کاروان ئەنوەر:ئەو کەسانەی لەهەولێر و دهۆک دەستگیرکراون لەسەر ڕای ئازاد دەستگیرکراون تەنانەت هەیانە لەسەر ئیمۆجی و لایک و کۆمێنت دەستگیرکراوە

Share کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر قسەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق دەربارەی زیندانی کردنی ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەوانی هەولێر و دهۆک دەڵێت" ئەوانەنەک سیخوڕ نین بەڵکو سەرجەمیان لەسەر دەربڕینی ڕای ئازاد دەستگیرکراون تەنانەت لەناو ئەوانەدا کەسانێک هەن کەلەسەر ئیمۆجی و کۆمێنت و لایک دەستگیرکراون، دەشڵێت" زۆر نیگه‌رانم و زۆریش ده‌ترسم و مه‌ترسیم هه‌یه‌ كه‌ئازادی ورده‌ ورده‌ به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌ و قۆرخ بكرێت دوور نیە له‌سه‌ر ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی كەئێمه‌ش ده‌یكه‌ین منیش ده‌ستگیر نه‌كرێم چونکە بۆچوونی خۆمم وتووە."

"ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر وشه‌ هه‌ركه‌سێك ده‌ستگیر بكرێت، ده‌بێت حسابی ڕۆژنامه‌نووسی بۆ بكرێت"

لەسەرەتای وتوێژەکەدا کاروان ئەنوەر ئاماژەیکرد"من سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستانم و به‌رپرسم له‌سنوری لقه‌كه‌ی خۆم كه‌ ده‌كاته‌ چه‌مچه‌ماڵ و سلێمانی و به‌شێك له‌ گه‌رمیان و شاره‌زوور و به‌شێكیش له‌قه‌ره‌داغ و شارباژێر. له‌سنوری ئه‌م لقه‌ی كه‌من ئیشی تێداده‌كه‌م له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ تائێستا یه‌ك كه‌س نه‌گیراوه‌، ئه‌وه‌شی كه‌گیرا چوار كه‌س بوون من خۆم ڕۆیشتووم وه‌كو خۆم وه‌كو سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان هه‌رچوار كه‌سه‌كه‌مان به‌ره‌ڵاكردووه‌ و له‌گه‌ڵ خۆم هێناومه‌ته‌وه‌ تابه‌رده‌م ماڵی خۆیان بردوومنه‌ته‌وه‌ كه‌له‌ناو خۆپیشاندانه‌كاندا دووانیان وه‌كو خۆپیشانده‌ر گیراون ئه‌مه‌ سنوری لقی ئێمه‌."

وتیشی" له‌سه‌ر ڕای ئازاد ئێمه‌ ئێستا له‌مشتومڕی ئه‌وه‌داین ئایا ئه‌وه‌ی كه‌ شت بڵاوده‌كاته‌وه‌ ئازاده‌ یان ئازاد نییه‌، مادده‌ی دووه‌م له‌یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی ده‌ڵێت ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌ و هیچ سانسۆرێكی له‌سه‌ر نییه‌، ئازادی ده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ره‌ له‌چوارچێوه‌ی ڕێزگرتنی ماف و ئازادییه‌ تایبه‌تیه‌كانی تاكه‌كان و تایبه‌تمه‌ندێتی ژیانیان به‌پێی یاسا كه‌واته‌ له‌مادده‌ی دووه‌م یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانییدا ده‌ڵێت ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌ و هیچ سانسۆرێكی له‌سه‌ر نییه‌، ئه‌م سانسۆره‌ یاسا دیاری ده‌كات، یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانیمان هه‌یه‌ به‌پێی په‌یڕەوی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژنامه‌نووسان ساڵی 1954 كراوه‌ ده‌ستگیر كردن و گرتن و به‌ندكردن لێره‌دا له‌سه‌ر وشه‌ و له‌سه‌ر ئازادیی ووتن و له‌سه‌ر كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری نابێت خه‌ڵك بگیرێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ده‌گیرێت به‌ چی ده‌گیرێت و به‌چ مادده‌یه‌ك ده‌گیرێت ده‌بێت ئه‌و ماددانه‌ باس بكه‌ین."


