د.نزار عیسمه‌ت: ڕۆژانه‌ له‌دهۆك نزیكه‌ی له‌ 40%ی پشكنینه‌كانی كۆرۆنا پۆزه‌تیڤ ده‌رده‌چێت

د.نزار عیسمه‌ت -به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك

د.نزار عیسمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ده‌ڵێت" ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌یه‌ ڕۆژانه‌ كه‌پشكنینی كۆرۆنا ده‌كه‌ین له‌ 30%- 40% ی پشكنینه‌كان پۆزه‌تیڤ ده‌رده‌چێت له‌و ماوه‌یه‌دا پێمان نه‌كراوه‌ ژماره‌ی تووشبووه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ند نه‌بوونی خه‌ڵكه‌ به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌جۆرێك ئه‌وانه‌ی ئێستا تووشیان ده‌بێت حاڵه‌ته‌كانیان قورستره‌، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی 200 تووشبووی كۆرۆنا داخلی نه‌خۆشخانه‌ ده‌بن به‌نزیكه‌یی 30 كه‌س بارودۆخیان ناجێگیره‌ و پێویستیان به‌هه‌ناسه‌ی ده‌ستكرده‌ هه‌ندێكجار ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ن یان جێگای نییه‌ "

" پێمان نه‌كراوه‌ ژماره‌ی تووشبووه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ند نه‌بوونی خه‌ڵكه‌ به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ڕایگه‌یاند"به‌ڕاستی ڕه‌وشی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا له‌پارێزگای دهۆك ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و زۆر زیاتر بووه‌ ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی 300-500 كه‌س تووشی كۆرۆنا ده‌بن، ئه‌م نه‌خۆشانه‌ی كه‌ئێستا هه‌ن هه‌موویان زیاتر نیشانه‌یان هه‌یه‌، وه‌بارودۆخیان له‌ ئاستێكی مامناوه‌ند و توند و زۆر مه‌ترسیداردایه‌، ڕۆژانه‌ خه‌ڵك داخلی نه‌خۆشخانه‌ ده‌بن نزیكه‌ی 30 كه‌س زیاتر له‌سه‌ر ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردن ڕۆژانه‌."

د.نزار عیسمه‌ت ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ ڕۆژانه‌ پشكنین ده‌كه‌ین بۆماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌یه‌ له‌ 30% بۆ 40% پشكنینه‌كانمان پۆزه‌تیڤ ده‌رده‌چن كه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆره‌ و له ئاستێكی به‌رزدایه‌ و ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ و پێمان نه‌كراوه‌ ژماره‌ی تووشبووه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ له‌و ماوه‌یه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ند نه‌بوونی خه‌ڵكه‌ به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌ئاسانی ته‌شه‌نه‌ بكات و بگوازرێته‌وه‌ له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سی تر."

به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌سنوری پارێزگاكه‌یان زیاتره‌ نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ی له‌پشكنینه‌كان ده‌رده‌چێت، له‌و ڕوه‌وه‌ د.نزار ده‌ڵێت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌و ژماره‌ زیاترن چونكه‌ هه‌موو خه‌ڵك نیشانه‌ی نییه‌ یان نیشانه‌ی سوكن و نایه‌ن بۆ پشكنیین به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی دێن بۆ پشكنیین 30% تا 40% ی پۆزه‌تیڤ ده‌رده‌چن خه‌ڵكی تریش هه‌ن كه‌ نایه‌ن بۆ پشكنینی كۆرۆنا كه‌ ئێمه‌ نازانیین ژماره‌یان چه‌نده‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكێكی زۆر هه‌بێت به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ بڵێین نه‌خۆشی كۆرۆنا گه‌یشتۆته‌ هه‌موو ماڵێك."

"ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی 200 تووشبووی كۆرۆنا داخلی نه‌خۆشخانه‌ ده‌بن، به‌نزیكه‌یی 30 كه‌س بارودۆخیان ناجێگیره‌ و پێویستیان به‌هه‌ناسه‌ی ده‌ستكرده‌ "

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" ئێستا ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ تووش ده‌بن زیاتر نیشانه‌یان هه‌یه‌، ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی 200 كه‌سی تووشبووی كۆرۆنا داخلی نه‌خۆشخانه‌ ده‌بن له‌وانه‌ش نزیكه‌ی 30 كه‌س بارودۆخیان ناجێگیره‌ و پێویستییان به‌هه‌ناسه‌ی ده‌ستكرده‌ ئه‌وانه‌شی حاڵه‌تی توند و مامناوه‌ندن ژماره‌كه‌یان زۆرن."

هه‌روه‌ها وتی" ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی كه‌دروستكرابوو بۆ نه‌خۆشانی كۆرۆنا ئێستا جێگه‌ی نه‌ماوه‌ و پڕبووه‌ له‌نه‌خۆش به‌ڵام له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی تائێستاش به‌رده‌وامه‌ و نه‌خۆشی كۆرۆنا وه‌رده‌گرێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جێگه‌ هه‌یه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌پێویستی به‌ئامێری هه‌ناسه‌ی ده‌ستكرده‌ هه‌ندێكجار ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ن یان جێگای نییه‌."

