌ڵام بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی من به‌چاره‌سه‌ری ته‌واوه‌تی نابینم له‌هیچ شوێنێك."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ د.دیار ئیبراهیم OCT 21/020