کاروان ئەنوەر باسی لەوەشکرد بەهۆی بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئێستا سەختە بتوانرێت خەڵکی ئاسایی و ڕۆژنامەوان لێک جیابکرێتەوە لەو ڕوەوە وتی"خه‌ڵكی ئاسایی و ڕۆژنامه‌نووس له‌دوای دروستبوونی سۆشیاڵ میدیاوه‌ تێكه‌ڵ بوون و كه‌س له‌كه‌س جیاناكرێته‌وه‌ هه‌ركه‌سێك كه‌بابه‌تێك ده‌نووسێت ده‌بێت به‌كاری ڕۆژنامه‌نووسی، ئێستا مناڵ هه‌یه‌ هه‌رزه‌كار هه‌یه‌ په‌یجێكی هه‌یه‌ 300 هه‌زار لایكی هه‌یه‌ لەکاتێکدا حیزبی گه‌وره‌ هه‌یه‌ 20 هه‌زار لایكی نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ڕۆژنامه‌نووسی كارێكی كردووه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌ك دروستبووه‌ له‌ناو كاری ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ هه‌موو كه‌سێك خۆی ڕۆژنامه‌نووسه‌، هه‌موو هاوڵاتیه‌ك ڕۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر وشه‌ هه‌ركه‌سێك ده‌ستگیر بكرێت، ده‌بێت حسابی ڕۆژنامه‌نووسی بۆ بكرێت."

"ئەوانەی لەهەولێر و دهۆک گیراون هەیانە لەسەر ئیمۆجی یان لایکێک دەستگیرکراوە"

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەشڵێت" له‌سنوری لقه‌كه‌ی خۆمدا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر كاری ڕۆژنامه‌نووسی ده‌ستگیرده‌كرێن ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی بێت و ته‌شهیر نه‌بێت و جنێودان نه‌بێت و سوكایه‌تی كردن نه‌بێت به‌ئایین و به‌بارودۆخی ئاین و ئه‌وانه‌ ده‌ڕۆم یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و به‌كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرێت یان سزاكه‌ وه‌رده‌گرێت ئه‌و سزایه‌ی كه‌پێی ده‌وترێت سزای ماددی، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌گیراون هه‌ندێكیان ده‌زانم له‌سه‌ر ئیمۆجی گیراون ئیمۆجی ئه‌و ڕه‌سمه‌یه‌ كه‌ داده‌نرێت یان پێكه‌نیینه‌ یان گریانه‌، ڕه‌سمێكی زه‌رده‌ یان شینه‌ یان سووره‌. هه‌یه‌ له‌سه‌ر لایكێك گیراوه‌ ئه‌وانه‌ له‌سنوری بادینان به‌تایبه‌تی و ئینجا هه‌ولێریش. كه‌سێك هه‌یه‌ گیراوه‌ لەبەرئەوەی گۆرانیه‌كی له‌سه‌ر په‌رله‌مان وتووه‌، بابه‌تێكی وتووه‌ ده‌ستگیركراوه‌."

کاروان ئەنوەر جەختی کردووە ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەی کە لەئێستادا لەسنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون لەسەر دەربڕنی بۆچوونی ئازادە، لەو ڕوەوە دەڵێت" به‌ڵێ هه‌موو ئه‌مانه‌ رای ئازاده‌، ئه‌گه‌ر ئیمۆجی بڵاوبكرێته‌وه‌ و كۆمێنت بنوسی، ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ بكرێت ده‌بێت بانگی بكرێت به‌یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی كاربكرێت و غه‌رامه‌یه‌كی ماددی بكرێت 300 هه‌زار هه‌تا ملیۆنێك دینار چونكه‌ ده‌ستگیركردن له‌یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ كه‌واته‌ كاره‌كه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌."

"دەتوانرێت ناوبنرێت لادان لەیاسا، ڕەفتارێکی نامرۆڤانە"

ڕۆژی چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لەوەڵامی پرسیارێکی کەناڵی ئاسمانی (سپێدە) لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند" ئەو کەسانەی لەسنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون ڕۆژنامەنووس و چالاکوان نین بەڵکو بەشێک لەوانە سیخوڕن لەبەرگی ڕۆژنامەنووسیدا یان چەکدارن و هەوڵی تەقاندنەوەی بینا و شوێنە بیانیەکانیان داوە."

لەوەڵامدا سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت" وشه‌ی سیخور وشه‌یه‌كی زۆر قورس و گرانه‌، ئه‌گه‌رحساب بكرێت یاسا هه‌یه‌، به‌ڵێ یاسامان هه‌یه‌، یاسایه‌كی باشمان هه‌یه‌ به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ قسه‌ی ئاراسته‌ی كه‌سێك ده‌كات له‌م یاسایه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت كه‌ڕۆژنامه‌ قه‌ده‌غه‌ ناكرێت و ده‌ستی به‌سه‌رداناگیرێت كه‌واته‌ له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌ نییه‌ ئێستا فه‌یسبووك هه‌یه‌ و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌یه‌ كه‌واته‌ حسابی ڕۆژنامه‌نووسی بۆ ده‌كرێت."