ئایا چاوه‌ڕێ كردنی نه‌خۆشێك بۆ ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی نه‌خۆش دروست ناكات؟

له‌وه‌ڵامدا د.نزار عیسمه‌ت وتی" بێگومان مه‌ترسی دروست ده‌كات به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه‌ ته‌نها لای ئێمه‌ نییه‌، له‌هه‌موو جیهان هه‌یه‌ چونكه‌ چه‌ند نه‌خۆشی توند زیاتر بێت به‌شی ناكات ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ ته‌نها له‌دهۆك نییه‌ به‌ڵكو له‌هه‌رێمی كوردستان و له‌هه‌موو جیهان هه‌یه‌ زۆرجار بۆ نموونه‌ له‌چاودێری چڕ ئه‌گه‌ر 30 قه‌ڕه‌وێڵه‌ هه‌بێت و زیاتر كرابێت بۆ 50 قه‌ڕه‌وێڵه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌خۆش هه‌ر زیاتر بوو به‌شی هه‌موو كه‌سێك ناكات هه‌رچه‌ند ئامێریش دابین بكه‌یت چاره‌سه‌ر نییه‌ به‌ڵكو ده‌بێت جێگا دروست بكرێت و كارمه‌ند هه‌بێت، جێگاكه‌ دیزاینی هه‌بێت بۆ ئه‌و ئیشه‌ و بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ دروستكرابێت."

"ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات و له‌ وه‌رزی زستانیش نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزا و نه‌خۆشی وه‌رزی تری به‌سه‌ردابێت بارگرانیه‌كی یه‌كجار زۆر له‌سه‌ر كه‌رتی ته‌ندروستی دروست ده‌بێت، خوانه‌خواست ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خۆشی كۆرۆنای هه‌بێت و نه‌خۆشیه‌كی تریش له‌گه‌ڵ توش ببێت ئه‌وا بارودۆخی ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سه‌ زۆر خراپتر و مه‌ترسیدارتر ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین نه‌خۆشیه‌كه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ بكات ئه‌گه‌ر ڕێكاره‌كان توندترنه‌بن و ئه‌گه‌ر خه‌ڵك زیاتر پابه‌ندنه‌بن." د.نزار عیسمه‌ت وای وت"

"ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام نه‌خۆشیه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ بكات به‌دڵنیاییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ یه‌كێك ده‌بێت له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه‌ ژووری ئۆپراسیۆن بڕیاری له‌سه‌رده‌دات."

پێشتر د.نزار عیسمه‌ت له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو" داوا دەکەین بە لایەنی کەم بۆ دوو هەفتە قەدەغەی هاتوچۆی گشتی لەهەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت"

سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌یان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ده‌ڵێت" ئێمه‌ پێشتر داوای قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆمان كردبوو كاتی خۆی ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان زۆر دراسه‌ی كرد چه‌ند هۆكارێك هه‌ن قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ناتوانرێت له‌جێگایه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو كۆنتڕۆڵی ته‌شه‌نه‌ی نه‌خۆشی بكات به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌كێك له‌ڕێكاره‌كانه‌ و ده‌بێت به‌رده‌وام له‌به‌رچاومان بێت كه‌ كه‌ی پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ڕابگه‌یه‌نرێت ئه‌و كاته‌ی كه‌نه‌خۆشی زۆر زۆر ته‌شه‌نه‌ بكات و جێگا له‌نه‌خۆشخانه‌ نه‌بێت، ئه‌و كات به‌ڕاستی پێویستیمان به‌وه‌ ده‌بێت كه‌قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕابگه‌یه‌نرێت ئێستا له‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ له‌كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت قوتابخانه‌كان داخراون بۆماوه‌ی یه‌ك مانگ وه‌ ڕێكاره‌ ته‌ندروستیه‌كان له‌فه‌رمانگا حكومی و شوێنه‌ گشتیه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن ئێمه‌ ئه‌وانه‌ دیراسه‌ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام نه‌خۆشیه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ بكات به‌دڵنیاییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ یه‌كێك ده‌بێت له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه‌ ژووری ئۆپراسیۆن بڕیاری له‌سه‌رده‌دات."

د.نزار عیسمه‌ت ئه‌وه‌شی وت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك ئیش ده‌كه‌ین ، ئاستی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌زانیاری زیاتر به‌ خه‌ڵك بده‌ین و چۆن هۆشیاری ته‌ندروستی له‌ناو خه‌ڵك بڵاو بكه‌ینه‌وه‌، دووه‌م ئێمه‌ كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌بێت خۆمان ئاماده‌بكه‌ین له‌سه‌ر ئاستی چاره‌سه‌ریی كه‌ زیاتر توانامان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌ و ئامێری پێویست دابین بكه‌ین حكومه‌تیش بڕیاری داوه‌ په‌رستار و دكتۆر دابمه‌زرێنێت بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی كه‌ ئه‌وه‌ زۆر یارمه‌تی ئێمه‌ ده‌دات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ ده‌بێت پێشوه‌خت بكرێت ئه‌گه‌رنا سیسته‌می ته‌ندروستی ئه‌وكاته‌ ته‌حه‌مول ناكات ئه‌گه‌ر ژماره‌ی نه‌خۆش یه‌كجار زیاتر بێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ د.نزار عیسمه‌ت NOV 10/020