بەپێی نوسراوێک کە دادگا ئاراستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کردووە تێیدا داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران دابان محەمەد و عەلی حەمە ساڵح لە فڕاکسیۆنی گۆڕان دەکرێت کە لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بووە کە گوایە ئەو دوو پەرلەمانتارە تومەتیان ئەوەیان داوەتە پاڵ دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ کە چەندین بارهەڵگری قاچاخ بەبێ گومرک کردن ئاودیودەکرێن و بەپێی پەرلەمانتارێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش وەڵامی دادگایان داوەتەوە و پارێزبەندیان لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارە هەڵگرتووە و هەروەها دەگوترێت کە پەرلەمانتارێکی تریش بەناوی بەهمەن کاکە عەبدولڵا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزبەندیەکەی لەسەر هەڵگیرا بەهۆکاری ئەوەی کە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2015 ی کەلار گەنجێک کوژراوە کە ئەو کات کاربەدەستێکی حیزبی ناوچەکە بووە.
لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی فراکسیۆنی گۆڕان دابان محەمەد پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دیارە داوایەکمان لەسەر تۆمارکراوە لەسەر داوای بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ لە دادگای پێنجوێن، ئێمە خۆمان دەستپێشخەریمان کردووە داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیمان کردووە لەسەر پرسی قاچاخی لە خاڵە سنوریەکان، بەڵگە و دوکیۆمێنت و دەیان ڕێگا هەیە بۆ سەلماندنی پرسی قاچاخی، نزیکەی نیوەی فڕاکسیۆنەکەمان داوای لەسەرە هەندێکی پێویست ناکات پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت."
دابان محەمەد دەشڵێت" سەرۆکایەتی پەرلەمان لەیەک شت کەمتەرخەم و بەرپرسیارە ئەویش ئـەوەیە ئێمە چەندین جار لەسەر پرسی قاچاخی سنورەکان داوای دانیشتنمان کردووە و واژومان کردووە کە دانیشتنێکی پەرلەمان رێکبخرێت بتوانین گفتوگۆ بکەین کە کارێکی وا بکەین کۆتایی بە قاچاخی سنورەکان بێنین."
هەر سەبارەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران دەگوتریت پارێزبەندی لەسەر بەهمەن کاکە عەبدوللا پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەڵگیراوە بەهۆکاری ئەوەی کە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2015 کەلار گەنجێک کوژرا کە ئەو کات بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا کاربەدەستێکی ناوچەکە بووە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە بەهمەن کاکە عەبدولڵاوە کرد بەڵام وەلامی نەبوو.
بۆ پشتراستکردنەوەی ئەو هەواڵەی کە باس لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو سێ پەرلەمانتارە دەکرێت دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بەسەرۆکی پەرلەمان و ڕاگەیاندنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە کرد بەڵام وەڵامیان نەبوو.
پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر کەسایەتیە جیاجیاکان ماوەیەکی زۆرە بووەتە باس و خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان و نەک تەنها لەسەر پەرلەمانتاران باسی لێوە دەکرێت، ماوەیەکە دەنگۆی داواکردنی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پارێزەر گۆران دیبەگەییش لە سەندیکای پارێزەران کراوە بە هۆکاری ئەوەی کە ئەو پارێزەرە تەشهیری بە حکومەت کردووە.
پارێزەر گۆران دیبەگەیی لەو بارەیەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" پارێزبەندی بەیاسایی رێکخراوە و دەدرێتە ئەو کەسانەی کە بوعدێکی یاساییان هەیە، لە سەندیکای پارێزەران داوا کراوە کەپارێزبەندی لەسەر چەندین پارێزەر هەڵبگیرێت یەک لەوانەی کە داواکراوە من بوومە بەڵام تاوەکو ئێستا پارێزبەندیەکە لەلایەن سەندیکاوە هەڵنەستاوە بۆ ئەوەی داگایی بکرێم بەبیانۆی ئەوەی کە تەشهیرم بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بدرێمە دادگا، دەبینین ئێستا هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی کە ئێستا ناویان دێت دەتوانین بڵێین کەس لەیاسا بەرزتر نییە بەڵام ئەوەی کە دەشگوزەرێت بەراستی مەترسیدارە لەسەر ئەوەی کە پارێزبەندی ناتوانێت وەکو پێناسەکەی خۆی ببێتە قەڵغانی بەرگریکردن لەو کەسەی کەوا هەڵگریەتی."
Your browser doesn’t support HTML5