"ئه‌گه‌ر یاسامان نه‌بووایه‌ ده‌مانووت ئه‌مه‌ دارستانه‌ و هه‌ركه‌سێك بۆخۆی "

ڕاشیگەیاند" تۆمه‌تبار بێتاوانه‌ هه‌تا دادگا سزای به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت ئه‌وكاته‌ ده‌بێت به‌تاوانبار چونكه‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و یاسا مرۆڤایه‌تیه‌كانن كه‌هه‌موو كه‌سێك حكومی به‌سه‌ردا ده‌درێت ئێمه‌ خاوه‌نی یاساین له‌هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ هه‌رشتێك له‌سه‌ر وشه‌ له‌سه‌ر ئازادی له‌سه‌ر كاری ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ هه‌بێت، به‌دوو یاسا ده‌بێت سزا بدرێت یان یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی یان یاسای به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، له‌م دوو یاسایه‌ به‌ده‌ر ده‌توانرێت ئه‌وه‌ ناوبنرێت لادان له‌كاری یاسایی، ده‌توانرێت ئه‌وه‌ ناوبنرێت ڕه‌فتارێكی نامرۆڤانه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌یاسا كارنه‌كرا بێگومان لادانه‌ له‌یاسا ئێمه‌ یاسامان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یاسامان نه‌بووایه‌ ده‌مانووت ئه‌مه‌ دارستانه‌ و هه‌ركه‌سێك بۆخۆی به‌ڵام كه‌ یاسا هه‌بێت و له‌په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر درابێت و سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌م یاسایانه‌ دابێت هه‌رشتێك په‌یوه‌ست بێت به‌بابه‌تی نووسین و به‌راوبۆچوون و به‌بیركردنه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ ده‌بێت بچێته‌ خانه‌ی یه‌كێك له‌م دوو یاسایه‌وه‌."

" پێش ئه‌وه‌ی دادوه‌ر بڕیار بدات ئێمه‌ حكوم بسه‌پێنین به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا گه‌وره‌ترین تاوانه‌ "

کاروان ئەنوەر زیاتر وتی" ده‌ڵێم به‌داخه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی دادگا حوكمی خۆی بسه‌پێنێت و بچه‌سپێنێت حکومی سیخوڕییان بەسەردا درا، له‌هه‌مووی دنیای شارستانیه‌تدا و دنیای مۆدێرن و پۆست مۆدێرن کە لەئێستادا له‌دنیادا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، پێش ئه‌وه‌ی دادوه‌ر بڕیار بدات ئێمه‌ حكوم بسه‌پێنین به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا گه‌وره‌ترین تاوانه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و خاك و نیشتیمانه‌ی كه‌ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین، دووه‌م بائه‌وانه‌ دادگایی بكرێن به‌پێی یاسا به‌رقه‌راره‌كان ئه‌گه‌ر هاتوو دادگا و دادوه‌ره‌كان سه‌لماندیان كه‌ئه‌مانه‌ سیخورن ئه‌وه‌ سیخورن به‌ڵام كه‌نه‌یسه‌لمێنێت سیخورن ئه‌ی ئه‌مه‌ تۆمه‌ت دروستكردنه‌ یان تاوانباركردنی كه‌سێكی بێ تاوانه‌؟! كه‌خۆی له‌خۆیدا ئه‌مه‌ تاوانه‌ كه‌سێك به‌تاوانێك تۆمه‌تبار بكرێت كه‌نه‌یكردبێت به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی كه‌ده‌گوزه‌رێت لێره‌و له‌وێ ئه‌مه‌یه‌ ده‌ڵێن یاسامان هه‌یه‌ و به‌ڵام به‌یاسای خۆمان ناچین به‌ڕێوه‌ ئه‌گەرنا ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر وشه‌ ده‌گیرێن به‌وشه‌ وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌له‌سه‌ر ئیمۆجیه‌ك ده‌گیرێت به‌یاسا وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ خیانه‌ت ده‌كات و سیخوره‌ به‌پێی یاسای هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان ئه‌گه‌ر سیخورن ده‌بێت له‌سێداره‌ بدرێن به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیخور نییه‌ ئه‌ی چۆن پێی ده‌وترێت سیخور؟! كێشه‌كانی ئێمه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات."

"زۆر نیگه‌رانم و زۆریش ده‌ترسم و مه‌ترسیم هه‌یه‌ كه‌ئازادی ورده‌ ورده‌ به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌ و قۆرخ بكرێت "

من وه‌كو سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان، لقی سلێمانی ده‌سه‌ڵاتی من دیاریكراوه‌ زۆر نیگه‌رانم و زۆریش ده‌ترسم و مه‌ترسیم هه‌یه‌ كه‌ئازادی ورده‌ ورده‌ به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌ و قۆرخ بكرێت و بكرێت به‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ر وشه‌ خه‌ڵك بگیرێت به‌ڵام بۆچوونی سه‌ندیكا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانرێت له‌نه‌قیبی ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان بپرسرێت، دووه‌م ئایا ئازادی به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌م هه‌ناسه‌یه‌ بڕوات من ده‌ڵێم جارێكی تر مه‌ترسی هه‌یه‌، ئازادی كه‌خۆمان ده‌ستمان پێكرد ئێمه‌ خۆمان هه‌شتا ساڵ ژێر ده‌سته‌بووین ئێستا كه‌ ئازادبووین ناكرێت ئێمه‌ خۆمان ئازادی به‌رته‌سك بكه‌ینه‌وه‌."

"له‌سه‌ر ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی كەئێمه‌ش ده‌یكه‌ین ئه‌گه‌ر منیش ده‌ستگیر نه‌كرێم "

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئەوەشی وت" ئه‌وه‌ی له‌سنوری لقه‌كه‌ی مندا ده‌گوزه‌رێت هه‌موو شتێك لێره‌ ده‌وترێت به‌ڵام یاساش به‌رپرسه‌ له‌وه‌ی كه‌ بابه‌تێك بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ به‌پێی یاسا، به‌ڕاستی یه‌كه‌م مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ دووه‌م مه‌ترسیه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو به‌مشێوه‌یه‌ ئێمه‌ی ڕۆشنبیر و ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان له‌م حاڵه‌تانه‌ بێده‌نگ بین كه‌واته‌ دۆخه‌كه‌ له‌خراپه‌وه‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت، قۆناغێك باش بووین به‌ڵام به‌ره‌و خراپ بوون بچێت كه‌واته‌ هیچمان نه‌كرد به‌هیچ ئێمه‌ خۆمان ده‌مانه‌وێت مێرگێكی سه‌وز بین چوارده‌ورمان به‌تاریكی گیراوه‌ كه‌ ئێمه‌ش شوێنی خۆمان تاریك بكه‌ین كه‌واته‌ هیچمان نه‌كرد به‌هیچ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم بۆئه‌وه‌ی كه‌له‌سه‌ر وشه‌ خه‌ڵك ده‌ستگیربكرێت له‌سه‌ر لایك و له‌سه‌ر گۆرانی وتن كه‌واته‌ ئه‌و ئازادییه‌ی باسی لێده‌كه‌ین. "

"ببێته‌ قۆناغێك چه‌كوش شوێنی قه‌ڵه‌م بگرێته‌وه‌ به‌داخه‌وه‌."

کاروان ئەنوەر وتیشی " به‌داخه‌وه‌ ئابه‌م شێوه‌یه‌ بڕوات جێگه‌ی مه‌ترسیه‌ بۆ هه‌موومان له‌سه‌ر وتن و له‌سه‌ر ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی كەئێمه‌ش ده‌یكه‌ین ئه‌گه‌ر منیش ده‌ستگیر نه‌كرێم له‌سه‌ر رای خۆم، رای ئازادی خۆمه‌، ئه‌گه‌ر دادگایش ده‌كرێم بابێن له‌سنوری چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایه‌ دادگایی بكرێم كه‌ ده‌نگم له‌سه‌ریداوه‌ په‌رله‌مانه‌كه‌م ده‌نگی له‌سه‌رداوه‌ نوێنه‌ره‌كه‌م ده‌نگی له‌سه‌رداوه‌ نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی من بكرێمه‌ ژووره‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنم كردووه‌ یان ئیمۆجیم داناوه‌ یان لایكم كردووه‌ یان شتێكم نوسیووه‌ و گۆرانیه‌كم وتووه‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مان ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ڕاستی جێگه‌ی نیگه‌رانیین و جێگه‌ی مه‌ترسیه‌، بیریشمان نه‌چێت ئازادییه‌كان هه‌ر به‌مشێوازه‌ به‌رته‌سك ده‌بنه‌وه‌ له‌ بیست و چوار سه‌عاتدا نابێت هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ده‌بێت كه‌ببێته‌ قۆناغێك چه‌كوش شوێنی قه‌ڵه‌م بگرێته‌وه‌ به‌داخه‌وه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

کاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان Feb.12.021